ئەمە یەکێکە لەو پرسانەی کە لە شەش ڕۆژی ڕابردودا، دەیان دۆست و هاوڕێ ئەو پرسیارەیان لێ کردوم و، بۆ هەموشیان یەک وەڵامم هەبوە.
هەرچەندە، کەس پێچەوانەکەی لێ نەپرسیویم. بۆنمونە، کەس نەیپرسیوە: بۆچی ئێران هەڵنەساوە نەتەنیاهۆ، یان بەرپرسانی تری سوپاو مۆسادی ئیسرائیل بکاتە ئامانج؟!
چونکە خەڵک ئێستا ئیتر بۆیان سەلماوە کە ڕژێمی ئێرانی [شێرە بەفرینە] تا ئێستا نەیتوانیوە یەک جەنەراڵی ئاسایی، یان ئەفسەرێکی ئیسرائیل، لەم جەنگەدا بکوژێت. ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە: ئێران لە کردنە ئامانجی سەرکردەکانی ئیسرائیل دەستەپاچەترە لە حەماس و حیزبوڵا.
ئەوەی ڕژێمی ئێران هەیەتی؛ موشەکهاویشتنە. هەموشمان دەزانین سروشتی هەڵکەوتەی جیۆپۆلەتیکی ئیسرائیل هێندە لاوازە کە گروپێکی بچوکیش چەند موشەکێکی تێ بگرێت؛ هەر بەشێکیان دەکەونە شارەکانی ئیسرائیلەوە. بەڵام ئیسرائیل بەو جیۆپۆلەتیکەشەوە سەلماندویەتی کە لە یەک کات دا، شەڕی ڕژێمی ئێران، حەماس، حیزبوڵا و، حوسییەکان، دەکاو، چۆکی پێ خستونەتە ژێرزەوی، بەتایبەت کە بە وردی سەرکردە باڵاکانیان دەپێکێ. بەوە، لە ڕوی سیاسیی و سەربازییەوە، دەوترێ: تواناداربون، ئازایەتیی، لێزانیی جەنگ و، سەرکەوتویی.
هەروەک چۆن گەر مرۆڤێکی ژیر عاشقی کچێکی سرک ببێت؛ بەجۆرێ لێزانانەو عاقڵانە قوڵاپی بۆ هەڵدەدا؛ هەتا کچە چۆکی بۆ دادەدا، ئیسرائیلییش کە عاشقی [داغانکردن]ی ڕژێمی ئاخوندەکانە: زۆر لێزانانە هەنگاوی بۆ ڕماندنیان گرتۆتەبەرو، نایەوێ یەک لە دوای یەکی تەکتیکەکانی بەدروستی ڕێڕەو نەگرێ.
هەروەک چۆن شەوێک پێش هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لە چاوپێکەوتنێکم لەگەڵ کەناڵی کەی-ئێن-ئێن، ئەو هۆکارانەم ڕونکردەوە کە هێرشی ئیسرائیل ڕودەدات و، چەند جارێکیش ئاماژەم بەوەدا: تەکتیکەکانی ئیسرائیل بۆ ڕژێمی ئێران شۆکهێنەرن و، ئێران زۆرانبازی ئەمریکا-ئیسرائیلی پێ ناکرێ و، شەڕەکە گشت خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ناگرێتەوە.
ئاوهاش، دیسانەوە لەسەر ئەوە جەخت دەکەمەوە، کە: ئێران زۆرانبازی ئەمریکای پێ ناکرێ و، ئیسرائیلیش دەیەوێ یەک لە دوای یەکی تەکتیکەکانی لەم جەنگەدا دژی ڕژێمی ئێران بەشێوەیەکی ڕێکخراوەیی سیستماتیک، بپێکێ.
