دەبێت کوردێک خەوتو بێت کاتێک سیاسەت و کارەکانی دەسەڵاتی بەغدا دەرهەق بە هەرێم وەک گەمارۆدان و سرینەوەی خەونەکانی کورد نەبینێت.
سەدام سەرکردەیەک بو راشکاوانە درندانە دژایەتی کوردی دەکرد، ئەمانەی ئێستا بە هەزار و یەک نەغمە مامەڵەی کورد دەکەن، سلێمانی وتەنی فرسەت پەرستن.
سەرەرای ئەوەی دەسەڵاتی هەرێم شایستەی زۆر هەڵوێستەکردنە بەرامبەر بە سەرجەم هەڵە و ناهەقی و گەندەڵی و کارە قێزەوەنەکانی وەلێ هەرێم کیانێکی نەتەوەی کوردە پێویستە بپارێزڕیت و رێگا نەدرێت داگیرکەر و دوژمنانی کورد کارە نارەواکانی دەسەڵاتەکەی زەمینەی دژایەتیکردنی هاوڵاتیانی کورد بەرامبەر دەسەڵاتی هەرێم خۆشەبکات تا کیانی هەرێم بەدەستی خودی کورد لاواز بکات و کۆتایی پێبهێنێت. لەم واقعە دژاورەدا کورد لە باشور روبەروی دۆخ و ئەرکێکی زۆر ئاڵۆز و هەستیار بۆتەوە، چی کردوە و چی بکات؟
عێراقچیە کوردەکان لە بنەرەتدا دو جۆرن، ئەوانەی بەغدا وەک ئامرازێک دەبینن بۆ فشارکردنە سەر دەسەڵاتی هەرێم و ئەوی تریش بەغدا وەک کەعبەی خواست و هێز و مەرامەکانیان دەبینن. خۆشبەختانە دروشمی برایەتی کورد و عەرەب نەماوە وەلێ ئەو دو جۆرە کوردە عێراقچیانە خۆپەرستی دەمامکراوی ئەم سەردەمەن.
دوای روخاندنی سەدام و لە ژێر فشار و حزوری ئەمریکا هاوکێشەیەکی ئاڵۆز بۆ حوکمرانی عێراق سەپێنرا، ئەویش دەوڵەتی سێکتارێزم و سازانی " نیشتمانی ".
کوردە ساویلکەکان و بەشێک لە ناچاری و تەماعەوە پێشوازیەکی گەرمیان لەم هاوکێشەیە کرد، چونکە چاویان لە بەغدا چەقاندبو و گوێرایەڵیتیان بۆ سیاسەتی ئەمریکا بە گونجاترین ئامراز دەبینی بۆ بەدەستهێنانی خواستەکانیان و برێ لە مافەکانی کورد. دۆستی کورد و دیبلۆمات و سیاسەتمەداری ئەمریکی جۆناتان رانداڵ لە ساتەکانی دانوستانەکان بۆ دەستوری هەمیشەیی عێراق نامەیەک بۆ مام جلال و مسعود بارزانی دەنێرێت، تێێدا دەڵێت: پێم سەیرە ئێوە داوای شۆرکردنەوە و سەلماندنی مافەکانتان لە بەغدا دەکەن.
هەرچۆنێک بێت سەرکردەکانی کورد قایڵ بون لە سێبەری دەسەڵاتی نوێی بەغدا و برێمەری " آمیر المؤمنین" خولێکی تری گەمەی سیاسی تاقی بکەنەوە. یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی ئینتقالی دەستوورێکی کاتی لەلایەن ئەنجومەنی حوکمڕانی عێراقەوە پەسندکرا و لە حوزەیرانی ٢٠٠٤ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، دوای گواستنەوەی دەسەڵاتی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ حکومەتی کاتی عێراق دەستووری ھەمیشەیی عێراق جێگەی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی گرتەوە. لەم پرۆسەی ئاڵوگۆری دەسەڵات و دەستور و یاساکاندا زۆربەی بەرپرسانی کورد کورتبین و چاوچنۆکانە خۆیان و ئایندەی کوردیان لە عێراق رادەستی ئایندەیەکی نادیار و گوماناوی کرد. برێمەر لە یادەوەریەکانیدا " ساڵێک لە عێراق" راشکاوانە باسی ئەو پرۆسەیەی کردوە.
ئەم گرێدانەی دەسەڵاتدارانی کورد بە خواستی ئەمریکا و سیاسەتی دەسەڵاتی نوێ لە بەغدا لە چوارچێوەی سێکتاریزم و سازاندا هەوڵێکی نەزۆک بو بۆ پرسی کورد لە باشوری کوردستان، دواتر دەرکەوت کە هێزەکانی شیعە ئەو چوارچێوەیان لەناچاریەوە، بەهۆی دەسەڵاتی رەهای ئەو ساتەی ئەمریکا لە عێراق، وەک تەکتێکی کاتی گرتۆتە بەر چونکە ئەوان بەدرێژایی تەمەنیان بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی ئیسلامی لە عێراق پەروەردە کرابون. شیعەکان کەسایەتی مام جلال یان لە مەقامی یەکەمدا وەک کوردێک نەبینیوە بەڵکو وەک کەسایەتیەکی سیاسی ناودار و پراگماتیك و زۆر قەرزداری بون و ئێرانیش پێی باش بو مام جلال سەرۆک کۆمار بێت.
