دکتۆرا لە دبلۆماسیەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی
ئەو مارێنزانە بۆ ئامانجی؛ ئۆپەراسیۆنێکی خێرایە.
لەسەر ئەم پرسە، بەتایبەت ژمارەی "هێرشبەر"ی ئەم گروپە مارێنزە لەم کەشتییەدا؛ هەر هەمو ئەو کەسانەی لە کەناڵەکانی ڕوداو، ئاڤا تی ڤیی و، لە میدیا کوردییەکان شیکارییان بۆ کردوە، هەڵە بون.
بەشێکی میدیا کوردییەکان وتیان"پێنج هەزار مارێنزن"، و بەشەکەی تریشیان ئاماژەیان بەوە دا: "دو هەزار و پێنج سەد مارێنزن".
نا، نەخێر، ئەوەی هێرشبەری مارێنز بێ لەو کەشتییەی کە بە ڕێگاوەیە، تەنیا: "هەزار و دو سەد مارێنز"ن، وەکو ئەوانەی تایبەتن بۆ "هێرش" بردن. بەڵام تیمی گشتیی کەشتییەکە "دو هەزار و پێنج سەد کەس"ن. ئایا مارێنزی تر بەنهێنیی بهێنرێت؛ ئەوە مەسەلەیەکی ترە!
ئەو بژاردەیە هەیە؛ ئەمریکا بیەوێت بەرپرسێکی هەرە باڵای ئێران بڕفێنێت، یان ئەتۆمە پیتێنراوەکە بە ئۆپەراسیۆنێکی خێرا ببات.
ئەگەرێکی تر ئەوەیە: ئەمریکا بیەوێت بەم "هەزار و دو سەد سەربازەوە دورگەی خارگ بگرێت".
بەڵام شیکەرەوە خۆراواییەکان پێیان وایە: "ئەوە کارێکی خۆکوژییە، چونکە بە هەزار و دو سەد مارێنزەوە ڕاستە دەتوانرێت دورگەی خارگیش بگیردرێت. بەڵام دواتر بەرگریکردن تێیدا سەخت دەبێت، چونکە ئەو دورگەیە پەنجا مایل لە سنوری وشکانی ئێرانەوە دورەو، پاسداران دەتوانن بە تۆپخانە ئەو ناوچەیە بەردەوام بکوڵێنن".
لێرە پرسیاری لۆژیکی ئەوەیە: ئایا ستراتیژداڕێژەرانی ئەمریکا-ئیسرائیل ئەمە نازانن؟
بێگومان ئەوە دەزانن. بەڵام نهێنییەک لەوەدا هەیە. چونکە وەک وترا؛ بۆی هەیە هێزی تری بۆ بێنن. ئەگەریش هەیە لە هەمان تەوقیت دا؛ ڕاپەڕین لە شارەکانی پشت جەبهەی دورگەی خارگەوە بێننەئاراوە، بەتایبەت لە عەرەبستان و بلوجستانی ئێران، یان لە خۆرهەڵاتی کوردستان، یاخود لە شارەکانی فارس و ئازەر.
دەکرێ ئەم مارێنزانە بۆ ئەوەش بێنن کە دەسەڵاتدارانی ئێرانیی پێ بترسێنن و فشاریان لەسەر دروست بکەن،کە؛ سازشی زیاتر بۆ ئەمریکا-ئیسرائیل بکەن و تەسلیم ببن. ئەگەر کاربەدەستانی ڕژێمەکە سازشیان نەکرد؛ ئینجا دەگونجێ هاوپەیمانێتییەک لە دژی ڕژێمی ئێران بێننەکایەوە کە مارێنزەکان دورگەی خارگ بگرن و، هاوپەیمانەکانیش پشت جەبهەی خارگ بۆ مارێنزەکان بپارێزن.
دەشگونجێ بەم مارێنزانە چالاکییەکی زۆر خێرای تایبەت ئەنجام بدەن و، دوای چالاکییەکە ترەمپ ڕایبگەیەنێت؛ ئەم ئۆپەراسیۆنە بۆ ئەم قۆناغە دەوەستێنین.
چونکە لەڕاستییدا ئەگەر ئەم ئۆپەراسیۆنەش بوەستێنن؛ هەر لە ڕوی تاکتیکییەوە ئەم ئۆپەراسیۆنە ئێرانیی کێڵاو دەرەنجامی [زۆر!] باشی هەبو. وەکو ستراتیژیش؛ هەر ئەم ڕژێمە دەڕوخێنن!
یاخود دەشکرێت پلانی تاکتیکی تر بگرنەبەر کە عەقڵی شیکەرەوە سیاسییەکان و ئێمەومانانیش ئاشکرای نەکات. چونکە مەرج نییە بۆ ئاشکراکردنی پلانی تاکتیکی [سەد لە سەد] بیپێکیت، بەو پێیەی دەگونجێ پلانی تاکتیکی تێکەڵەیەک لە فێڵێشی تێدا جێبکرێتەوە.
لەکاتێک دا، بۆ زانینی ستراتیژ؛ دەکرێ بە چەند هۆکارێکی ستراتیژی بتوانیت ئامانجە ستراتیژییەکە بدۆزیتەوە.
ئەگەرێکی تریش هەیە؛ ئەم مارێنزانە بۆ پاراستی هورمز بێنن. لەمەش دا هەر ڕیسکێکی گەورەیە بۆیان. چونکە بەرانبەر هورمز؛ هێزی وشکانی ئێرانەو، بەردەوام موشەکباران و تۆپبارانیان بکات.
ئەشگونجێ تێکەڵەیەک فەن لە تاکتیکێکیش دا بگونجێنن، بۆ نمونە؛ ئەم مارێنزانە بۆ داگیرکردنی دورگەی خارگ، یان بۆ لایەکی هورمز بێنن و، بە فڕۆکە بەردەوام پشت جەبهەی ئێران بکوتن. بەڵام لەو ئەگەرەش دا هەر مارێنزەکان گیانیان لە ڕیسک دایە.
بە تێفکرینی من: ئەگەر ترەمپ-نەتەنیاهۆ مەبەستیان داگیرکردنی دورگەی خارگ، یان باڵادەستیی و بەڕێوەبردنی هورمز بێ؛ ئەم جەنگە درێژە دەکێشێت. یا دەبێت بەردەوام لەگەڵ داگیرکردنەکەی دا؛ پشت جەبهەکانی ئێران بە فڕۆکە بکوتن. یان هەڵگەڕانەوەیەک لە ناو پاسداران دروست بکەن. یاخود؛ ئەو ئەگەرەی ئەو دەسەڵاتدارانەی ئەم ڕژێمەی ئێران کە تا ئێستا نەکوژراون؛ سازش بۆ ترەمپ-نەتەنیاهۆ بکەن لەسەر نەوت و گازی ئێران.
لەم ئەگەرەی کۆتایی دا، تێرمێکی سیاسیی-دبلۆماسیی لە مێژوی سیاسیی-دبلۆماسیی بەریتانیاو ئەمریکا هەیە، کە من بەزانستیی خوێندومە، پێی دەوترێت: "جەنگ لە پێناو کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی ژێر زەوی؛ نەوت و گاز".
ئەوکات تاکتیکەکە بریتی دەبێ لە: کۆنترۆڵکردنی خارگ و هورمزی ئێران کە ستراتیژیترین شادەماری ئابوری و بازرگانیی ئێرانن.