خامنەیی، نێچێرێکی ئاسانە بۆ ئیسرائیل. بەڵام وەک لە بەرنامەکەی کەی-ئێن-ئێن بە وردی باسم لە چوار خاڵ کرد کە ئامانجی ئیسرائیل-ئەمریکایە:
١-لەناوبردنی بەرنامەی ئەتۆمیی.
٢-لەناوبردنی گەشەسەندویی سیستەمی دژە موشەکی دورمەودای ئێران. لەگەڵیشی دا، داڕوخاندنی ناوەندە ستراتیژییە ئابوری، نەوتیی و گازییەکانی.
٣-هەڵوەشانەوەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران، لە دەرەوەی ئێران.
٤-هەڵتەکاندنی ڕێکەوتنامە ستراتیژییە دورمەوداکانی نێوان ئێران و چین-ڕوسیا.
کەوابو، مەرج نییە کوشتنی خامنەیی، ئەو چوار خاڵەی سەرەوە بێنێتەدی. بۆی هەیە ئاخوندێکی تر بە ئاسانیی شوێنی بگرێتەوە. بۆیە ئیسرائیل سەرەتا دەیەوێ لانی کەم سێ خاڵی یەکەم بێنێتەدی. کاتێک هێنایەدی، دواتر بۆ ئیسرائیل [ئەگەر]ی کردنە ئامانجی خامنەیی؛ زۆر ئاسانە. بەمەرجێ ئیسرائیل-ئەمریکا؛ بڕیار بدەن کە گۆڕانکاری لە لوتکەی ڕژێمەکەش دا دەکەن.
هێشتا ئێرانیش ئەو ڕێگەیەی لەبەردەم دایە کە دەتوانێ تەسلیمی ئیسرائیل-ئەمریکا، ببێ! ئێستا ئەو زەمەنەیە کە [کات کوشتن] لە بەرژەوەندی ڕژێمی ئاخوندەکان نییەو، خێراتر لە داغانبونی تەواوەتی نزیکیان دەکاتەوە. چونکە [وەک چۆن باران سروشت پاک دەکاتەوە]؛ ئاوهاش موشەک و بۆمبارانی ئیسرائیل بەردەوام سەرانی پایەبەرزی ڕژێمی ئاخوندەکان دەپێکێ و، ناوەندە ستراتیژییە ئابوری و سەربازییەکانیان دادەڕمێنێ!
بەدەر لە ناونیشانەکەی سەرەوەش، هۆشم بەلای بەردەستخستنی بەڵگەنامەکانی ئەم ڕژێمەی ئێرانە. وەک چۆن زۆربەی بەڵگەنامە نهێنییەکانی بەریتانیام لەسەر کورد کۆکردۆتەوەو لەلایە، خۆزگە ڕۆژگارێک ئەو بەڵگەنامانەی ئەم ڕژێمەم دەدی، کە: چۆن بەشێکی زۆری سەرکردەکانی کورد، هەندێک لە سەرۆک عەشیرەتەکان و، بەشێکی مەلاکانی باشوری کوردستان، مەلەفی نۆکەربونیان هەیە. بێگومان ئیسرائیل تاکە هێزیشە کە ئەو بەڵگەنامانەی چنگ دەکەوێ و، زەریای زانیاری ئیسرائیل، بە چنگخستنی ئەو بەڵگەنامانەی ئەم ڕژێمەی ئێران؛ بێ بنتر دەبێ!!
بەدڵنیاییەوە، پرسی کورد لە ڕوی ستراتیژییەوە تا دێت گەشەسەندوتر دەبێ و، گەر هێزەکانی کوردستانیش کەمێک واز لە دزی و گەندەڵیی بێنن و، خۆیان ڕێکبخەن و، پشت بەو پسپۆڕانە ببەستن کە بە توانای خۆیان پێگەشتون، لەگەڵ سود وەرگرتن لە بەشێکی [مومکین!] لە تەکنەلۆژیای زیرەکی سەربازی نوێ: ئایندەی نەتەوەی مەزنی کورد؛ گەشە!