تاکتیکەکانی ئێستای ئەمریکا بەرانبەر بە ئێران و، سعودییەو ئەتۆمی مەدەنی!

شه‌ریف عەلی
  2026-07-24     203

دکتۆرا لە دبلۆماسیەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی

 

ڕونە دەیانجار شیمکردۆتەوە: ستراتیژی ئەمریکا هێنانەکایەی سێ دەوڵەتی ناوەندی بەهێزە لە سوریا، عێراق و، ئێران، کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە هەرێمەکە بپارێزن. ئەم ستراتیژە؛ زاڵبون بەسەر بەحری وزەی سروشتیی ناوچەکەو کەناڵە ئاوییە بازرگانییە-جیهانییەکانیشیان لە کەنداو و دەریای ناوەڕاست دەگرێتەوە.

 

پرسیار ئەوەیه: ئایا تاکتیکەکانی ئەمریکا لە ئەمڕۆدا بەرانبەر بە ئێران کامانەن:

 

ئەمریکا بەلای کەمەوە سێ تاکتیکی لە ئێستادا هەیە کە دەکرێ یەکێکیان یان تێکەڵەیەکیان بگرێتەبەر، کە ئەمانەن:

 

تاکتیکێکی ئەمریکا ئەوەیە: دورگەی خارگ بگرێ، بەبێ دابەزاندنی سەرباز تێیدا! واتە: هەر بە هێزی ئاسمانیی هیچی تێدا نەهێڵێ و، داغانی بکات و، بەردەوام بیکوتێ. بەوپێیەی ئەمریکا کۆنترۆڵی ئاسمانی ئێرانیی کردوە.

 

بژاردەی (تاکتیکی) دووەم ئەوەیە: دورگەی خارگ بگرێ بە تێکەڵەیەک لە هێزەکانی وڵاتانی عەرەبیی سەر کەنداو لەگەڵ هێزەکانی مارێنزی خۆی.

 

سێیەم تاکتیکی (بژاردەی) ئەوەیە: ڕاستەوخۆ تواناکانی حوکمڕانیکردنی حکومەتی ئێران بکوتێ، بە ئامانجی تەسلیمکردنیی ئێران، یان خولقاندنی ڕاپەڕینی چەکداریی. لەم تاکتیکە دا ئەم ئامانجانە دەکوتێ: کارگەکان بەگشتیی، بەندەرەکانی بازرگانیی، پردەکان، ناوەندەکانی کارەبا، هێڵەکانی ئاسن، مۆڵگەکانی پاسداران، ناوەندەکانی ئەتۆم و درۆن و موشەک. وەک وترا؛ ئامانجی ئەم تاکتیکە بۆ داڕوخاندنی توانای حوکمڕانیکردن و داغانکردنی ئابوری ئێرانە.

 

لەگەڵ ئەم سێ تاکتیکەدا، دەکرێ تاکتیکێکی تێکەڵیشیان لێ پێک بێنێت. ئەمە چی دەسەلمێنێ؟ ساغیدەکاتەوە کە بژاردەکانی بەردەست ئەمریکا زۆرن!

 

لە بەرانبەردا، ئەوەی ئێران ئێستا کەمێک بەدەستییەوە ماوە؛ بەرزکردنەوەی کارتی [نرخی وزه]یە. ئەمەش لەڕێگەی هێرشی حوسییەکانەوە بۆ سەر کەشتییەکانی سعودییە لە دەریای سور. ئەمریکا ئێستا کاردەکات بۆ ئەوەی ئەو کارتەش لە ژێر دەستی ئێران دەربهێنێت، هەروەک چۆن تائەندازەیەک لەڕێگەی هێزەوە کارتی بە ئامانجکردنی کەشتییەکانی بە ڕێڕەوی هورمز دا [تاڕادەیەکی سنوردار!!!] لە دەست ئێران دەرهێناوە.

 

ئێران بۆ بەکارهێنانی کارتی بەرزکردنەوەی نرخی نەوت و بەنزین و گاز، بە نزیکەی ٢١ جەنەراڵی خانەنشینکراوی بۆ مەشقپێکردنی حوسییەکان ناردوە لەگەڵ سەدان موشەک و درۆن دا. 

بەپێی سەرچاوە ئینگلیزییەکان: ئەو فڕۆکەیەی کە جەنەراڵە خانەنشینکراوەکانی ئێرانی بردوە، تێیدا چەند سندوقێکی پڕ قاڵبی ئاڵتونیش بۆ حوسییەکان نێردراوە وەک فەندێکی ئابوری بۆ تێچوی هێرشەکانیان. 

