ھەموتان نەخشی ھەمان قوماشن

هێمن ئەحمەد
  2020-12-08   
ھەرچەند ھەرگیز ناکرێت شەرعیەت بدەین بە سوتاندن و کاولکردن و تاڵانی،بەڵام دەکرێت بڵێین پارتە کوردیەکان ھەمویان نەخشی یەک قوماشن.تەنھا ڕەنگی نەخشەکانیان جیاوازە و بەس.نەک جۆری قوماش و تۆپەکانیان.کەواتە کاتێک قوماشەکە گڕ دەگرێت ھەمو نەخشەکان بەیەکەوە دەسوتێن و ڕەنگە جیاوازەکان ناتوانن ببنە بەربەست و ڕێگر لە بەردەم کڵپە و تینی ئاگرەکە.کەواتە باشتر وایە کەسیش گلەیی لە سوتاندن و بەرکەوتەیی بە پڕیشکی ئاگر نەکات.
گەر دەڵێن وا نیە،کوا جیاوازیەکانتان؟کێ لە بەرەی گەلە و لەگەڵ داواکاریە ڕەواکانیدایە با لەگەڵ خەڵکیدا بێتە مەیدان و بەرگری لە خەڵکی ستەم دیدە و چەوساوە و ماف خورا و بکات.گەر وا نەبێت چۆن میللەت جیاتان بکاتەوە لەیەک.ھەمو بەشدارن لە حکومەت و پەرلەمان،لە بڕیاری سیاسی و بەڕێوەبردن،لە بازرگانی و درێژەدان بە خراپی باری ئابوری و گەندەڵی،لەسەر ھەمان مێز گرد دەبنەوە و ھەمو بڕیارێکی دەستە جەمعی قبوڵ دەکەن،ھەرگیز ئامادە نین چاکسازیەکی کرداری و ڕاستەقینە ئەنجام بدەن.ئامادە نین بندیوارەکان و خاوەن دیوەخانەکان و ..ھتد لەخۆتان زویر بکەن.تەنھا خەریکی کۆبونەوەی دوو قۆڵی و سێ قۆڵی و چەند قۆڵین لە ژورە داخراوەکانتاندا بەبێ ئەوەی ھیچ دەرەنجامێکی باشی بۆ خەڵکی لێبکەوێتەوە.
لەوەتەی دەسەڵاتی کوردی ھەیە لەم ھەرێمەدا،ریتمی بەڕێوەبردن و حوکمداری ھەمان شتە،تەنھا ئەوە نەبێت جارجارێک بە ھەندێ وشەی باق وبریق و درۆ و دەلەسە بۆ ماوەیەک خەڵکی تەفرە دەدەن و چواشەیان دەکەن لە پێناو مانەوە و بازرگانی و پڕترکردنی گیرفان و قاسەکانیان.پاوانخوازی و بێ شەفافی دەسەڵات لە ھەمو بوارەکاندا ھیچ چانسێکی بۆ ھاوڵاتی نەھێشتۆتەوە تا ژیانێکی شەرەف مەندانە و پڕ شکۆ بژین.سەرەڕای ئەم ھەموو ئاستەنگ و زوڵم وزۆرە چاویان بڕیوەتە دزینی موچە و قوتی ھاوڵاتی.ئەدی بۆچی ھیچ پارت و کەسایەتیەک لەسەر دروستکردنی ئەم دۆخە نالەبارە خۆیان نەکردە پێشەوای خەڵکی و نەھاتنە دەنگ،تا چاوی میللەتیش بە جیاواز بیانخوێنێتەوە.
ئێستا کۆمەڵانی خەڵک ڕژاونەتە سەر شەقام،پڕاوپڕن لە توڕەیی و نیگەرانی،لە زۆربەی شوێنەکان قوربانی دراوە،زەرەرێکی زۆری مادی و دارایی کراوە لە؛سوتاندن و تاڵانکردنی بارەگا حیزبی و فەرمانگە خزمەتگوزاری و شوێنەگشتیەکان.دوکەڵ و بڵێسەی ئاگر زۆر شوێنی قانگ داوە،تازە بە تازە لێرە و لەوێ بەرپرسێک یان ئەندامی پارتێک دێتە بەردەمی مایک و دەڵێت؛"ئێمە بەشێک نین لە زوڵم و زۆرداری و چەوسانەوە کە دەسەڵات بەرانبەر ھاوڵاتی ئەنجامی دەدات.دەبێت خەڵکی جیاوازی بکەن."
بەڵام زۆر درەنگە بۆ ئەم قسانە.پێشان زۆر وتران و گوێتان نەگرت."کە زۆر ھات قەواڵە بەتاڵە".
باشە سی ساڵ ئەزمونی حوکمڕانی بەس نەبو بۆتان تا خۆتان یەکلایی بکەنەوە کە لە بەرەی گەلدان یان دەسەڵات؟
ھەرچەند دامرکاندنەوەی توڕەیی و ناڕەزاییەتیەکانی خەڵکی ھەروا ئاسان نیە.بەڵام ھەرچی زووە دەبێت سەرانی دەسەڵات بە خۆیاندا بچنەوە و پەلە بکەن لە ڕاگرتنی خوێن ڕژتن و سوتان و کاولکاری زیاتر.لەلایەکی تریشەوە دەسەڵات کۆتایی ببنێت بەم جۆرە لە فەرمانڕەوایی خزم خزمێنە و عەشیرەت گەریە و گەندەڵی و بازرگانی و تاڵانیە.ئێوە دەبێت نوێنەری ھەمو میللەت بن و حوکمداری نیشتیمانێک بن نەک بنەماڵەیەک یان عەشیرەتێک.بە پێچەوانەوە گەر دەسەڵات بەردەوام بێت لەسەر ھەمان ریتم و شێوازی حوکمداری ئەوا خۆیان و میللەتیش ڕوبەڕوی دۆخێکی زۆر مەترسیدارتر لە ئەمەی ئێستا دەکەنەوە.کوردیش خۆی دەڵێت"جام کە پڕ بوو لێیدەڕژێت".

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×