دکتۆرا لە دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی
هەر هۆزو تیرەیەکی کوردستان کاریگەری ئەرێنیی و نەرێنیی لەسەر پرسی کورد هەبوەو هەیە. هەڵکەوتەی هۆزی تاوگۆزی کە هەڵقوڵای دوندە سەرکەشەکانی دامێنی خۆراوای کرماشانی خۆرهەڵاتی کوردستانە، هەر لە ''تاوگۆز''ی دایەنگاوە هەتا دوندەکانی دەربەندیخان و قەرەداخی باشوری کوردستان؛ سنوری ئەم هۆزە بەرفراوان و مەزنەیە. کە زیاد لە چل گوند و شارەدێ و شارۆچکەو، چەندان چەم و ڕوباری وەک زمکان و کاسمان و، پانتاییەکی بەرینی خاک لەخۆدەگرێت. تاوگۆزییەکان: شێخزادە و (سەیدزادە)ن و، نەوەی مەلا ئەبوبەکری موسەنیفی چۆڕێی وەچەزای پیرخدری شاهۆن. مەلا ئەبوبەکری موسەنیفی چۆڕێ: ئەدیب و دانا و زانایەکی گەورەی پڕبەرهەمی سەدەی شانزە بوەو، پەیوەندی پتەوی لەگەڵ هەڵۆخانی میری میرنشینی ئەردەڵان هەبوەو، لە سەرەتای سەدەی حەڤدە کۆچی دوای کردوەو، خەرمانێک بەرهەمی ناوازەی لە کانیاوی مەعریفەی دا بۆ نەتەوەکەی بەجێهێشتوە.
لە دیدارێکم دا کە چەند هاوڕێیەک لەگەڵم دابون لە ساڵی ٢٠٠٦، بە قسەی نەوشیروان مستەفا: ''هۆزی تاوگۆزی تەنیا هۆزی باشوری کوردستان بون کە کەمترین ڕێژەی موستەشار و جاشیان لە سەردەمی ڕژێمە داگیرکەرەکانی عێراق تێدا هەبوە. بەڵام لە سەرەتای ساڵانی دروستبونی یەکێتیی، هەندێ سەرکردەی خۆهەڵکێشی یەکێتیی هەڵەیان بەرانبەر کردن!". ئەم شاهیدی دانە، لەلایەن کەسێکەوە کە خۆی تاوگۆزی نەبوەو، خوێندەوار و شارنشین بوە، ئاماژەیەکە بە مەردیی و پاکیی زۆرینەی تاوگۆزییەکان لە ئاست پرسی نەتەوەی مەزنی کورد دا. مەبەستی لە بەکارهێنانی دەستەواژەی ''[هەڵەکردن!] بەرانبەر تاوگۆزییەکان''؛ نمەک حەرامی تاوانکارانی ڕەشەکوژییە ترسنۆکانەکەی گوندی کانی ژەنان بو!
ئاشکرایە، لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە، لە چەندین کتێبم دا، هەزاران بەڵگەنامەی نهێنیی بەریتانییم چاپ کردوە. پاش تەواوکردنی خوێندنی دکتۆراکەم لە ساڵی ڕابردو، دیسانەوە نزیکەی پەنجا ڕۆژم بە تەواوی تەرخانکرد بۆ زیاتر دۆزینەوەی بەڵگەنامەی نهێنیی بەریتانیی لەسەر کورد و کوردستان. بۆیە هەر لە ٢٣ ی ٨ ی ٢٠٢٥ ەوە هەتا ١١ ی ١٠ ی ٢٠٢٥ لە لەندەن لە ناو ئەرشیفخانەکانی بەریتانیا بە وردی هەزاران بەڵگەنامەی ترم لەسەر پرسە جیاوازەکانی کوردستان دۆزییەوەو، کۆکردەوەو، گەر خودا تەمەنی پێدام؛ لە داهاتو لە چەندین کتێبی ترم دا چاپ و بڵاویان دەکەمەوە.
