دکتۆرا لە دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی
خوێنەران دەزانن و هەندێ لە بابەتەکانم لەم وێبسایتە کەم تەمەنەی ئاوێنەی ماون (وێبسایتە کۆنەکە نەما)، کە لە هەشت ساڵی ڕابردوادا لە دەیان بابەت ئاماژەم بەوەدا: ستراتیژی بەرەی ئێران لێدانە لە مەسرور بارزانیی، چونکە کتومت بە مەسعود بارزانیی و، بە دەستە ڕاستی ئیسرائیلی دەزانن.
چەندینجاریش شیمکردۆتەوە، کە: ئێران نەیتوانیی ستراتیژەکەی سەرکەوتو بکات و حکومەتەکەی مەسرور دابڕوخێنێ. بەڵام لەم ڕووەوە خەڵکی کوردستان زەرەرمەندی سەرەکیی بون و، باجی گەورەیان دا.
نوسینی بێلایەنانە: ئەرک و لێپرسراوێتییە بەرانبەر خوا و نیشتیمان. بەڵام پێویستە لۆژیکییانە ئاماژە بە ڕاستییەکان بدرێت.
یەکێتیی، میلیشیاکانی شیعەی عێراق، حیزبوڵای لوبنان، بەشار ئەسەد، پەکەکە لە شنگال، خودی ئێران، واتە بەرەی ئێران بەگشتیی؛ چی نەما بەرانبەر بە مەسرور و حکومەتەکەی نەیکەن، بەڵام شکستیان هێنا. ئەمە تەنیا بۆ خودی مەسرور ناگەڕێتەوە. بەڵکو هاوکێشە هەرێمایەتییەکەی گورزەکانی ئیسرائیل کە بەسەر ناوچەکەدا داباری؛ میحوەری مقاومەی داڕوخاند. بێگومان، لەگەڵ ئەوەی مەسروریش نەفەس درێژ بو، بەڵام خۆڕاگری خەڵکی باشوری کوردستان گرنگ بو.
ئێستا لە ئاماژەکانەوە وا دێتەبەرچاو: خەریکە نێچیرڤانییش دان بە دیفاکتۆی مەسروردا دەنێت و، دەزانیت دژایەتیکردنی مەسرور؛ پێگەی لە ناو پارتیی و حکومەت لەقتر دەکات. ڕەنگە لە ئێستاوە بزانێت لە ناو کەناڵی ڕوداو ئەکرێ سێبەری میت و ئیتلاعات هەبن و، میدیاکەی بەردەوام بە ئاڕاستەی [دژە مەسرور] ئاڕاستە بکەن و، ناکۆکی زیاتری بۆ بخولقێنن. بێگومان بە زیان بۆ خۆی و، بۆ مەسروریش، دەشکێتەوە. کرۆکی بابەتەکەم ئەمەی خوارەوەیە:
مەسرور خەریکە سنوری جەماوەری پارتیی لە زۆنی زەرد تێدەپەڕێنێ. بە واتایەکی تر: کاروکردەوەکانی بافڵ و قوباد ڕەنگە ببنە هۆکاری گەشەسەندنی پارتیی لە زۆنی سەوز دا. کەناڵی ڕوداوییش دەکرێ هۆکارێک بێ بۆ زیاتر گەشانەوەی مەسرور لە ناو پارتیی دا؛ چونکە هەندێ جار لە ژێر ناوی پڕۆفیشناڵبون دا [کە ڕونە؛ ڕقەو ناپڕۆفیشناڵبونە]، کەناڵەکە دژایەتیی مەسرور دەکا.
کاتێک دانیشتوانی شارەکانی زۆنی سەوز دەبینن، دەیان هەزار پارچە زەوی لە سلێمانیی تیکە-تیکە دەکرێ لەلایەن بەرپرسە حیزبییەکانی یەکێتییەوەو، جوانکیلە-شاری ئەوسای وەک سلێمانیی بەراورد دەکەن بە هەولێر: خێرا تێدەگەن چەنێک سلێمانیی و زۆنەکەی بە دەست یەکێتییەوە داڕوخاوە.
