دکتۆرا لە دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی
ڕۆژانە دەیان پرسیاری لەو شێوەیەم لێ دەکرێ.
هاوڕێیانی بەڕێز، لە چەندین بابەتی ساڵانی پێشوم بە تێفکرینی ستراتیژی دەیانجار شیمکردۆتەوە، کە: "ستراتیژی ئەمریکا ڕوخانی ئەم ڕژێمەی ئێرانە؟".
کەوابو، گرنگە شیبکرێتەوە؛ چۆن و بۆچی؟
چونکە ئەمریکا-ئیسرائیل کاتێک زانیان محەمەد ڕەزا شا پێگەی جەماوەریی لە ئێران دا نەماوە، بۆ ئەوەی ڕێ لەوە بگرن کە چەپەکان و کۆمۆنیستەکان ببنە دەسەڵاتداری ئێرانیی [خاوەن یەکێک لە گرنگترین هەڵکەوتە جیۆپۆلەتیک و جیۆستراتیژییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست] و، هەروەها بۆ ئەوەی هێزێک قیت بکەنەوە کە دژی ڕژێمە پان-عەرەبیستەکانی هاوپەیمانی سۆڤیەت بێ؛ ئەوەبو خومەینیان لە فەرەنساوە هێنایەوەو، تەنانەت دەیان بەڵگەنامەی نهێنیی سی-ئای-ئەییش دەیسەلمێنن، کە: ئەمریکا-ئیسرائیل بە چەندان جۆر چەکی قورسی وەکو موشەکی دژە تانک و موشەکی دژە فڕۆکە پاڵپشتی ڕژێمەکەی خومەینیی بون لە جەنگی ئێران-عێراق دا.
بەڵام چۆنیەتیی ڕوخاندنی ئەم ڕژێمە بۆ سیاسەتداڕێژەرانی ئەمریکا جێی سەرنجە؛ چونکە وەکو خۆیان دەڵێن: نایانەوێ ڕوخاندنی ئەم ڕژێمەی ئێران، وەکو ئەوەی سەددام، بێسەروبەرەیی و مافیایی بخولقێنێ! بەتایبەت لە ئێرانێک کە هێندەی قاڕەیەک؛ گەورەو پان و بەرینە!
واتە، بە تێفکرینی من: سیاسەتداڕێژەرانی ئەمریکا لەوەدا کەمێ پەلە پەلیان پێوە دیار نییە کە پلانداڕێژییان بۆ ڕواندنی جێگرەوەی ئەم ڕژێمە قورسترە لە ڕوخاندنی ئەم ڕژێمە!
کەوابو، ئێستا چۆن و بۆچی ستراتیژی ئەمریکاو ئیسرائیل ڕوخاندنی ئێرانە؟
چونکە:
١-ئەم ڕژێمەی ئێستای ئێران، بە هەمان شێوەی ڕژێمەکەی محەمەد ڕەزا شای ساڵانی ١٩٧٧ تا ١٩٧٩، هیچ پێگەیەکی جەماوەریی لە ئێران دا نەماوە. بۆیە ئەمریکا-ئیسرائیل لەوە دەترسن لە ناکاو جێگرەوەی ئەم ڕژێمە بێتەبون و، ئەوان دوابکەون لە خستنەسەر کاری دا. کەوابو، ئیتر بۆ ئەمریکا-ئیسرائیل؛ پرۆسێسی قۆناغی ڕوخاندنی ئەم ڕژێمەیە. پرۆسێس؛ کاتی دەوێ! لە سیاسەت و پلانی ستراتیژی دا؛ کات بە زەحمەت دیاری دەکرێ، چونکە ڕون نییە کە تەکتیکەکانی ناو پلانە ستراتیژییەکە چۆن دەڕواتە پێشەوە.
٢-بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل ڕون نییە کێ لە ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی دوای نەمانی خامنەیی؛ دەبێتە شوێنگرەوەی!؟ کەسێکی سەر بە ڕوسیا-چین، یان ئاخوندێکی فەندەمێنتاڵی شیعە! بۆیە مەترسییەکی جدییە بۆیان کە ئەوە بە [قەدەر!!] بسپێرن!
