کردنەوەی قفڵەکە گەشانەوەیەکی ئابوری نزیک مەودای نابێت

هێمن ئەحمەد
  2025-09-28     502

گەر ھاوڵاتیان بەگشتی و موچەخۆران بە تایبەت وەھا پێشبینی بکەن کە دووبارە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم، گۆڕانکاریەکی ئەرێنی و خێرا بەدوای خۆیدا دێنێت، ئەوا چاوەڕوانیەکی دروست نیە.
 لەبەر چەند ھۆکارێک کە ئاشکراترینیان ئەمانەن:
یەکەم: حکومەتی ناوەند بەشوێن سەرچاوەی زیاتر و ھەمەجۆرتردا دەگەڕێت، تا لە ڕێگەیەوە ئابوریەکەی بەھێزتر و سەقامگیرتر بکات. کەواتە ناوەندیش شینی ھەریسەکە دەکات، نەک کێشەی بژێوی ھاوڵاتیانی ھەرێم بەھەند وەرگرێت. چونکە ناوەندیش ھەندێک جار توشی کێشەی سیولە و نەمانی کاش دەبێت لە بانکەکانیدا. 
دووەم: تا ئێستاش حکومەتی ناوەند جڵەوی فرۆشتن، بەبازاڕکردن، گێڕانەوەی پارە و داھاتی نەوتی نێردراو لەژێر دەسەڵاتی تەواوەتی خۆیدا نیە. ھەمیشە بە بیانوی جیاواز ھەڕەشەی ئابوری و چاودێریکردنی گەڕانەوەی داھاتی لەسەرە، بەتایبەت لەلایەن وڵاتە یەکگرتوەکانەوە. سەرەڕای بەتاڵانبردن و ونکردنی بڕێک لە نەوتی نێردراو بەشێواز و ڕێگەی ھەمەجۆر.
سێیەم: بەلانی کەمەوە یەکێک لە  دولایەنی سەرەکی ئەنجامدەری ڕێکەوتنەکە تا ئێستا دان بەئەوەدا نانێت کە ڕێکەوتنەکە ھەمیشەیی و دوور مەودایە.
چوارەم: ھیچ شرۆڤەکارێکی ئابوری، سیاسی، بگرە سەرکردە و خودی سودانیش بوێری لێدوانێکی تەواوی ھیوابەخشیان نەکردوە، یان گەرەنتی ئەوەیان نەکردوە کە لە ئەمساڵدا چەند موچەیەکی فەرمانبەران نەفەوتێت. گەر بەناڕونی و بەشێوەیەکی لاوەکیش بێت باسی بابەتێکی وەھا بکرێت، ئەوا زیاتر لە ھیوا خواستن و بەڵێنێکی شەرمنانە دەچێت،نەک بەڵێنێکی تۆکمەی ئەرێنی ھیوابەخش.
پێنجەم: دۆخی سیاسی و ئابوری عێراق و ناوچەکە بەگشتی، سەقامگیر و ئارام نیە، بەھۆی دەستوەردانی سیاسی و سەربازی وڵاتانی دراوسێ و ئەو وڵاتانەش کە سامان و نەوتی عێراق بە میراتیی خۆیان دەزانن، زیاتر لەئەوەی بەسامانێکی ڕەوای گەلانی عێراقی سەیر بکەن.لەبەر ئەوە ئەگەر ھەیە لەھەر دۆخێکدا پڕۆسەی ھەناردەکردنەوەی نەوت و دەرەنجامەکانی لەبەرژەوەندیان نەبێت، ھەوڵی تێکدان و لەرزۆک کردنی پڕۆسەکە بدەن.
شەشەم: کەڵەکە بونی پێداویستیەکی زۆری ئابوری و کورتھێنانی زۆری دارایی لە سێکتەرە خزمەتگوزاریەکان، ھۆکارەکانی بژێوی و خۆشگوزەرانیی ھاوڵاتیان بەگشتی و موچەخۆران بە تایبەت. کە ماوەیەکی زۆری پێویستە دووبارە ژیانی ئاسایی و چالاکیە کۆمەڵایەتیەکانی  ھاوڵاتیان بکەونەوە سەر ھێڵی ئاسایی خۆیان.
سەرەڕای تێبینی و شاگەشکە نەبون بە دووبارە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی دەتوانرێت بە پڕۆسەیەکی باش و گۆڕانکاریەکی ئەرێنی سەیر بکرێت، گەر بەراورد بکرێت بە قۆناغە ناھەموار و چەق بەستوە ئابوریە دوازدە ساڵانەکەی ڕابردووی ھەرێم. 

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×