دکتۆرا لە دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی
لەم سەردەمی پێشکەوتویی و پێگەیشتوییەی تەکنەلۆژیای جەنگیی، بەتایبەت هی چین و ڕوسیا دا، ئەمریکاو ئیسرائیل بەبێ گۆڕانکاری لە چەند دەوڵەتێکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست؛ ناتوانن بەرژەوەندییە دورمەوداکانیان لەم ناوچەیە بپارێزن.
لە پێناو ئەم ئامانجە درێژخایەنەدا: ستراتیژێکی گشتگیر و فرەڕەهەندی گۆڕانکاری ڕادیکاڵییان لە بەشێک لە ڕژێمەکانی ئەم ناوچەیە هەیە، کە بۆ ئێمەی کورد؛ هەم ئامادەسازیی و قۆزتنەوەی دەرفەتەکان و، هەمیش نەفەس درێژی دەوێت.
بەگشتیی لە دەوڵەتە دروستکراوەکانی جیهانی ئیسلام دا؛ پاکستان، تورکیا، ئێران، میسر و، سعودییە، هەر یەکەیان و لە بوارێک دا بەهێز بون. سعودییە ئابورییەکی پتەوی هەیەو، هاوپەیمانی ستراتیژی ئەمریکایەو، عیشق و غەراماتیشی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە. بەڵام ئەو عیشق و غەراماتەی کە سعودیەو دەوڵەتانی کەنداو لەگەڵ ئیسرائیل هەیانە؛ نابێتە هۆی ئەوەی ئیسرائیل خۆی لێیان کەڕ بکات. بەڵکو لە ستراتیژی ئەمریکا-ئیسرائیل بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، پلانی لەپێشینە هەیە، کە بەرەی داتەپیوی ئێران، بو و، هەیە.
هەرچی دەوڵەتانی وەک پاکستان، تورکیا و، میسرە، لەگەڵ پەیوەندی بەهێزیان لەگەڵ ئەمریکادا، لە هەندێک بواردا؛ ستراتیژی سیاسیی و تەنانەت مامەڵەی کەرەستەی تەکنەلۆژیای سەربازیشیان لەگەڵ ڕوسیا و چین هەیە. مانەوەی ئەمانیش بەمشێوەیە دەبنە مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل، چونکە ڕوبەری دەوڵەتەکانیان فراوانەو، لە ڕێی تەکنەلۆژیای نوێی جەنگییەوە دەتوانن ببنە هێزی هەژمونداری ناوچەیی.
ئەوەی خۆی بۆ ڕوسیاو چین یەکلاکردۆتەوەو، دژایەتیی ئیسرائیلی کردبوە تەوەرێکی سەرەکی لە سیاسەتی "ئیمپراتۆریەتە شیعە وەلی فیقهێ"کەیدا: ئێران بو. بینیتان؛ ئیمپراتۆریەتەکەی ئێران لەلایەن نەتەنیاهۆوە هەڵتەکێنراو، وەلی فیقهەکەی و، سەرکردەکانی تری ئێرانیی، بۆ ژێر زەمینەکانی تاران پاشەکشێ و تەسلیم بون. بەڵام هێشتا لە کوێیانە!
بێگومان، ئەم ستراتیژەی ئەمریکا-ئیسرائیل "کات"ی دەوێ و، بە شەو و ڕۆژێک بەدی نایەت.
ستراتیژەکەیان لە قۆناغی ئێستادا هەڵتەکاندن و گۆڕانکاری جیۆپۆلەتیکیی و جیۆستراتیژییە لە هەمو ئەو ناوچانەی کە ئێران هەتا دە ساڵ پێش ئێستا بەدەستییەوە بو، وەک عێراق، سوریا، لوبنان، فەلەستین، یەمەن و، خودی ئێران. کەوابو هێزەکانی باشور، خۆرهەڵات و، خۆراوای کوردستان، دەبێت لەوپەڕی ئامادەباشیی قۆزتنەوەی ئەم دەرفەتە زێڕینە [سەدە]ییەدا بن، کە من زیاتر لە بیست بابەتم لەسەر نوسیوە.
