گەر بەراوردی ئەم دۆخەی ئێستای ڕۆژئاوا بەدۆخی سەردەمی حوکمڕانی ئەسەدەکان بکەین، لەچەند ڕویەکەوە، دەتوانین بڵێین دۆخی ئەوسا،
بەگشتی باشتر بوو، لەبەر ئەم ھۆکار گەلە؛
١-دۆخی خاک و پارێزراویی چوارچێوەی نیشتیمانی ڕۆژئاوا باشتر بو،چونکە ئەوکات تەنھا ئەگەر زیادەڕەوی و دەستدرێژکاریەک ھەبوایە،تەنھا لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە بو، بە بیانوی بەرگری نیشتیمانی و
چەسپاندنی یاسا و ئارامیی.
٢-لە ئێسادا دەبینن دۆخی سوریا ھاوشێوەی ئەو دۆخەیە کە لە جەنگی جیھانی ھەیبو، ھەر وڵاتێک دەسەڵاتی ھەبێت لەناوچەکە بەشێکی خاک و سامانەکەی تاڵان دەکات و کوردیش لەم پڕۆسەیە ھیچی بەرناکەوێت، تەنھا تەماشاکەر و
قوربانی دەبێت.
٣-ھەمو شارە کوردیەکان ھەر کوردی بون و تعریب و تکریت نەکرابون.
٤-خاکی ڕۆژئاوا و شارەکانی دانەبڕابون.گەر دابڕانیش ھەبوایە، سیاسی و سەربازی نەبو.
٥-ئەوکات ئەو ھەمو زیانە گیانی و مادیەش نەدرابو،کە دەیان ھەزار کەس ڕۆحی خۆیان کردە قوربانی،لە پێناوی بەرگریکردن و ھاوپەیمانیەتێکی ساختەو کاتی ئەمریکی و ئەوروپیەکان.
٦-دوژمنایەتی نەتەوایەتی و ئاینی و ڕەگەزیی لەنێوان پێکھاتەکان بونی نەبو،تایبەت نیوان کورد و عەرەب.بەڵام لە ئێستادا ئەم دیاردەیە زۆر زەق و تۆخ بۆتەوە و کێشەیەکی گەورەی خوڵقاندوە.
٧-سەرەڕای ئەوەی پێکھاتە جیوازەکانی سوریا ھەزاران ساڵە بە یەکەوە بەبێ جیاوازی،لە خۆشی و ناخۆشی و شۆڕش و ڕۆژە سەختەکاندا ھاوکار و ھاوبەش بون، بەڵام لە ئێستادا متمانەی ھاوبەشی و پێکەوەژیان گەیشتۆتە خاڵی سفر.
٨-ڕاستە پێشان ئینکاری لە بەشێکی زۆری کوردان دەکرا کە ناسنامەی سوریان پێ بدرێت،بەڵام تاڵانکردن،ئەتکردن،بێشکۆکردن، دەرکردن و ڕاگوێزانی بەکۆمەڵی ھاوشێوەی ئێستا نەبو یان نەببوە دیاردە.
٩-گەر دەستکەوتی دوای ئەو ھەمو جەنگە چەند ساڵەیە،قوربانیدانە گەورەیە،زیانە گیانی و مادیانە تەنھا مەرسومەکەی حکومەتە نوێیەکەی شرع بێت،ئەوا شتێکی گرنگ و ئەوتۆ نیە کە بەدەستکەوت ھەژمار کرێت.
١٠-گەرچی کوردان لە سەردەمی حوکمڕانی ئەسەدەکانیش ماف و ئازادیەکانیان پێشێلکرابو،بەڵام کوردەکان توانیویانە ناسنامە و زمان و کەلتوریان بەزیندویی بھێڵنەوە و پارێزگاری لە ڕەسەنایەتی و ڕەگەزی خۆیان بکەن، ھەرچەند زمانی کوردی زمانی دوەم و فەرمی وڵاتیش نەبو.
ھەرچەند ڕەخنەو کەموکورتی ھەبێت لە تێکۆشان و شێوازی بەرگریکردن و حوکمڕانی کوردیی لەڕۆژئاوا یان ھەر شوێنێکی تری کوردستان، بەڵام دور نیە ئەو ڕۆژەی کە ئەم نەتەوە زوڵملێکراو و چەوساوەیە دەگاتە کەناری ئارامی و ژیانێکی شکۆمەندانە.