دەڵاڵ‌و تاریکبیرەکان

چیا عەباس
  2020-10-13   
لەشکرێک لە نوسەر و لێکۆڵەوەر و پەرلەمانتار و قەڵەمبازی سیاسی لە سایەی دەسەڵاتی حزبی و حوکمرانی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ قەڵغانی قسە و یاسا  وشەیان بە دەوری قەڵای حزب و دەسەڵاتدا چەقاندوە، راشکاوانە بە شان و باڵی حزب و سەرکردە و دەسەڵاتدا هەڵدەدەن. ئەمجۆرە کەسانە ئەرکی حزبی خۆیان لە بەرامبەر پارە و پلە و ئیمتیازات بە دەق جێبەجێ کردوە و دەیکەن، چونکە بێئەوە نەدەبونە خاوەنی یەک دو ڤێڵا و چەند ملیۆنێک موچە و خانەنشینی و ماشێن و حەسحەسی تایبەت و منداڵ و کەس و کاریان ناچنە خوێندنگا تایبەتە گران بەهاکان و بۆ پژمێنێک بۆ چارە نانێرنە وڵاتانی دەرەوە، ئەمە بێجگە لەوەی لێرە و لەوێ جارجار گیرفان و گەدەیان بەم بەرپرس و ئەو جەمسەر پر و چەور دەکرێن. لەئێستادا ناسنامە و ماهیەتی زۆربەیان لای خەڵک زانراون. 
بەشێکی تر، تایبەت لە هەر دو حوکمرانی و پەرڵەمانی بەغدا و هەولێر، وەک راوێژکارە " عەیارە بەرزە"  بێ ژمارەکان، کارمەندە باڵاکان، دەڵاڵە  بوکەشوشانەی 
( الدمی المتحرکه‌ ) لە سوچ و قوژبن و جومگەکانی حزب و حوکمرانیدا بە پەتی ئاڵێنراو لە پەنجەی حزب و بەرپرسدا دەکەونە جوڵە و قسە و سەماکردن، 
چەندین بەرێوەبەر و بەرپرسی کەناڵەکانی راگەیاندن، دەزگا هونەریە موزەیەفە هاوردەکراوەکان و بەرپرس و بەرێوەبەری پەیج و ژورە دیجیتاڵە تاریکەکان  سوپایەکن هاوشێوەی تابوری پێنج، کۆسپ و لەمپەری گەورەن لە بەردەم ئایندەیەکی گەش بۆ  نەتەوە و نیشتمان و زەمینەخۆشکەری راگرتنی دۆخی سیاسی و حوکمرانی ئێستا و تێكدان و تێکشکاندنی کڵتور و هونەر و نەریتە رەسەنەکانی کۆمەڵگای کوردەوارین.
پارتی و یەکێتی تا ئەو ساتەی بە ئارەزوی خۆیان لفیان لە سامانی نیشتمان دەدا و ئەو قەیرانە خەستانەی ئابوریان بەرهەم نەهێنابو نزیکەی چواردە هەزار موچەخۆریان لە دەزگاکانی راگەیاندن و پاشکۆکانیاندا هەبو، جەمسەرەکانی حزبیش هەریەک کەناڵی راگەیاندنی خۆی دروست کردوە، بە پارەی میللەت ئاو دەدرێن و زاریان شیرین دەکرێن و گەدەیان چەور دەکرێن و حەزە فرە قەبارەکانیان دابین دەکرێن. گەر حکومەتی هەرێم دەزگایەکی باوەرپێکراوی راستگۆی ئاماری هەیە بێت تەنها لە بواری راگەیاندندا ژمارەی کەناڵە حزبیەکان، ژمارەی کارمەندانیان، تێچوی دروستکردن و بەرێوەبردن و مەساریفیان بخاتە بەرچاوی میللەت، بەناو دەستەکانی " چاودێری دارایی و دەستپاکیش" بپرسن ئەم پارەیەتان لە کوێ بو؟ 
ساڵانێکە ئەم سوپایە بەتەنیشت ئەرکی حزبیانەوە رۆژانە تۆوەکانی چەندین بیرۆکە و چەمک و پروپاگەندە و هەواڵی چەواشەکەر و تێکدەر لە ناخی نەتەوە و نیشتماندا دەرێژن، دەسەڵاتیش بزەی لێوی دێت چونکە دامرکاندنەوە و لاوازکردنی ئیرادە بۆ ئایندەیەکی باشتر لەوەی ئێستا مەبەستێکی بنەرەتی ئەو هەڵمەتە دەمامک کراوە خەست و بەرفراوانەیە.
