دکتۆرا لە دبلۆماسیەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی
ئاشکرایە هەر یەک لە حیزبوڵا، حکومەتی عێراق [لە پاش بەیاننامەکەی دوێنێی ئەنجومەنی ئاسایشی عێراق] و، ڕژێمی ئێران، شەڕیان لە دژی ئەمریکا-ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیی ڕاگەیاندوە. لەم جەنگەدا، خۆرهەڵات و باشوری کوردستان بە [ئیسرائیلی دووەم] لە قەڵەم دراوە. واتە: جەنگەکە تا دێت؛ زیاتر ئێخەمان دەگرێت!
بۆیە، گرنگترینە؛ ئەم دەرفەتە زێڕینە لەدەست نەدرێ و، بەرەی دۆڕاوەکان لە ستراتیژ دا؛ [ئێران، حکومەتی عێراق (حەشدی شەعبیی) و، حیزبوڵا]، دەبێ!
کاتکوشتن و خاوە-خاوکردنی زیاد لە پێویست لە کوردەواریی دا پێی دەوترێت: "گێلەگێلکردن!".
کەوایە، نەتەوەی کورد لە باشورو خۆرهەڵاتی کوردستان، بە حیزبە جاشکەکانی باشوریشەوە، بیەوێت یا نا، سوێند و تەڵاقیی بێلایەنبون بخۆن یان نا؟ هەر دەکرێنە ئامانجی [ئێران، حکومەتی عێراق،حیزبوڵا].
بۆیە، گرنگترینە هێزەکانی باشوری کوردستان ستراتیژی قۆستنەوەی دەرفەتەکەو ڕزگارکردنی دوزخورماتو، خانەقین، کەرکوک، شنگال و، موسڵی کوردستانیان هەبێت و، ئەنجامی بدەن.
هەروەها، گرنگترینیشە، هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستانیش ستراتیژی قۆستنەوەی دەرفەتەکەو ڕزگارکردنی شار بە شاری خۆرهەڵاتی کوردستان لە ورمێ وە بۆ کرماشان، ئیلام، هەمەدان و، لوڕستانی کوردەوارییان هەبێت و، ئەنجامی بدەن.
بەڵام ئەگەر ئەم دەرفەتە زێڕینە لەدەست بدەن، دەیسەلمێننەوە: سەرکردەکانی کورد کەسانێکی مشەخۆری دەست ئیمپریالیزمی تورک، فارس و، عەرەبن بەسەر خاکی کوردستانەوە.
ئەگەر پیاوی ئەم دۆخە نین و، لە دروستبونتانەوە دەتانەوێ بۆتان پاک بکرێ، ئینجا قەپی پیابکەن، ئەوە پرسی هەر بەشێک لە ڕزگاکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی باشور یان خۆرهەڵاتی کوردستان، بدرێتە دەست ئەکادیمیستانی نەتەوەیی ستراتیژزان؛ بۆ ئەوەی ئەم دەرفەتە زێڕینە [وەک فەریزەیەکی نەتەوەیی] بە باشترین تاکتیک و هەنگاونان بقۆزرێتەوە. بەمەرجێ دەسەڵاتی پیلاندانان و، پلانداڕشتن و، بڕیاردان؛ بە کەسانی ناسیۆنالیستی ئەکادیمیی بێلایەن بدرێت!
زۆر گرنگە، هێزەکانی باشور، لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم؛ هەندێ تاکتیک و پیلان و پلان کە [زەمینەی زیاتر بسازێنێ!!!] بگرنەبەر بۆ ئەوەی بیانویان هەبێ و، ڕزگارکردنەوەکە بەخێرایی بخۆلقێنن.
زۆر گرنگیشە، هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستانیش بکەونە جوڵەی ڕزگاریی و، لەدەستداتی دەرفەتەکە؛ سەرکردەکانیان لێی بەرپرسیارن.
وەک لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمریکا-ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نوسیم، دەقاودەق دایدەنێمەوە: "بتەوێ، دەرفەتی ڕزگارکردنی خاکێکی پێنج سەد ساڵەی داگیرکراو، لە ژێر دەسەڵاتی دڕندەترین داگیرکەردا، بە بێ قوربانیی و بە بێ ڕیسک ئەنجام بدەیت؛ دەبێتە قسەی قۆڕ! دەبێت دەرفەت بقۆزیتەوەو، قوربانیش بدەیت".
کەوایه، کورد دەبێت لە پێناو دەسکەوتی بێوێنە و هەمیشەیی [کە ڕزگارکردنی خاکی پیرۆزی کوردستان]ە لە هیچ قوربانیدانێک نەترسێت. بێگومان وەک لە بابەتێک لە ڕۆژی ١٥-٣-٢٠٢٦ لە ئاوێنە بڵاوکراوەتەوەو، ناونیشانەکەی بریتییە لە: "
کێشەی ئەمریکا-ئیسرائیل؛ ئۆپۆزسیۆنیی ئێرانییە، نەک [بەهێزی]ی ئەم ڕژێمە!"، ئاماژەم پێداوە؛ پێویستە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیی بکەونە جوڵە.
دیسانەوە، جەختدەکەمەوە، گەورەترین کێشەی باشور و خۆرهەڵاتی کوردستان: سەرکردەو حیزبەکانیەتیی، چونکە لە زێڕینترین ساتەکاندا توانای ڕەخساندن و قۆستنەوەی دەرفەتەکانیان نییە!
