یادی هەڵەبجەیەو بێ دەنگیت، بەسەرهاتێک، شتێک!؟

شه‌ریف عەلی
  2026-03-16     341

هاوڕێیەک ئەو پرسیارەی کردوە.

برام، بڕوا بکە هیچ وشەیەک ناتوانێت دەربڕی کارەساتی هەڵەبجە بێت.

ڕونە کارەساتی هەڵەبجە چۆن ڕویدا.

 ئەڵبەتە من لە بەڵگەنامە نهێنییەکانی بەریتانیا دۆزیمەوە کە بەریتانیاش چەکی [نایاسایی!!] بە سەددام و ئێران فرۆشتوەو، ئەوانیش دژی کورد بەکاریان هێناوە. 

لە ساڵانی ١٩٨٧ و سەرەتای ١٩٨٨، چەند جارێک چەند پەرلەمانتارێکی بەریتانیی نامەی نهێنییان بۆ حکومەتی بەریتانیای ئەو سەردەمە نوسیوە، کە: "ئەو چەکانەی بە سەددام و ئێرانیی دەفرۆشن؛ چەکی نایاسایی و قەدەغەکراوەو، ئێران و عێراق بەردەوام دژی گەلەکانیان و بەتایبەت گەلی کورد بەکاری دێنن!".

بەردەوام حکومەتی بەریتانیا بە نهێنیی تەنیا بە [یەک دێڕی وەک یەک] وەڵامی ئەو پەرلەمانتارانەی داوەتەوە، کە: "بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی خاوەنشکۆی شاژن وا دەخوازێت!".

سەبارەت بە چیرۆکەکان؛ وەڵا چەند یادەوەرییەکی کارەساتی هەڵەبجە هەن، هەرگیز لە یادم ناچن.

ڕونە ئەو سەردەمە چوار ساڵان بوم، بە پشتی دایکمەوە بوم و، دایکم دو گیانیش بو.

یەکێک لە ڕوداوەکان کە هەرگیز لە بیرم ناچێت، ئەوەبو: ئێمە لە هەڵەبجەوە هەڵهاتین بۆ ئۆردوگای هەرسین. باوکم گیرا بو. ئێمە لە خێمەیەک دابوین زۆر شڕ بو. ڕۆژێک زۆر تینوم بو. ئاوی خواردنەوە لە خێمەکانی دراوسێکانیشمان نەبو. 

منیش ڕۆشتمە خێمەی دراوسێکەمان و، مەسینەیەک لە بەردەم شەمسەدینێک دانرابو، لەبەر ئەوەی تینوێتیی بڕستی لێ بڕیبوم و، لە نەبونی ئاگایی مناڵییش دا؛ ڕێک مەسینەکەم نا بەسەرەوە.

 تومەز مەسینەکە پڕ لە نەوتەو، لە بەردەم شەمسەدینەکەدا؛ گەرم-گەرم بوە.

خێرا؛ هەناو و گەدەمی سوتاند. گیانم تیانەما. 

هۆشم هاتەوە لە خەستەخانەیەکی ئۆردوگاکە بوم کە ئەویش خێمە بو و، دایکم و هەندێ ژنی دراوسێ بەسەرمەوە بون. لەو ڕۆژەوە توشی ئازارێکی زۆر توندی مەعیدە بوم. ئەم چوار ساڵەی ڕابردو لە بەریتانیا، شوکر بۆ خوای گەورە؛ بە تەواوی چارەسەرم کرد.

ڕوداوێکی تر، ئەوەبو؛ دو خوشکم کە یەکی دو ساڵێک لە من گەورەتر بون، لە ڕاکردن لە هەڵەبجە لە ئێمە دابڕان. دواتر ئێمە کە کەوتینە ئۆردوگای هەرسین؛ دایکم و ئەوان بە هەزار پرسیار لە ئۆردوگایەکی تر دۆزیبونیانەوە.

