پەروەردە و خویندن پێش ئەوەی توشی کۆرۆنا بێت زیندەبەچاڵ کرا

هێمن ئەحمەد
  2021-02-24   
بە درێژایی سەردەمەکان و دۆخە جیاواز و ناهەموارەکان لە کوردستان،هەرگیز بەقەد ئێستا خوێندن و پەروەردە بێ نرخ و شپرزە و شەقوشڕ نەبووە.کارەساتێکی زۆر گەورەیە و کاریگەری نێگەتیڤ و ڕوخێنەری هەیە،بە تایبەت لەسەر نەوەکانی داهاتو.بۆیە دەکرێت دەسەڵات و لایەنی پەیوەندار زۆر بە قوڵی ڕۆ بچنە ناو هۆکار و دەرەنجامەکانی ئەم کارەساتە و لێکدانەوە ڕژد و توێژینەوەی لەبارەوە بکەن.دەبێت بە پەلە و هەرچی زووە هەوڵی زیندو بونەوە و خستنەوە سەر هێڵی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن بدەن گەر چەند هەناسەیەکی ئومێدی دوبارە ژیانەوەی تیادا مابێت.
لەوانەیە زۆر جێگەی بڕوا نەبوایە گەر خۆم لەم ناوەندەدا کارم نەکردایە و لە ماوەی تەنها چەند کاتژمێرێکدا و لە یەک ڕۆژدا چەند دیمەن و باسێکی ناخ هەژێن ببینیت و ببیسیت.
ڕۆژێک لە سەرەتا ڕۆژەکانی دستپێکردنەوەی خوێندن و کرانەوەی دەرگای خوێندنگاکان،دایکێک بە باوەشێک کتێبەوە و بە ڕویەکی غەمبارەوە لە دەرگای ژوری مامۆستایانی داو هاتە ژورەوە و پاش سڵاو وتی"هاتوم تا پێتان بڵێم چیتر کوڕەکەم ناگەڕێتەوە خوێندنگە و پەڕتوکەکانیم هێناوەتەوە تا خوێندکارێکی تر سودی لێ وەرگرێت".دایکی داماو تەواو نیگەران و قوڕگی پڕ ببو لە گریان،بەڵام دەبێت ئەم تاوانی چی بێت کە ئازاری نەهاتنەوەی منداڵەکەی بۆ خوێندنگە بچێژێت؟پرسیم ئەی کە ناگەڕێتەوە چی دەکات؟.وتی"سەوزە و میوە دەفرۆشێت و هاوکاری باوکی دەکات".ئێمەی مامۆستا کە هیچمان پێ نەبو بۆ وتن.بۆیە پەڕتوکەکانمان لێ وەرگرت و سوپاسمان کرد.
لە هەمان ڕۆژدا و لە سەردانی کردنم بۆ لای هاوڕێیەکم،گێڕایەوە و وتی" دراوسێیەکەمان کە خوێندکاری ئێوەیە چیتر ناتوانێت بگەڕێتەوە و بەردەوام بێت لە خوێندن.چونکە دەستەو یەخە بووە لەگەڵ هاوڕێیەکی تری خوێندکار و زیانی بە دەم و چاوی گەیاندوە و شکاویشی هەیە.ماڵی هاوڕێیەکەشی هەژارن و توانای چارەسەر و جوانکاریان نیە بۆ منداڵەکەیان،لەبەرئەوە داوایان کردووە تێچوی چارەسەر و جوانکاری منداڵەکەیان بدەن و لە بەرانبەردا لێی دەبورن.باوکی ئەمیش لەگەڵ خۆی کوڕەکەی دەبات بۆ کرێکاری تا بتوانێت ڕۆژانە بڕێک پارەی پێ پاشەکەوت بکات بۆ قەرزی تێچوی چارەسەری هاوڕێیەکەی".ئەمە ڕوداوێکی ڕاستەو لێی بە ئاگام.
هاوڕێکەم جێهێشت و لامدایە مارکێتێک بۆ کڕینی هەندێ پێویستی.کە گەیشتمە لای تەیڵەکە، ڕوانیم خوێندکاری خۆمە.پاش سڵاو و دەستخۆشی لێکردنی وتی"دەزانی مامۆستا وازم لە خوێندن هێنا،بەخوا کارەکەم پێ باشترە".بە ڕاستی نەمدەزانی چی پێ بڵێم و چۆن وەڵامی بدەمەوە.لەبەرئەوە هیوای سەرکەوتنم بۆ کرد و خوداحافیزیم لێکرد.تەنها دوو کاتژمێر دوای ئەم لەگەڵ هاوپیشەیەکم حەزمان کرد بچینە چایخانەیەک و چایەک بخۆینەوە.پێش چونە ژورەوەمان کەسێک لە پشتمەوە بانگی کردم " مامۆستا،مامۆستا،چۆنی باشی،دەمناسیتەوە؟"
وتم بەڵێ دەتناسمەوە خوێندکاری من بویت پێشان.ئینجا وتم "چی دەکەیت و بە چیەوە سەرقاڵی؟".وتی"مامۆستا وازم لە خوێندن هێناوە و شۆفێری ماتۆڕم و کاری دلیڤەری دەکەم".ئەی هاوار هەر شۆک بوم.وتم"ئاخر تەمەنی تۆ ڕێگە پێدراو نیە بۆ شۆفێری و تەنانەت کاریش".وتی"ئەی چیبکەم مامۆستا،کرێچین،من مناڵی گەورەی ماڵەوەم و باوکیشم نەخۆشە،دەبێت خۆم کار بکەم".بە ڕاستی ناخم گڕی گرتبو بەڵام هیچم پێ نەوترا جگە لە ئافەرین و دەستخۆشی.
لەگەڵ هاوڕێکەم دستمان کرد بە باسکردنی قەیران و کێشەی خوێندن و وتی"بەدرێژایی ماوەی خزمەتکردنم ئەوەندەی ئەمڕۆ نیگەران نەبوم و نا ئومێد نەبوم،کاتێک خەریکی وانە وتنەوە بوم لە پۆلێکی دووەمی بنەڕەتی،کارمەندێکی خوێندنگە خشتەی وانەکانی هێنا بۆ پۆل،کاتێک سەرنجم دا زۆربەیان نەیاندەزانی تەنانەت ناوی وانەکان بنوسن و هاواریان بۆ دەهێنام و داوایان لێدەکردم بۆیان بنوسم،کسپە لە جەرگمەوە دەهات"وتی.
گەر خۆمان بە ڕاستگۆ و خاوەن ویژدان بزانین،دەبێت دان بەو ڕاستیە تاڵەدا بنێین کە ڕۆژانە چەندان نمونەی ڕاست و زیندو بەرچاو هەن،کە پێمان دەڵێن پەروەردە و  فێرکردن لە قەیرانێکی گەورەو خامۆش بوندایە و ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکار لە هەموو قۆناغەکان،واز لە خوێندن دەهێنن.گەر لایەنی بەرپرس و پەیوەندار ئاوڕێکی بە پەلە و جدیانە لەم کەرتە نەداتەوە،ئەوا پاشەڕۆژێکی زۆر ترسناک و تاریک چاوەڕێی ئێستا و نەوەکانی داهاتومان دەکات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×