یەکێک لەو بابەتانەی کە شیاوی ئەوەیە زیاتر بنکۆڵ بکرێ: ''ڕەنگدانەوەی خەباتی سیاسیی و پارتیزانی تاوگۆزییەکانە لە مەسەلەی کورد دا''. لەم بارەیەوە، چەندین بەڵگەنامەی نهێنی بەریتانیی ئاماژە بە ڕۆڵی سیاسیی کەسایەتییە هەڵکەوتوەکانی تاوگۆزی لە جوڵانەوەی نەتەوایەتیی باشوری کوردستان لە ساڵانی بیستەکان و سییەکانی سەدەی بیست دا، دەکەن. بەتایبەت، ڕۆڵی ''سەید مەحمودی تاوگۆزی، سەید کەریمی تاوگۆزی، حاجی سەید عەلی تاوگۆزیی و، سەید محەمەدی تاوگۆزی'' لەو تێکۆشانە سیاسیی و پارتیزانانەی کە ئەنجامیان داوە لەگەڵ چەندین کەسایەتی تری باشوری کوردستان هەتاکو بەریتانییەکان و سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراقیان ناچار کردوە کە یاسایەک دەربکەن بۆ بە فەرمی ناسینی زمانی کوردی، بەتایبەت لە ناو دامەزراوە کارگێڕییەکانی دەوڵەتی عێراقی دروستکراوی ئەو سەردەمە دا.
خودی دەرکردنی یاسایەک بە ناوی "زمانی کوردیی'' کە شوناسێکی جیاوازە لە زمانی عەرەبیی، نیشانەی کاریگەری خەباتی تاوگۆزییەکان و تێکۆشەرانی هاوخەباتیان بوە لە ناساندنی پرسی کورد و، داگیرکەرانیان ناچارکردوە دان بەو حەقیقەتەدا بنێن؛ گەللی کورد نەتەوەیەکی سەربەخۆ و جیایە لە عەرەب. لەکاتێک دا، لەو سەردەمەدا ئیمپریالیزمی تورک بە فەرمی میللەتی کوردی بە تورکی شاخاوی دەناساند و، ئیمپریالیزمی فارسیش بە ڕەسمی [نەتەوەی کوردی ڕەگەز زاگرۆسی]ی بە قەبیلەیەکی ئاریایی فارس دەچەسپاندو، ئیمپریالیزمی عەرەبیش [گەللی کورد]ی بە ''میوان و برای ئاینیی'' دەخستەڕو، نەک ئەوەی وەک ''نەتەوەیەکی جیاواز لە خۆیان'' دانیپێدابنێن.
بێگومان زیاتر بنکۆڵکردنی بەڵگەنامەکانی بەریتانیاو، تەنانەت بە بەڵگەنامەکانی ڕژێمەکانی ئێران و عێراقیشەوە، زۆرتر ڕۆڵ و کاریگەری تاوگۆزییەکان لە پرسی کورددا دەسەلمێنن.
لە چەند بەڵگەنامەیەکی تری ساڵی ١٩٧٥ ی ئینگلیزەکان دا، ئاماژە بەوە دەدەن: "گوندی شێخ سێڵەی تاوگۆزییەکان بوەتە ناوەندی کۆکردنەوەی شۆڕشگێڕانی باشوری کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی شۆڕشی کورد دژی ڕژێمی عێراق". لێرەدا ساغدەبێتەوە، پاش شۆڕشی ئەیلول، گوندەکانی هۆزی تاوگۆزی، بەتایبەت شارە دێی شێخ سێڵە؛ مەکۆی کۆڵنەدان و ئیرادەبەخشین بون بە شۆڕشگێڕانی باشوری کوردستان بۆ خولقاندنەوەی شۆڕش. لەوەش دا، لە مێژوی بە حیزبییکراوی کورد دا، غەدر لە تاوگۆزییەکان کراوە، چونکە یەکەم فیشەک و چالاکی لە دوای ساڵی ١٩٧٥ کە لە باشوری کوردستان کرابێت، لە گوندی بانی بۆڵانی تاوگۆزی دا بوە. سەلماندنی ئەم حەقیقەتەش لە ڕوی زانستی سیاسیی و مێژووەوە، زۆر سادەیە، ئەوەش بەپێی بەراوردکردنی [بەروار]ی یەکەم چالاکی یەکێتیی یان پارتیی کە وەک ڕۆژی دەستپێکردنەوەی شۆڕشی خۆیان دایانناوە، لەگەڵ بەرواری یەکەم گورزی پارتیزانانەی تاوگۆزییە شۆڕشخولقێنەرەکان کە لە گوندی بانی بۆڵان دژی ڕژێمی بەعسی عەرەبیی فاشیست، ئەنجامیان داوە. لێرەوەیە، بانی بۆڵانی تاوگۆزی شەرەفی یەکەم چالاکی دەستپێکردنەوەی شۆڕش لە مێژوی کورد دا، بۆ دەچەسپێت.
