هێشتا خۆی کۆت و کەلەپچەی کۆیلایەتیە کەچی خاوەنی کۆیلەیە لەماڵەکەیدا!

هێمن ئەحمەد
  2021-01-28   
سەرەتا بۆ ئەوەی خوێنەر بەرچاوی ڕون بێت،بە پێناسەیەکی کورت بۆ کۆیلایەتی دەستپێدەکەین؛
ئەویش بریتیە لە حاڵەت و دۆخی بەخاوەنکردن و دانانی مرۆڤەکان وەک کاڵا و مڵکی تایبەت،کە خاوەنەکەی دەتوانێت کڕین و فرۆشتنی پێوە بکات.کەسی کۆیلەش ڕوبەڕوی چەوسانەوە و ئەشکەنجە و تونوتیژی و سزادان و سوکایەتی پێکردن دەبێتەوە.بەشێوەیەکی گشتیش دەکرێت کۆیلەکردن بە کۆمەڵ بێت یان بە تاک.
بە درێژایی مێژوی هەبونی مرۆڤ لەسەر زەوی،بەکۆیلەکردن و چەوساندنەوە بەشێک بوە لە ئەجێندای ئەو ئیمبراتۆریەت و دەسەڵاتە جۆربەجۆرانەی لە هەمو گۆشەیەکی ئەم جیهانەدا هێز و شوێن پانتایی دەسەڵاتیان پیادە کردوە.
 سەرەتای دیرۆکی بەکۆیلەکردن لە ئەو دەوڵەت و شارستانیەت و دەسەڵاتە خوێنڕێژ و کۆلۆنیالیزانەوە سەرچاوەی گرتوە کە نەتەوە و ئاین و ئایدۆلۆژیای هەمەچەشن خاوەندارێتیان کردوون.کاتێك فەرهەنگە سیاسیەکان،کۆمەڵایەتیەکان،خێزان،ئایین،ئەقڵیەتی کۆنەپەرستی و بەها کلتوریەکان،کار لە سەر بەهاکانی مرۆڤ دەکەن و ڕەتی دەکەنەوە،بە هەموو شێوەیەك هەوڵ بۆئەوە دەدەن و ناهێڵێن خۆی ببێت،لێرەوە سیستەمی کۆیلایەتی دەچەسپێ و تەواوی کۆمەڵگاش لە چوار چێوەی ئەو سیستەمە داخراوەدا ژیان گوزەر دەکەن .
لە جیهانی ئەمڕۆدا (پەنجا لەسەدا)ی کۆیلەکان،کاری زۆرەملێییان(forced labour) پێدەکرێت لە کارگە و شوێنکارەکانی کەرتی تایبەتدا.بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە لە وڵاتانی پیشەسازیدا جۆرێکی نوێی کۆیلایەتیە.لە وڵاتانی ناپیشەسازیدا،جۆری کۆیلایەتی
(debt bondage/bonded labour)سوخرەکێشی و خزمەتکاری باوی هەیە وەک؛هاوسەرگیریی  بەزۆر،چەکدارکردنی منداڵ و ڕاگرتنی خزمەتکاریی ماڵان و ...هتد
ئەوەی ئێمە مەبەستمانە باسی بکەین کۆتا دانەیە کە ئەویش ڕاگرتنی کارەکەر و خزمەتکارانی ماڵانە،کە بێ گومان جۆرێکی بەرچاوی کۆیلایەتیە و لە ئەمڕۆدا زۆر باوە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا.لێرە لە ئەم هەرێمەدا خەڵکانێک هەن خاوەنی یەکێک یان زیاتر لە ئەو کۆیلانەن(خزمەتکار) لە ماڵەکانیاندا،کە لە وڵاتێکی وەک فلیپین و ئەسیوپیا و کینیا و بەنگلادێش و نیپاڵ و...هتد هاتوون تا بژێویەک بۆ خۆیان و منداڵیان پەیدا بکەن و لە مردن خۆیان قوتار بکەن.ئەمەش بە ئەنجامدانی بەڵێن نامەیەک دەکرێت لە نێوان نوسینگە  وەک(نوێنەر و بەرپرسی خزمەتکار)و خاوەن ماڵدا.بەرانبەر بە پێدانی بڕێک پارەی کەم بۆ خزمەتکار کە دەگاتە(٣٠٠ دۆلار و هەندێ جار زیاتریش).وە پێدانی بڕی
