خوێندکارەکان ئاگادار بکەن کە قۆناغەکانی پەروەردە و فێرکردنیش ھاوشێوەی یاری شەترەنج لە سێ قۆناغ پێک دێت کە بیتین لە؛
قۆناغی بەرایی(opening):
کە قۆناغی یەکەمی یاریەکەیەو تێیدا ھەنگاوی سەرەتایی بۆ ڕێکخستنی ھێزەکان دەدرێت.
دەکرێت ئەم قۆناغە بچوێنرێت بە قۆناغی سەرەتایی پەروەردە و فێرکردن لای خوێندکار، وە ئاگادار بکرێت لەوەی کە ئەم قۆناغە گرنگیەکی بنەڕەتی ھەیە بۆ ڕێکخستن و ئامادەکاری بۆ پەروەردەیەکی باڵا، وانە خوێندنی تێر و تەسەل، ھەڵبژاردنی شێوازی ژیانکردن و بیرکردنەوەی دروست.
قۆناغی ناوەڕاست (middlegame):
قۆناغی شەڕ و پێکدادانی سەرەکیە لەسەر ڕوبەندی یاریەکە. ھاوشێوەی ھەردو قۆناغی ناوەندی و ئامادەییە بۆ خوێندکار، کە دەکرێت سەرقاڵی ھەوڵ و ماندوبونی زیاتر بێت بۆ ململانێ و ڕوبەڕوبونەوەی ئاستەنگەکانی بواری خوێندن و پەروەردە، وە دەکرێت ببنە خاوەن بیرکردنەوەی قوڵ و شێوازی دروست لە کۆششی بەردەوام.
دەکرێت خوێندکاران تاو بدرێن تا بەگیانی لەخۆبوردوانەوە و پشودرێژیەوە بەرەنگاری ھەمو بەربەست و ناھەمواریەکانی بەردەم پڕۆسەکە ببنەوە و ھەمو ھەوڵی خوێان بخەنە گەڕ تا ئەم قۆناغە بەسەرکەوتویی بەڕێبکەن.
قۆناغی کۆتایی (endgame):
لە یاریەکەدا، قۆناغی کۆتاییە و ژمارەی پارچەکان لە کەمبونەوەدان، ئامانجەکەش ماتکردنی شایە واتە ھێرش کردنە سەریەتی.
کەواتە دوا قوناغی یاریەکە دەرکرێت ھاوشێوەی دوا قۆناغی خوێندن بدرێت بە گوێی خوێندکاراندا، کە ئەمە قوناغی سەرکەوتن و کۆتایەو بۆ بەدەست ھێنانی ئامانجە گەورەکەیە، کە گەیشتن بە لوتکە و بەدیھێنانی خواست و کۆتا ئامانجەکانە، کە لەسایەیدا خوێندکار دواڕۆژێکی گەش و پڕ لە ھیوا و ئارام بۆ خۆی دابین دەکات.
با خوێندکاران ئازاد بکرێن لەوەی ڕۆڵی کام پارچەیەی یاریەکە دەگێڕن لە کۆمەڵگەدا بەڵام ئاگادار بکرێن لە ئەوەی؛
گەر چونە شوێنی سەربازەکان، دەببێت ئەوە بزانن کە لەڕیزبەندی پێشەوەی جەنگەکەن، تەنھا بۆیان ھەیە بۆ پێشەوە ھێرش بکەن و بۆیان نیە بۆ دواوە یان بە ئەملاولادا ڕاکەن وە دەبێت ھەمو ئەرکی ئەوان بەرگری و ھێرشکردن بێت.
گەر چونە شوێنی قەڵاکە،
چۆن لەیاریەکەدا بەھێزەوە گۆشەکانیان گرتوە و دەتوانن بۆ (سەرەوە و خوارەوە) یان (ڕاست و چەپ) بجوڵێن و یەکێکن لە پارچە بەھێزەکانی یاریەکە کە ھەر قەڵایەک بەھای (پێنج خاڵ)ی ھەیە. ئەوانیش دەتوان ھاوشێوەی قەڵا ببنە خاوەن ھێزی گەورە و ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگەدا بگێڕن، مەودای جوڵە و چالاکیان فراوانە و ئازادی تەواویان لە جێبەجێکردنی ئەرک و فەرمانەکانیاندا ھەیە.