نمونەیەکی بچوک دێنمەوە: کاتێک بافڵ تانک و دەبابە دەباتە سەر ئامۆزاکەی، لەولاوە مەسرور چەندین پرۆژەی ستراتیژی دەکاتەوە. بێگومان ڕێگاوبانیی دو ساید؛ پرۆژەی ستراتیژییە! واتە: مەسەلەکە ئەوە نییە ئایا ململانێکە خەتای بافڵە یان لاهور، بەڵکو پرسەکە پەیوەندی بە قێزەونی ئەو کارتانەوە هەیە کە بافڵ و لاهور دژی یەکتر بەکاری دێنن. ئەمە هۆکارێکی سەرەکییە کە وایکردوە؛ پرۆژەکانی زۆنی سەوز ئیفلیج بون و، بەتەواوی خەڵک بێزاری حوکمدارێتیی یەکێتیی بوە.
یەکێتیی و پارتیی شەریکن لە هەمو شتێکا: لە دزی دا، لە کوشتن دا، لە جۆرەکانی تری تاوان دا، لە بازرگانیی دا، لە دابەشکردن و هەڵلوشینی سامان و بودجەی گەل دا، لە قاچاخچێتیی نەوت دا، هەر یەکەیان پشکی خۆیان لە بەغدا هەیەو، لە هەرێمییش هەر یەکەیان زۆن و دەسەڵاتی جوگرافیی جیاوازی خۆی هەیە. لەم دیفاکتۆیەدا، مەسرور توانیویەتی هەولێر و دهۆک، لە ڕوی پرۆژەی ستراتیژییەوە؛ پێش بخات. بەکورتییەکەی دەستەوەستان نەبوە. بەڵام لەملاوە، یەکێتیی سەرقاڵیی شەڕە دەبابە لە ناو شارەکان، گرتن و، ئەشکەنجەدان، دەستگرتن بەسەر زەوی شاری سلێمانیی لەلایەن بەرپرسەکانییەوەو، تیکە تیکەکردنیان و فرۆشتنیانە.
مەسرور بەڕێکوپێکی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە زۆنی خۆی دابەش دەکات. کەچی تا ئێستا یەکێتیی لە زۆنی خۆی پرۆسەکەی تەواو نەکردوە!
مەسرور دەیەوێ بە چەند پرۆژەیەکی ستراتیژی؛ شاری گەرم و نیمچە بیابانی وەک هەولێر، سەوزەڵان و کەمێک فێنک بکات. کەچی یەکێتیی هەڵدەستێ شاری جوان و فێنکی سلێمانیی دەکاتە بیابان، لە ڕێی وشکردنی سەرچنار لە پێناو پرۆژەی شوقەکانی بەرپرسە حیزبییەکانیی، لەتکردنی شاخەکانی سلێمانیی لە پێناو دروستکردنی ڤێلاو فرۆشتنیی داو، هتد. ئیتر با ئەوە بوەستێ کە زۆرینەی بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی هەڵەبجە و سلێمانیی و، بەرپرسانیی زانکۆکانی زۆنی سەوز؛ تەمەنی یاساییان لە پۆستەکانیان بەسەر چوە. کەسی وا هەیە کە نزیک دە ساڵە لە سلێمانیی و هەڵەبجە بەڕێوەبەری فەرمانگەیە، کە بەپێی یاسا دەبێت تەنیا چوار ساڵ لەو پۆستەدا بمێنێتەوە. بەڵام لەبەر ئەوەی یەکێتیی بون لە سەروی یاساوەیە؛ بۆیە لە پۆستەکانیان ماونەتەوە. هەربۆیەشە کە خەڵک ڕق لە یەکێتیی هەڵدەگرێت.
ئەوە چ مەنتیقێکە لەبەر دڵی بەرپرسەکانی یەکێتیی بەردەوام هەر دەبێت خەڵک بەگشتیی و، نوسەران بەتایبەتیی، چاویان دابخەن لە ئاست ئەوەی تا دێت لەسەر دەستی یەکێتیی؛ سلێمانیی کاول دەبێ و، لەولاشەوە لەسەر دەستی مەسرور؛ هەولێر بە چەندان پرۆژەی ستراتیژیی، پێش دەکەوێ!
خەڵک پرۆژەی دەوێ، میللەت شەڕی دەبابەی ناوگەڕەکەکان و ترساندنی ناوێ.
