دکتۆرا لە دبلۆماسیەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی
بەڵێ بۆ ستراتیژێکی کردەیی بۆ ڕزگاربونی [هەمیشەی]ی خاکی کوردستان و نەتەوەی مەزنی کوردی زاگرۆسیی!
ئەوەی لە ژیانم پێیگەیشتوم. هەر لە خوێندنەوەی کتێبەوە کە لە پاش قۆناغی شەشی سەرەتایی؛ سەرەتا بە خوێندنەوەی دیوانەکانی [گۆران، هێمن و، ئەحمەد هەردی] دەستم پێکردو، هەندێ جار له قوتابخانەی ناوەندی [گۆران]ی هەڵەبجە لە ڕۆژانی پێنجشەممان کە خوێندکاران ڕیز دەکران، مامۆستاکان منیان بانگ دەکرد؛ هۆنراوەیەک بڵێم، زۆرجار هی گۆرانی شاعیرم دەوت. لە پاش دواناوەندیشەوە خوم دایە ئەو کتێبانەی لەسەر مێژوی سیاسیین و، تا ئێستاش زۆرینەی ژمارەکانی گۆڤاری "ڕێبازی نوێ"ی ئەو سەردەمەم ماوەو، هەمویم دەخوێندەوە.
ڕونە لە ٢٠٠١ یشەوە دەستم بە نوسین لە ڕۆژنامەو گۆڤارەکانی کوردستان کردوە. بەڵام ئەوەی لە خوێندنەوەی بەردەوامی کتێب و توێژینەوەکان لەسەر "مێژوی سیاسیی-دبلۆماسیی، دبلۆماسیەتی مێژو، سیاسەت، فەلسەفە و، جیۆپۆلەتیک" پێیگەشتوم، بەداخەوە ئەتوانم بڵێم: گەر هێزەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، بەم ڕێباز و داواکاریانەش کە هەیانەو، بەدەستیشی بێنن؛ هەر ناتوانن ڕزگاریی هەمیشەیی خاکی کوردستان بهێننەدی. چونکە داگیرکەران زۆر لێزانانە لە ڕوی جیۆپۆلەتیکەوە؛ ئاسمیلاسیۆنی کوردیان ئەنجام داوەو، بەدەسهێنانی [مافی کلتوری] گەرەنتییەکی ستراتیژی نییە، بەتایبەت دوای بەهێزبونەوەی دەوڵەتە ناوەندییەکان.
بە مانایەکی تر: لە خوێندنەوەی کتێب و توێژینەوەکان بەدرێژایی زیاتر لە سیی ساڵی ژیانم، بەو باوەڕە گەشتوم: "هەر نەتەوەیەک، بەتایبەت نەتەوەی کورد، گەر لەسەر دەریا نەبێت؛ ناتوانێت لە دەست داگیرکەرانیی [بۆ هەمیشە] ڕزگاری ببێت".
تەنانەت، گەر سبەینێ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بدرێنەوە بە کورد و، حکومەتی هەرێم؛ سەربەخۆییش ڕابگەیەنێت و، دنیاش ڕازی ببێت؛ هەر گەرەنتی هەمیشەیی دەوڵەتەکە نییە، چونکە؛ "دەوڵەتەکە بەئاسانیی ئابڵوقە دەدرێت".
پەیامم بۆ مەسعود بارزانیی!
گرنگترینە لەم تەوقیتەدا؛ بە ستراتیژێک کە کۆمەڵێک [پیلان!!!] و پلان و چەندین تاکتیک لەخۆبگرێت، ستراتیژی ڕزگارکردنی "دوزخورماتو، خانەقین، کەرکوک، شنگال و، موسڵی کوردستان" بخەیتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە تەواوی بەڵگەو بەڵگەنامە نهێنیی و ئاشکراکانی ساڵانی ١١٠٠ تا ١٨٠٠ ی زایین، خودی ناوەندی موسڵ؛ خاکی کوردستان و کورد بوە. ئێستا شوێنی ئەوە نییە؛ باس لەوە بکەم چۆن عەرەباندن تێیدا ئەنجام دراوە. بەڵام جەختدەکەمەوە: "موسڵی کوردستان جیۆپۆلەتیک و جیۆستراتیژەکەی گرنگترە لە کەرکوک؛ هەم بۆ ئێمەی کوردو، تەنانەت هەم بۆ دەسەڵاتی داگیرکەری عێراق+سوریا+تورکیا+ئێرانیش".
