دکتۆرا لە دبلۆماسییەتی بەریتانیی
دوێنێ، سەرۆکایەتیی هەرێم لە پێناو بەرژەوەندییەکانی تورکیا-ئێران، بەتایبەت وەک وابەستەبون بە هەمو جوڵەیەکی ئەردۆگان، بە بەیاننامەیەک پشتیوانی بۆ دەوڵەتی [سەرکاغەز]ی فەلەستین ڕاگەیاند.
پێشتر، نێچیرڤان بارزانیی، تەنیا کەناڵی ڕوداوی خستبوە خزمەت بەرژەوەندییەکانی ئەردۆگان و باڵی بەناو ڕیفۆرمخوازی ئاخوندەکانی ئێران. بەڵام ماوەیەکە سەرۆکایەتیی هەرێمیشی بۆ ئەو ئەجێندایە خستۆتەکار.
لە نێچیرڤان بارزانیی دەپرسم: لە ڕوی [ستراتیژ]ی دبلۆماسییەوە، نەک لە ڕوی تەکتیکی دبلۆماسییەوە؛ سودی بەیاننامەکەی، جگە لە زیان بۆ پرسی کورد، چییە!؟
ئەزانم ڕاوێژکارەکانی نێچیرڤان، تەنراون بە کۆنە یەکگرتوەکان! بە ئاگاشم میدیاکارەکانی لە باخەوانەکان تا ڕۆژهەڵاتییەکان، هەر هەمویان کەسانی کۆنە بەرەی ئیتلاعات و میت بون.
نێچیرڤان، ئەم دەرفەتەش کە بۆ کورد بەگشتیی دێتەپێشەوە؛ مەیکە بە هەنگاوەکەت کە بە پێشنیاری یەکێتیی، کە ئێران فەرمانی بە یەکێتیی کردبو، خۆت و قوباد ڕۆشتن لەگەڵ ڕوسیا ڕێکەوتن، کە ئەو هەنگاوەت دژی ڕیفراندۆمەکەی مامت بو بە پیلانی ئێران.
من لە کاتی خۆیدا بەبابەتێک تکام کرد هەنگاوی وا نەگرنەبەر، چونکە چەند مانگێکی ماوە بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی و، ئەوە پیلانی ئێرانە لە ڕێگای یەکێتییەوە بۆ ئەوەی کورد لە ڕوسیا نزیک بکاتەوەو، وڵاتانی خۆراوایی بە توندی بکاتە دژی ڕیفراندۆم.
نێچرڤان ڕۆشت بە گوێی موجاهیدانی یەکێتیی و، میدیاکارانی ڕوداو و، ڕاوێژکارانی خۆی، کردو، نەوتی کوردستانی خستە خزمەت ڕوسیاو لەگەڵی دا ڕێکەوت. دنیای خۆراوا بەتەواوی بونە دژبەری ڕیفراندۆم. گوێتان بە ئایدیا ستراتیژییەکانی بابەتەکەم نەدا.
زیاتر لەوانەش، بە بیری نێچیرڤانی دێنمەوە، بە پێی بەڵگەنامەکانی بەریتانیا: هەرچەندە [ماوەیەک] ئیدریس بارزانیی لەلای ئیسرائیلییەکان خۆشەویست بوە، چونکە پێکەوە هاوبەرە بون. بەڵام لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٦٩، کاتێک سەددام و مستەفا بارزانیی لە ڕێکەوتنی یانزەی ئازار نزیک بوبونەوە، ئیدریس بارزانیی زۆر لێدوانی توند دژی ئیسرائیل دەدات لە پێناو بەرژەوەندییەکانی عەرەب. کە دڵی ئیسرائیلییەکان لە خۆی بریندار دەکات!! دەکرا لێدوانەکانی نەرمونیانتر ببونیایە.
مەبەستمە بڵێم: [متمانەی هاوپەیمانێتیی و دبلۆماسیی] گرنگە! پەت پەتێن تا سەر بۆ مرۆڤ ناچێتەسەر، بەتایبەت لەم دۆخەدا کە جەمسەربەندییەکانی جیهان زۆر ئاشکران. بۆیە دەکرێ هەندێ جار سیاسەتکاری لێزان گەر دڵنیا نەبێ لە لێکەوتەی هەڵوێستەکانی؛ بێدەنگ بێ!