ئەو سندوقە قاڵبە ئاڵتونانە لە بنەڕەت دا لەلایەن میلیشیا عێراقییەکانەوە مانگانە بە ئێران دراوەو دەدرێ کە لە ڕێی بازرگانی ماددەی هۆشبەر و قاچاخچێتیی (بەتایبەت قاچاخچێتیی فرۆشتنی نەوتی ڕەشی عێراق) و سپیکردنەوەی پارەو، بەرتیلەوە دەستیان دەکەوێت.

 

لەلایەکی ترەوە، سەرکردەکانی ئێران لە ئیسرائیل ترساون و، بۆ خۆپاراستن لەوەی ئیسرائیل ڕاستەوخۆ نەیانکاتە ئامانج، هەم هەمو درۆنهاویشتن و موشەکبارانکردنێکیان بۆ سەر ئیسرائیل ڕاگرتوەو، هەمیش ڕەشۆی حیزبوڵایان کردوە کە لە ئێستادا هێرش نەکاتەسەر ئیسرائیل. بەڵام تاکەی ئەم پاشەکشە گەورەیەی ئێرانییەکان بۆ ئیسرائیل بەردەوام دەبێ؟ لەکاتێکا ئیسرائیل ڕایگەیاندوە: "گەر ئەمریکا داوایان لێ بکات؛ ڕاستەوخۆ بەشداری دەکەن لە کوتانی ئێران دا".

 

گرنگترین خاڵ ئەوەیە: پلانی ئەمریکا لەم قۆناغەدا ئەوەیە هەم لە ڕوی بەرگری و هەمیش لە ڕوی هێرشبەرییەوە خۆی لە ناوچەکە تۆکمەتر و بەهێزتر کردوەو دەکات و، بەردەوام ڕژێمی ئێران توشی پاشەکشە دەکات.

 ئەمریکا ئامادەسازی تۆکمەترکردنی کردوەو، هەندێ سیستەمی پاتریۆتی گواستۆتەوە بۆ ناوچەکەو، هێزی زیاتری مارێنزی ناردوە. ئەمانە تەنیا بۆ ئێران نین، ڕەنگە بۆ کوتانی حوسییەکانیش بێت.

 

لەگەڵ ئەوەی تایبەتمەندی جیۆپۆلەتیکی ئێران زۆر گرنگەو، زیاد لە نەوەد ملیۆنیش دانیشتوانی هەیە. بەڵام لاوازی ئێران لە چاو چوار مانگ پێش ئێستا بە ئاشکرا لەم قۆناغە دەرکەوتوەو، تا دێت ئەمریکا زاڵتر دەبێ و، ئێران لە پاشەکشە دایەو، ئێران زیاتر وەک گروپێکی میلیشیایی هێرش دەکات، نەک وەک دەوڵەتێکی گورزوەشێنی سیاسیی-دبلۆماسیی-سەربازی.

 تا ئێستا زیاتر لە ٢١٢ فڕۆکەو، ١٤٩ کەشتیی و، سەدان ڕادار و بەلەمی ئێرانیی لەلایەن ئەمریکاوە لەناوبراوە. واتە: زاڵبونی ئەمریکا تا دێت دەرکەوتوتر دەبێ و، ئێرانیش داغانتر.

 

بۆیە، ترەمپ دەیەوێ سازشی گەورەتر لە ئێرانییەکان بەدەست بهێنێت؛ چونکە توانا سەربازیی و سیاسیی و دبلۆماسییەکانی ئێران وەک جاران نین. هەرچەندە، ئەم ململانێیە نەفەس درێژی ئەوێت. بەڵام، ترەمپ دەیەوێ زیاتر ئێرانییەکان بکوتێ تا تەواو تەسلیمیان دەکات.

 

لەلایەکی دیکە، میدیاکان باسیان لەوە کردوە: زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیامێکی ئاگربەستی ئەمریکای بۆ ئێرانییەکان بردوە. هەرچەندە، زەیدی ئەوەی ڕەتکردەوە. بەڵام، ستراتیژی ئێران بەرانبەر بە عێراق: خۆژیاندن و خۆبەهێزکردنیەتی لەسەر ئابوری و جیۆپۆلەتیکی عێراق. 

واتە: ئێران وەک کۆڵۆنییەکی خۆی تەماشای عێراق دەکات، نەک وەک دەوڵەتێکی خاوەن پێگەی دیبلۆماسیی.

ئێران نایەوێ ئەو ئاماژەیە بە ئەمریکییەکان بدات کە عێراقی لە ژێر دەست دەرهێنراوەو، لەڕاستیش دا ئێرانییەکان دەزانن عێراق لە پێگەیەکی دبلۆماسیی نێودەوڵەتیی دا نییە کە ناوبژیوانی ئەمریکاو ئێران بکات. 

خۆ ئەگەر ئێران ئەمری واقیع قبوڵ بکات؛ ئەمریکا زاڵتر دەبێ، چونکە لە سیاسەت دا؛ سازش سازشی بەدوادادێت و، ئێستا هێزەکانی ئەمریکا بەسەر هورمز دا زاڵن و، ئێرانیان داغان کردوە.

