روداوەکانی ئاب و دەرفەتێک بۆ ئۆپزسیۆنێکی کاریگەر

چیا عەباس
  2025-08-31     324

لە جەنگدا وشەکان ڕەنگە هێواشتر لە گوللە بکوژن، بەڵام هەر کوشندەن - ئەلبێر کامۆ

 

سلێمانی نامۆ نیە بە روداوە قێزەوەنەکانی ئاب، ئەمەش پەڵەیەکی رەشی ترە لە مێژوی دەسەڵاتدارانی یەکێتیدا. لە لایەکی تریشەوە دەرفەتێکی گونجاو بۆ پارتی دەرەخسێنێت کە ناکۆکی و ململانێکانی لە گەڵ یەکێتی بەرەو ئاراستەیەکی نوێ ببات و پێگەی خۆی لە زۆر بواردا بەسەریدا زاڵتر بکات، تاپێی بکرێت هەوڵ دەدات یەکێتی ناچاربکات بە مەرجەکانی لە حوکمرانی هەرێمدا قایڵ بێت. بایکۆتکردنی پارتی لە بەشداریکردن لە کۆنفرانسی بەناو سۆسیاڵ دیموکراتە عەرەبەکان لە سلێمانی سەرەتایەکی  هەوڵەکانی ناچارکردنی دەسەڵاتی یەکێتیە بێتە ژێربار، ئەگەر ئەمە روبدات وەک جاران برامان برایەیی و کیسەمان جیایی و دەگەرێنەوە بۆ نەریتە قەدیمەکانیان، هاوکاتیش دەرفەت بۆ بوژاندنەوەی  ئۆپزسیۆنێکی کوردستانی راستەقینە زۆر ئەستەمتر دەبێت.
ئەو تاقم و گروپانەی ئێستا نازناوی ئۆپزسیۆنیان لە خۆیان داوە لەلایەک جۆرێکە لە خوگرتن بە سیاسەت و دەسەڵاتداری و لە باسکردنەکاندا شوێنێکیان " محەلێکی ئیعرابیان" هەبێت، لەلاکەی تریشەوە هەوڵی روشاندنی دەسەڵاتیان داوە بەڵام  دو هێزی دەسەڵات وردتر ئەوانیان بۆ ناکۆکی و ململانێکانی نێوانیان بەکارهێناوە.
هاوڵاتی گەلحۆ نیە تا بێئاگابێ لەم هاوکێشەیە تایبەت لە زۆنی دەسەڵاتی یەکێتیدا، روداوکانی ئاب لە سلێمانی ئەزمونێکی زیندوی ئەو واقعە تفت و تاڵەیە.
دوای روخاندنی سەدام مام جلال قایڵ بو هەرێم بخاتە ئەستۆی مسعود بارزانی و خۆشی ببێتە سەرۆک کۆمار، رێکەوتنی بەناو ستراتیژی روکەشانە بۆ ئارامی و خۆشگوزەرانی بو، بەڵام لە واقعدا گەمەیەکی تەکتیکیش بو بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا و حوکمرانی و رێگریکردن لە سەرهەڵدانی ئۆپزسیۆنێکی بەهێز.
کاک نەوشیروان لەو واقعە تێگەیشتبو، بۆیە لە لێدوانێکی دا گوتی: دەسەڵات درۆ و دراوی هەیە، کاتیك گۆڕان وەک هێزی دوەمی پەرڵەمانی کوردستانیش بو گوتی:
ئەرکی پەرڵەمان لە هەرێم کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە.
بەشێکی بەرچاوی کارەکانی پەرڵەمانی کوردستان لە واقعدا شانۆگەریەکی کۆمیدی دەسەلاتی هەرێم بوە و واشە، بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتی هەرێم نەیویستوە سیستەمی پەرڵەمان بە بەهزری سەروەری یاساوە  (Rule of Law)گرێبدات بۆیە زۆربەی بەها پیرۆزەکانی ژیانی پەرڵەمانی پێشێل کراون. ئەزمونی دەرکردنی وەزیرەکانی گۆڕان وراوکردن بۆ تۆقینی سەرۆکی پەرڵەمان کە گۆران بو و تەقەکردن لە خۆپیشاندنەکان و زیندانیکردنی مەزاجی چالاکوان سەلمێنەری بێ گومانن بۆ کردارە نایاساییەکان.
