شەریف عەلی: دکتۆرا لە دبلۆماسیەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی
هەروەک چۆن لە ٢٤-٢-٢٠٢٢ وەوە، جیهان تەرکیزی لەسەر جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیا هەبوەو، هەیە. بە هەمان شێوە، تەواوی وڵاتان و دامەزراوە ستراتیژییەکانیان فۆکەسیان لەسەر جەنگی ئەمریکا و ئێرانیشە!
بە پێی هەڵسەنگاندنی دامەزراوە ستراتژییەکانی ئەمریکا؛ ڕوسیا لە یەکلاییکردنەوەی جەنگەکە پێگەی لاوازی خۆی پیشانی جیهان داوە. بەو پێیەی، پێش جەنگەکە، وڵاتان لەو بڕوایەدا نەبون کە ئۆکرانیا هێندە توانای خۆڕاگریی هەبێت.
ڕاستە ئەوروپاو ئەمریکا لە جەنگەکەدا پشتیوانی ئۆکرانیان. بەڵام بەوەشەوە، هەر هەڵسەنگاندنی دامەزراوە ستراتیژییەکان ئەوەیە: هیچ وڵاتێک پێشبینی نەکردبو ئۆکرانیا بەمشێوەیە ڕوسیا گیرۆدە بکات. بەجۆرێ ڕۆژانە هەزاران درۆن و موشەک ئاڕاستەی ناو ڕوسیا دەکات و، هەندێک لەو درۆنانە دروستکراوی خودی ئۆکرانیان و، ئەگەر چەند دانەیەکیشیان ئامانجەکانیان لە ناو ڕوسیا بپێکن؛ گورزی کاریگەرن دژ بە ڕوسیا!
ئەم دیدەی دامەزراوە خۆراواییەکان، بەو مانایه نییە کە ڕوسیا (چەکی ستراتیژی)ی یەکلاکەرەوەو بۆمبی ئەتۆمی ستراتیژیی و مام ناوەندی نییە. بەڵکو بەو مانایەیە: هەم جەنگەکە زۆری خایاند بۆ ڕوسیاو، هەمیش ئۆکرانیا تا ئێستا خۆڕاگری خۆی سەلماندوەو، ڕوسیا ناتوانێ جەنگەکە یەکلایی بکاتەوە.
لەم سۆنگەیەوە، ئایدیایەک لە ناو سیاسەتزانانی ئەمریکا هاتۆتەبون، کە: ئەمریکا دەبێت ئێران داغانتر بکات و، ئیشەکەی بە باشیی دژ بە ئێران تەواو بکات، بۆ ئەوەی لە ناو دیدی دامەزراوە سیاسییەکانی جیهان دا وەک نمونەی ڕوسیا لە دژی ئۆکرانیا تەماشا نەکرێت!
ئەم دیدەی دامەزراوەو سیاسەتزانانی ئەمریکا مشتومڕی جددی و، پشتگیریشی بۆ هاتۆتەکایەوە. بۆیەشە گورزەکانی ئەم چەند ڕۆژەی ئەمریکا دژی ئێران، وەک پێشو، ڕوبەڕوی ناڕەزایی ناوخۆی ئەمریکا، نەبۆتەوە!
واتە: بەشێکی سیاسەتزانان و خەڵکی ئەمریکا هاتونەتەسەر ئەو باوەڕەی؛ دەبێت ڕێگا بە ترەمپ بدرێ کە ئیشەکە دژ بە ئێران بە باشیی تەواو بکات!
لە ئێستادا، زۆرینەی دامەزراوە سیاسییەکانی ئەمریکا لەسەر ئەو باوەڕەن کە پشتیوانی ترەمپ بن لە زاڵبون بەسەر گەروی هورمز دا، چونکە بەوە هەم چین و، هەمیش خودی ڕژێمی ئێران؛ پێکەوە دەخنکێنن و، ڕوسیاش بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە لە پێگەیەک دا نییە کە [زۆر!!!] بە زەقی تەداخول و پشتیوانی ڕژێمی ئێران بکات دژی ئەمریکا!
بەلای بەشێک لە دامەزراوە سیاسییەکانی ئەمریکا: ڕۆژ هەبوە نەک لە ٪٢٠ ی بەهای بازرگانیی جیهان، بەڵکو لە ٪٣٣ ی ئابوری جیهان لە تەنگەبەری ئاوی هورمز دا کۆبوەتەوە و ئاڵووێر کراوە. لەمەدا، چین پشکی سەرەکی لە ئاڵووێرەکەدا هەبوە.
ئیتر با گرنگی نەوت و گازی "ئێران، عێراق و، وڵاتانی عەرەبیی سەر کەنداو" بوەستێت، کە هەر زاڵبونێکی ئەمریکا بەسەر گەروی هورمز و کەنداودا، مانای زاڵبون بەسەر بەشێکی گەورەی بازرگانیی جیهان و، تەسلیمکردن و ڕوخاندنی ڕژێمی ئێران و، ڕەشۆکردنی چین دەگەیەنێت.
مەنتیق چی دەڵێت؟!
لۆژیک دەڵێت: ئەمریکایەک کە زلهێزترینەو ئەو هەمو دامەزراوە سیاسییە ستراتیژیانەی هەیە کە پێشبینی بۆ ڕوداوەکانی دنیا و پلانی زاڵبون بەسەر وزەی جیهان دادەڕێژن، ئەم دەرفەتە لە دەست نادەن. بەڵام ئامانجی ستراتیژی؛ نەفەس درێژیشی دەوێت! چونکە ئێران هێندەی قاڕەیەکەو، بەلای کەمەوە لە ٢٠٠٣ وە کە نزیکەی چارەکە سەدەیەکە، نەوت و گازی ئێران و عێراق بۆ پرۆژە درۆنیی و موشەکیی و ئەتۆمییەکانی ئێران تەرخان کراوە. بۆیە، ئەگەر تەسلیم نەبن؛ ڕوخاندنەکە ستراتیژییەو [کات]ی دەوێت. ئەمریکاش ستراتیژەکەی جێبەجێ دەکات و واز لە گەروی هورمز و زاڵبون بەسەر پێنج یەکی وزەی جیهان لە گەروەکەدا ناهێنێت و، ئیشەکەی تەواو دەکات.
وەلێ؛ کەمێ حەوسەڵەتان هەبێ و، نەفەس درێژ بن و، لە جامۆڵکەیەک ئاو مەکەونە مەلەوەو بڵێن؛ "ئیتر ئێران ناڕوخێت!". بە سەری [شەریف عەلی] لە ڕوی ستراتیژییەوە؛ ڕژێمی ئێران ڕوخاوە!