 

لەگەڵ هەمو ئەمانەش دا، ترەمپ تائێستا بەڕونی نەیوتوە: من ئەمجارە چیم لە ئێرانییەکان دەوێت، بۆچی؟ چونکە ئەمریکا ئێستا لە پێگەیەکی بەهێز دایەو، پەلەی نییە.

 

لە ڕوی ناوخۆی ئەمریکاشەوە، کۆمارییەکان باشتر لە جاران دەیانەوێ خەڵکی ئەمریکا بۆ ئەم بەریەککەوتنە قانع بکەن و تێبگەیەنن. 

بەردەوام کۆمارییەکان ئەم دێڕە چەندباره دەکەنەوەو ڕایدەگەیەنن: "ترەمپ تەنیا سەرۆکە لە ٤٧ ساڵی ڕابردودا شێلگیرانە ڕوبەڕوی ئێران بوەتەوە، ئەو ئێرانەی کە هەڵگری ئایدۆلۆژیایەکی تیرۆریستیی ڕادیکاڵی جیهانییە دژ بە مرۆڤایەتیی". 

 

وەک ئامارو داتاش، پێش مانگی پێنجی ئەمساڵ؛ بەنزیکەی لە سەدا چلی خەڵکی ئەمریکا پشتیوانی ئۆپەراسیۆنی ئەمریکا دژی ئێران بون. بەڵام ڕێژەی پشتگیری بۆ جەنگەکە زیادی کردوەو، ئێستا بەنزیکەی لە ٪٤٣ ی خەڵکی ئەمریکا پاڵپشی جەنگەکەن.

 

لە ڕوی دبلۆماسیەتی هەرێمایەتیشەوە، بەهۆی لاوازبونی پێگەی ئێرانەوە، سعودییەی دژبەری تا دێت زیاتر هەنگاوی دژ بە ئێران دەنێت. 

ئەبرەهام ئەکۆرد کە لە ١٥ سێبتێمبەری ٢٠٢٠ بەنێوەندگیری ئەمریکا لە نێوان ئیسرائیل و بەحرەین و ئیمارات ئیمزا کرا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە سیاسیی-دبلۆماسیی-ئابوریی-سەربازیی-هەواڵگرییەکانی دەوڵەتانی عەرەبیی و ئیسلامیی لەگەڵ ئیسرائیل بەشێوەیەکی ئاشکراو فەرمیی. ئەو سەردەمە، سعودیە دەیوت: "ئێمە ئامادەین ئیسرائیل بە فەرمی بناسین و، ببینە بەشێک لە ئەبرەهام ئەکۆرد؛ بەمەرجێ دەوڵەتێک بۆ فەلەستینییەکانیش دابمەزرێ".

 بەڵام دەبینین ئێستا سعودییە لەو مەرجە پاشەکشە دەکات لە پێناو بەرنامەی ئەتۆمیی مەدەنیی بۆ مەبەستی کارەبا کە ئەمریکا بۆی دابمەزرێنێ و سەرپەرشتی بکات. ئەمەش دەرخەری زیاتر زاڵبونی ئەمریکا-ئیسرائیلە لە ناوچەکەداو، پاشەکشەی گەورەی ئێرانە چونکە پێشتر ئێران هەڕەشەی دژی هەنگاوێکی لەم شێوەیە دەکرد کە سعودییە بیگرێتەبەر. چونکە خودی ئەبرەهام ئەکۆرد بۆ ڕەشۆکردنی ئێران و بەزلهێزکردنی ئیسرائیلە لە خۆرهەڵاتیی ناوەڕاست.

 

بە تێفکرینی ستراتیژی من: گرنگی ڕۆشتنی سعودییە بۆ ناو ئەبرەهام ئەکۆرد لەوەدایە ئیتر دەوڵەتە عەرەبیی و ئیسلامییەکانی تر ئەو غیرەتەیان نامێنێت کە نەڕۆنە ناو ئەبرەهام ئەکۆرد و، خۆیان بگرن. چونکە سعودییە لە ڕوی ئابورییەوە زلهێزێکی ناو دەوڵەتە عەرەبییەکانەو، لە ڕوی پیرۆزی خاکیشەوە بەلای مسوڵمانانەوە گرنگەو حساب بۆ کراوە.

 

ئەم پرسانە مشتومڕی زۆرتر هەڵدەگرن و، منیش لەبەر خوێنەری کورد کە حەزیان بە نوسینی درێژ، با بە سودیش بێ، نییە، بۆیە لێرەدا ئەم وتارە دەوەستێنم و، ڕەهەندەکانی تری ئەم پرسانە شیناکەمەوەو، دەگونجێ لە بابەتەکانی ترم دا ئاماژەیان بۆ بکەم.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×