شایەنی بیرھێنانەوەیە کە قەیران و تەنگژەی بەردەوامی ھەمەچەشنی ئابوری ،کۆمەڵایەتی، جەنگی ناوخۆیی بەدرێژایی چەند دەیەیەک لە ھەرێم، بۆتە ھۆی بێکاربونی لەشکرێک لەگەنجان و کۆچ و ڕەوی ھاوڵاتیان و پەککەوتنی پڕۆسەی ھاوسەرگیری و بگرە ئەوانەی بە پڕۆسەکەشدا تێپەڕیون، ئێستا زۆربەیان ڕوبەڕوی کێشەی خێزانی و کۆمەڵایەتی بونەتەوە و خێزانەکان بەردەوامن لە لێکترازان و ھەڵوەشانەوە. ھۆکارەکانی پشت ئەم دیاردەیەش بەپلەی یەکەم قەیرانی ئابوری و بێکاری و نەبونی داھاتێکی شایستەیە کە بناغەی بەردەوام بونی بژێوی تاک و کۆمەڵگەی لەسەر دامەزراوە. ئەم دۆخەش دیاردەیەکی زۆر مەترسیدارتر بەدوای خۆیدا دەھێنێت لە داھاتودا. ئەویش نەخستەوەی وەچەیە و پاشان دروستبونی نەوەیەکی لاواز و کۆمەڵگەیەکی پوکاوەیە. لەجیھاندا نمونەی ئەم جۆرە کۆمەڵگە لاواز و تێکشکاوانە بونیان ھەیە، کە کێشەی نەبونی ھێزی کار و گەشەی ئابوری و کۆمەڵایەتیان ھەیە. بەڵام بەڕێگەی جیاواز و ھاوکاری کردنی گەنجان دۆخەکە ئارامتر و لەبارتر دەکەن بۆ ھاوڵاتیان.
لەئەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە؛ کۆمەڵگە و نەتەوەی ئێمە ھێشتا سەقامگیری تەواوی بەخۆوە نەدیوە و بەردەوام لەدۆخێکی نائارام و نادڵنیاییدایە و بەبێ ھەبونی نەوەیەکی بەھێز و چالاک و خاوەن ئەزمون ھەرگیز ناتوانرێت ڕوبەڕوی مەترسی و قەیران و نەھامەتیەکانی داھاتوی ببێتەوە.