چیرۆکێکی تر، ئەوەبو؛ لە سەرەتای نەوەدەکان کە لە ئۆردوگای بەرحوشترەوە گەڕاینەوە بۆ هەڵەبجە. ئێمە مانگاو بزنمان هەبو لە گەڕەکی کانی عاشقان. خوالێخۆش بو؛ کاک حاجی لایەق عەبابەیلێیش، کە شا پیاو بو؛ مرۆڤێکی زۆر بەڕێز بو. ئەویش دو مانگای هەبو. 

ئەو لەبەر ئەوەی بە تەمەن گەورەبو و مناڵی وردی نەبو، بەیانیان کە مانگاکانی خۆمانم دەبرد بۆ ناو گاگەل بۆ ئەوەی گاوانەکه بیانبات بۆ لەوەڕگاکان، لە بەردەم دوکانەکەی کاک حاجی لایەقیش دا بە ئەویشم دەوت: "کاک حاجی مانگاکانی خۆتان بەردە با لەگەڵ ئەوانەی خۆمان بیانبەم بۆ لای گاوانەکە".

بەیانییەکیان ڕۆژی شانزەی سێ بو، دایکم مانگاکانی ئێمەی بەرداو؛ بردمن. لە بەردەم دوکانەکەی کاک حاجی لایەق ویستم وەک ڕۆژانی تر پێی بڵێم: "کاک حاجی مانگاکانتان بەردە با ئەوانەی ئێوەش لەگەڵ ئەوانەی خۆمان ببەم بۆ لای گاوانەکە".

کەچی شتێکی سەیرم دی. لە ناو دوکانەکەدا، کاک حاجی هەستابوەوە سەر پێ و، بەو تەمەنەوە دەیدا بە ڕانی خۆیداو ئەگریا، هەمو دەمو چاوی وەک ڕوبار فرمێسکی پێدا دەهاتەخوار. بەردەوام هەردو دەستی دەبرده لای دەموچاوی و ئەیوت: "بڕوا ناکەم ئەم دەستانە بو بێ!"، دیسانەوە دەیکێشایەوە بە ڕانەکانی خۆی داو؛ بە توندی دەگریا. مرۆڤ جەرگی دەبوە ئاو.

منیش وتم: "کاک حاجی ئەوە چی بوە، گەر بە من بکرێ لە خزمەتتدام؟".

بە دەم گریانەوە، وتی: "شەریف گیان بڕوا دەکەیت من بەم دەست و پەنجانەی خۆم تەرمی ژن و مناڵەکانم کۆکردبێتەوە؟".

وتم: "وەڵاهی تێناگەم".

وتی: "تۆ مناڵی بڕۆ لە ماڵەوەتان بپرسە. کارەساتی کیمیاوییەکە بەتایبەت لە ژن و مناڵی منی دا. ئەوکاتە ژنێکی ترم هەبو کە لە کیمیاوییەکە شەهید بو؛ ئەم دواییانە [نەفیە]م هێناوە".

منیش وتم: "کاک حاجی خوا عەفویان بکات، ئینشائەڵا. ئەمڕۆ یادی کیمیاوییەکەیە؛ دێیت بۆ یادەکە؟".

وتی: "نایەم بۆ یاد، یادی چی؛ خوا ڕوی ئەمانە ڕەش بکات کە پاسداریان هێناو، دڕندەیەکی وەکو سەددامیان تێ بەرداین و، ماڵیان کاول کردین. جا تۆ دەزانیت من چ ژن و مناڵ و ماڵێکم هەبو!؟".

بەهەرحاڵ، مانگاکانی بە گریانەوە بەرداو، بردمن بۆ لای گاوانەکەو، خێرا گەڕامەوە بۆ ماڵ؛ چونکە ڕۆژی پێشتر لە مەکتەب پێیان وتبوین: "بەیانی بێنەوە بۆ دەوام بۆ یادەکە ئەڕۆین. نوێنەرەکان دەبێت لافیتەکان هەڵبگرن".

منیش نوێنەری خوێندکاران بوم. زۆرینەی ساڵەکان بەشێکی وانەکان مەعفو بوم.