کورد وتەنی نان ئەوە نانەیە ئەمرۆ لە خوانە، پەندێکی کلاسیکی پوچەڵ و ئومێدکوش، گەر وابوایە دەبو سەرجەم دەرەبەگ و دەسەڵاتدارانی عێراق و کوردستانیش کە پارویەک نانیان دابین دەکرد ئێستاش وەک کەڵەگا بەسەر هاوڵاتیاندا خۆیان بابدایە، مەخابن تا ئێستاش لەسایەی چەند چەمکێکی باوی سەردەمانە ئەو خۆبادانە بەردەوامە.
خۆشبەختانە هاوڵاتی کورد لەو واقعە تێگەیشتوە، نە یاسا سەروەرە و نە سیستەمی داد سەربەخۆیە و نە هێزە چەکدارەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و مافەکانی کاردەکەن. ئەرکی بنەرەتیان پاراستنی جومگەکانی دەسەڵاتداران و بەرژەوەندیە شاردراوەکانیانە. ماوەی چەند ساڵێکە دەسەڵات گەمە بە قوتی هاوڵاتیان دەکات چونکە پشکی خۆی لە قەیرانی موچەدا لە سایەی شۆڤینزمی دەسەڵاتی بەغدادا دەشارێتەوە وەک ئەوەی دەسەڵاتدارەکان و خانەوەداکانیان لە سەرەی ریزدا وەستابن بۆ وەرگرتنی موچەی چەند مانگێک لەمەو پێش. ئەم هەگبەیە زۆر قێزەوەنە بەهیچ پینەوپەرۆ ناکرێت.
ئەم مێژوە دژاورە و ئەزمونەکانی دەیسەلمێنن کە ئۆپزسیۆنی کاریگەر لە لاوازبونی یاخود شکستێکی گەورەی یەک لەو دو هێزەدا دەبوژێتەوە. گۆڕان لە سەرەتادا سەرکەوتو بو چونکە دو هێزی دەسەڵات دو روی یەک دراو بون و تەواوکەری یەکتیریش بون، بۆیە ئەستەم سیما و خەسڵەتەکانیان لەیەکتر جیادەکرانەوە. ئەگەر هەیە رواداوەکانی ئاب دەرفەتیك بۆ بوژاندنەوەی ئۆپزسیۆنێکی کاریگەر برەخسێنێت.
بەرێز خاتو شنیار ئەنوەر لە نوسینێکیدا لەسەر ئۆپزسیۆن نوسیویەتی:
وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە هێندەی پەیوەندی بە روئیا و ئامادەسازی ئۆپۆزسیۆنەوە هەیە، هێندە پەیوەندی بە پتەوی و بەهێزی دەسەڵاتەوە نیە. دۆخی سیاسی هیچ وڵات و ناوچەیەک ستاتیک (جێگیر) بۆ هەتا هەتایە نیە، بەتایبەت لە سیستمی جیهانی ئەمرۆ دا تەنانەت نرخی تەماتە و نان  لەدەست هیچ حکومەتێکدا نەماوە.
بەرێز پشکۆ نەجمەدین لە به‌رگی یه‌که‌می "ئه‌زموون و یاد" دا، کە مەبەستی سه‌ره‌کی نووسینه‌که‌ی له‌قاودان و مه‌حکووم کردنی شه‌ڕی براکوژی و ناوخۆیە هاتوە: بە بۆچونی خۆم زەمینەیەکی گرنگی هاندەر بۆ ئەو شەر و کێشانە مەغروری و لە خۆ باییبونی یەکێتیە (هەندێک بە شۆڤینزمی حزبی پێناسەی دەکەن)، چونکە یەکێتی، تایبەت لە رابوردودا، پێی وایە خۆی تاکە خاوەنی شیاوی گۆرەپانی ناوچەکانی خەبات و دەسەڵاتیەتی، بەزاندنی ئەو سنورە بێ سزا نابێت.  چەمکی تێریتۆریەم ( ناوچەی سنوردار بە خۆت) و پاراستنی دیاردەیەکی زۆر دێرین و سروشتیە، بەڵام کاتێک بۆ مەبەستە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریە تایبەتەکان پێرەو دەکرێت ئەوە کێشە و کارەساتیان لێدەکەوێتەوە.