چەندین کەناڵی تەلەفزیۆن بە سەرپەرشتی چەند کەسانێک بەناو پسپۆر و هونەرمەند شەو و رۆژ کاردەکەن بۆ تێكشکانی بونیادی سیاسی و فکری و کۆمەڵایەتی نەوەی گەنج. لە بری ئەوەی کاتێک بۆ نوسەر و مێژوناس و شاعیر و سەرکردە و پیاوە گەورەکانی کورد تەرخان بکەن هاتون زۆربەی کات سەرقاڵی باسکردن و نمایشکردنی سنگی روت و لەش و لاری نەرم و روخسارە ساختە ئارایشتەکراوەکان و ماچی یوداسن، هونەرمەندە فابرەکەکراوەکانی نێو سندوقی جادوگەریش لە بەرامبەر چنگێک دۆلار و ئیمتیاز سەمای لە خشتەبردن بەرپا دەکەن.
ساڵانێکە ئەم تاقم و موچەخۆرانە بە ئاگاییەکی مەبەستدار و نیەتێکی دیاریکراو لە وەتەری ئاڵۆزی خەڵک دەدەن کە لە وشەی بێ ئومێدیدا بەرجەستە بوە، 
لە بری ئەوەی باسی مێژوی خەباتی سەرکردە و تێکۆشەرانی حزبەکانی کوردستان و شۆرشەکان بکەن و لە خەڵکی بگەیەنن حزب دەبێت ئامرازێک بێت بۆ ئایندەیەکی گەش و گەلەکەمان پێویستیان پێیان هەیە هەوڵیان داوە و دەیدەن کە لە مێشکی تاکی کوردا بیچەسپێنن باوی حزب و بزوتنەوە و ئاراستەی نوێ بۆ گۆرانکاری نەماوە، ئەوانەی کارێکی لەو جۆرە بکەن باشتر نابن لەوەی ئێستادا بونیان هەیە، یاخود بەلایەنی کەمەوە دەبنە پاشکۆی دەسەڵات و دواجار کۆپیەکی هێزەکانی تر، مەخابن لە غیابی دەنگی ئەڵتەرنەتیڤی پێویست تا رادەیەک لەم هەڵمەتەیاندا سەرکەوتو بون.
ئەم ماشێنە راگەیاندنە زەبەلاحە لەلایەن حزب و دەسەڵاتەوە تاوتاو قورمیش دەکرێن، رۆژێک بای بای لە بەغدا دەکەن و رۆژێکی تر دەیکەنە کەعبەی برایەتی و دەستور و پارە و پول. رۆژێک هێزەکان یەکتر دێوەزن دەکەن و سەرکردە و کەسایەتیەکانیان بە خۆفرۆش و خاک فرۆش و تێکدەر ناوزەد دەکەن رۆژێکی تر دۆست و هاوپەیمان و پشت و پەنای یەکترن و ..... تاد.