بەردەوام سیاسەتداڕێژەرانی ئەمریکا، بە وردی شیکرنەوە بۆ دۆخەکە دەکەن، ئەگەر بۆیان سەلما؛ ئەو هێزانەی خۆیان بە هاوپەیمانی ئەمریکا لە ئێران و عێراق دەناسێنن، هیچیان لەبارا نییە، بۆی هەیە بەشێوەیەکی کاتیی [تەسلیمنامەی ئێران!] قبوڵ بکەن، لەو ئەگەرەدا ئێران و حەشد دواتر باشوری کوردستان کاول دەکەن!!
جەختدەکەمەوە، ستراتیژی ئەمریکا-ئیسرائیل ڕوخاندنی ئەم ڕژێمەی ئێرانە [بە حەشد و حیزبوڵاشەوە]؛ بۆیە ئەگەر ئێوە پیاوی ئەم دۆخانە نین؛ بیدەنە دەست کەسانی ناسیۆنالیستی ئەکادیمیی.
دوێنێ، بەشێک لە سەرکردەکانی ئێوە ئامادەنەبون هیچ وشەیەک لەسەر شەش شەهیدەکە لە کۆنگرەی ڕۆژنامەنوسیی دا بڵێن. بەڵام بۆ هەڕەشەکردن لە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی میللەتی خوێناوی کورد؛ کەس ناتانگرێت!
سەرەتای جەنگەکە لە میدیاکانی جیهان باس باسی کورد بو. ئێستا کەس باسیان ناکات؛ چونکە سەرکردەکانی کورد وەک پێویست نین. ئەوەتانێ یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە: ئەمریکا دورگەی خارگ و هورمز بگرێ. من لە چواردە ساڵیی دا، لە هەڵەبجەوە ڕۆشتومەتە خۆرهەڵاتی کوردستان و، لەگەڵ چەند خزمێکی تاوگۆزیمان لە خۆرهەڵاتی کوردستانەوە ڕۆشتومەتە دورگەی قیشم لە پارێزگای بەندەر عەباس (ئوستانی هورمزگان، ناسراو بە عەرەبستانی ئێران).
دو جار بە سێ مانگ لە دورگەی قیشم کرێکاریم کردوەو، شارەزای دورگەی قیشم و خارگم و، زۆرینەی دانیشتوانەکەشیان؛ عەرەبی سونەن و، کوردیان خۆشەوێ و، زۆر دژی ڕژێمی ئێرانن. بەشێکی خەڵکەکە؛ بازرگانانی گەورەی جیهانن.
بڕوام وایە: ئەمریکا ناتوانێ سەرکەوتو بێ؛ ئەگەر تەنیا بیر لە گرتنی دورگەی خارگ بکاتەوە، چونکە ئێران لە بەندەر عەباسەوە دەتوانێ بەئاسانیی دورگەی خارگ و دورگەی قیشم و تەواوی هورمز بکوتێ.
بەڵکو ئەمریکا دەبێت بە یەک پاکێج؛ دورگەکانی قیشم، خارگ و، هەمو هورمزو، ئینجا پشت جەبهە کە (شاری بەندەر عەباس)ە بگرێت. لەو ئەگەرەدا؛ چانسی (عەرەبستانی ئێران) هەڵدەکشێ لە ئاستی جیهان. کەچی سەرکردەکانی کوردیش هەر خەریکی ئەو گێلە-گێلەن، بڵێن: "بەشێک لە لوڕەکان؛ خۆیان بە کورد نازانن" و، "گەر کەرکوک بگرین؛ تورکیا لێمان قبوڵ ناکات!". دە بەسە کاتکوشتن؛ گەندەڵ و ترسنۆکینە. نەفرەت لە زەمانە کە ئێوە هاتنەسەر سفرەی حازریی و خۆتان کردە سەرکردەی کورد.
دە پلانێ دانێن، ستراتیژێ دابڕێژن و، هەنگاوێ بنێن!
کاتێ کورد دەڵێ: "ئێمە بێلایەنین لەم جەنگەدا"، کەوایە نابێت دواتر چاوەڕوانی دەستکەوتیش بکات.
سەرکردەکانی باشور کوردستان گەر دەسەڵات لەم پنتە خاکەدا بۆ خۆیان و مناڵەکانیان بمێنێتەوە، نەک هەر هیچ ستراتیژ و پلانێکیان بۆ پارچەکانی تری کوردستان نییە، بگرە بۆ ناوچە دابڕێنراوەکانیشیان نییە. لە هەموی کارەساتبارتر ئەوەیە: سەرکردەکانی باکور، خۆرهەڵات و، خۆراوای کوردستانیش ڕێک چاو لە سەرکردە فول-گەندەڵە نانەتەوەییەکانی باشوری کوردستان دەکەن!
دەیڵێمەوە، دۆخەکە بۆ کورد؛ زێڕینەو، لەدەستدانی ئەم دەرفەتە؛ سەرکردەکانی باشور و خۆرهەڵاتی کوردستان لێی بەرپرسیارن. بەڵام دواتر دەبێت گەللی کورد لێیان قبوڵ نەکات و، سزایەکیان بدات؛ کە لە مێژودا ببێتە دەرس بۆ هەر سەرکردەیەکی تر!