ترافیک لایت یان دەرۆزە لایت؟

هێمن ئەحمەد
  2023-03-07   

ئەو دیاردەیەی وەک زۆربەی بابەتەکانی تر سیما و نازناوی شاری ڕۆشنبیری زڕاندوە و شێواندوە دیاردەی دەرۆزەکردنە لە ترافیک لایتەکانی شار. لەوەش قێزەونتر ئەوەیە هەندێک لەم دەرۆزەکەرانە لە ترافیک لایتەکانی دەروازەی هاتنەناوەوەی شار دەوەستن و بەبیانوی کاری دەرۆزەکردن خەریکی کاری لەشفرۆشین. ئەمەش دیمەنێکی ناشیرینی ئەم شارە دەگوازێتەوە بۆ بەر دیدەی سەردانکەران و ئەو میوانانەی ڕودەکەنە ئەم شارە. تایبەت ئەوانەی بۆ مەبەستی گەشت و گەڕان دێن.
جا تەنیا هەر دەروازەی شار نیە کە بەدەست ئەم دیاردەیەوە دەناڵێنێت. بەڵکو دەرۆزەکەران لە تەمەن و ڕەگەز و نەتەوەی جیاواز لە زۆربەی شوێنە گشتیەکان و تایبەتر لە ترافیک لایتەکان دەردەکەون. ئەم دەرۆزەکەرانە جگە لەوەی پێناسە و نازناوێکی ناشیرین دەبەخشن بەم شارە، هەندێکیان بەڕون و ئاشکرا تاوان ئەنجام دەدەن و کاری نابەجی دەخوڵقێنن لە؛ بەکرێدانی منداڵەکانیان بە خەڵکانی تر، پارە پەیداکردن بە منداڵان، دزیکردن و هەندێک جار گێچەڵکردن بە هاوڵاتیش جا گێچەڵی سێکسی بێت یان هی تر. دەرۆزەکەران لە ترافیک لایتەکان تێپەڕینی شۆفێران ناهەموار خاو دەکەنەوە لەو چەند چرکەیەی شۆفێر هەیەتی بۆ تێپەڕبوون. ئەوان دێنە ناوەڕاستی شەقام، پێش ئۆتۆمبێل و ئەملاولای شوفێر و سەرقاڵیان دەکەن و سەرنجیان دەبەن. زۆر جاران لایتی ئاماژەی تێپەڕین دادەگیرسێت هێشتا شوفێر ئاگای لێ نیە. هەندێک لەمانە لەسەر ناوەندی شەقام و شۆستەکان دادەنیشن و قاچ بۆسەر ڕێگاکە درێژ دەکەن و نمایشی سەیرو سەمەرە ئەنجام دەدەن، تا سەرنجی خەڵکی ڕابکێشن و ڕازیان بکەن بڕێک پارەیان پێبدەن. ئەوان نمایشکاری زۆر باش و لێهاتون. جارێک وەک کەم ئەندام بە دارشەق یان بە گالیسکەی کەم ئەندامانەوە و دێن و دەچن، جارێک هەڵگری لیستێکی پێویستی پزیشکی ساختە و جارێک بە کوڕوزانەوە و کلێنس ڕاگرتن، هەنێک لە منداڵەکانیش بە گوڵ ڕاگرتن و سڕینەوەی جامی ئۆتۆمبێلەکان بەبێ ئەوەی ڕەزامەندی شۆفێرەکان وەرگرن، مەترسی بۆ خۆیان و ناهەمواری زۆر بۆ شۆفێران دروست دەکەن. ئەم گروپ گەلە لە دەرۆزەکەران زۆر جار لەناو خۆیاندا لێیان دەبێت بە شەڕ و دەمەقاڵێ و جنێودان بە یەکتر لەسەر دەستکەوت و شوێن.
لە هەموی سەیر تر ئەوەیە لە هەندێ شوێندا ئەم کۆمەڵ گەلە دەرۆزەکەرانە نزیک پیاوانی پۆلیس دەوەستن و ئەم کارانە ئەنجام دەدەن و ئەوانیش هیچ گوێیان پێ نادەن.
گەر بمانەوێت دیمەنی ئەم شارە بەجوانی بهێڵینەوە و نازناوی شاری ڕۆشنبیری نەزڕێت، دەبێت بەزوترین کات دەسەڵاتی یاسای و شارەوانی هەڵوێستی ڕاست و دروست پیادە بکات بەرانبەر بەم گروپ گەلەو بنەبڕکردنی ئەم دیاردە قێزەونە. وە دەبێت بەردەوام چاودێری شوێنە گشتیەکان و ترافیک لایتەکان بکرێت، نەک بەشێوەیەکی کاتی لێرەو لەوێ ڕێ و شوێنی یاسایی بگیرێتە بەر و پاش ماوەیەک بابەتەکە پشتگوێ بخرێتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×