٣-ئەو هۆکارانەی کە وایکرد ئەمریکا-ئیسرائیل هەڵسن خومەینیی لە پاریس ببەنەوەو، ئەم ڕژێمە بخولقێنن؛ زۆرینەیان بۆ ئەمریکاو ئیسرائیل هاتونەتە بون. بە مانایەکی تر؛ ئەم ڕژێمە لە قۆناغی بەسەرچونی [تەمەن و مەوجودییەت]ی دایە.
٤-بەشێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران و دەسەڵاتدارانی ئەم ڕژێمەی ئێران؛ پەیوەندی گەرموگوڕی [نهێنیی و ئاشکرا]ی سیاسیی و بازرگانییان لەگەڵ چین و ڕوسیا هەیەو، ئەوەش هەڕەشەیەکی ستراتیژییە بۆسەر بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا-ئیسرائیل.
بەتایبەت، بەشێک لە فەرماندەکانی پاسداران و، ماڵباتی خامنەیی و، بەشێک لە دەسەڵاتدارانی تری ئەم ڕژێمە؛ بەردەوامن لە فرۆشتنی نەوت و گازی سروشتیی ئێران بە چین. ئەمەش هەڕەشەیەکی ستراتیژییە لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا؛ چونکە ستراتیژێکی ئەمریکا ڕێگاگرتنە لە زیاتر گەشەسەندنی چین.
واتە: ئامانجی ئەمریکا ئەوەیە ئەو ڕژێمەی دەبێ ئیتر دەسەڵاتداری تاران بێ؛ هاوپەیمانێکی ئاشکرای دورمەودای ئەو بێت.
٥-پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای جەنگیی و، بەتایبەت سیستەمی موشەکیی ئەم ڕژێمەی ئێران و، هاوکاریکردنی لەلایەن چین و ڕوسیاوە، بونەتە هەڕەشەی "تەواو ستراتیژی" لەسەر ئیسرائیل.
٦-تەنانەت ئەگەر ڕێکەوتنیش ئەنجام بدەن؛ هەر ئەم ڕژێمە بەڵێنەکانی جێ بە جێ ناکات و، دەشگونجێ بەنهێنیی بشبێتە خاوەن چەکی ئەتۆم. گەر بگاتە ئەو قۆناغە؛ ئیتر دەبێتە [مەترسییەکی پشتشکێنەر] بەتایبەت بۆ سەر ئیسرائیل و، ئینجا بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
٧-ئەم ڕژێمە ناتوانێت بەبێ هاوکاریکردنی گروپە تیرۆریستییەکانی وەکو حیزبوڵا و حەشدی شەعبیی؛ بە بێوەی ببێتە ڕژێمێکی "سەلامەت" لە بەرانبەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دا. بەڵکو ڕژێمێکە ڕێک وەک دوپشک وایە، هەتا زیاتر بمێنێتەوە؛ لە هەناوی دا دەیان دوپشکی وەک خۆی دەخاتەوە. ئەمەش بۆ ئیسرائیلێک کە پێگە جیۆپۆلەتیکییەکەی [سێگۆشەییە!!!] دەبێتە مەترسیی و هەڕەشەی بەردەوام.
بۆیە، تەنانەت ئەگەر ڕێکەوتنیش بکرێ؛ هەر دورمەودا نابێ و، قۆناغی ئەم ڕژێمەی ئێران بەرەو داڕوخاندنە.
گەورەترین کێشەی ئەمریکا-ئیسرائیل: نەبونی ئۆپۆزسیۆنێکی یەکگرتووە بۆ ئێرانی داهاتو. بەڵام وای دەبینم: هێدی هێدی ئەوەشی بۆ دەخولقێنن.
کەوابو: زۆر گرنگە پێش ئەوەی ڕژێمێکی تری فاشیست لە تاران جێگیر ببێ؛ گەللی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان بە وردی لە کاتی خۆی دا دەرفەتەکە بقۆزنەوەو، خۆیان بسەلمێنن.
بۆ وەڵامی پرسیارەکانیشتان لە بارەی خۆراوای کوردستانەوە، پێشتر لە چەندین بابەتم دا لە ئاوێنەو، لە چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنییش، دەقاودەق هەر ئەم وەڵامەم هەبوە، کە: دو مەترسی جددی لەسەر خۆراوای کوردستان هەیە:
یەکەمیان: ئایدۆلۆژیای پەکەکە و، یاریپێکردنیان.
دووەمیشان: ئایدۆلۆژیای جۆلانیی کە خومەینیی سونەگەراکانەو، سیقەی پێ ناکرێ!