دکتۆرا لە دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی.
پێکهێنانی هاوپەیمانی پێنج هێزە ڕزگارکەرەکەی خۆرهەڵاتی کوردستان؛ جێگای دەستخۆشییە. دەبێت هاوپەیمانێتیی هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان داوای [ڕێکەوتنی نوسراو] و گەرەنتی له ئەمریکا بکەن!
١-هاوپەیمانێتیی هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان دەبێت خێرا خۆرهەڵاتی کوردستان، بە لوڕستانی کوردەواریی و ورمێ وە؛ ڕزگار و کۆنترۆڵ بکەن.
٢-سیاسەتیان لە بەرانبەر هاونەتەوەکانی ئێمە لە لوڕ و لە لەک بە شێوازێکی تەواو نەرم بێ: "ئێمەی کورد بەشێکین لە لوڕ و، لوڕیش بەشێکە لە کورد".
واتە: ئێمە (کورد و لوڕ) یەک ڕۆحین؛ یەک نەتەوەیی زاگرۆسیین. پێویستە هاوپەیمانێتیی هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان ڕێک پێچەوانەی ئەو سیاسەتانەی ڕەزا شا بکەن کە چۆن توانی درز بخاتە نێوان کورد و لوڕەوە (کە کاتی خۆی بەڵگەنامە نهێنییەکانی سی-ئای-ئەییم لەسەر سیاسەتەکانی ڕەزا شا بۆ جیاکردنەوەی لوڕ لە نەتەوەی کورد بڵاوکردەوە. کە ڕەزا شا؛ خۆرهەڵاتی کوردستانی -بە لوڕستانی کوردەوارییەوە- بە گرنگترین هەڕەشە بۆ سەر جوگرافیای دەستکردی ئێران؛ دانا بو. بڕوای وابو: لە پێناو مانەوەی ئێرانی دەستکرد دا؛ دەبێت کورد و لوڕ لە یەکتر جیابکرێنەوە. چونکە بەپێی دونیابینی ڕەزاشا؛ ئەگەر کوردولوڕ یەک بن؛ جوگرافیای دەوڵەتی دەستکردی ئێران لە نەخشەدا نامێنێت).
کەوایه، کاتێک هێزی پێشمەرگە لوڕستانی کوردەواریی ڕزگار و ئازاد دەکا؛ دەبێت جلوبەرگی برا لوڕەکانمانیان لەبەر دابێت و، بە وردی فێرکرابن و بڵێن: ئێمەی کورد بەشێکین لە لوڕو، هەوڵ بدەن فەرماندەکانیان لوڕ و لەک بێ!
واتە: ئەوپەڕی خۆیان بگونجێنن لە پێناو یەکانگیربونەوەی یەک نەتەوەی زاگرۆسیی (کورد و لوڕ) دا. ئەم خاڵە تاکتیکی زیاتری پێویستە لەسەری بنوسرێ؛ بەڵام بە خوا بە مۆبایل بەخێرایی ئەم بابەتە دەنوسم و، لەم بێکارەباییەدا حساب بۆ دابەزینی شەحنی مۆبایلەکەم دەکەم.
٣-هەڵەیەکی ستراتیژی گەورەیە کە هاوپەیمانێتیی هێزەکانی خۆرهەڵات "لێبوردنی گشتی"ی بۆ نیشتیمانفرۆشەکان دەربکەن. گرنگە لە ڕاگەیەنراودا تەنیا بڵێن: "داواتان لێدەکەین وەرنە ڕیزەکانی گەلەوە". بەڵام نابێت هەمان دەستەواژەی مام جلال+مەسعود بارزانیی+نەوشیروان کە تێرمی: "لێبوردنی گشتی"یە بەکاربێنن. ئەوە دواتر وادەکات ئەوانە ببنە بەڵاو، تەنانەت بڕۆنە پاڵ شاپەرستەکان، موجاهیدینی خەلق، پاشماوەکانی سەر بە ئەمریکا-ئیسرائیلی جمهوری ئیسلامیی و، هتد!
واتە: دەبێت لە ڕاگەیەنراوی هاوپەیمانیی پێنج هێزەکەی خۆرهەڵاتی کوردستان بە [وشەسازی] دەلاقەیەک بهێڵنەوە -بەبێ دەربڕین- کە شەرعیەتی یاسایی و شۆڕشگێڕیی بە حەقوحساب لەگەڵ نیشتیمانفرۆشەکان بدات. بەڵام ئەگونجی دەستەواژەی: "وەرنە بەرەی گەلەکەی خۆتان"یان بۆ بەکاربهێنرێ.
٤-دەبێت زۆر وریای پیلانەکانی تورکیاو شاپەرستەکان بن لە ورمێی قاسملو و نەغەدەی خۆرهەڵاتی کوردستان دا. دەشبێت زۆر بەئاگابن لە گێچەڵی شاپەرستەکان و موجاهیدینی خەلق لە لوڕستانی کوردەواریی و کرماشانی پایتەختی خۆرهەڵاتی کوردستان دا.