کاتێک حەماس هێرشی کردەسەر ئیسرائیل: تاکە نوسەری کوردبوم کە ئاماژەم بەوەدا: ئەوپەڕی گەمژەییە بۆ نوسەرانی کورد کە پێیان وایە دەزگاکانی مۆساد و سی-ئای-ئەی بێخەبەربون لەو هێرشە ئاسمانیی و زەمینیی و دەریایەی حەماس. بەڵکو ئەوە دان بۆ داکردنە، بۆ ئەو ستراتیژەی کە ئەمریکاوئیسرائیل بەدەستیانەوەیە.
لەوکاتەدا، ئەبوبەکر کاروانیی لە ئێن-ئاڕ-تی، عادل باخەوانی کۆنە سەلەفیی و، ڕۆژهەڵاتییەکەی لای ڕوداو و، دەیان نوسەری تر بە شانو باڵی هێرشەکەیان هەڵ داو، تەواوی چاوپێکەوتنەکانی ئەو سەردەمەشیان ماوە. ئەزانم ئێستا بەپێی گۆڕانکارییەکانی [ڕۆژ!] بۆچونی خۆیان گۆڕیوە. سەرکردەکانی یەکگرتو لە سەلاحی بەهادینەوە بۆ موسەنا ئەمین، بۆ عەلی قەراخیی قەتەریی، تا دەگات بە ئاخوند عەلی باپیر و، محەمەد حەکیم، هەر هەمویان باسیان لە لەناوچونی ئیسرائیل دەکرد. عەلی باپیر دەیگوت: "بۆ جیهاد دەڕۆین و ئیسرائیل بەم نزیکانە لەناودەچێت!". ڕێک لەوکاتەدا بە خوێندنەوەیەکی لۆژیکی ستراتیژیی بە بابەتێک کە لە ئاوێنە ماوە، ئاماژەم بەوەدا: "ئەم سەدەیە؛ سەردەمی زلهێزبونی ئیسرائیلە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا" و، بە وردیش شیم کردەوە.
ئەمە بۆ کورد دەرفەتێکی زۆر دانسقەو زێڕینە. چونکە ستراتیژی ئەمریکا-ئیسرائیل لەناوبردنی ئەو ڕژێمە بەهێزانەی ناوچەکەیە کە عیشق و غەراماتیان لەگەڵ چین و ڕوسیا هەیە، کە ئەوانیش: ئێران، تورکیا، پاکستان و، میسرن.
پرسیاری سادەو گرنگ ئەوەیە: کێ داگیرکاریی هەمیشەیی کوردستانە و بەردەوام خوێنڕێژی کوردە!؟
بێگومان، ئیمپریالیزمی تورک، ئیمپریالیزمی فارس و، ئیمپریالیزمی عەرەب، دوژمنی هەمیشەیی و خوێنخۆر و داگیرکەرمانن.
کەوایە: کاتێک ئیسرائیل دەبێتە دوژمنی ئەم ئیمپریالیزمانەی سەر خاکی کوردستان، ئەوە؛ نیعمەتێکی دەوران و، دەرفەتێکی زێڕین بۆ بزافی ناسیۆنالیزمی کورد [بەگشتیی!] دەخولقێنێ!
گەر بەمشێوەیە بێت: پێموانییە پارتیی و یەکێتیی و هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان لەو ئاستە بن، کە دەرفەتەکان بە دروستی بقۆزنەوە. شاهیدن دەیان بابەتم بە سودی هێزەکانی خۆرهەڵات و دەرفەتەکە، حکومەتی هەرێم و هەلە زێڕینەکە، نوسیوە، بەڵام پارتیی و یەکێتیی داغانن لە گەندەڵیی داو، کەنەفتن!
نە سەرکردەکانی پارتیی و یەکێتیی هێندە ستراتیژزان و نەتەوەپەروەرن کە لەگەڵ لێدانی ئیسرائیل-ئەمریکا بۆ سەر حەشدی شەعبیی و ئێران، خێرا؛ خانەقین، کەرکوک و، موسڵی کوردستان ڕزگار بکەنەوە. نە هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستانیش لەو هێڵەی کە پارتیی و یەکێتیی بەسەریاندا فەرزیان کردوە، توانیویانە لابدەن و جوڵە بکەن.