خەڵک ئەوەی ناوێ کە بافڵ بتوانێ بە بۆکزێک نێرەکەرێک بکوژێت. بەڵکو جەماوەر؛ موچە، خزمەتگوزاریی و، ئاوەدانیی، دەوێ.
ئەمانەی دەیڵێم: حەقیقەتەو هەمو کەس بە چاو دەیبینێ. هەرگیز ناتوانم کە ڕاستگۆ نەبم. یەکەم نوسەر بوم کە ڕەخنەم لە نەوشیروان مستەفا گرت کە بۆچی گردەکەی کردۆتە ناوی کوڕەکانی؛ ئەوەبو خەڵکی کوردستان شاهیدن کە ئەوکات فەیسبوکەوانەکانیان دەیان جنێویان پێ دام. پاش سێ ساڵ لە ڕەخنەکەی من، ئەوانەی جنێویان دەدا؛ ڕویان لە گۆڕانییش وەرگەڕاو، ئەوە نزیک حەوت ساڵە ئەوانە بەردەوام جنێو بە نەوشیروانیش دەدەن و، دواتر بۆیان دەرکەوت کە ئەوکات ئەوان دوربین نەبون درک بەو ڕەخنە لۆژیکییەی من بکەن و، ڕاستگۆیانە دانی پێدا بنێن.
مەبەستمە بڵێم: ڕەخنەی لۆژیکیی لە ئاست پرسەکانی کوردستان، بریتیی نییە: لە جنێودان و ڕق لە یەکێتیی، یا نێچیرڤان، یان مەسرور، یاخود گۆڕان و هتد. بەڵکو ڕەخنەی لۆژیکیی ڕێپیشاندانی تەندروست و هەڵماڵینی حەقیقەت و ڕاستییەکانە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی کورد و، نیشتیمانی کوردستان.
ڕەخنەی لۆژیکی لەلایەن منەوە لە بەرانبەر پرسەکانی کوردستان یەک ئامانجی لەپشتە: لە بەرچاو گرتنی بەرژەوەندی [گشت] لە پێش هەمو شتێکەوە. بەو مانایەی: خستنەپێشی بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی کورد و خاکی کوردستان لە پێش بەرژەوەندی حیزبەکان و دەسەڵاتدارەکانیان.
دڵنیاشم گەر مەسرور نیمچە سەرکەوتنێک لە پرسی موچەو خزمەتگوزارییەکان بەدەست بێنێ، هەمو ئەوانەی کە بەردەوام دژایەتییان کرد لە ناوخۆی هەرێم، بە یەکێتیی [بە قسەی شێخ جەعفەر؛ یەکێتیی داهێنەری بیرۆکەی بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بون لە پێناو ڕوخاندنی پارتیی لە ڕێگەی عادل مورادەوە بۆ مالیکی!] و هێزە بە ناو ئۆپۆزسیۆنەکان و کەناڵی ڕوداویشەوە؛ بەگ دادەنێن و، ڕوی خۆیان وەردەگێڕن و، دەڵێن: ئەوە ئێمە بوین وامان کرد!
واتە: سەرکەوتن خاوەنی بۆ زۆر دەبێ و، کەسیش خۆی ناکاتە خاوەنی شکست!
لەگەڵ ئەوەی مەسروریش وەک سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆک حکومەتەکانی پێش خۆی؛ چەندین کەناڵی لەسەر بودجەی میللەت کردۆتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوانەش دا، ئەگەر مەسرور ئەم دو پرسەی خوارەوە چارەسەر بکات، بۆ ئەم قۆناغە دەبێتە نیمچە کاریزما لە هەرێم دا:
یەکەم: کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر بکات. ئەوەی کە سودانی دوێنێ ڕایگەیاند: "حکومەتی ناوەندی عێراق بیست و پێنج ساڵە چاوەڕوانی ئەو سەرکەوتنەیە"، ڕاستییەکانی نەوت. بەڵکو درۆی کردو، لە ڕق و بێدەسەڵاتیی خۆی و بەرەی ئێران بەرانبەر بە ڕێکەوتنەکە وای وت. ئەگینا ئەوە ستراتیژە کە حکومەتی عێراق دژی ناردنی موچەیە، بەم ڕێکەوتنە سێقۆڵییەی نێوان هەرێم و بەغداو کۆمپانیاکانیشەوە، چونکە بەغدا دەزانێ کلیلێک بۆ کردنەوەی دەرگایەک بۆ ڕوخاندنی هەرێم بریتییە لە: زیادکردنی ناڕەزایی جەماوەری هەرێم دژی حکومەتی هەرێم. نەناردنی موچە بەشێوەی پرۆسێسی بەردەوام؛ ئەو کلیلی ڕوخاندنە یە. بەڵام ئەوە شەقی ئەمریکایە کە حکومەتی بەغدای ئێستا ناچار کردوە کە مل بدات بە ڕێکەوتنێکی وا. سودانییش دەزانێ بەرەی مقاومە داڕوخاوەو شیعەکان دەترسن. بەهەرحاڵ، گەر مەسرور هەرچۆنی کردوە کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر بکات؛ لای خەڵکی کوردستان خۆی دەسەلمێنێ.