٥-نابێت لە ژێر فشاری سەرکردەکانی پارتیی و یەکێتیی و، تەلەفوناتی ئەمریکییەکانەوە، بەبێ ڕێکەوتن ببنە داردەست. بەڵکو دەبێت داوای [ڕێکەوتنامەی نوسراو] لە ئەمریکییەکان بکەن کە ئەمریکا گەرەنتی [کۆنفیدراڵ]ی یان [فیدراڵ]ی بۆ [جوگرافیا]ی هەرێمی خۆرهەڵاتی کوردستان (کۆماری کوردستان) بکات.
٦-دەبێت مشتومڕیان لەگەڵ ئەمریکییەکان دبلۆماسییانەو قانعکارانە بێت. واتە: ئێرانێکی فیدراڵ لەو جیۆپۆلەتیکە گەورەیەی ئێران یەکێک لە هۆکارە لۆژیکییەکانە کە ئێران چیتر ناتوانێ ببێتە هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاوئیسرائیل و، ئێرانی فیدراڵ؛ بە مانای ئەوەشە کە نەتەوەکانی ئێران دەبنە هاوپەیمانی ستراتیژیی و [بگرە هەمیشەیی] ئەمریکا، بە مەرجێ ئەمریکا-ئیسرائیل بەشێک لە مافە نەتەوەییەکانیان گەرەنتی بکات. بەوەش نەتەوەکانی ئێران بۆ هەمیشە وەفایان بۆ ئەمریکا-ئیسرائیل دەمێنێتەوە. پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە!
٧-لە هەر هەموی گرنگتر، واته گرنگترین ئەوەیە: خۆت لە ئەرزی واقیع بسەلمێنیی و، خێرا حکومەتی خۆت، بە وەزیرەکانتەوە؛ لە کرماشانی پایتەخت دا بکەیتە دیفاکتۆ.
٨-گرنگە هاوپەیمانیی هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان ڕێکەوتننامەیان لەگەڵ عەرەبەکانی ئەهواز و، بەلوجەکانی بەلوجستانی ئێران و، ئەگەر گونجاش لەگەڵ ئازەرییەکان هەبێت.
٩-دەبێت بەخێرایی یاسا سەروەر بکرێ و، وەکو پارتیی و یەکێتیی ئابڕوی خۆتان نەبەن کە لە ساڵی ١٩٩٢ ەوە تائێستا هەمو شتێکی باشوری کوردستانیان تاڵان کردوە بۆ گروپەکانیان. هەمو کوردیش شاهیدە هەر سەرکردەیەکی پارتیی و یەکێتیی لە ١٩٩٢ ەوەوە تا ئێستا کۆچی دوایی کردبێت؛ زۆرینەی خەڵکی باشوری کوردستان بە سەرکردەی کاریزمی خۆیانی نازانن، ئەوەش تەنیا بەهۆی تاڵانکاریی پارتیی و یەکێتییەوەیه. بێگومان ئەوە لە ئێران بۆتان ناچێتەسەر و دەبێتە هۆی ئەوەی کە ڕاستەوخۆ حکومەتی ناوەندی دەستبخاتە کاروبارتان کە زیاد لە دو ملیۆن کورد لە تاران دەژی و، بەوە وەسیلەیەک دەدەنە دەست حکومەتی ناوەندی کە بەبیانوی یاساسەروەرکردن؛ تەداخول بکات.
دەبێت خۆتان لە کێبرکێی [جاشایەتی]ی وەک ئەوەی هێزەکانی باشور و خۆراوای کوردستان کردویانە لەگەڵ دەوڵەتە ناوەندییەکانیان؛ دور بگرن. نابێت وەک ئاغای عەوڵای موهتەدی ئاغای دیبوکری هەنگاو بنێن کە خۆتان لە فارسەکان نزیکبکەنەوە لە پێناو بەرژەوەندی ئاغاواتیتان.
وەک چۆن مێژوی کورد؛ بەشێک لە ئاغاکانی دیبوکری وەک خائین دژی کۆماری کوردستان و قازی محەمەد تۆمارکردوەو، هەمو نیشتیمانفرۆشییەکی هێزەکانی باشور، باکور و، خۆراوای کوردستانیش تۆمار دەکات. ئاوهاش هی ئێوەش تۆمار دەکات. بۆیە زۆر پێویستە بەرپرسیارێتییەکانی حوکمڕانی بە کەسانی تەکنۆکراتی نیشتیمانپەروەری ڕاستەقینە بسپێرن و، [بەتەواوی قەدەغە] بێت داگیرکردنی گرد و زەوی و کێڵگەکانی زێڕ و زیو و نەوت و گازی خۆرهەڵاتی کوردستان؛ کە موڵکی گشتیین. هەروەها ناشبێت خۆهەڵکێش بن و باڵ بابدەن بەسەر خەڵکی خوێناوی خۆرهەڵاتی کوردستان دا.