سیاسەت و دبلۆماسیی، بۆڕە بۆڕ و ئاکتی میزاجییانەی وەک شەڕی مناڵە وردەڵە نییە کە فەرهاد سەنگاوییەکان، ڕەنج سەنگاوی، عادل باخەوانەکان و، نامۆ عەبدوڵاکان، بۆ بینەرانی کورد و نێچیرڤانیی دەخەنەڕو. لە دوایین ڕاپۆرتی ڕوداو دا، نامۆ عەبدوڵا، یەکێک لە میدکارە نەوتخۆرەکان، دەڵێت: "دەیان ساڵ ئەمریکا بە دەیان ملیۆن دۆلاری بۆ کوشتنی جۆلانی تەرخان کردبو و بەدوای دا دەگەڕا، بەڵام ئێستا بەرپرسی پێشوی سی ئای ئەی لە ئەمریکا پێشوازی لە جۆلانی [ئەحمەد شەرعی ئێستا] دەکات".
بەم ڕاپۆرتەی کەناڵی ڕوداوی نێچیرڤان، خەڵکی داماوی کوردستان دنیایەک جنێو بە ئەمریکا دەدەن. هەم میدیاکارە نەوتخۆرەکەو، هەم بەرپرسانی کەناڵەکەش، هێندە هوشیاری سیاسییان نییە، کە بزانن ئەو ڕاپۆرتەیان پڕچەواشەکارییە.
بێگومان، ئەوانەی سیاسەت و دبلۆماسییەت وەک [زانست] لێکدەدەنەوە، بەئاسانیی تێدەگەن، کە ئەبو محەمەد جۆلانی پێشو [ئەحمەد شەرعی ئێستا] هەر سەر بە سی ئای ئەی بوەو، خۆیان پەروەردەیان کردوەو، ئەوەش کە پێشوتر ئەمریکا دەیان ملیۆنی بۆ کوشتنی تەرخان کردوه؛ تەنیا پڕوپاگەندەیەکی تاکتیکی ئەمریکا بو کە چاوی جیهان و، بەتایبەت هی ڕوسیاو ئێران و بەشار ئەسەد لەسەر جۆلانی کەمبکاتەوە تا دەیکاتە سەرۆکی سوریا. ئەگینا گەر ئەمریکا پێشتر بیویستایە، بە دە خولەک جۆلانی [شەرعی ئێستا]ی دەکوشت. هەروەک چۆن ئەمریکا نەیویست ئیسرائیل لە مانگی شەشی ئەمساڵ دا خامنەیی بکوژێت! چونکە هەمو ئەوانە تاکتیکی هەواڵگریی، سەربازیی و، دبلۆماسیین، لە پێناو ستراتیژێکی سیاسیی دا!! ئامانجەکە [ستراتیژە سیاسی]یەکەیە، نەک تاکتیکە هەوڵگریی، سەربازیی و، دبلۆماسییەکان، چونکە جۆری تاکتیکەکان جیاوازن. ئەو پڕوپاگەندەیەی پێشوتری ئەمریکا لە جۆری ئەو تاکتیکانەیە کە تەنیا لە پێناو لەخشتەبردنە! وەک چۆن دەزگای زانیاری یەکێتیی کۆمەڵێک مامۆستاو قەڵەم بەدەست بەناڕازیی پیشان دەداو، هەرکاتێک ویستی [وەک فشار لە دژی پارتیی] خۆپیشاندانیان بۆ ڕێکدەخا و، فەرمانبەران هاندەدات کە بەشداری خۆپیشاندانەکە بکەن. بەڵام هەرگیز نەمانبینی ئەو خۆپیشاندەر و خۆپیشاندانانە هەڵگری حەقیقەتی ئامانجی نەگۆڕی ناخی خەڵکی زۆنی سەوز بن و، ڕاستەوخۆ بڕۆنە سەر دەباشان و، داوای: ڕوخاندنی دەسەڵاتی خۆسەپێنی بنەماڵەکانی تاڵەبانیی و ئیبراهیم ئەحمەد لە زۆنی سلێمانیی بکەن.
بەهەرحاڵ، ئەیڵێمەوە: بۆچی نێچیرڤان بارزانیی لەم پرسەدا بێدەنگ نەبو! چ پێویستی دەکرد بەیاننامەیەکی وا لەم تەوقیتەدا؛ ئەگەر بە فەرمانی ئەردۆگان و، هاوئاڕاستەی بەرژەوەندییەکانی ئێران و، هاوهەنگاوی یەکێتیی، دەرنەکراوە!؟
بەیاننامەکەتان نیشانەی ئەوەیە: شوێنکەوتەی ئەردۆگان و ئێرانن و، لەژێریشەوە بە ئیسرائیل دەڵێن: ناچارین [کە جووەکان فێڵزانن و تێدەگەن کە ئێوە ناچار نین، بەڵام هەزار سەرەن!].