 ئەو سەردەم لە دەنگدانی هەڵبژاردنی نوێنەری خوێندکاران، جاری وا هەبو حەرەکە بە میکزەمینی و دۆشکەوە دەهاتە بەردەم قوتابخانەکان بۆ ئەوەی نوێنەرانی سەر بە خوێندکاران بترسێنێ و، پاشەکشە بکەن و، نوێنەرانی سەر بە حەرەکە بەزۆر دەربچێنن.

منیش لە دەنگدانەکان؛ پاشەکشەم نەکردبو و، دەنگی خوێندکارەکانیش بە من درابو. بۆیە هەندێ مامۆستا کە حەرەکەی ئیسلامیی بون، چەندینجار دەیانوت: "خۆشمان ئەوێیت کە تەلەبەیەکی زۆر زیرەکیت. بەڵام خۆزگە سەر بە خوێندکارانی جەلالیی نەئەبویت".

ئەو ڕۆژە کە ڕۆشتمەوە بۆ قوتابخانە، ڕۆشتمە ڕیزی نوێنەرەکان کە لافیتەکانمان بدەنێ و، بەڕێبکەوین بۆ یادەکە.

مامۆستایەکمان کە بەرپرسی قوتابیانی حەرەکە بو، پێی وتم: "تۆ خوێندکارانی سەر بە جەلالیت؛ لافیتە بە تۆ نادەین".

 ئەوە قسەیەم زۆر پێناخۆش بو. یەکسەر لە قوتابخانەوە بە تەنیا ڕۆشتم بۆ یادەکە.

لەبەردەم فولکەی عومەری خاوەر، خوا ئەزانێ؛ خوالێخۆش بو وەستا تۆفیقم دی، ئەگریا؛ چونکە کەسوکاری شەهید بو بو. ڕۆشتمە خوارترەوەو، خوالێخۆش بو؛ وەستا خالیدی برایم دی و، وێنەیەکی شەهیدەکانی بە دەست لەسەر سنگی گرتبو.

ئەو سەردەمە لەبەر ئەوەی ساڵانی سەرەتای یادکردنەوەی کیمیاویبارانی هەڵەبجە بو؛ تاڕادەیەک خەڵکی هەڵەبجە بەشداری یادەکردنەوەکە دەبون.

کە شەڕی ناوخۆ توندتر بو و، سەرکردەکانی کورد بەیەکجاری بونە شوێنکەوتەی پیلانی ڕژێمی ئێران، کە؛ هەڵەبجە بکەنە گۆڕەپانی سەرەکی جەنگەکە. بۆ ئەوەی بەتەواوی نەتەوەی کورد لەکەدار بکەن. ئیتر هێدی هێدی خەڵکی هەڵەبجە تەواو نائومێد و بێهیوا کران.

لەڕاستیی دا هەمیشەش شێوازی ڕۆڕۆ و فرمێسکەکانی کاک حاجی لایەق و، قسەی مامۆستاکەی حەرەکەش؛ بە بیرم دا دێتەوە.

ڕوداوێکی تر کە بەردەوام یادەوریی داگیرکردوم، ئەوەبو؛ لە سەرەتای نەوەدەکان کە خەڵک گەڕانەوە هەڵەبجە، زۆرینەیان لە خانوە کەلاوە قوڕەکان دابون.

چەندین ژن هەبون؛ کەسیان نەمابو.

ژنێکی پیر هەبو لە کەلاوەیەک دەژیا، کوڕێک و مێردەکەی لە کیمیاوییەکە؛ شەهید بوبون.

ڕۆژێک من و دو هاوڕێم لە گەڕەکی خۆمان لە کانی عاشقانەوە، [بەداخەوە!] بە دارلاسیک و چۆلەکە کوشتنەوە ڕۆشتین بۆ لای ماڵی ئەو ژنە نیمچە پەککەوتەیە. لە حەوشەکەیدا دەگریا.