شەڕی دوانزە ڕۆژە سەلماندی کە هێز و سەرکردەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان لەو چوارچێوەیەی کە یەکێتیی بۆی دیاریکردون؛ لانادەن و، ڕۆڵی حیزبی شیوعیی کوردستانیان دی کە تەنیا هەر ڕاگەیانراو بون. ئێستاش دەرفەتی تر دێتەوەو، هیوادارم هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان، بەپێی بابەتی: "بۆ هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان" کە لە ڕۆژی ٢٣ ی ٦ ی ٢٠٢٥ لە ئاوێنە بڵاوکراوەتەوە، بە تەواوی خۆیانی بۆ ئامادە بکەن.
بۆیه، پاش ئێران و بەرەکەی کە عێراق، سوریا، لوبنان، فەلەستین و یەمەنە. ئەوەی لە ستراتیژی ئەمریکا-ئیسرائیل دا گۆڕانکاری تێدا دەکرێ: پاکستان، تورکیاو، میسرە.
ئیسرائیل بەوردی ئاگاداری پاکستانی هەڵگری چەکی ئەتۆمە کە چۆن دەیەوێ جارجار دژی ئیسرائیل [بەنهێنیی!] بجوڵێتەوە.
میسریش درکی بەم ستراتیژەی ئەمریکا-ئیسرائیل کردوەو، دەیەوێ بە کڕینی چەک لە چین و ڕوسیا کەمێک خۆی تەیار بکات. پێموایە: ئەوە هەنگاوێکی هەڵەی ستراتیژییەتی. هاوشێوەی هەنگاوەکانی جەمال عەبدول ناسر و ئەسەد!! واتە: لەم تەوقیتەدا سیاسەت و ستراتیژی دەبێت پێچەوانە بێت.
تورکیا بە زویی درکی بە ستراتیژی ئەمریکا-ئیسرائیل کردو، دەیەوێت گەورەترین هەڕەشەی ناوخۆی کە بیست و پێنج ملیۆن کوردی بێ مافی باکوری کوردستانە، لە ڕێی حاجی شێخ عەوڵا ئۆجەلانەوە؛ نانەتەوەیی بکات. هەرچەندە ئۆجەلان بەم دواییە پەیامێکی لۆژیکی دا سەبارەت بە خۆراوای کوردستان، بەڵام ئەو هەنگاوەی بەرانبەر باکوری کوردستان گرتویەتیەبەر؛ نانەتەوەییانەیه. بەدڵنیاییەوە، له گۆڕانکارییە ستراتیژییەکاندا دەیبینین کە گەللی کورد لە باکوری کوردستان لەڕێی ئۆجەلانەکانەوە ناکرێنە ژێردەستەی تورک!
لە ڕەهەندەکانی تریشەوە، تورکیا زیاتر لە جاران خۆی پێشکەشی ئەمریکا-ئیسرائیل کردوە، ئەوەش تەنیا لە پێناو ئەوەی ستراتیژی ئەمریکا-ئیسرائیل هەڵینەتەکێنێت. بەڵام وەک ئاماژەم پێ دا: ئێران و [بەرە ڕوخاوەکەی]، میسر، پاکستان و، تورکیا، لە ناو ستراتیژی گۆڕانکاری ئەمریکا-ئیسرائیل دان و، کەمێک نەفەس درێژی دەوێ!
ئەمریکاو ئیسرائیل بۆ ئەوەی گەرەنتی سەرکەوتنی ستراتیژی گۆڕینی جوگرافیای دەوڵەتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست مسۆگەر بکەن: دەیانەوێ بە پڕوپاگەندەی پێدانی بەشێک لە خاکی ئۆکرانیا بە ڕوسیا؛ ڕوسیا بێدەنگ بکەن!! ئەوەش فێڵێکی ستراتیژییە لە پۆتینی دەکەن.
