لالۆ، بەهارەکەی خوەشە؛ ئاخوند قڕانە!!

شه‌ریف عەلی
  2026-03-11     576

 

قسەکانی ترەمپ لەبارەی کورد، بەشدارینەکردنی بەریتانیاو، دەرنەکەوتنی موجتەبا خامنەیی!

 

چەندین دۆست و هاوڕێ زۆر پرسیاریان بۆ ناردوم و، هەوڵەدەم بەخێرایی تێفکرینەکانم لەسەر بەشێک لەو پرسیارانە بخەمەڕو. لە ڕۆژانی داهاتو ئەگەر گونجا، بەڵێن بێت؛ وەڵامی پرسیارەکانی هاوڕێیانی تریشم لە وتارێکی تری گشتگیردا بدەمەوە.

 

سەبارەت بەوەی: ئایا قسەکانی ترەمپ لەسەر کوردانی خۆرهەڵات چۆن هەڵەسەنگێنم!؟

 

پێموایە، بەپێچەوانەی هەمو کوردەوە؛ ئەو قسانەی ترەمپ کە وتی: "نامانەوێ کوردەکان لێیان بکوژرێ"، بە دیدگایەکی ئەرێنیی نازانم. 

 

 بۆ ئەوەی تێبگەن، نمونەیەک دێنمەوە!

 

لە دەورانی خوێندنی ماستەرەکەم لە زانکۆی لەندەن هەفتانە دو سیمینار ساز دەکرا. ڕۆژێک سیمینارێکم بۆ پڕۆفیسۆرێکی جو بەڕێوەدەبرد، لەسەر: "ڕۆڵی ئیسرائیل لە خۆپیشاندانەکانی سوریا دژی ئەسەد". ئەوکات ڕژێمی ئەسەد نەڕوخابو و، تازە بە تازە بەرمیلی کیمیاویی دژی شارە ڕاپەڕیوەکان بەکاردەهێنا.

 

دکتۆرێکی ئەفریقی پرسیارێکی لە پڕۆفیسۆرە جووەکە کرد: "ئایا ئەمریکا زیاتر لە پێنج هەزار سەربازی لە عێراق کوژراوە؛ چۆن داخڵی شەڕێکی تر دەبێ لە سوریا دا!؟".

 

ئەمە دەقاودەقی وەڵامەکەی پڕۆفیسۆره جووەکە بو، کە سەرنجڕاکێش بو بۆم و، وتی: "کوژرانی پێنج هەزار سەرباز ژمارەیەکی گەورە نییە بۆ دەوڵەتێک کە بیەوێت بە زلهێزترینی جیهان بمێنێتەوەو، بێتە کەنداو و، بۆ ستراتیژی سێگۆشەی عێراق+سوریا+ئێران هەنگاو بنێت. تۆ بتەوێ بەزلهێزترین بمێنیتەوەو، بتەوێت ژمارەیەکی هەرە کاریگەر بیت؛ ئەبێت قوربانیی بدەیت".

 

من ناڵێم؛ دەبو هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بەجۆرێ هەنگاویان بنایە کە گەللی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان بە جینۆساید کردن، بدەن. بەڵام دەبێت هەم خاوە-خاو نەکەن و، هەمیش بزانن لەگەڵ ئەمریکا-ئیسرائیل چۆن دانوستان دەکەن!

 

ئەو قسەیەی ترەمپ لە ڕوی دبلۆماسییەوە بەو مانایەیە: "گەر تۆ ئامادەی قوربانیدان نەبیت؛ دواتر نابێت چاوەڕێی دەستکەوت بکەیت".

 

بیرمان نەچێت، ترەمپ لە شانزەی ئۆکتۆبەر وتی: "هەمو کەسێک دەیانوت؛ کوردەکان ئازان. بەڵام بەبێ هێزی ویلایەتە یەکگرتوەکان نەیانتوانی بەرانبەر میلیشیا لاوازەکانی عێراق خۆیان ڕابگرن".