بەنیسبەت ناوچەکانی تاوگۆزی خۆرهەڵاتی کوردستانیش، کە لە ڕوی بەرفراوانی جوگرافیاو خاکەوە، بەنزیکەی دو ئەوەندەی ناوچەکانی تاوگۆزی باشوری کوردستانن، ئەوانیش لە قۆناغەکانی مێژوی نوێ و هاوچەرخی کورد دا، زۆر شکۆمەندییان خولقاندوە. لە چەرخی هاوچەرخ دا، یەکەم بارەگای هێزە کوردییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان لە شۆڕشی گەلانی ئێران، لە گوندی بانی نار بوە. کە حەمە عەلی ساڵحی مەلا سەعیدی بانی نار خانوەکەی خۆی دەبەخشێتە حیزبی دیموکرات کە بیکەنە بارەگا بۆ گەشاندنەوەی بیری ناسیۆنالیزمی کوردی بەرەو ناوچەکانی سەلاس تا کرماشان. لەم قۆناغە مێژویەش دا، گوندەکانی بانی نار و شێخ سێڵەی تاوگۆزی؛ دەبنە ناوەندی کۆکەرەوەی بەشێکی بەرچاو لە شۆڕشگێڕە هەڵکەوتوەکانی کرماشان دژی ئیمپریالیزمی فارس. لەو پێناوەش دا، خوێنی چەندین بەوری تاوگۆزییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان پێشکەش بە خاکی کوردستانی تینوی ڕزگاریی، کراوە، وەک شەهید جافری کاکایی، شەهید جەهانگیری کوێخا مستەفا، شەهید عادڵی بانی نار و، هتد.
گەر لە ڕوی ئاماریشەوە هەڵسەنگاندنێک بکەین، ژمارەی ئاوارەبونی تاوگۆزییەکان بەهۆی شۆڕشگێڕبونیان و، وێرانکردنی گوندەکانیان بە تۆپ و تانکەکانی ئیمپریالیزمی عەرەبی عێراق و ئیمپریالیزمی فارس، زۆرترینە، بە بەراورد بە ژمارەی ئاوارەکانی هەر هۆز و تیرەیەکی باشور و خۆرهەڵاتی کوردستان.
بۆ نمونە، ئێستا کە خۆرهەڵاتی کوردستان ئازاد و ڕزگار نەکراوە، تاوگۆزییەکانی خۆرهەڵات کە سەر بە پارێزگای کرماشانی پایتەختی خۆرهەڵاتی کوردستانن، لە ڕوی ژمارەوە، زۆرترین ئاوارەو پەنابەری سیاسییان لە چاو هۆزەکانی تری خۆرهەڵاتی کوردستان لە باشوری کوردستان دا هەیە، بەتایبەت لە ناوچەکانی دەشتی شارەزور و گەرمیان دا، لە نەسر و باریکەوە تا کەلار. کە لە دژایەتیی ڕژێمی داگیرکەری فارسی ئیمپریالیزم و، بە هۆکاری تێکۆشانی کوردایەتییان ئاوارەبون و، زۆربەیان زیاد لە چل ساڵە لە ناهەموارترین ژیانی کولەمەرگی دان. بەڵام وەک دوندەکانی بێزەل و قەواڵە و پشتقەڵاو زەواڵیی و بەمۆ سەریان بەرزە؛ چونکە خۆڕاگری خۆیانیان سەلماندوە، کە بەهێزی ئیرادەی شۆڕشگێڕبونیان بەجۆرێکە؛ ئەو مەرگەسات و تاڵیی و سوێرییەی دەیان ساڵەی دەربەدەرییان ئەژنۆی پێ شل نەکردون بەرانبەر بە داگیرکەران.
لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی عەرەبی ئیمپریالیزمیش دا، ژمارەی ئاوارەکانی تاوگۆزییەکانی باشوری کوردستان لە خۆرهەڵاتی کوردستان و، فول مینڕێژکردن و کاولکردنی تەواوەتی گوندەکانیان، لە چاو هۆزو تیرەکانی تری باشوری کوردستان دا؛ هەر زۆرترین بوە.
کەچی لە چارەکە سەدەی دەسەڵاتدارێتیی حیزبە کوردییەکان دا، تا ئێستا گوندەکانی تاوگۆزی باشوری کوردستان؛ بە کاولکراوی ماونەتەوەو، بێخزمەتگوزاریترین ناوچەی باشوری کوردستانن. چونکە هەم ڕژێمی عێراق بەهۆی ئەوەی ناوچەکانی تاوگۆزی مەکۆی شۆڕشگێڕە پارتیزانەکانی کورد بو؛ وێرانی کردن و، هەمیش دەسەڵاتی پارتیی و یەکێتییش کەمترین و سەرەتاییترین خزمەتگوزارییان بۆ گوندەکانی تاوگۆزی دابین نەکردوە، کە تا ئێستاش سنوری بەشێکیان پڕ لە مین (ئەڵغام)ن و، بە بێ پرد و ڕێگاوبان و نەخۆشخانەو خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ژیانن.
واتە، هاوکێشەکە لای حیزبەکانی کورد بەمشێوەیەی لێهاتوە: شۆڕشگێڕترین ناوچە؛ بوەتە کاولترین و بێ خزمەتگوزارترین دەڤەر! بەڵام زۆرینەی ڕێگاوبانی گوندەکانی موستەشار و ئەنفالچییەکان؛ کراونەتە دو ساید و، نەخۆشخانە، قوتابخانەو، خزمەتگوزاریی تەواویان بۆ ئەنجام دراوە.
کاتێک چەند بەڵگەنامەیەکی ساڵی ١٩٧٥ ی بەریتانییەکان، ئاماژە بەوە دەدەن: "گوندی شێخ سێڵەی تاوگۆزییەکان بوەتە ناوەندی کۆکردنەوەی شۆڕشگێڕانی باشوری کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی شۆڕشی کورد دژی ڕژێمی عێراق". سەلمێنەری ئەوەیە: تاوگۆزییەکان و ناوچەکانی تاوگۆزی شەرەفی دەسپێکردنەوەی شۆڕشیان بۆ دەسەلمێ. بەڵام گۆڕینی مێژوی دەستپێکردنەوەی یەکەم چالاکیی پارتیزانیی و لێسەندنەوەی لە تاوگۆزییەکان لە ناو فەرهەنگی حیزبەکانی کوردستان، ستراتیژێکی لەپشت بوە کە ئامانج لێی؛ سڕینەوەی مێژوی پڕشۆڕشگێڕی تاوگۆزییەکان بوە.
ئەم ستراتیژە دواتریش بە ئەندازیاری ڕژێمی بەعس بەردەوامیی پێ درا کە ڕەشەکوژکردنی شۆڕشگێڕانی تاوگۆزی بو، بە ڕەفتارێکی زۆر ترسنۆکانەی دژ بە ڕەوشتی مرۆڤ و کۆمەڵگای کورستان، لە گوندی کانی ژەنان، بۆ ئەوەی تەنانەت فەرماندەییکردنی شەڕە پارتیزانییەکانی دەڤەرەکە و، هەژمونی شۆڕشگێڕیی تاوگۆزییەکان؛ بەتەواوی پاکتاو بکرێ.