(٢٥٠٠ تا٣٠٠٠دۆلار)ساڵانە بۆ نوسینگەکە.ئەم بڕە پارانەی کە باسمان کرد بەگوێرەیی جوانی و ڕوو بازاڕی کارەکەرەکە و وڵاتی جیاواز دەگۆڕێت.هەرچەندە هەندێ بڕگە و خاڵیش هەیە بۆ داکۆکی کردن و پاراستنی مافی خزمەتکار بەڵام لێرە و لەوێ ڕۆژانە دەبیستین کە ئەمانە چۆن ڕوبەڕوی ماف پێنەدان و توندوتیژی و گێچەڵی سێکسی و چەوسانەوە دەبنەوە.هەندێکیش لەم کەیسانە دەدرێنە دادگا و هەندێکیش پێش دادگا قوڕاوقەپیان پێدەکرێت.لە هەموشی ناخۆشتر ئەو سوکایەتیەی پێیان دەکرێت.ئەوان کارەکەری ماڵن بەڵام لە شوێنە گشتیەکاندا و پارکەکاندا و مۆڵ و ئاهەنگ و سەیرانگاکاندا دەبینرێن و کەلوپەل و منداڵیان پێهەڵدەگرن و کاریان پێدەکەن بە بەرچاوی خەڵکانی ترەوە،وەک پۆز و شانازیەک نمایشیان دەکەن.دەیانبەنە ئاهەنگ بەڵام ناهێڵن بەشداری بکەن.دەیانبەنە داوات بەڵام خواردنیان جیا دەکەنەوە.ئەم حاڵەتەش لە ماڵێک بۆ ماڵێکی تر جیاوازە.هەرچەند دەبێت ئەو مافەش بە کەسانێک بدەین کە پیر و کەم ئەندام و پەککەوتەن و پێویستیان بە کەسانی تر هەیە خزمەتیان بکات یان کەسانێک هەن تەنهان و کەسیان لە وڵات نەماوە.ئەمانەش ناچارن و پێویستیان بە هاوکاری کەسانی تر هەیە.بەڵام دەکرێت لەڕێگەی شیاو و گونجاوەوە بێت.هاوڕێیەک بۆی گێڕامەوەو وتی"خزمەتکارێکمان هەیە شەوانە کاتێک قسە لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکانی دەکات،خوشکە بچوکەکەم هەمو جارێک کە گوێی لێدەبێت دەست بە گریان دەکات و زۆر بەزەیی پێدا دێتەوە".منیش لەوەڵامدا وتم"بۆ ئێوە خۆتان توشی نەخۆشی دەرونی دەکەن یان ئەرکتان سوک دەکەن.ئینجا بۆچی بۆی دەگرین،هەوڵبدەن لە چەوسانەوە و ئازارەکانی کەم بکەنەوە و بڕێک پارەی مانگانەکەی بۆ زیاد بکەن".
پەیوەندیەکی پێچەوانە لە نێوان ئازادی و نان هەیە ، چەند بتەوێت ئازادانەتر بژیت ، هەوڵدانت بۆ تێربون قورستر دەبێت ، چەندیش بتەوێت زیاتر تێر بیت، وەک دابەستە و بۆ قەڵەو بوون بەخێو دەکرێی، دواجار چارەنوست بەدەست کەسانی دیکەوەیە.(ڤیکتۆر هۆگۆ)ش دەڵێت "ئەوکاتە ئازادی دەست پێدەکات کاتێک جەهل کۆتایی دێت "
دەبا ئێمەش وەک هەموو میللەتان و کۆمەڵگەکانی تر دوو جار بیر بکەینەوە جارێک بۆ ڕزگارکدنی خۆمان لە کۆیلایەتی و جارێکیش بۆ ئازادکردنی ئەوانەی کۆیلەمانن،بۆچی خۆشی لەوە ببینین کۆیلە لە ماڵەکانماندا هەبێت و ببینە ئامرازی چەوساندنەوەی کەسانی تر،لە کاتێکدا بە جۆرێک وەک تاک و کۆمەڵگەش هێشتا کۆت و بەندی کۆیلایەتین و نەتەوەیەکی پەرتەوازە و بێ دەوڵەتین.



سەرچاوەکان؛
https://en.m.wikipedia.org Slavery -١
٢- دروستبونی کۆمەڵگای کۆیلایەتی.٢٠١٤/١١/٥.پەشێو حمد ئەمین - سپی میدیا.
٣- کۆیلایەتی و کەنیزەک/علی خان/ئاستانە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×