بەشێک لە پەرڵەمانتار و نوسەر و راوێژکارەکان لە هەمو سوچ و قوژبنێکی ژورە ئەلکترۆنیە بێ ژمارەکان، بەشێکیان چەند جەمسەرێکی حوکمرانی و حزبی سپۆنسەریان دەکەن، هەر خەریکی زەرب و تەرحی ژمارەکانی بری موچە و پاشەکەوت و قرتاندنەکانیانن، بە شێکردنەوەی بێتام و بێ کەڵکی ئەم برگە و ئەو مادەی یاسا کەشێکیان خەڵقاندوە کە کوردستان بەهەشتی یاسا و رێساکانە و ئەوانیش فریادرەسن، لە واقیعدا ئومێدێکی سەراب ئاسا بە فەنەری حزبیەوە لە ئاسمانی نیشتماندا هەڵدەکەن.
بەتەنیشت ئەمانەشەوە ئەو چەند پەرڵەمانتارانەی بەغدان کە ناو بەناو نوسینێک، نامەیەک، لێدوانێک و نارازایەتیەکیان هەیە، سەرەرای ئەوەی باسی دەکەن بەشێک لە راستیەکان لە خۆ دەگرن، بەڵام چەواشەکاریەکە لەوەدایە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ بەغدا بە فریادرەسی دۆخی ئاڵۆزی هەرێم پێشنیاز دەکەن، ئەمانە بێ پشک نین لە تۆخکردنەوەی بێ ئومێدی خەلک، هەر بۆیە کە کازمی، لەوانەیە سبەینێ مالیکی و عامری یا سەدریش، بێنە کوردستان خەڵک دەستیان بەتوندی بگوشن و ماچ بکەن.   
رەچەتەکانی تۆخکردنەوەی بێ ئومێدی و چەواشەکردن و رێگریکردن لە رەوت و هزری نوێ و کارکردن بۆ ئایندەیەکی گەش لە مەتبەخی حزبی و دەسەڵاتدا دەهۆنرێنەوە و لە بەشێک لە جومگەکانی پەرلەمان، حزب، حوکمرانی و راگەیاندنەکاندا بە ترش و خوێ و بەهاراتەوە کار لە سەریان دەکرێت.
هەرچەندە خەڵک چێژی ئەو تەبخەی کردوە بەڵام لەغیابی وەڵامێکی یەکگرتوی راشکاوانەی پر بەپێست بۆ ئەو هەڵمەتانە ئەوا بێباکانە ئەوان بەردەوام دەبن... !

نوسینی: چیا عەباس
رۆتەردام: ١٢ ئۆکتۆبەر ٢٠٢٠


 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
خانه‌واده‌كه‌ی: هاوخه‌می به‌رفراوانی خه‌ڵك بۆ كۆچی مام عوسمان نیشانی دا كه‌ كه‌یسی سه‌رده‌شت هه‌ر به‌زیندویی ده‌مێنێته‌وه‌
مەلا بەختیار: خۆفرۆشەکانی سەردەمی بەعس‌و گەندەڵەکانی دوای راپەڕین مافی شانازیکردنیان بەسلێمانیەوە نیە
ڕوونکردنەوەیەک لە دانە غاز لەبارەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ
"قاچیان دەشکێنین": تورکیاو ئێران لەترس‌و دڵەڕاوکێدان بەهۆی هەنگاوێکی ترەمپەوە
رۆیتەرز: تره‌مپ به‌ راوێژكاره‌كانی وتوه‌، ئێران گێچه‌ڵ نه‌كات هێرشی سه‌ربازی ده‌ست پێ ناكه‌ینه‌وه‌
قەحتان ونداوی، کاندیدی بەرەی تورکمانی بە پارێزگاری کەرکوک هەڵبژێردرا
نرخی دراوه‌كان له‌ كاتی كردنه‌وه‌ی بازاڕ
دادگای فیدراڵی دۆسیەی موڵکە حکومییەکانی لە بەرژەوەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکلایی کردەوە
یەکێتیی ئەوروپا مەترسی نوێی سەربازی لەنێوان ئەمریکا و ئێران ئاشکرا دەکات
گرژییەکانی سوریا قووڵتر دەبنەوە؛ گروپێکی نزیک لە ئێران هەڕەشەی تیرۆرکردن لە فەرماندەکانی دیمەشق دەکات
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×