بەدرێژایی ساڵانی ڕابردو، لە دەیان بابەت بە تێفکرینی ستراتیژی شیمکردۆتەوە، کە: "لە ڕوی ستراتیژییەوە ڕژێمی ئێران دەڕوخێنن".
سەدانجار لە سەدان بابەت و چاوپێکەوتنم دا، هاوارم کرد: [گرنگترینە] هێزەکانی باشور و خۆرهەڵاتیی کوردستان ستراتیژی ڕزگارکردنی خاک [جوگرافیا]ی کوردستانیان هەبێت. کەس گوێی بۆ نەگرتم و، سەرکردەکانی کورد خوویان دایە؛ شیکاری ئەوانەی بە پێی هەواڵی ڕۆژ؛ شیکاری دەکەن، بەتایبەت ئیخوانەکانی کورد و کۆمۆنیستەکانی کورد کە تێفکرینی ستراتیژی لە مێشکیان دا نییەو لە دەمبازیی دا؛ مەلابەزێنن!
پەیامم بۆ هێزەکانی خۆرهەڵاتیی کوردستان!
کاتێک بەڵگەنامە نهێنییەکانی سی-ئای-ئەیم بڵاوکردەوە لەسەر سیاسەتی ڕەزا شا بەرانبەر [جیاکردنەوەو دابڕینی لوڕەکان لە کوردەکان و، بەفارسکردنی لوڕەکان لە ساڵانی بیست و سییەکانی سەدەی بیست]، بەو دێڕەی ڕاوێژکارانی ڕەزا شا زۆر سەرسامبوم کە هێندە [بیرتیژانە] بە شایان وتوە: "هەرگیز ناتوانرێ جوگرافیای [دەوڵەتی نوێی ئێران] بە یەکگرتویی بمێنێتەوە؛ ئەگەر لوڕەکان لە کوردەکان جیانەکەینەوە".
ئەم تێفکرینە جیۆستراتیژییە بیرتیژییەی [ڕاوێژکارانی ڕەزا شا] پەیوەست بوە، بەوەی: "لەبەر ئەوەی لوڕستان دەکەوێتەسەر کەنداو و خاوەن نەوت و گازی دەوڵەمەندە؛ تەنیا دەرچەی ستراتیژی هەمیشەیی دەبێت بۆ ڕزگاربونی کوردەکان".
کەوایە، ئێمەی کورد کە دڵنیاشین؛ لوڕەکان هاوخوێن و، هاوڕەگەزمانن و، یەک نەتەوەی [زاگرۆسی]ین، تەنیا بژاردەی ڕزگاربونی هەمیشەییمان بۆ گەشتنە ئاستی دەریا؛ ئاوێتەبونەوەمان و یەکانگیربونەوەمانە لەگەڵ لوڕەکان دا!
ئەزانم بەهۆی حیزبایەتیی و ناوچەگەرایی نەفرەتییەوە؛ تاکەکانی نەتەوەکەمان لەم زروفەدا بەجۆرێ پەروەردە کراون تەنیا بیر لە بەرژەوەندییەکانی خودی خۆیان بکەنەوە. بەڵام دەمێکە تێفکرینەکانم دەخەمەڕو، دەبو هێزە سیاسییەکانی نەتەوەی کورد لە پێناو؛ [بەرژەوەندی گشتیی نەتەوەی کورد و، خاکی کوردستان] ئیشیان لەسەر بکردبایە، کە یەکێک لەوانە؛ پرسی یەگرتنەوەی کورد و لوڕە!
بۆیە گرنگترینە: هێزەکانی خۆرهەڵاتیی کوردستان ستراتیژی ڕزگارکردنی کرماشانی پایتەختی خۆرهەڵاتی کوردستان [کە گرنگترین جیۆپۆلەتیکی لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەکەی کوردستان هەیە] بەوردی جێبەجێ بکەن.
وەک لە ساڵی ٢٠٠٧ بە پانزە خاڵ شیمکردەوە؛ مێژو سەلماندویەتی هەر هێزێک کرماشانی لە ژێر دەسەڵات دا بێت، لە خۆراوایەوە هەتا بەغداو، لە باشوریشییەوە هەتا کەنداو کاریگەری هەبوە، هێندە پێکهاتە ڕەگەزییەکانی نەتەوەی کورد لە کرماشان دا دەوڵەمەندەو، هێندەش جوگرافییە سیاسییەکەشی گرنگترینە!