مەلا بەختیار، بەرپرسی پێشوی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی، چەندساڵێک لەمەوبەر لە لێدوانکیدا گوتی: " ئەگەر یەکێتی یەک کورسی پەرلەمانیشی هەبێت هەر یەکێتیە" مەبەستی بو بڵێت حزبەکەی لە زۆنی دەسەڵاتیدا خاوەن هێز و دەسەڵاتێکی رەهایە و هیچ هێز و ئامرازێک بە هەڵبژاردنیشەوە بۆیان نیە ئەو واقیعە بگۆرن یا هەوڵی گۆرینی بدەن. ئەم زەمینە سیاسی و فکری و خێلەکی ئاسایە تا ئەم ساتەش بە شێوازی جیاجیا کرۆکی مامەڵەکردنی یەکێتی لە گەڵ هێزەکانی تر لە سنوری دەسەڵاتیدا دیاری دەکات. پێداگری پارتی و یەکێتی لە زۆنی تایبەت بە خۆیان ئاوێنەی مێژوی ئاڵۆز و خوێناوی و بێ متمانەیی و ترسیشیانە لە یەکتر. شێوازێکە لە چارەسەرکردنێکی سەرەتایی خێڵەکی بۆ قەیران و کێشەیەکی خەست و ئاڵۆزی نەتەوەیی و نیشتمانی ( کۆتایی ئەم بەشی وتارە)
بۆ خۆم لە نوسینێکمدا لە ٢٠ ئازاری ٢٠٢١ دا لەسەر یەکێتی و لاهور شێخ جەنگی، هێزەکانی زۆنی دەسەڵاتیان ئاماژەم بەم خاڵانە کردوە:
١- لاهور شێخ جەنگی دوای بەدەستهێنانی پۆستی هاوسەرۆکی یەکێتی سەرقاڵی دارشتنی کارنەمەیەکە کە لە مەقامی یەکەمدا بۆ بەهێزکردنی پێگە و دەسەڵاتەکانی یەکێتی و خۆیەتی لە دەڤەری دەسەڵاتی حزبەکەید،ا بۆ ئەم مەبەستە بەلایەنی کەمەوە پێویستی زۆری بە بێدەنگی خەڵکی دەڤەرەکەیە، تایبەت پارێزگای سڵیمانی.
٢- گێچەڵکردن بە مەکۆی سەرەکی گۆڕان و مەزاری کاک نەوشیروان و بە سەرکردە و کادرەکانی نەوەی نوێ ئاماژەی  زەقن کە لەسەردەمی دەسەڵاتی  لاهوردا ئەقڵیەتی کلاسیکی مامەڵەکردنی یەکێتی لە گەڵ هێزەکانی زۆنەکەی دەسترۆیشتوە.
٣- لە سەردەمی دەسەڵاتی لاهور گەورەترین تاقیکردنەوە دوا خۆپیشاندانەکانی هاوڵاتیان بو لە دەڤەری دەسەڵاتیدا. لاهور تا بە زەبری فیشەک و گرتن و درندایەتی کۆتایی کاتی بەو نیمچە راپەرینە نەهێنرا زۆر بێدەنگ بو. 
خۆشی بوێت یاخود ترش بەشێکی گەورەی ئەو تاوانانە لە ئەستۆیدایە تا ئەو ساتەی بەفەرمی وردەکاری ئەو کوشتن و درندەییە بەرامبەر خۆپیشاندەران ئاشکرا نەکات و تاوانباران سزای شایستە نەدرێن.
 ٤- هێزە ئیسلامیەکان لە زۆنی دەسەڵاتی یەکێتیدا، تایبەت لە چەند ناوچەیەکی دیاردا واقیعێکە یەکێتی ناتوانێت ئینکاری بون و هێزیان بکات، تایبەت ئەو هێزانە بێجگە ناسنامەی ئاینی قوڵاییەکی ئیقلیمیشیان هەیە، بۆیە کەس لە ناو یەکێتیدا بوێری ئەوەی نیە خۆی لە قەرەیان بدات سەرەرای ئەوەی بەشێک لێیان بەتوندی دژی دەسەڵات و یەکێتی قسە دەکەن و وەستاونەتەوە.
روداوەکانی ئاب تەنها برینەکانی سلێمانی نین، تەنها کوشتنی هەمەجی بەدەست چەند چەکدارێکی مرۆڤکوژ و جاهل نین، بەڵکو زامی ئێجگار خەستن لە بونیادی کورد و کوردبوندا.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×