یەکێتی لەکوێوە بەرەو کوێ؟

چیا عەباس
  2025-07-01     247

یەکێتی لەم سەردەمەدا لە سایەی مێژو و ئەقڵیەتی دو پێکهاتەی سەرەکیدا دەگوزەرێت: دێرینەکان و تازە پێگەیشتوەکان. هەرچەندە هێڵێکی دیاریکراو نێوان ئەم دو پێکهاتەیە راشکاوانە نابینرێت چونکە سەرۆکی یەکێتی بەزەبری خۆی دایپۆشیوە و کۆنترۆڵی کردوە، وەلێ جیاوازی و ململانێکانی نێوانیان لە گەلێک بواردا بونیان هەیە و هەستیان پێدەکرێت.
سەرۆکی یەکێتی کورە گەورەی مام جلال و هێرۆ خانە بەسود وەرگرتن لەم راستیە توانی لە سەرەتادا پشتئەستور بە چەند تاقمێکی هێزی چەکداری یەکێتی و بەشێک لە دەزگا هەواڵگری و ئەمنیەکانی زۆنی کەسک تەواوی دەسەڵات مسۆگەر بکات ولاهور شێخ جەنگی ئامۆزاشی لە یەکێتی دەرپەرێنێت.
لەو ساتەدا دو ئاراستەی کارکردنی گرتەبەر، یەکەم پەراوێزکردنی بەشێکی بەرچاوی بەرپرس و کۆماندۆ دێرینەکانی یەکێتی و بەرپرسانی ئەمنی و هێنانە پێشەوەی چەند دەرزەنێک وزە و نیەتی گەنج لە ئۆرگانە باڵاکانی یەکێتیدا.
لە سێپتەمبەری2023 یەکێتیی کۆنگرەی پێنجەمی خۆی بەست، بافڵ تاڵەبانی لە رۆژی یەکەمی کۆنگرە بە سەرۆک هەڵبژێردرا. بەڕێوەبردنی یەکێتی و چۆنیەتی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە نێوان ئەنجومەنی باڵای سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتیدا ناکۆکی نوێی لە نێو یەکێتیدا هێنایە ئاراوە. ئەنجومەنی باڵای سیاسی کە لە چەند سەرکردە و کۆماندۆی دێرینی یەکێتی پێکهاتبو و لەلایەن کۆسرەت ڕەسوڵەوە سەرۆکایەتی دەکرا وئەنجومەنی سەرکردایەتی لە 124 کەس پێکهاتبو کە سەرۆکی یەکێتی دەرفەتی ئەو پۆستانەی بۆ رەخساندن، چۆنیەتی بەڕێوەبردنی یەکێتی و دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی گرفتی نێو هەردو ئەنجومەنەکەی یەکێتی دروستکرد.
سەرکردە دێرینەکانی ناو ئەنجومەنی سیاسی داوایان دەکرد ئەنجومەنەکە لە پەیڕەوی ناوخۆدا دەسەڵاتی پـێبدرێت و دەسەڵاتی ڤیتۆکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیان هەبێت و خاوەن بڕیاربن. ئەنجومەنی سەرکردایەتی کە دەسەڵاتی بنەماڵەی تاڵەبانی تێیدا ئاشکرابو دەیانویست ئەنجومەنی سیاسی تەنها ڕۆڵی راوێژکاری هەبێت.
لەو گێژاوەدا ئێران هەوڵێکی بۆ ئاسایییکردنەوەی دۆخی ناوخۆی یەکێتی دا، لە دوا مەتافدا باڤڵ جلال تاڵەبانی کۆنترۆڵی زۆربەی جومگەکانی یەکێتی کرد بە بواری سیاسیشەوە. هاوکات لە هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان سەرکەوتنی بەرچاوی بۆ یەکێتی بەدەست هێنا و هەڵوێست و کرداری گونجاوی لە گەڵ پرسی کورد لە باکور و رۆژئاوا هەبوە.
باڤڵ تاڵەبانی توانی سنورێک بۆ ئەو خواستانەی ناو یەکێتی کە لەگەڵ خواستی خۆیدا ناگونجێن دابنێت کە تەواوی دەسەڵاتە لە زۆنەکەیدا و لە ئاراستەکردنی سیاسەتی یەکێتی لە گەڵ هەولێر و بەغدا و هێزە ئیقلیمیەکان.
