دکتۆرا لە دبلۆماسییەتی بەریتانیی
لە ساڵیادی کوشتنی قاسمی سولەیمانیی، ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی-تەکنەلۆژیی-هەواڵگریی دا؛ مادۆرۆی سەرۆکی فەنزیۆلای دەستبەسەر کرد!
ئەمریکا بەڕێکەوت [بە سوتفە!] ئەم بەروارەی بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە [زۆر!] یەکلاکەرەوەیە، هەڵنەبژاردبو! بگرە هەڵبژاردنی ساڵڕۆژی کوشتنی قاسمی سولەیمانی بۆ ئۆپەراسیۆنێکی هێندە کاریگەر، پیشاندانی ئەو پەیامە بو: ئەمریکا ڕژێمی ئاخوندەکانیش بە دوژمنی خۆی دەزانێ و، ئاکامی ئەو ڕژێمەش هەرلەناوبردن دەبێت، ئەگەر بە تەواوی کڕنوش بۆ ئەمریکا نەبات.
ڤەنزیۆلای سەردەمی مادۆرۆ و ئێرانی سەردەمی ئێستای ئاخوندەکان، لە زۆر ڕووەوە هەڕەشەی ستراتیژیین بۆ سەر ئەمریکا:
یەکەم: هەردوکیان هاوپەیمانی پوتنن.
دووەم: ڕژێمەکەی مادۆرۆ و ڕژێمی ئاخوندەکان، هەردولایان بە بەردەوامیی، بەنهێنیی و، ئاشکرا؛ نەوت بە چین دەفرۆشن و، سەرچاوەیەکی سەرەکیشن بۆ گەشەسەندن و بڵاوبونەوەی تەکنەلۆژیاو، هەیمەنەی ئابوری چین، هەم لەلایەن مادۆرۆوە بۆ ناو ئەمریکای لاتین و، هەمیش لەلایەن ئێرانەوە دەستی ئابوریی و تەکنەلۆژیی چین بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست درێژتر و بەربڵاوتر کراوە.
لەسەر ئاستی جیهان، هەڕەشەی ستراتیژی لەسەر هەژمونی ئابوریی و تەکنەلۆژیای ئەمریکیی بریتییە لە چین. بۆیە خاڵی یەکلاکەرەوەی ستراتیژیی ئەم سەردەمە بۆ ئەمریکا بریتییە لە لەقاڵبدانی هەیمەنەی ئابوریی و تەکنەلۆژیای چین بەسەر جیهان دا. دو ڕوکنی سەرەکی کە دەبنە هۆی لاوازکردنی ئابوریی و تەکنەلۆژیای چین بەسەر جیهان دا بریتین لە: سڕینەوەی ڕژێمەکەی مادۆرۆ و، ڕژێمەکەی ئاخوندەکانی تاران. بەم پێیە، هیچ گومان لەوەدا نییە، ئەمریکا هەردو ڕژێمەکە دەڕوخێنێت، ئەگەر ئاخوندەکان بەتەواوی خۆیانی بۆ نەچەمێنن.
سێیەم: هەردو ڕژێمەکەی مادۆرۆ و خامنەیی؛ سەرچاوەی سەرەکیی ناردنی مادە هۆشبەرەکان، چەکدارکردنی میلیشیاکانی دژە ئەمریکا، سپیکردنەوەی پارەو، ژێرپێنانی یاسا نێودەوڵەتییەکانن لە چەندین ڕووەوە. بەتایبەت، ئێستا کۆمەڵگای خۆراوایی بەدەست ماددە هۆشبەرەکانەوە داغان بوە.