 

ڕەنگە کەسێک بڵێت: ئاخر شانزەی ئۆکتۆبەر هۆکارەکەی ئەوەبو کە یەکێتیی کەرکوکی بە داگیرکەران فرۆشت!

 

ئەوە ڕاستە. بەڵام من سەرلەبەیانیی ڕۆژی شانزەی ئۆکتۆبەر بابەتێکم بەخێرایی نوسی، لە ژێر ناونیشانی؛ "پەیامێکی بە پەلە بۆ مەسعود بارزانیی"، تێیدا ڕونم کردەوە: "بارزانیی، خەڵکی کوردستان دەبینن یەکێتیی کەرکوکی فرۆشتوە. گرنگە پارتیی بەرگری بکات. دنیا تەماشا دەکات؛ ئەگەر دو ڕۆژ بەرگریکردن هەبێ، هاوکێشەکان دەگۆڕێن! گەر بتەوێت تاهەتایە ببیتە ئەستێرەیەک لە ئاسمانی کوردستان، کەمال کەرکوکیی و کوڕێکت لە کەرکوک بە شەهیدکردن بدە. هەتا ئەتوانیت بەرگری بکە!".

 

بارزانیی ئەو ڕۆژە بەیاننامەیەکی توندی لەسەر یەکێتیی دەرکرد کە خیانەتیان کردوە، ڕاستیشی وت!

بەڵام خودی مەسعود بارزانیی پاش چەند ڕۆژێ دیداری لەگەڵ بافڵ و قوباد کردو، سەد و هەشتا پلە بایدایەوەو، بە بەیاننامەی فەرمی بە "برازای خۆی" ناوی بردن! ڕاستە لە ڕوی سیاسییەوە دەگونجێ لەگەڵیان کۆببیتەوە. بەڵام ئەو دەستەواژە لە کوێ  کە هێشتا خوێنی شەهیدەکان وشکنەبۆوەو، بەیاننامەکەی ڕۆژی شانزەی ئۆکتۆبەر لە کوێ!

 

مەبەستمه بڵێم: بەریتانیا چۆن لە ڕێی یەکێتییەوە، بە هەماهەنگی ئێران-عێراق-تورکیا؛ کەرکوکی دایەوە بە عەرەب. هەمان بەریتانیا هەر لە ڕێی یەکێتییەوە دەیانەوێ پڕوپاگەندەیەک بسازێنن کە کورد نابێت بەشداری جەنگی ئێران بکات؛ چونکە کورد جینۆساید دەکرێ! 

ترسناکی ئەم خاڵە لەوەدایە: لە ڕێی خاوە-خاوکردن بە هێزەکانی خۆرهەڵات؛ دەرفەتە زێڕینە سەدەییەکە لەدەست بچێت. [چونکە سەدەیەک جارێک بۆ باکوری کوردستان، یان خۆرهەڵاتی کوردستان، هەڵەکەوێ کە داگیرکەرەکەیان بە لێدانی دەرەکیی خاپور بکرێت. بەو فاکتەی؛ داگیرکەرەکانیان هێندەی ئیمپراتۆرێک جیۆپۆلەتیکیان هەیەو، تورکیاو ئێران وەک عێراق و سوریا؛ دەوڵەتی-حاشییە نین!].

 

ئەسڵی مەسەلەکە ئەوەیە: "بەریتانیا ئەندازیاری ڕێکەوتننامەی سایکس-پیکۆ-سازانۆفەو، نایەوێت ئەمریکا-ئیسرائیل نەخشەی ناوچەکە بە ئەندازیاری خۆیان دابڕێژنەوە. چونکە بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا لەگەڵ فارس و تورک و عەرەب جێگیرە بەهاوتەریبی لەگەڵ پاشخانە مێژوییەکەدا".

 

واتە: ڕاستە بەریتانیا هاوپەیمانی ئەمریکا-ئیسرائیلە. بەڵام بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا و فەرەنسا جیاوازیی و لێکچونیشیان هەیە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا-ئیسرائیل.