دووەم: پرسێک کە هەمو خەڵکی باشوری کوردستان بە نەفرەتی دەکەن؛ مەسەلەی خانەنشینبونی پەرەمانتاران و ڕاوێژکارانی پەرلەمانە بە تەمەنی گەنجیی، پێش ئەوەی لە کاتی پەرلەمانتاربون دا بوبنە شەست ساڵ. ئەم بەرەڵاییەی تەخشانکردنی سامانی میللەت لە هیچ کوێی دنیادا نییە. تەنانەت لە پەرلەمانەکەی بەغداش دا؛ پەرلەمانتار بۆی نییە بە تەمەنی گەنجی خۆی خانەنشین بکات.
ئەوانەی بونەتە پەرلەمانتاری کوردستان بەردەوام بودجەی خەڵکی کوردستانیان وەک [مانگایەک] زانیوە کە بۆ هەمیشە بیدۆشن، ئەگەر وا نییە، چۆن و بۆچی لەو پەرلەمانە کارتۆنییەدا یاسایەکی [نایاسایی]ان بۆ خانەنشینکردنی خۆیان بە تەمەنی گەنجی دەرکردوە!
ئەگەر لەبەر ئەو هۆکارەیە کە گوایە خانەنشینکردنی پەرلەمانتاران بە تەمەنی گەنجیی لەپەرلەمانە کارتۆنییەکەی هەرێم نەمێنێت؛ ئیتر کەس خۆی بۆ بونە پەرلەمانتار کاندید ناکات؛ ئێ خۆ بودجەی میللەت مانگایەکی ماڵ باوکی پەرلەمانتاران نییە کە بۆ هەمیشە بەنایاسایی خانەنشین ببن و بیدۆشن. ئەوان لە حەقیقەت دا دەبێت نوێنەری گەل بن، نەک دز و گەنەخۆر و خۆ خانەنشینکردن بە تەمەنی گەنجیی.
ئەگەر مەسرور لە ڕێگای پەرلەمانتارەکانی پارتییەوە بە ڕێکەوتن لەگەڵ پەرلەمانتارانی هەر فراکسیۆنێکی ئۆپۆزسیۆن؛ یاسای [نایاسایی] خانەنشینکردنی پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان بە تەمەنی گەنجیی هەڵبوەشێنێتەوەو، یاساکە وەک وڵاتانی خاوەن سیستەم لێ بکات، بەوەی: کاتێک پەرلەمانتار دەتوانێ خانەنشین ببێ کە لە کۆتا ڕۆژی خولی پەرلەمانتارییەکەی دا گەشتبێتە تەمەنی شەست ساڵی؛ ئەو کات مەسرور بە جێبەجێکردنی ئەم خاڵە کە یاسای تێدا سەروەر دەکات و بەرژەوەندی گشت خەڵکی کوردستان لە بەرچاو دەگرێ، لەگەڵ خاڵی یەکەم گەر پرسی موچە هەرچۆنی کردوە چارەسەری بکات؛ بێگومان مەسرور دەکاتە نیمچە کاریزمایەک لە هەرێمی کوردستان دا. ئەو دو خاڵەی سەرەوە هەنگاوی سەرەکیین بۆ گەشەکردنی پارتییش لە زۆنی سەوز دا.