بە مانایەکی تر، کۆنترۆڵکردنی کرماشان: هەم هەنگاوێکە بۆ ئاوێتەبونەوەی [کورد و لوڕ] وەک یەک نەتەوەی ڕەگەز زاگرۆسیی، چونکە جیۆپۆلەتیکی کرماشان هەژمونی بەسەر لوڕستانی کورداوری دا هەیە و، هەم هەنگاوێکیشە بۆ هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عێراقی دەستکرد، چونکە وەک لە ٢٠٠٧ بە وردی بە تێفکرینی جیۆستراتیژییەوە شیمکردۆتەوە: "کلیلی [مانەوە!!]ی سەربەخۆیی باشوری کوردستان لە ڕوی جیۆپۆلەتیکییەوە: ڕزگارکردنی پارێزگای کرماشانە!".
وەک وترا: ڕزگارکردنی کرماشانی پایتەختی خۆرهەڵاتیی کوردستان هەنگاوێکە بۆ ئاوێتەبونەوەی کورد و لوڕ. هەرچەندە درەنگەو، دەبو زوتر چەندین هەنگاو بنرایە بۆ یەکانگیرکردنەوەی [کورد و لوڕ]. بەڵام دەکرێ هەم کەمپەینیی یەکڕیزبونەوەی کورد-لوڕ ڕابگەیەنرێ و، هەم بیر لەو ستراتیژەش بکرێتەوە، کە چۆن [کورد و لوڕ]؛ یەکانگیردەکرێنەوە!
کورد و لوڕ؛ یەک ڕەگەزی زاگرۆسیین، لە ئەزەل و دروستبونەوە تەنیا نەتەوەن کە بە جێگیریی خاوەنداری زاگرۆسن و، بە کۆچ نەهاتونەتە ناوچەکەوە.
هەم لوڕ بەشێکە لە کورد، هەمیش ئەگەر ئەوان بشڵێن: "کوردیش بەشێکە لە لوڕ و لە لوڕستان!!"، دەبێ ئێمەی کورد بەتایبەت لەم تەوقیتەدا بڵێین؛ با وابێ! ئەوەش هەر بەقازانجی [هەمیشەیی] کورد و لوڕە. مێژوی دێرینیشمان؛ هاوبەش و هاو شارستانیەت و هاوخوێنییە!
بەهیوام؛ هەم شیکەرەوەو میدیاکانی کوردستان ئاگاداری ئەمە بن و، هەم کەمپەین و، هەمیش ستراتیژی یەکخستنەوەی تەنیا نەتەوەی ڕەگەز زاگرۆسیی، کە [کورد و لوڕ]ە، بخرێتەکارو، لەو پێناوە پەیوەندی بە چالاکوانانیان، سەرۆک هۆزەکانیان و، کەسایەتییەکانیان بکرێت.
بە یەکگرتنەوەمان؛ دەبینەوە نەتەوە بەهێزەکەی مێژوی دێرین و، هەر ئەو یەکبونەمان، کە یەک ڕەگەز و یەک خوێنین، وایکرد لە مێژوی پێش زایین دا؛ پێکەوە خاوەن چەندین ئیمپراتۆریەت بین!
لە ڕوی ئابوریشەوە؛ بە ئاوێتەبونەوەمان، بەرژەوەندی تاک بە تاکی [کورد+لوڕ] بەدی دێنین و، سودمەندترین نەتەوەی داهاتوی ناوچەکە دەبین و، ڕۆڵەکانمان [پشو]ی هەمیشەیی دەدەن!
ئەم پرۆسەی [بونەوە بە یەک!]؛ سەختیی لە بەردەم دایەو، [کات]یشی پێویستەو، [زۆر!!!]یش نەفەس درێژی دەوێت.
بەڵام دەبێ یەکگرتنەوەو بونەوە بە [یەک]ی کورد-لوڕ؛ ستراتیژێکی هەمیشەیی بێت لای کوردو، وەک [پرۆسە]یەکی مومکین چاولێبکەین و، هەنگاوی بۆ بنێین. ئەوەش سەرەتا لە گفتوگۆو تێگەیشتن لە بۆچونەکانی یەکتر بەتایبەت هی ئەو نوخبەو کەسایەتیانەی کە دەتوانن تێفکرینەکانیان کاریگەر دانەربن لەسەر؛ "یەکڕیزبونەوە، بەردەوام هاندانی یەکانگیربونەوەی کلتوریی نێوان کورد-لوڕ، سڕینەوەی سیاسەتەکانی دابەشکردنمان و، بەردەوامیدان به گفتوگۆی ئەرێنیی و کراوە لەسەر ئەو فاکتەی کە کورد-لوڕ؛ یەک خوێن و یەک ڕەگەزی نەتەوەی [زاگرۆسی]ین".