 

هەندێ جار، سەرکردەی کاریگەر لە نێو گەلان دروست دەبن، کە چەندین قۆناغ باڵادەستیی ئەو گەلە دەبەنەپێشەوە.

 

وەختە بەهۆی نەتەنیاهۆوە؛ ئیسرائیل شوێنی بەریتانیای عوزما لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەگرتێتەوە!

وەک وترا؛ بەریتانیای ئەندازیاری سایکس-پیکۆ-سازانۆف کە دروستکاری زیاتر لە بیست دەوڵەتە بۆ عەرەب و، دو نیمچە ئیمپراتۆری فارسیست و تورانیەت بۆ فارس و تورک، بەدرێژایی سەدەی ڕابردو بە توندی دژی هەر دەستکاریکردنێکی جوگرافیی و تەداخولاتێکە لە ناو دەوڵە دروستکراوەکانیی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا.

 

بەشێک لە نوسەرە ئیسرائیلییەکان پێیان وایە: یەکێک لە لێدانەکانی بەریتانیا لە بزوتنەوەی جووەکان بریتی بوە لە: دروستکردنی ئەو هەمو دەوڵەتە بۆ عەرەب!

 

عاقیبەت، خودا؛ دو سەرکردەی خاوەن بڕیاری بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا "نەتەنیاهۆ و ترەمپ" بەخشی کە هیچ حسابیان بۆ بەریتانیای ئیمپراتۆری پێشوی جیهان نەکردو، بۆچونیان بە هەند وەرنەگرت و، هێرشیان کردەسەر ڕژێمی ئاخوندەکان.

 

واتە: توانای نەتەنیاهۆ بە ڕونی ئەوەی سەلماندوە؛ ئێستا ئیسرائیل خاوەن بڕیارترە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەتا بەریتانیا! ئاوا ئیسرائیل، کە جوگرافیایەکی زۆر بچوکی هەیە، بەهۆی نەتەنیاهۆوە بوەتە سەرداری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست؛  بەریتانیای ناچار کردوە شوێن سیاسەتەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە بکەوێت! بیرمان نەچێت: ئیسرائیلییەکان هەر لە جەنگ دا ئازاو تۆڵەسێن نین، بگرە لە زانستییش دا؛ زۆر زیرەکن!

 

گومان لەوەدا نییە، بەریتانیا بەرژەوەندی لەگەڵ ئێران، عێراق و، تورکیا هەیە. ئەمریکاو ئیسرائیل باش ئەمە دەزانن. بۆیە کاتێک بەریتانیا سەرەتا بەشداری ئەم ئۆپەراسیۆنەی نەکردو، لە پێناو بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ ڕژێمەکەی تاران؛ ناڕاستەوخۆ پشتی لە ئەمریکا-ئیسرائیل کرد.

 

ئێستا بەریتانیا باش دەزانێ، کە: ئەمریکا-ئیسرائیل پێویستیان بەو نییەو، لە ستراتیژیش دا، کە چەند مانگ یان چەند ساڵێکی تریش بخایەنێت؛ هەر ئەمریکا-ئیسرائیل ئەم ڕژێمەی ئێران دەڕوخێن. بۆیەشە بەریتانیا بایداوەتەوە. 

 

بەڵام ترەمپ وتی: "تازە پێویستمان پێی نییە!". بێگومان ئەم [ئۆپەراسیۆن]ەی ئەمریکا-ئیسرائیل دەچێتە خانەی تاکتیکەوە نەک ستراتیژ! 

ئەمریکا-ئیسرائیل تاکتیک بۆ تاکتیک؛ تا پێکانی ستراتیژ هەنگاو دەنێن. کەی ئەم ئۆپەراسیۆنە وەستا؛ واتە ئەم تاکتیکەیان تا ئەو جێگا بردویانە. بەڵام ستراتیژەکەیان؛ ڕوخاندنی سیستەم و ڕژێمەکەشە.