هەمو کوردە سەرۆک کۆمارەکانی عێراق دوای مام جلال و بەرپرسە کوردە فەرمیەکانی تر وەک وەزیری دەرەوە و دارایی و کۆچ و سەرۆکی ئەرکان لە کەسایەتیەکی هەڵسونێراوی لاواز زیاتر نەبون، بێجگە مەقام و دەسکەوتی تایبەت بۆ خۆیان و حزبەکانیان چیان بۆ کورد دروێنە کردوە ؟ مەلەفەکان لە ئەرشیفە نێودەوڵەتیەکان، تایبەت دۆکیۆمێنتەکانی ئەمریکا و ویکیلیکس، ئەو واقعە دەسەلمێن.
لە یەکەم چرکەی دوای روخاندنی رژێمی سەدامەوە بەشێکی بەرچاوی پەرڵەمانتارەکانی کورد لە بەغدا بەوانەش کە پۆستی جێگری سەرۆکی پەرڵەمانی عێراقەوە، ناهەقیە بوترێت هیچیان بۆ کورد نەکردوە، بەڵام بە هۆکاری هەڵپەیان و کۆیلایەتی حزبی و جەمسەرگەری و قسە و لێدوانی بێسەروبەر و حەماسی و سنگ دەرپەراندن و تەنانەت ژمارەیەکی بچوک لێێان وەک کۆیلەی دەسەڵاتی شیعە ئەرکی بنەرەتیان وەک نوێنەری کورد نەبینیوە و روخساری خۆیان خۆشەویست و متمانەپێکراو نەکردوە.
دوای کارەساتی ١٦ ئۆکتۆبەر و شکستی سیاسەتی سەربەخۆیی ئابوری هەرێم و شکستی سەربازی داعش و شکستهێنان بە پرۆسەی ریفراندۆم و رێگریکردن لە هەناردەکردنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە پێگەی کورد لە عێراقی فیدراڵدا ئاستێكی لاواز و لەرزۆکی تۆمار کردوە. رادەستکردنی نزیکەی نیوەی باشوری کوردستان بەدەسەڵاتی بەغدا، قەیرانەکانی بودجە و موچەی هەرێم، لێدوانەکانی مالکی و عەبادی و سیاسەتی حەکیم و سەدر کە کورد لە مەقامی بنەرەتیدا وەک هاوڵاتیەکی عیراقی مامەڵە بکرێت ... و حاشاهەڵنەگرن بۆ نیەتە شەیتانیەکانی بەغدا و خولانەوەی دەسەڵاتی کورد لەو بازنە مەترسیدارەدا. لە دوا مەتافدا لەدەستدانی سەربەخۆیی سیاسی و ئیرادە و نیەتی یەکگرتوی دەسەڵاتدارانی کورد ئەو کەلێنە گەورانە بون کە جەستەی هەرێمی و باشوری کوردستانیان داوەتە دەست ئیرادەی شۆڤینزمی مەزهەبی و نەتەوەیی بەغدا. چ گاڵتەکردنێکە بە کورد کاتێک سەرۆکی هەریم، سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم، وەزیری دارایی هەرێم و چەندین بەرپرس و سەرۆکی حزب و تاقمی کورد ناوبەناو چۆڵی قفڵە دەبرن تا بەرپرسە دەمارگیر و قیرچسمەکانی بەغدا چارۆکەیەک دراوی تەزویریان بۆ موچەی مانگێک بداتێ. بەتەنیشت ئەم واقیعەوە باس لە بریار و نیەتە ژەهراویەکانی دادگای فیدراڵی کەلاوەی عێراق ناکەم..... تاد.
لەم کەش هەوایەدا ئەوەی باجی گەورەی داوە هاوڵاتیانی کوردستانن.. قەیرانی موچە، بێکاری، گرانی، تێكشکاندنی جومگە و بەها کۆمەڵایەتیەکان، بیرۆکراسیەکی کوشندە لە فەرمانگەکانی حوکمرانی، گەندەڵی، سەرانە وەرگرتن. گرتن و دەمکوتکردنی دەنگە نارازیە رەسەنەکان....تاد. لەگەڵ ئەمانەشدا چەندین گروپ وکەسایەتی و هاوڵاتیە دڵسۆزەکان دلێرانە بە مانگرتن و خۆپیشاندان و چالاکیە مەدەنیەکان ... و دور لە تاقم و گروپە ئۆپزسیۆنە پلاسیبۆکان ئۆپزسیۆنبونی راستەقینەیان بە خوێن و گرتن و دەرکردن سەلماندوە،
بەرەچاوکردنی دۆخی لەرزۆکی هەرێم لە نێو داگیرکەرانی کوردستان و دەسەڵاتی شۆڤینزمی بەغدا هەرئەوەندەیان پێکراوە و دەرکیشیان بەوە کردوە نابێت ببنە داردەستێکی ئەو دوژمنانە بۆ لەناوبردنی کیانی هەرێم.
بۆ ئەوانەی ماڵئاواییان لە شەرمکردن نەکردوە و دەرک بە بەرپرسیاریەتی و کوردبون ناکەن سەربازە ونەکەی عەبدوڵڵا پەشێویان بەبیردەهێنمەوە.
سەربازی ون
کە وەڤدێ دەچێتە شوێنێ
بۆسەر گۆڕی سەربـازی ون
تـاجـە گـوڵینـەیــەک دێنــێ
ئـەگەر سبەی وەڤدێـک بێتە وڵاتـی من
لێم بپرسێ کوانێ گۆڕی سەربازی ون؟
دەڵێم گەورەم لە کەناری هەر جۆگەیێ
لەسەر سەکۆی هەر مزگەوتێ
لە بەردەرگای هەر ماڵێ،
هەر کڵێسەیێ هەر ئەشکەوتێ
لە سەر گابەردی هەر شاخـێ
لەسەر درەختی هەرباخێ لەم وڵاتە
لەسەر هەر بستە زەمینێ
لـەژێر هەر گـەزە ئاسمانێ
مەترسە کەمێک سەر داخە و تاجە گوڵینەکەت دانێ