پارتیی و یەکێتیی، هێزەکانی خۆراوای کوردستان، بە ئێوەشەوە؛ ئەگەر ئەمریکا نەبوایە خاکتان بۆ ڕزگار نەدەکراو ناکرێ. بۆیە، زۆر گرنگە [بەکردەوە خزمەتکار و شۆڕشگێڕی ڕاستەقینە]ی گەللی کورد بن، وەک قاسملو هەمیشە بۆ بەرژەوەندی [گشت] تێبکۆشن. نەک وەک ئەوەی ئێستا زۆرینەی خەڵکی باشوری کوردستان نەفرەت و قیز لە هێزە تاڵانکار و خۆسەپێنەکانیان دەکەنەوە.
کەوابو: گرنگە [بەرژەوەندی گشتیی خۆرهەڵاتی کوردستان] لەپێش بەرژەوەندی [حیزبەکانتان!] بەکردەوە بسەلمێنن. ئەگینا ئەوە خۆتانن کە زەمینەیەک دەسازێنن کەسانێکی ئۆپۆرتۆنیست لەگەڵ عەشیرەت و ناوچەکەی دا بە هاوکاری ئەملاولا؛ حیزبێک دروست بکات!
خۆرهەڵاتی کوردستان جێگای هەمو کەسێکی تێدا دەبێتەوە، بە مەرجێ ئەگەر یاساسەروەر بکرێ؛ گرنگترین هۆکارە بۆ مانەوەی هەستی نیشتیمانپەروەریی خەڵکی تێکۆشەری خۆرهەڵاتی کوردستان.
١١-ئەمریکا-ئیسرائیل هەتا چەند ڕۆژێکی تر تەرکیزیان لەسەر ئۆپۆزسیۆنی ئێرانییە بە گشتیی. واتە: دو ئەگەریان لە بەردەست دایە. ئەگەر زانیان ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیی کەمێک توانای خۆسەلماندیان هەیە؛ هەر بە هێرشی ئاسمانیی ئەم ڕژێمەیان بۆ خاپور دەکەن و زەمینەی گۆڕانکاری ڕادیکاڵی دەسازێنن.
ئەگەر زانیشیان ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیی زۆر بێتواناو فشەکەر و هیچ لەبارا نەبون؛ هەر لە ناو ئەم ڕژێمەی ئێران دەموچاوی سەر بە خۆیان دێننەسەر کار! یان مۆرەیەکی وەکو کوڕەکەی شا لە ناوەند دادەنێن! بەمپێیە، گرنگە لە کاتی خۆیدا دەرفەتەکان بقۆزنەوە، نە پێشبکەون و، نە دواش بکەون!
هەروەها، ئەگەر پارتیی و یەکێتییش تۆزقاڵێک ڕۆحی شۆڕشگێڕبونیان تێدا ماوە؛ گرنگە بە هەندێ تاکتیک وا لە حەشدی شەعبی بکەن کە لە شنگال، کەرکوک، خانەقین و موسڵی کوردستان زەمینەی ئاڵۆزیی و جوڵە بێتەکایەوەو، ئەمانیش دەرفەتەکە بقۆزنەوە!!! هەرچەندە هەندێ تاکتیک بە نوسین ناتوانرێ بە هێزەکانی خۆرهەڵات و باشور بوترێ.
١٢-گرنگە بە زویی تەنسیق لەگەڵ ئەمریکا-ئیسرائیل بکەن بۆ چالاکی هاوبەش بە ئامانجی ڕزگاریی، کە چەندین تاکتیکی داگیرکەر پڕوکێنەر لەخۆبگرێت...!!!
١٣-ئەگەر پێچەوانەی ئەو خاڵانەی سەرەوە کە باسم کرد، هەنگاو بنێن؛ هاوکێشەکان بۆ بەرژەوەندییەکانی کورد پێچەوانە دەبنەوە!
تا خۆر بمێنێ؛ کوردستان و کورد هەر دەمێنن و، کوردستان دەکرێتە دۆزەخ بۆ ئیمپریالیزمی تورک، ئیمپریالیزمی فارس و، ئیمپریالیزمی عەرەب. ئێستا ئەو تەوقیتەیە کە هەمو کوردێکی کەرامەتدار و بە شەرەف پشتیوانی براو هاوخوێن و هاونەتەوەکەی خۆیان لە خۆرهەڵاتی کوردستان بکەن بۆ ڕاماڵینی ئیمپریالیزمی فارسی خوێنخۆری کورد.
کوردبون؛ لوتکەی شەرەفمەندییە.
جاشبون و جاشبیری؛ ئەوپەڕی بێشەرەفییه!