 

مەبەستم ئەوەیە: ئەمریکا-ئیسرائیل دوای چوار ڕۆژ بەسەر ئۆپەراسیۆنەکە بە بەریتانیای هاوپەیمانیی [هەمیشەی]یان بڵێن: "تازە پێویستمان پێت نییە!". سەرکردەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان دەبێت وریا بن و، خاوە-خاو نەکەن. ناڵێم: "پەلە بکەن". دەڵێم: "خاوە خاو نەکەن!".

 

خۆی عەقڵی سیاسیی-ستراتیژی ئەوەیە: دەرفەت لە کاتی خۆیدا بقۆزێتەوه، نە دوا بکەویت و نە پەلەش بکەیت. وەک بێوێنەترین سەرداری جیهان؛ ئیمپراتۆر سەلاحەددینی ئەیوبی. کە تائێستا هیچ ئیمپراتۆرێک لە مێژوی جیهان نەبوە، هێندەی عەقڵی سەلاحەددین بە وردی خوێندنەوەو توانای بۆ قۆستنەوەی تەوقیتی سەرکەوتنە گەورەکانی بەریەکەوتنی ئیمپراتۆریەتەکان هەبێت.

 

لە ڕوی مێژوییشەوە؛ ئینگلیزەکان زۆر خەڵکی خۆیان ناردە لای سەرکردەکانی کورد کە لە جەنگی یەکەمی جیهان ببنە هاوپەیمانیان. بەڵام شێخ مەحمود شوێن فەتوای سوڵتانی عوسمانی کەوت لە کۆتاییەکانی ١٩١٤.

 بەڵام، لە ساڵی ١٩١٥، ساڵێک پێش ڕێکەوتننامەی سایکس-پیکۆ، لیژنەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بۆ جەنگەکە بڕیاری دا؛ هاوپەیمانەکانیان و دوژمنەکانیان وردتر پۆلێن و دیاری بکەن. هاوپەیمانەکانیان ئەوانەبون کە هاوشانی ئینگلیز شەڕیان دەکرد، وەکو زۆرینەی عەرەبەکان. بەڵام کوردەکان بە سەرکردایەتیی شێخ مەحمود کە لە بەسرە دژی ئینگلیز دەجەنگان. لە لیستی دژبەرەکانیان ناویان تۆمارکرا.

 

گرنگە بزانرێ: ئەمریکا-ئیسرائیل هەمان هەڵەی عێراق دوبارە ناکەنەوە کە هەمو شتێک بۆ پارتیی و یەکێتیی پاک بکەن و، دواتر داوای پشک بکەن! 

 

گرنگە لە زانستی دبلۆماسییەت بزانیت. تەنانەت ئەگەر هاوپەیمانیی هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان دەیانەوێ وەک (پارتیی-یەکێتیی) بەکردەوەش تا بۆیان پاک نەکرێ؛ بەشدار نەبن. دەبو لانی کەم بە بەیاننامەیەکی فەرمی پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنی ئەمریکا-ئیسرائیل بکەن و، زۆر پرسی تر!

 

لەلایەکی ترەوە، هاوڕێیەک پرسیاری کردوە؛  عەبدوڵای حەسەن زادە وتویەتی: "کوڕی شا داهاتوی لە ئێران نییەو، ترەمپیش ڕەفزی بەسەر کوڕی شادا هێنا"، ئایا دکتۆر بەبۆچونی تۆ کێ جێی ئەم ڕژێمە دەگرێتەوا؟

من لە کەناڵەکان ئەو قسانەی عەبدوڵای حەسەن زادەم نەدیوە؛ بۆ ئەوەی بزانم بەوردی چی وتوە. 

خۆ ئەگەر وای وتبێت؛ بەپێچەوانەوە، من پێموایە: هێشتا کوڕەکەی شا هەر یەکێک لە بژاردەکانی دەست ئەمریکا-ئیسرائیلە. چونکە ئیسرائیل پەسەندی دەکات! 

