کوردستانێکی تەماوی و غەمبار... !

چیا عەباس
  2026-09-27   

پاش دە ساڵ لەگەڵ خێزانەکەم بەسەردان گەرامەوە بۆ کوردستان، سەر لەبەیانی سەرەتای مانگی ئۆگۆست لە فرۆکەخانەی ئەمستردامەوە راستەوخۆ گەیشتینە فرۆکەخانەی هەولێر، فرۆکەخانەیەک لەسەرەتای دروستبونیدا، چاوەروانی ئایندەیەکی  گەشی لێدەکرێت. براکەم کە لە هەولێر نیشتەجێیە چاوەروانی دەکردین.
پاش رۆژێک بەدیدی دۆستێکی دێرین لە هەولێر دڵم کرایەوە، هاورێی ساڵی ١٩٦٨ لە بەغدا کە لە لیژنەی ناوچەی بەغدادی رێكخستنی ژێرزەمینی یەکێتی قوتابیانی کوردستان کارمان دەکرد. بەرێز فەرهاد عەونی، تێکۆشەر و رۆشنبیر و کەسایەتیەکی ناسراوێکی کوردستان. ژیان و گیانمان بەبەری یادەوەریەکانی نزیکەی شەست ساڵی رابردومان دەبەخشی، تایبەت ئەو دۆست و هاورێییانەی لە ریزبەندی پێشەوەی بزافی کودایەتیدا بون، بەشێک ماڵئاواییان لە ژیان کردوە و بەشێک شەهیدبون و هەندێک لەوانەشی لە ژیاندان دڵسۆزانە هەر ئەو نەوەیەن کە کاک فەرهاد بە نەوەی ئاڵتونی ئەو سەردەمە پێناسەی دەکات. بینینی کاک فەرهاد و یادەوەریەکان و تێرامان بۆ ئایندە سەرەتای سەردانەکەمی بۆ کوردستان جۆش و خرۆش کرد.
لە یەکەم ئاشنابونم بە هەولێری ئەم سەردەمە بەرچاوم کەوت کە قەڵا و بازار وگەرەکە دێرینەکانی بە زنجیرەیەک تەلاری دەیان نهۆم و ڤێڵا و مۆڵی گرانبەها و لۆکاڵەکانی مەیسەرو فەوزای ناو بازارە دێرینەکان گەمارۆ دراون و داپۆشراون. ئەم گۆرانکاریە بەرچاوانە  لە چەند شارێکی کوردستان شایستەی لێکۆڵینەوە و شێکردنەوەی وردن، دواتر دێمە سەر باسکردنی ئەم تەوەرە.
چەند هاورێیەکی دێرینی سەردەمەکانی یەکێتی و گۆڕان دەستپێشخەربون بۆ ئەم سەردانە، کارئاسانی زۆریان بۆ کردین لە مانەوەمان لە کوردستان. رۆژی ٣ ئۆگۆست لە هەولێرەوە بەرەو سلێمانی بەرێکەوتین، بەهۆی ئەوەی هاوسەرەکەم هۆڵەندیە و رێگای کەرکوک نەگونجاوە بۆی رێگای سماقۆڵی – دوکان مان گرتە بەر، ئەو بەشە رێگەیەی لە ژێر کۆنترۆڵی پارتیدایە مۆدێرن و ئاوەدانە تا دەگەیتە دوا کۆنترۆڵ پۆستی پارتی کە هێمنانە ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن. لێرە بە دواوە بە کاتێکی کورت دەگەیتە کۆنترۆڵ پۆستی یەکێتی، ئەمانیش ئەرکیان هێمنانە و دۆستانە جێبەجێ کرد. وێرای ئەوەی لێرە و لەوێ کار بۆ چاککردنی رێگاکە دەکرێت دەبێت شۆڤێرێکی شارەزا و بەئاگا بیت تا روداوی نەخوازیار رونەدات.
کانی وەسمان بە پێکهاتە و روخسارە نوێکەی وێستگەی پشو و خواردن بو. کاتێك لە دامێنی سارا و پیرەمەگرونی وشک و زەردهەڵگەراو رو لە شاری شێخی نەمر دەکەیت هەستێکی تێکەڵاو لە نەستۆلژیا و خەم و ئایندەیەکی تەماوی بەری دڵت دەگرێت.
لە رێگەی نێوان هەولێر و سلێمانی دەرکم بەوە کرد پارتی و یەکێتی لەگەڵ ئەم وەتیرەی ئێستایان لە بنەرەتدا کێشەی گەورەیان نیە: روکەشی برامان برایی و کیسەمان جیایی. پرسەکە لەوەدایە خەڵک لەگەڵ ئەم وەتیرەیە کێشەیان هەیە،  لەلایەک، هەرچەندە زەرەرمەندێکی گەورەی ئەم وەتیرەیەن بەڵام بۆ پاراستنی کیانی هەرێم تا ئەم چرکەیە سەبری ئەیوب پێرەو دەکەن. بەرچاویان رون نیە چۆن لە دۆخی ئاڵۆز و دژاوری ناوچەکە و روداوە حەتمیەکاندا ماماڵە بکەن!
بۆ خۆم دور لە وڵات پشتئەسور بە ئەزمون و یادەوەری و دۆکیۆمێنت و بەڵگەنامەکانی بەردەست بەرەی رەخنەگرم لە دەسەڵات و زۆربەی کەسایەتی و هێز و وروداوەکانی کوردستانەکەم بژاردە کردوە. وێرای ئەوەی لێیان پەشیمان نیم وەلێ لەم گەشتەدا لە زۆر بواردا گەلێک شتم  بینی و دەرکم بە هۆکارو زەمینەکانیان کرد کە ئاسان نەبو لە دورە ولاتەوە وەک خۆیان بیان بینیت و هەڵسەنگاندینان بۆ بکەیت. لەم گەشتەدا گەیشتمە ئەو باوەرەی کە ئەرکێکی سەرەکیە ئەقڵانیەت دەمامک لە هۆکا و روخساری روداوە  دژوار و نەخوازیەرەکانی کوردستان راماڵین. راماڵینێک تەر و شک بە یەکەوە نەسوتێنێت. چونکە خۆم بە قەرزداری کوردستاکەم دەزانم کە لە چرکەی یەکەم هەناسەو چاوتروکاندمدا ناسنامەیەکی پێ بەخشیوم کە تەنانەت دوای نەمانیشم شایستەی شانازی و سەربەرزی خۆم و خێزان و دۆست و کەس و کارمن.  
تا نوسینێکی تری ئەم گەشتە

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×