هەرچەندە باڤڵ تاڵەبانی سنورێکی بۆ فرە جەمسەری و فرە خواستی سیاسی ناو یەکێتی و دەوڵەمەندبونی نارەوا و قۆرخکاری بازرگانی و پرۆژە و بازار لە زۆنی دەسەڵاتیدا داناوە، بەڵام رۆڵی لە گەلێک بواری تردا، وەک: بازرگانی بە نەوت، داهاتی زۆنەکەی، چۆنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ پارتی و دەسەڵاتدارانی بەغدا نەزانراو و رون نیە.
زیادە بۆ ئەمەش لە هەڵبژاردنەکان بۆ پەرڵەمانی کوردستان دوچاری شکستێکی سیاسی بو کاتێک نەیتوانی هاوسەنگیەکی خەمرەوێن لەگەڵ پارتی بەدەست بهێنێت.
هەرچەندە دەنگۆی ئەوە هەیە کە یەکێتی بۆ پێكهێنانی کابینەی نوێ پێی باشە بۆ هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کورد بە یەک لیستی هاوبەش بەشدار بێت کە لە روی نەتەوەییەوە بۆ کورد سودبەخشە بەڵام پارتی رەزامەندی بۆ ئەم بۆچەنە گرنگە دەرنەبریوە، وەلێ هاوسەنگیەکی لاسەنگ لەگەڵ پارتیدا تا ئەم چرکەیەش هۆکارێکی گرنگی رێكنەکەوتنە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی هەرێم.
کاریگەری هەستپێکراوی یەکێتی لە حوکمرانی هەرێمدا نابینرێت، لەسەر ئاستی ئابوری و حوکمرانیە لۆکاڵێەکان لە زۆنی دەسەڵاتی یەکێتیدا دەرک دەکرێت بە بیسەروبەری هەستیار، بیرۆکراسی کوشندە، گەندەڵی ئیداری، گرانی، سەنتەرەکانی بەرژەوەندخوازی تایبەت، پێشێلکردنی یاسا و رێساکان و چەقبونێکی ئابوری .... تاد، فەرمانرەواییەک کە هاوڵاتیانی ماندو و هەراسان کردوە.
باڤڵ جلال تاڵەبانی پشتگوێی دۆخی رێکخراوەیی یەکێتی نەکردوە، ماوەیەکە سەرقاڵی دارشتنەوەی ئەو دۆخەیە، لەلایەک مەبەستیەتی تەزەخومی رێكخستن لە قاڵب بدات و ئۆرگانەکانی یەکێتی بچوک و کەم بکاتەوە. لێرەدا دەیەوێت چەند خاڵێکی گرنگ بپێکێت وەک: کۆنترۆڵی پێکهاتەی ئۆرگانەکان، گەمارۆدانی دیاردەی تەکەتول و ناوچەگەری کە یەکێتی لە دروستبونیەوە بەدەستیانەوە دەناڵێنێت، کەمکردنەوەی مەساریفی ئۆرگانەکان و ....تاد
ئەم پلانە زیاتر دەسەڵاتی ناوەند بەسەر یەکێتیدا زاڵتر دەکات و گونجاویش نیە لەگەڵ چەپکە گوڵەکەی مام جلال. بە ئەزمونی خۆم لە ناو یەکێتیدا چاوەروانی ئاکامی جێگیر لەم هەنگاوانەدا بەدی ناکەم چونکە هەر ناوی یەکێتی لەخۆیدا زۆر مانای گەورەتری هەیە لەوەی یەک حزبێک بێت و هەرەم ئاسا توند دارێژراو بێت.  
باسکردنی ئەم روداوانەم بەپێویست زانی تا هاوڵاتیان خۆیان ئەو دەرئەنجامە دارێژن کە یەکێتی سەرەرای ئەو دەستکەوتانەش لە ئێستادا جەستەیەکی فرە زام و خواستە. لێرەدا بە بیری بەرێز باڤڵ تاڵەبانی دا دەهێنمەوە:
باوکت و هاورێکانی لە سەرەتادا نێو بەستەڵەکانی قەندیل و چری دۆڵی جافایەتی ماوەیەکی درێژ بە بەرهەمە سروشتیەکانی ناو بەفر و بەردەڵانی ئەو دەڤەرانە ژیانیان بەسەر بردوە و یەکێتییان تا راپەرینە مەزنەکە بەیەکەوە بەرێوەبردوە.  


 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×