ترەمپ هەندێ جار پێچەوانەی قسەکانی خۆی هەنگاو دەنێت؛ بۆ ئەوەی سەر لە بەرانبەرەکانی (کە ئێرانە)و میدیاکاران بشێوێنێت. خۆ ناکرێ بەهۆی پرسیاری ڕۆژنامەوانانەوە لێت؛ تۆزقاڵێکی پلانەکەشت ئاشکرا بکەیت! 

 

ئەمریکا-ئیسرائیل بژارەی تریان زۆرە، موجاهیدینی خەلق هەن. ئەو کەسایەتیانەش هەن کە لە پێگەی باڵادان لە ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی داو بەنهێنیی سەر بە ئەمریکا-ئیسرائیلن. بێگومان دەیان سیاسەتمەدار و بازرگانی تری ئێرانییش هەن.

 

بەڵام وەک لە جەنگی دوانزە ڕۆژە ڕونمکردەوە: ڕاستە ئۆپۆزسیۆنی ئەم ڕژێمەی ئێران لە ڕوی ژمارەو قەبارەشەوه؛ زۆرن. بەڵام گەورەترێن کێشەی ئەمریکا-ئیسرائیل نەبونی ئۆپۆزسیۆنێکی یەکگرتوە. واتە: هەر یەکە لە ئۆپۆزسیۆنە فارسەکان؛ خەیاڵ و ئامانجێکی هەیە.

 پێموایە: ئەمریکا-ئیسرائیل بژاردەی دانانی کەسێکیان لەبەردەست دایە. یاخود باشوری ئێران و خۆرهەڵاتی کوردستان بکەنە ناوچەی ئارام. بەکورتییەکەی بۆ ستراتیژ زۆر بژاردەیان هەیە. تازە تا ئاخوند هەبێ؛ ئەمریکا-ئیسرائیل پێیانەوە گرتویەتیی!

 

 "لالۆ، بەهارەکەی خوەشە؛ ئاخوند قڕانە!!"

 

هاوڕێیەک دەڵێت: پێتوانییە ئەم جارەش ئێران وەکو ساڵی پار سەرئەکەوێت؟

 

بەڕێزم، ڕژێمی ئێران نە ساڵی پار سەرکەوت و، نە ئەمجارەش سەرکەوتوەو، سەرەکەوێت.

 من لە ٢٠١٢ ەوە بە تێفکرینی ستراتیژی سەدانجار هۆکارەکانیم شیکردۆتەوەو هەزاران خوێنەر شاهیدن، بەوردی دەیان هەڵسەنگاندنی ستراتیژییم کردوە، کە: ئێران و بەرەی ئێران؛ بەرەی دۆڕاو و ڕوخاوەکانن! 

 

کێشەکە ئەوەیە: عەقڵی بەشێکی شیکەرەوەی کوردو خەڵکی کوردستان وایە، هەر کە ئێران موشەکێک دەدات لە ناوچەیەکی مەدەنی ئیسرائیل؛ ئیتر تەڵاق دەخۆن ئەوە ئێران سەرکەوت! تۆ بتەوێ ئێران کە هێندەی قاڕەیەکە بەو جیۆپۆلەتیکە گەورەو تۆبۆگرافیا سەختەوە هیچ کاردانەوەی نەبێ؛ لە خەیاڵ دا دەژیت!

 

لە ستراتیژ دا، ئەمریکا-ئیسرائیل ئەم ڕژێمەی ئێران دەڕوخێنن.

 

ئەم ئۆپەراسیۆنەی ئەمریکا-ئیسرائیل دەچێتە خانەی تاکتیک بۆ پێکانی ستراتیژ.

وای دابنێین ئەمڕۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە دەوەستێت، کە ئەمڕۆ ناشوەستێت. بەڵام ئەگەر تەنانەت ئێستا بشوەستێت؛ هەر ڕژێمی ئێران خاپورکراوەو، دۆڕاوی تاکتیکیی و، ستراتیژیشە.

 

هێزی ئاسمانیی و دەریایی لەناوبراوە. زیاتر لە پەنجا کەشتیی جەنگیی نوقمکراوە.