ئێستاش هەمان ستراتیژ بەردەوامیی پێ دەدرێ کە ناوچەکانی تاوگۆزی بە کاولکراوی بهێڵرێنەوەو، هیچ ئاوەدانییەک نەیگرێتەوە. هەمو ئەوانەش لە شیکاری سیاسیی دا دەکاتە ئەو ئەنجامەی: ڕقێکی کوێرانە و، ترسێکی زۆرە لە تاوگۆزییەکان وەک هۆزێکی مەزنی شۆڕشگێڕ کە کەسایەتییەکانیان خاکەڕاو خۆدەرنەخەرو دژە ستەمکاریین و، کەمترین مرۆڤی خۆهەڵکێش و ماستاوچییان تێدایە. بەڵام زۆربەی حیزبە کوردییەکان بونەتە موگناتیسێک بۆ ڕاکێشانی موستەشار و سیخوڕ و ماستاوچیی و مرۆڤە ترسنۆکەکان، بۆیەشە پێگەی هۆزی مەزنی تاوگۆزی لە ناو زۆربەیان دا؛ غیابە!! ئەوەش ئەو شکۆیە بە تاوگۆزییەکان دەبەخشێت کە ئامادە نین ببنە بەشێک لەوانەی کە دزی لە سامانی گەللی کورد دەکەن و بەرپرسیاری تاڵانکاریی و گەندەڵیین لە کوردستان دا. بەڵکو زۆرینەی تاوگۆزییەکان تا سەر مرۆڤی سەرڕاستی نیشتیمانپەروەرن.
ئاشکرایە، زۆرینەی ئەو [حیزب!!]انەی کە لە باشوری کوردستان بونیان هەیە؛ عەشیرەیی و بنەماڵەیین و، هەمیشە ستراتیژی لەپێشینەیان خستنەپێشی بەرژەوەندی عەشیرەتەکەیانە لە پێشەوەی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەی کورد و خاکی کوردستان. لەم ڕووەشەوە، گەر ڕامێنێین لە جیۆپۆلەتیکی هۆزی تاوگۆزی لە پێگەی بەشە زۆرینەکەی دا لە خۆرهەڵاتی کوردستان و، لە بەشەکەی باشوری کوردستانیشی دا، ئەو حەقیقەتە بەسانایی دەسەلمێ: ئەگەر تاوگۆزییەکان تۆزقاڵێک بیریان بە لای بەرژەوەندی تەنگەتیلەی هۆزەکەی خۆیان ببوایە؛ دەیانتوانی بە ئاسانیی [حیزب]ێک دروست بکەن و، مانەوەو هەژمونداریشی مسۆگەر دەبو.
بۆ نمونە: تاوگۆزییەکانی باشوری کوردستان دەیانتوانی ڕێکخراوێک دروست بکەن، کە وەک هەمو هێزەکانی باشوری کوردستان، هاوکاری لە ڕژێمی ئێران وەربگرن و، پشتیشیان ناوچەو شاخەکانی تاوگۆزییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بێ. ڕونە دوندە سەختەکانی تاوگۆزییش قەڵای لەبن نەهاتوی خۆڕاگری دەبو بۆیان. بەهەمان شێوەش، تاوگۆزییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستانیش دەیانتوانی حیزبێک دابمەزرێنن و، هاوکاری لە ڕژێمی بەعس وەربگرن و، پشتیشیان ناوچەو شاخەکانی تاوگۆزی باشوری کوردستان بێت و، هەڵکەوتەی جوگرافیشیان دەبوە هۆی ئەوەی کە نەتوانرێ حیزبەکەیان لەناو ببرێ. بەڵام لەبەر ئەوەی هەروەک ئەم بەڵگەنامە نهێنیانەی بەریتانیاش دەیسەلمێننەوە، کە: تاوگۆزییەکان هەمیشە بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی مەزنی کوردییان پێش بەرژەوەندی هۆزایەتییان خستوە، بۆیە بیریان لە دروستکردنی حیزب نەکردۆتەوە، کە باشترین جیۆپۆلەتیکیشیان هەبوە بۆ مانەوەو گەشەکردن و دەسەڵاتدارێتیی حیزبەکە.
هاوپێچ بەشێکی بەڵگەنامە نهێنییەکانی بەریتانیا لەسەر ڕەنگدانەوەی خەباتی سیاسیی و پارتیزانیی تاوگۆزییەکان لە بزافی ناسیۆنالیستیی باشوری کوردستان دا. ئەڵبەتە دەیان بەڵگەنامەو نوسینی گەڕیدەکانی بەریتانیا لەسەر ناوچەکانی هۆزی تاوگۆزیی و کەسایەتییە کاریگەر و هەڵکەوتوەکانیان بەتایبەت لە سەدەی نۆزدەدا، هەیە، بەڵام ئەم بابەتە زیاتر تەرکیزی لەسەر سەدەی بیست بو.