گەر بونە سوارچاک (ئەسپ)، ئەوا ئەم پاچەیە خەسڵەتێکی تایبەتی ھەیە کە پارچەکانی تر نیانە، ئەویش ئەمەیە کە دەتوانێت بازبدات بەسەر پارچەکانی تری یاریەکەدا. کەواتە ھاوشێوەی سوارچاکەکە خوێندکاران دەتوانێت ھەنگاو بنێن بەسەر کۆسپ و بەربەست و ھەمو ئەوانەی دەبنە لەمپەر لەبەردەم چونە پێشەوەیان بۆ گەیشتن بە دوا مەنزڵی سەرکەوتن.
گەر خواستیان ھەبو ڕۆڵی فیلەکان ( قەشەکان) بگێڕن، ئەوا ئەمانیش خاوەنی پێگە و ھێزی خۆیانن و دەتوانن گۆشە بۆ گۆشەی ڕوبەندی یاریەکە بجوڵێن، ھەرچەند وەکو ئەسپەکان ناتوانن باز بدەن. کەواتە بە کەم نابینرێت گەر خوێندکارێک خواستی وەرگرتنی ڕۆڵی فیلەکانی ھەبێت چونکە ئەمانیش مەودای چالاکی و جوڵەیان ھاوشێوەی ئەوان فراوان دەبێت و بە ھێز و باوەڕ بەخۆبونەوە ھەنگاوە لەسەرخۆکان دەنێن.
گەر چونە شوێنی شاژن(وەزیر)، دەبێت ئەوە بزانن کە بەھێزترین پارچەی ھێرشکردنە. بەھای (نۆ خاڵ)ی ھەیە و دەتوانێت لە گۆشە بۆ گۆشە، ڕاست و چەپ و سەرەوە و خوارەوە بجوڵێت. کەواتە شوێنگرتنەوەی شاژن لەلایەک وەرگرتنی دەسەڵاتێکی زۆرە و لەلایەکی ترەوە ئەرک و بەرپرسیارێتی و بەرگریە، مەودای چالاکی و جوڵەشی زۆر فراوانە. وەزیر ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی لە ھێرش و بەرگریکردن و ماتکردنی پاشادا دەبێت.
کەواتە خوێندکارە بەھێز و بەتواناکان ھەمیشە ھەوڵ دەدەن ڕۆڵی وەزیر لەناو کۆمەڵگە بەرجەستە بکەن، تا شکۆی خۆیان و بەھای ئەرک و ماندوبونیان زیاتر بەرھەم دار بکەن.
گەر ویستیان ڕۆڵی پاشا بگێڕن، دەبێت بەرچاو ڕون بن لەوەی کە بەنرخترین و گرنگترین پارچەیە و ئامانجی کۆتایی یاریەکەیە، ھەرچەند توانا و مەودای جوڵەی زۆر نیە کە یەک خانەیە بە ھەرچوارلادا. وە ھەرکات پاشا لە دۆخی کش دا بو، توانای جوڵەی یاسایی نەبو بۆ دەربازبون، ئەوە کش و ماتە و کۆتایی یاریەکەیە.
کەواتە دەبێت خوێندکار بەرچاوڕونی پێبدرێت لەوەی ھەتا پلە و پایەی بەرزتر بێت و خاوەن دەسەڵاتی زۆرتر بیت تواناو نرخی پێگەکەی زیاتر دەبێت بەڵام ئەرک و بەرپرسیارێتی چەند ھێندە زیاتر دەبێت، بۆ بەردەوامبون و پاراستنی پێگەکەی.
دەبێت خوێندکار فێر بکرێت کاتێک ڕۆڵی پاشا و سەرکردەی بینی لەناو کۆمەڵگەدا، بەردەوام پارێزگاری لە دەسەڵات و پێگەی خۆی بکات و توانا و زیرەکی خۆی بخاتە گەڕ بۆ پاراستنی تەواوی پێگە و بەرژەوەندیەکانی، وە ھەرگیز بیر لەشکست، دۆڕان یان کش و مات نەکاتەوە.