وەک خزمەتکارێکی خۆبەخشی نەتەوە زاگرۆسییەکەم، گرنگترینە بەلامەوە؛ نەتەوەکەم قۆناغی "یاریپێکراو" تێپەڕێنێ و، ببێتە "یاریکەر" لە هاوکێشەکانی ناوچەکەدا. بۆیەشە هەمیشە تێفکرینەکانم لەو سۆنگەیەوە بوەو، بەرژەوەندییە خودییەکانمم وەلاناوە. گرنگترینە؛ ڕەگەزە خاوەندارە هەمیشەییەکانی زاگرۆس کە [کورد و لوڕ]ن و، لە ڕەسەن دا یەکێکن؛ دیسانەوە بڕژێنەوە یەک جەستەوە.
داوام لە هێزەکانی خۆرهەڵاتیی کوردستان ئەوەیە: کلیل و فەریزەی ڕزگاریی بریتییە لە [کرماشانی پایتەخت، ئیلام، لوڕستانی کوردەواریی، ورمێ و، نەغەدە]. بۆیە بەوپەڕی هوشیارییەوە هەنگاوی بۆ بنێن و، وریای پلان و پیلانەکانی هەر هێزێک بن لەو بارەیەوە!! بەڵام، ستراتیژێکی وا کە کلیلی ڕزگاریی-هەمیشەییە؛ هەم عاقڵمەندی، هەم ڕیسک و، هەم قوربانیدانیشی دەوێت.
گرنگترینە؛ [بەتایبەت لەم تەوقیتەدا] ئێمەی کورد قۆناغی حیزبایەتیی تێپەڕێنین. گرنگترینە؛ ئاگاداری پیلانەکانی ئیخوانەکانی کورد و کۆمۆنیستەکانی کورد بین! ئێستا کاتی یەکڕیزییە، بچوکترین هەنگاو بۆ دابەشکاریی لە ڕیزی نەتەوەکەمان و، بچوکترین هەنگاو لەم ساتەدا بۆ [سوکایەتیکردن بە ئەمریکا-ئیسرائیل]؛ دەچێتە خانەی [خیانەتی نەتەوەییەوە]، چونکە داگیرکەران و ئەتککاران و خوێنخۆرانی کورد، تەنیا؛ ئیمپریالیزمی فارس، ئیمپریالیزمی عەرەب و، ئیمپریالیزمی تورکن لەسەر خاکی پیرۆزی کوردستان، نەک هیچ ڕەگەز و هێز و دەوڵەتێکی تر!
لە کۆتاییدا، دەقی وەڵامێکم بۆ هاوڕێیەکم بڵاودەکەمەوە، بەو ئامانجەی؛ ئەگەر ئەو پرسیارەی لێمکراوە [ڕاستی تێدا بێت!] بۆ لەمەودوا میدیای کوردی ئاگاداری چۆنیەتی ئاڕاستەکردن و شیکاریی دۆخەکە بن!
هاوڕێیەک پرسیویەتی: "دکتۆر ڕات چییە کە کەناڵی ڕوداو بەرنامەیەکی هەبوە پێشکەشکار و شیکەرەوەکانی بەرنامەکە سەلماندیویانە؛ ترەمپ بۆیە بەردەوام قسەکانی خۆی دەگۆڕێت، چونکە شێتەو نەخۆشی دەرونیی هەیە!".
وەڵامی من بۆ ئەو هاوڕێیە ئەمەیە: برای بەڕێزم، بەرنامەی وام نەدیوە. شتێک کە نەمدی بێت؛ ناتوانم وەڵامی کۆنکرێتیم بۆت هەبێت. بەڵام ئەگەر زمانی تر دەزانیت، پێشنیاری ئەم برا بچوکەت بۆت ئەوەیە: تەماشای کەناڵە ساختەکارەکان مەکە. چونکە زۆرینەی شیکەرەوەو پێشکەشکارەکانی میدیاکانیان یان سەر بە ئیتلاعاتن، یاخود ئیخوانین و سەر بە میتن.
زۆربەی ئیخوانەکانی کورد؛ سیخوڕی چەند سەرەن [لە دەمبازیی دا؛ مەلابەزێنن و، لە لۆژیک دا؛ سفری دوای فاریزەن!] بۆ پارەو پۆست هەمو شتێک دەکەن. تا نەوشیروان مابو؛ بۆ پارەو پۆست ڕویان تێکردو گۆڕانیان وێرانکرد. ماوەیەکە دیسانەوە بۆ پارەوپۆست ڕویان کردۆتە لای نێچیرڤان و بافڵ، لە دورمەودادا؛ ئەوانیش دادەڕوخێنن، چونکە وەک وترا؛ سیخوڕی چەند سەرەن!