ئێمە زۆر زۆر هاروهاج بوین. پێمان وت: پورێ هیچت پێویست نییە؟!

وتی: "ڕۆڵەکانم هیچم نییە بیخۆم، چاوەڕێی [فڵان و فیسار]م بگەڕێنەوە. ناوی مێردەکەی و کوڕەکەی هێنا!".

ئیتر زانیمان ئەمە لەم کەلاوەیەدا، لە تەنیایی و خەم و خەفەتی لەدەستانی ئەندامانی خێزانەکەی دا؛ دەرونی تێکچوە. بۆیەشە لێرەدا ناوی ژنەکە ناهێنم.

ئێمەش سەرمان کرد بە ژورە کەلاوەکەی دا، تکەی ئەکرد، خواردنی نەبو، بۆنی غازی عەلادینە شکاوێکی کۆن؛ مرۆڤی ئەخنکاند. ئەوەی زۆر سەرنجی ڕاکێشام، ئەوەبو؛ ئەو پەتوانەی ڕایخستبون؛ زۆر کۆن و دڕاو بون و، دیار بو هی سەردەمی پێش کیمیاوییەکە بو.

ئێمەیش کە گەڕاینەوە؛ دو هاوڕێکەم سوێندیان خوارد کە لە ماڵەوە ئەوانیش نەوتیان نییەو سۆبای داریان هەیە.

وتیان بە من: "تۆ لە ماڵی خۆتان نەوت بێنە؛ ئێمەش هەوڵ ئەدەین لە ماڵەوە کیلۆیەک ئارد و نیو کیلۆ برنجی بۆ پەیا بکەین".

بەهۆی شەڕی ناوخۆی حیزبە [بە ناو!!] شۆڕشگێڕەکانەوە؛ گەمارۆ و گرانیی بو، هیچ نەبو! پاتەی لاسیکی تورکیمان لەپیا بو؛ سێ بۆ چوار پینەی پێوە بو!

تەماشای ماڵم کرد، دو دەبە نەوتمان هەبو. 

بەبێ پرسکردن بە دایکم، لە دەرگاکەی خوارەوەمان؛دەبەیەک نەوتم خستە سەر شانم و، بردمە لای قەراخ دوکانەکەی حاجی لایق و، چاوەڕوانم کرد هەتا هاوڕێکانم هاتن.

بینیمیان، وتیان: "غەزەب؛ ئەمەت چۆن پەیا کرد؟".

ئەوانیش هەندێ نانی گەنم و، کەمێ ساوەر و، مەکسییەکی دڕاو و، کیلۆیەک ئاردیان هێنابو. برنجیان لە ماڵەوە نەبو بو.

وتم: "من ئەڕۆم لە ماڵەوە برنجمان هەیەو ئەیهێنم".

ڕۆیشتم بە دایکمم وت: "عەلاگەیە برنجی جوانی یوئێنی دا پێم".

ئیتر هەمو شتەکانمان بۆ ئەو پیرەژنە برد.

کە شتەکانی دی، هەرچەندە بە نیوەو ناچڵ عەقڵی تەندروست مابو! بەڵام خەریک بو شاگەشکە دەبو. هەر دەیوت: "دانیشن ئێستا [فڵانیی مێردم و، فیساری کوڕم!!] دێنەوە". لەکاتێکا ئەوانە لە کارەساتی هەڵەبجەوە شەهید بوبون!

لەکۆتایی پیرەژنەکە وتی: "خۆزگە شیشێ گۆشت یان کەبابێکتان بۆ ئەهێنام. بە خوا زۆر حەزی لێئەکەم".

هاوڕێیەکمان وتی: "تڕحێو، خۆشمان کەبابمان دەستناکەوێت، بیخۆین".

لە دڵی خۆم دا وتم: "شەرتبێ کەباب و گۆشتت بۆ بکڕم". 

سێ ڕۆژ دەستم کرد بە کۆکردنەوەی فافۆنی گولە ئاربیجیی و قەباخی فیشەک. کە هەڵەبجە ئەو سەردەمە پڕ بو لە گولە (ئاربیجیی، هاوەن، تۆپ و، هتد). 

