کۆمەڵگە،ژینگەی لەباری جڕ و جانەوەر

هێمن ئەحمەد
  2026-05-06     478

لە زمانی کوردیدا "جڕ " بە تەنیا بۆ ئاماژەکردن بە زیندەوەری پێوەدەر یان زیانبەخش بەکاردێت.
"جانەوەر" ئاماژەکردنە بۆ گیانداری زیانبەخش،نەخوازراو و دڕندە.
واتای خوازراوی دەستەواژەکە؛ ئاماژەیە بۆ کەلوپەلی کۆن، شڕ، و پڕوپووچی بێ کەڵک.
کۆمەڵگەی ئێستا پڕیەتی لەو جڕ و جانەوەرانەی ھەر کە ڕێکەوتێکی لەباریان بۆ ھەڵکەوێت دەکەونە پەلاماردان و ئازاردان و زیان گەیاندن بە ژینگە، دۆخ،کەسایەتی و سامانی گشتی و ...ھتد
ئینجا جاری وایە ئەم زیانگەیاندنە ڕاستەوخۆیە لەناو خودی کۆمەڵگە و گەڕەک و سێکتەر و شوێنی کارکردن،
جاری واشە لەڕێگەی شاشە و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و بابەتی پڕوپاگەندە و نوسراوەوەیە.
مرۆڤەکانی پێشان، تەنھا کاتێک مەترسی پەلاماردان و شپرزەکردنیان لەلا دروستدەبو کە ڕێگەیان بکەوتایەتە ناوەندی دارستانێکی چڕ و زەوەند، بیابانێکی فراوان یان ناوچەیەکی شاخاویی دوور لە ئاوەدانی.
کەچی ئێستا دەکرێت ئەم جڕو جانەوەرانە شان باشانت لە شوێنی کار یان شوێنی ژیانکردن و گەشت و سەیرانت بونیان ھەبێت.
جانەوەرەکانی ناو کۆمەڵگەی ئێستا زۆر مەترسیدارترن لەوەی چاوەڕوان دەکرێت، ھەندێک جار پەلاماری ئەوانەش دەدەن کە مردون و لەژیاندا نەماون، بە بیانو و پۆزشی بێنرخ و پوچ.
جڕ و جانەوەرەکانی ئێستا نە کەڵبە،نە شفرە و چزویان ھەیە، بەڵام خاوەنی زمانێکی پیس و ھەناو و ناخێکی بۆگەن و بیرێکی تاریکن کە کورد وتەنی "لە ھەمو کاسەیەکدا کەوچکن".
ئەم مەخلوقانە، ھەندێک جار بەوتەی باقوبریق و شیرین بەسەر کەسایەتی و دۆخ و بابەتێکدا ھەڵدەڵێن کە تەریبە بەخواست و بۆچونەکانیان کە خۆیان و بەرژەوەندیەکانیان گەشەی تێدا دەکەن.
ھەندێک جاریش بە پێچەوانەوە، دەکەونە شێواندن، زڕاندن، لێدان و بگرە سوکایەتی پێکردن بە بابەتگەلێک، کەسایەتیەک ...کە ھیچ ڕەوایەتیەک بۆ ڕێز و شکۆی مرۆڤ و مرۆڤایەتی ناھێڵنەوە.
بەڵام لەھەردوو دۆخەکەدا ئەوان بێجگە لە جانەوەر و دڕندەیەکی برسی ھیچی تر نین.
کەواتە بەزیادبون و گەشەکردنی دۆخی جانەوەرەکان، ھەستی مرۆڤبون زۆر ناھەموارتر و  ئەرکی مرۆڤ زۆر قورستر دەبێت.
جارێک بۆ پاراست و مانەوەی خودی خۆی بەزیندویی و جارێکیش بۆ گەشەپێدانی بیرکردنەوەی وەک مرۆڤێکی دروست و سەردەمی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×