 

هەواڵگری ئێران وەک سەرکردایەتیی یەکێتیی ئێستا و گۆڕانی ئەوسای لێهاتوە. نەوشیروان مستەفا هەر قسەیەکی نهێنیی لە کۆبونەوەکانیان بکردبایە؛ ڕۆژی دواتر دەزگای پاراستن بڵاوی دەکردەوە. واتە: ئەفسەر و کاربەدەستانی ئیتلاعات بڕوایان بە یەکتری نەماوە.

هەرچی سەرە بەهێزەکانی ئێرانە؛ لەناوبراوە.

هەرچی تاقیگای ئەتۆمە: بۆمباران کراوە.

هەرچی کارگەی دروستکردنی موشەکە؛ خاپورکراوە.

زۆرینەی پاڵاوگەکان گورزی لێدراوە.

زۆرینەی بارەگاکانی پاسداران خاپور کراوە.

 

ڕاستە تەنیا ئەو هێزانەی سەر بە ئێران کە لەسەر مانگن، وەکو؛ حەشدی [گروبان]و [ئاخوندی گروبان]؛ ماون. ئەگەر ئەمانیش نەمێنن و لەسەر مانگەوە جار-جار موشەک بە کۆشکی سپییەوە نەنێن؛ جەنگەکە تامی تیانامێنێت!

 

ئەمریکا-ئیسرائیل؛ ئێرانیان بۆ سەدان ساڵ داڕوخاندوە. سەرکەوتنی چی؟ تۆش درۆن و موشەکت هەبێ؛ دەتوانیت هەڕەمەکیی بیگریتە هەولێر و ئیسرائیل.

 

سەرکەوتن ئەوەیە، بتوانیت: هێزی ئاسمانیی، دەریایی، بالیستیی، ئەتۆم، وزە، هەواڵگریی و، تەنانەت زەمینیش خاپور بکەیت. تو لۆژیک و ویژدانت؛ ئەم ڕژێمەی ئێران کوێی گورزی داڕوخێنەری تێنەسرەوێنراوە!؟

 

دۆستێک پرسیویەتی: کەناڵی ڕوداو دەڵێن موجتەبا خامنەیی دیار نییە، دکتۆر پێتوایە بۆچی خۆی دەرناخات!؟

 

برای بەڕێزم، ئەوە لە بنەڕەت دا قسەی کەناڵی ڕوداو نییە. بەداخەوە زۆرێک لە کورد ئینگلیزی نازانن. بەڵکو ئەوە قسەی دو ڕۆژ پێش ئێستای کەناڵی سی-ئێن-ئێنی ئەمریکییە.

 ئەوانەی خۆیان ناوناوە؛ شیکەرەوەو میدیاکارانی ڕوداو. بەشێکیان کە گوایە تەحلیلی سیاسیی دەکەن؛ ناڵێن سی-ئێن-ئێن وتویەتی: "نیشانەی سەرنجە کە موجتەبا دیار نییە". بەڵکو بەردەوام بە ئایپادێکەوە تێفکرینی تەلەفزیۆنەکانی جیهان چێک دەکەن و، دەیکەنە بە ناوی خۆیانەوە. ئەو ڕەفتارە لە ناو گەلانی پێشکەوتو و تێگەیشتو پێی دەوترێ: دزی زانستیی و میدیایی.

 

بەهەرحاڵ، دەبێ پرسیارەکە ئاوا بێت: بۆچی لە دو ڕۆژ پێش ئێستاوە؛ سی-ئێن-ئێن دەیڵێتەوە؛ نیشانەی سەرسوڕمان و سەرنجە کە موجتەبا خامنەیی دیار نییە!؟

وەڵامی ئەم پرسیاره بەخێرایی سێ ڕەهەندی هەیە:

 

١-ئیسرائیل؛ موجتەبای کردبوە ئامانج. ئەمریکاو ئیسرائیل دەیانەوێ بەوردی بزانن برینداربونەکەی تا چ ڕادەیەکە، ئەگەر مابێت!