وەڵاهی مەغریبێک بردم، هەرچی لە دەرگا تەنەکەکەییم دەدا؛ نەیدەکردەوە. ئیتر دو نوکە پێم دا لە دەرگاکەی، بە ترسێکی زۆرەوە؛ دەلەرزیی و دەرگاکەی کردەوە.

وتم: "فەرمو پورێ ئەوە کەباب و گۆشتە!".

عەلاگەکەی کردەو، بینی ڕاست دەکەم، ئەو پیرەژنە دەستی کردە ئاسمان و وتی: "یا خوا ڕۆڵە لە دنیا باڵت بگاتە ئاسمان".

پاش چەند مانگێک، لە کەلاوەکەی دا؛ کۆچی دوایی کرد بو!

لە ڕاستیی دا زۆر چیرۆکی تراژیدیای هەڵەبجە هەن کە لە ناخ و یادەوەریم دا بۆ هەمیشە دەمێننەوە.

بەڵام هاوڕێی بەڕێزم، تۆ منت هێنایە ئەو باوەڕەی کە ئینشائەڵا گەر لە داهاتو بۆم گونجا، لە بیرەوەرییەکانم بیاننوسمەوە.

ئەڵبەتە زۆرم بەلاوە سەیرە؛ سەرکردەکانی کورد ویژدانیان لەو ئاستەدایە کە لەسەر خوێنی ئەنفال و کیمیاویباران، خۆیان دەکەنە بلیۆنێر و، کەسانێکی [بە ناو] خوێنەواریش هەن بەرگری لەوە دەکەن!

لەوەش ترسناکتر ئەوەیە: کەسانێک لە ناو کورد هەن، بە بێ هیچ پێوەرێکی ئەخلاقیی و ویژدانیی؛ لە دڵەوە بەرگری لە داگیرکەرە دڕندەکانی ئیمپریالیزمی تورک، ئیمپریالیزمی فارس و، ئیمپریالیزمی عەرەب بەسەر خاکی کوردستانەوە دەکەن!

چارەنوسی سەددام و خامنەییمان دی؛ کە هیچ دڕندەییەک نەمابو بەرانبەر گەلی کورد نەیکەن! بۆیە تەنیا دەرس و پێوەر بۆ مرۆڤ ئەوەیە: بە هەڵوێست و بەکردەوە نیشتیمانپەروەر و دادپەروەری ڕاستەقینە بێت!

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
راگه‌یه‌ندراوی كۆمه‌ڵه‌ له‌باره‌ی شه‌هیدبونی نۆ پێشمه‌رگه‌یان له‌ هێرشه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر زڕگوێزه‌ڵه‌
لانیكه‌م هه‌شت پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه له‌ زرگوێزه‌ڵه‌ شه‌هیدبون
سی پی تی: ژمارەی سەرجەم قوربانییانی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێم گەیشتە ١٤٤ کەس
وێنه‌و ناسنامه‌ی شه‌هیده‌كانی كۆمه‌ڵه‌: ژماره‌یان بۆ نۆ شه‌هید به‌رزبوه‌وه‌
ئەمریکا 6 پردی ئێرانی بۆردومان دەکات و تاران 4 وڵاتی عەرەبی دەکاتە ئامانج
دوران کاڵکان: کۆتایمان بەخەباتی چەکداری هێناو نابینە هێزێک کە چالاکیی چەکداری دژی تورکیا ئەنجام بدەین
هێرش كرایه‌ سه‌ر كه‌مپی سورداشی كۆمه‌ڵه‌و دو پێشمه‌رگه‌ برینداربون
هێرشەکەی سەر تاسڵوجە بەپێنج درۆن ئەنجامدراوە
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم: به‌توندی سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌ته‌كانی كاره‌باو سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌باره‌ی پێدانی كاره‌باو دابینكردنی غاز
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×