هەرچەندە پۆتینیش ڕوبەرێکی گەورەی هەرە جیۆستراتیژی خاکی ئۆکرانیای داگیرکردوەو، مەبەستێتی قەبارەی ڕوسیا بکاتە ئیمپراتۆریەتێکی هەمیشەیی بەو ڕوبەرەی کە لە ئۆکرانیای زەوت کردوە. بۆیەشە ئەمریکاش حەزی یەکگرتنی لەگەڵ کەنەدا هەیە. واتە: ئیمپراتۆریەت بون لە ڕوبەرو قەبارەی یەک وڵات دا. ئەمریکاو ئیسرائیل زیاتر ئامانجیانە دەوڵەتانی ئەوروپا بە دژایەتیی ڕاستەوخۆی پۆتینەوە تێوەگلێنن. لەم لاشەوە، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ماوەیەکی درێژ لە ژێر هەژمونی ڕوسیا و چین، دەربێنن. ئەوەش بە ستراتیژی گۆڕینی جوگرافیای ئێران، عێراق، میسر، سوریا، تورکیا و، پاکستان.
هەرچەندە عەفرین کە شوێنگەیەکی دێرینی ستراتیژی کوردستانە بەرەو دەریای ناوەڕاست پێشتر لەدەست درا، بەڵام لەم هەلومەرجەی ناوچەکەدا، ئێستا خۆراوای کوردستان تاڕادەیەک باش ڕەفتار دەکەن. یەکەم نوسەری کورد بوم کە لە یەکەم ڕۆژی هاتنەسەر دەسەڵاتیی دا، لە ئاوێنە نوسیم: ئەحمەد شەرع خومەینییە بە سوننەیی و، بۆی بچێتەسەر ئەمیش فەتوای جیهاد دژی کورد دەردەکات و، پێویستە خۆراوای کوردستان بۆ ماوەی پەنجا ساڵ نیوەی نەوتی خۆی بداتە ئیسرائیل؛ لە پێناو پاراستنی دا.
پێویستە کاربەدەستانی خۆراوای کوردستان گرنگی زیاتر بە درۆن بدەن و، لە ئێستاوە خۆیان ئامادە بکەن کە لە هەر ئەگەرێکی داگیرکاریی دا؛ بە درۆن دیمەشق و پێگە سەربازییە ستراتیژییەکانی شەرع و تورک لە سوریا، بکەنە ئامانج و، پرد و ڕێگا سەرەکییەکانی نێوانیان بە تونێل تێنتی ڕێژ بکەن.
پێشموایە: ئیتر گرنگە ئەگەر هەر هێرشێک بکرێتەسەر هەر پارچەیەکی کوردستان، هێزەکانی ئەو پارچەیە ڕاستەوخۆ بە درۆن پایتەختی داگیرکەرەکە یان پێگە ستراتیژییە سەربازییەکانی داگیرکەرەکە بکەنە ئامانج. چونکە تێفکرینم وایە: لە بەریەککەوتنەکان دا، هەتاوەکو کورد شەڕ نەخاتە ناو پایتەختی داگیرکەرانەوە؛ دەست لە جینۆسایدی کورد هەڵناگرن.
ئێستا کە سەردەمی جەنگی تەکنەلۆژیاو درۆنە، هەم بۆ پارتیی و یەکێتیی و، هەمیش بۆ هەسەدە، زێڕینترین دەرفەتە بۆ ئەوەی خۆیان بە درۆن تەیار بکەن. ڕاستە دەوڵەت نین، بەڵام هەر ڕێگای فێربون و خۆ تەیارکردن بە درۆن هەیە. شاهیدەکانیش بەردەستن من لە ساڵی ٢٠١٣ ەوە کە خوێندکاری ماستەر بوم لە زانکۆی لەندەن، دوای گەڕانم بە ناو کۆلێژەکان و، بەشداریم لە سیمینارەکانی زانکۆکە، بە بابەتێک داوام لە د. بەرهەم و د. دلاوەر عەلادین کرد کە دوو سەد خوێندکار بۆ فێربونی درۆن-زانیی و تەکنەلۆژیای نوێی جەنگی بنێرن. بەڵام ئەوکات خەڵک پێکەنینی بە عەقڵ و تێفکرینە ستراتیژییەکانم دەهات. بەرپرسێکی باڵا وتبوی: "سەردەمی جەنگ لەگەڵ بەغدا کوا باوی ماوە، ئەوەتا مام جەلال و سەرکردەکانی یەکێتیی و پارتیی حوکمی بەغدا دەکەن و، حکومەتی بەغدا پێکدێنن!".