 

٢-ئەگەر موجتەبا کوژراویشە؛ ئایا ئێران دەیەوێ چیرۆکێکی [پاڵەوانێتیی درۆینەی] بۆ بهۆنێتەوە! چونکە ئەگەر ئێران لە ماوەی سێ ڕۆژی یەکەمی جەنگەکەدا ڕایبگەیاندبایە: هەر هەمو ئەم ڕێبەر و کاربەدەستە هەرە باڵایانەی کوژراون؛ بەتەواوی فشۆڵی دەزگای ئیتلاعات سەد لە سەد دەسەلما، کە فشۆڵییەکەی ئیتلاعات بەرانبەر تەدەخولاتی مۆساد تا ئێستا بە ڕادەی هەشتا لە سەد سەلماوە. 

 

٣-ئەو ئەگەرەش هەیە: ترسی کاربەدەستانی ئێران لە دابارینە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بەسەریان داو، متمانە نەمانیان بە دەزگاکانی خۆیان به ئیتلاعات و پاسدارانیشەوە، وایکردبێ خۆیان بشارنەوەو، زێڕەیان کردوە هەتا سازشێکی گەورە بۆ ئەمریکا-ئیسرائیل بکەن، ئینجا دەرکەون. پرسیارەکە ئەوەیه؛ ئایا پۆتینیش درۆ دەکات کە دەڵێت: لەگەڵ موجتەبا قسەم کردوە! بێگومان لەم ساتەدا دەکرێ بە پیلان لەگەڵ ئێران؛ پۆتنیش درۆ بکات. دەشگونجێ لەبەر چەند هۆکارێکی تریش؛ ڕاست بکات!

 

کورتوپوخت؛ ئەگەر تەنانەت ئێستا ئەم ئۆپەراسیۆنەی ئەمریکا-ئیسرائیلیش بوەستێ، تاکتیکێکی تریان برۆتە پێشەوەو، ستراتیژەکەیان هەر: ڕوخاندنی ئەم ڕژێمەی ئێرانە کە دەتوانن لە بابەتەکانی پێشوم هۆکارەکانی بخوێننەوە! 

 

هێزەکانی کوردی خۆرهەڵات دەبێ بزانن هەر شتێک تورکیا و ئێران پێیان خۆش بێت؛ ئەوە پێچەوانەکەی بکەن!!

 

ئەیڵێمەوه: "لالۆ، بەهارەکەی خوەشە؛ ئاخوند قڕانە".

 

شەریف عەلی: دکتۆرا لە دبلۆماسیەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
راگه‌یه‌ندراوی كۆمه‌ڵه‌ له‌باره‌ی شه‌هیدبونی نۆ پێشمه‌رگه‌یان له‌ هێرشه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر زڕگوێزه‌ڵه‌
لانیكه‌م هه‌شت پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه له‌ زرگوێزه‌ڵه‌ شه‌هیدبون
سی پی تی: ژمارەی سەرجەم قوربانییانی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێم گەیشتە ١٤٤ کەس
وێنه‌و ناسنامه‌ی شه‌هیده‌كانی كۆمه‌ڵه‌: ژماره‌یان بۆ نۆ شه‌هید به‌رزبوه‌وه‌
ئەمریکا 6 پردی ئێرانی بۆردومان دەکات و تاران 4 وڵاتی عەرەبی دەکاتە ئامانج
دوران کاڵکان: کۆتایمان بەخەباتی چەکداری هێناو نابینە هێزێک کە چالاکیی چەکداری دژی تورکیا ئەنجام بدەین
هێرش كرایه‌ سه‌ر كه‌مپی سورداشی كۆمه‌ڵه‌و دو پێشمه‌رگه‌ برینداربون
هێرشەکەی سەر تاسڵوجە بەپێنج درۆن ئەنجامدراوە
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم: به‌توندی سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌ته‌كانی كاره‌باو سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌باره‌ی پێدانی كاره‌باو دابینكردنی غاز
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×