مادەم ئێوە لە سەرۆکایەتیی هەرێم لە پێناو بەرژەوەندییەکانی تورکیاو ئێران بەیاننامە بۆ دەوڵەتی [سەرکاغەز]ی فەلەستین دەردەکەن، هەر هیچ نەبێت: با کەمێک هەستی نیشتیمانپەروەریی کوردستانیتان هەبوایەو، ئەم دێڕەشتان تێبئاخنیبایە: "هەرچەندە گشت ڕێکخراوەکانی فەلەستین و دەسەڵاتدارانیان لە ٢٠١٧ دژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی و مافی گشتیی خەڵکی هەرێمی کوردستان وەستانەوە، بەڵام ئێمەی نەتەوەی کورد لە باوەڕی نەگۆڕمان بە مافی گەلان؛ پشتیوانی لە دەوڵەتێک بۆ فەلەستینییەکان دەکەین!".
ئەڵبەتە ئەگەر ئیسرائیل غەززە بگرێت؛ بەیاننامەی وڵاتان دەبێتە چی!؟ بەڵام هەڵوێستی سیاسیی و دبلۆماسیی گرنگە. هەروەک چۆن دوای دروستبونی ئیسرائیل؛ کامەران بەدرخان و مەلا مستەفا بەناوی گشت نەتەوەی کوردەوە دانیان بە دەوڵەتی ئیسرائیل دا ناوەو، داوای هاوپەیمانێتییان لێی کردوە. خۆ ئەوە تەنیا بە دو نامە بوە، بەڵام هەڵوێستێکی مێژویی گرنگە.
ئەڵبەتە چەندبارەی دەکەمەوە: ئەو بەیاننامەیەی نێچیرڤان، نەک هەر پێویست نەبو، بەڵکو بە قازانجی پرسی کوردییش نییە، بەتایبەت لەم تەوقیتەدا کە بەرەی ئێران داڕوخاوەو، ئەردۆگانییش زیڕەی کردوەو، ئیسرائیلیش بوەتە زلهێزی [ئاسمانیی و هەواڵگریی] خۆرهەڵاتی ناوەڕاست!
ئەگەر کێشەی فەلەستین چارەسەر بکرێ [کە ناکرێ]، ئەوکات عەرەب و تورک و فارس بەتەواوی لە ئیسرائیل نزیکدەبنەوه؛ ئەوە کەی بە قازانجی پرسی کوردە؟ خۆ دنیا دەزانێ پرسی کورد چییەو مەسەلەیەکی جیایە.
بۆیە ئەوەی کە دەگوترێ: گەر پرسی فەلەستین چارەسەر بکرێ؛ ئیتر جیهان تەنیا باسی پرسی کورد دەکات!! بیرۆکەیەکی ناسیاسییانەی بێمانایە، دوریش نییە میت و ئیتلاعات لە پشت بڵاوکردنەوەی ئەو بیرۆکە فریودەرانەیەوە نەبن. چونکە مەسەلەی کورد؛ پرسی نەتەوەیەکی چل و پێنج ملیۆنییە لەسەر خاکی خۆی. ئەو کاتەی کە باس ناکرێت؛ پەیوەندی بەوەوە هەیە کە وڵاتانی جیهان بەرژەوەندییان لەگەڵ تورک، فارس و، عەرەبە. بۆیەشە هەتا ئیسرائیل توندتر دژی ڕژێمەکانی عەرەب، فارس و، تورک بێ؛ زیاتر کورد قازانج دەکات! خۆ ئەگەر ئیسرائیل ئەو هەمو ڕەحمەت و بەرەکەت و نیعمەتەی بەم هاوینە بەسەر ئێران و بەرە داڕوخاوەکەی و، چەتەکانی ئەحمەد شەرع، دانەباراندبایە؛ ئایا ئێستا سەرۆکایەتیی هەرێمەکەی پارتیی و یەکێتیی بەدەست بەرەی مقاومەی پێشو؛ کاریان تەمام نەکرابو!؟
سیاسەت و دبلۆماسییەت: عەقڵیی ورد و ستراتیژی دەوێ، نەک پۆست و پارەو میدیای نەوتخۆر، بە دوعا و نوشتە نابێ! ئەمە ڕێک هاوڕەفتاری ئەوەیە: تورک داڕوخابو، شێخیش لە مانگی یانزەی ١٩١٤ لە سلێمانییەوە شوێن فەتوای سوڵتان [خەلیفە]ی عوسمانیی دەکەوت و، لە ١٩١٥ سوارەکانی کورد بە سەرۆکایەتیی شێخ لە بەسرەو شوعەیبە لە پێناو هێشتنەوەی سیاسەتی [بە تورککردنی کورد] دا، خۆیان بە کوشت دەدا!