کەناڵی ڕوداو لە چوارگۆشەیەک پێک دێت:
نێچیرڤانپەرستەکان + ئیتلاعاتەکان + میتەکان+کڕدراوەکان [ئەم کڕدراوانە: پارەی نەوتی دزراوی میللەت لە کوێ بێ؛ ئەوانیش بۆ هەڵلوشینی لەوێن]، کە سێگۆشەی ئەم چوارگۆشەیه؛ لەگەڵ ئێران و تورکیان.
ئەگەر ئەم قسەیەی بەڕێزتان وابێت کە بەرنامەیەکی وا کرابێت و، پێشکەشکار و شیکەرەوەکان وتبێتیان؛ ترەمپ [شێت]ەو نەخۆشی دەرونیی هەیە، پێشنیارم بۆ مەسعود بارزانیی ئەوەیە: ئامۆژگاری نێچیرڤان بکات بۆ ئەم کارانەی کەناڵەکەی؛ ئەگینا سەری خۆیان و کوردیش دەخۆن!
برای بەڕێزم، ئێستا پڕوپاگەندەی شەڕی دەرونیی [زۆر بە توندیی و بەلێزانیی!] لە ئارادایە.
ئەبێت سیاسەتزان و شیکەرەوەی سیاسیی ئاگاداری پڕوپاگەندەی دەرونیی چوارلایەن بێت و خێرا بیدرکێنێت کە ئەوە پڕوپاگەندەی ئەم لایەنانەیه دژی ترەمپ:
١-ئێران و وابەستەکانی+ڕوسیا+چین+کۆریای باکور.
٢-دیموکراتەکانی ئەمریکا.
٣-وڵاتانی ئەوروپا.
٤-ئیخوانەکان و کۆمۆنیستە کوردەکان کە خەلیفە ئەردۆگانی تورک سوڵتانیانە.
من چوار ڕۆژ پێش ئێستا، دەقاودەق ئەم چەند دێڕەم نوسیوە کە ڕەنگە وەڵامی بەشی دووەمی پرسیارەکەی بەڕێزتان بێت کە بۆچی ترەمپ لێدوانەکانی لەم ساتەدا بەتەواوی دژ بە یەکن و، فاریزەی بۆ زیاد و کەم ناکەم:
((له مێژودا؛ فارسەکان بە فێڵزانیی، بێبەڵێنیی و، جیاوازی زۆر لە نێوان قسەو کردەوەیان ناسراون.
مانگێ لەمەوبەر نوسیم: "هیچ کەس هێندەی ترەمپ و نەتەنیاهۆ ئەم ڕژێمەی ئێران ناناسن. نمونەی قسەکانی ترەمپیشم هێناوەیە لەسەر ئەم ڕژێمە لە ساڵی ١٩٨٠ کاتێک کە گەنج بوە".
ترەمپ هەوڵیش دەدات؛ بەریەککەوتن و بێمتمانەیی بخاتە نێو باڵی موحافیزکاری ڕژێمی ئێرانەوەو، زۆرباشیش دەزانێ کە فارسەکان کێن! بۆیە هەمیشە دەڵێ: "فارسەکان دانوستانکاری زۆرباشن" و، بە شێوازێک قسە دەکات کە وشەکانی دژ بە یەک بن؛ بۆ ئەوەی زیاتر سەر لە سەرانی ڕژێمی ئێران بشێوێنێت و، پلانەکانی بەئاسانیی نەخوێنرێنەوە!)).
بە هیوای ئەوەی هێزەکانی خۆرهەڵات و باشوری کوردستان ستراتیژی ڕزگاریی [بەکردەیی!!] جێبەجێ بکەن. ئەگەر گۆڵکار و یاریکەر بن [نەک یاریپێکراو] و، ئامانجیان ڕزگاری خاکی کوردستان بێ نەک شتی تر: "کورد دەبێتە براوەترین نەتەوە لە داڕوخانی ئێران و پرۆکسییەکانیی دا].
منیش وەک خزمەتکارێکی خۆبەخشی گەل و نیشتیمانەکەم؛ هەمیشە لە خزمەت ڕزگاریی کوردستانی ڕۆحی تاک بە تاکماندام.