بەپێی دۆکترینەکانی مۆنرۆ: قاڕەی ئەمریکا بەگشتیی [بە ئەمریکای لاتینیشەوە!] موڵکی ئەمریکییەکانەو، دەبێت ئەمریکای ئەنگلۆساکسن [کە ئێستا بە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ناسراوە] خۆی بەبرای وڵاتانی ئەمریکای لاتین بزانێ و، وابکات دۆستی هەمیشەیی یەکتر بن و، هەڕەشەی دەرەکیش لەسەر هەر بەشێکیان بە مەترسیی بۆ سەر هەمو خاکی هەردو ئەمریکاکە بزانن.
بۆیە، ئەم ئۆپەراسیۆنەی ترەمپ و، بردنی مادۆرۆ لە ڤەنزیۆلای ئەمریکای لاتین بۆ نیویۆرکی ئەمریکای ئەنگلۆساکسن نیشانەی دیسانەوە پراکتیزەکردنەوەی دۆکترینەکانی جەیمس مۆنرۆی پێنجەمین سەرۆکی ئەمریکایە (1758-1831)، کە بنەمای سەرەکی باوەڕەکانی جەخکردنەوەیە لەسەر بڕینەوەی دەستی کۆلۆنیالیزمی ئەوروپیی و دەستێوەردانی بیانیی بەسەر خاکی ئەمریکاوە، بەتایبەت ئەمریکای لاتین. بۆیە، هەنگاوەکەی ترەمپ سڕینەوەی دەستی چین و ڕوسیایە بەسەر خاکی ئەمریکای لاتین، کە مۆنرۆ هەردو ئەمریکای بە یەک نیشتیمان، دەناساند!
لەملاشەوە، لە دەیان بەڵگەنامەی سی-ئای-ئەی دا، هاتوە: هەر زلهێزێک هەژمونی بەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا هەبێ؛ دەتوانێ حوکمی جیهان بکات. واتە: هێندە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێگەی جیۆپۆلەتیکیی و جیۆستراتیژیی و فرەیی ئابوری، بەهێزە.
ڕونە ئێران و عێراقیش دو پایەی گرنگی ناو خۆرهەڵاتی ناوەڕاستن. بۆیە، بۆ ئەوەی ڕێگا لە زیاتر گەشەسەندویی هەردو زلهێز (چین و ڕوسیا) بگیردرێ، پرۆسێسی ڕوخاندنی ئەم ڕژێمەی ئێران؛ ستراتیژی ئەمریکایە، چونکە بەوە ئەمریکا پێگەی خۆی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست [بە تەواوی!!] قایمتر دەکات. بەوپێیەی ڕوخاندنی ئەم ڕژێمەی ئێران زۆرینەی هاوکێشەکانی تر لە عێراق، سوریا، لوبنان، یەمەن و، تەنانەت هەیمەنەی ئەمریکا بەسەر دەریای قەزوین و، گەمارۆدانی ڕوسیا، دەچەسپێنێت.
خاڵێکی جیاواز لە نێوان ڤەنزیۆلای مادۆرۆ و ئێرانی خامنەیی، ئەوەیە: ڕژێمەکەی مادۆرۆ خاوەن ئۆپۆزسیۆنێکی ڕێکخراو و سیقەپێکراوی ناوخۆیی و جیهانییە. بەڵام ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیی ناڕێکخراوە. بەتایبەتر ڕوخانی ڕژێمی ئێران کە فرەنەتەوەیە؛ بیرکردنەوەو نەشتەرگەرییەکی وردتری لە ڕوخانی ڕژێمەکەی مادۆرۆ دەوێ!
لە سیاسەت دا پێویستە حساب بۆ هەمو ئەگەرەکان و ژمارەکان و کەسایەتییەکان بکرێ. دەکرێ ئیسرائیل پێی باش بێ کوڕەکەی حەمەڕەزاشا بکاتە شای ئێران. هەندێک بۆچون هەن کە گوایە ئەو کوڕە ناکامڵ [خوێڕیله!]یەو بۆ شاهەنشایی نابێ و ئەو سەردەمە گوزەشت! بەڵام ئەمریکا-ئەوروپا و ڕوسیاوچینیش زۆر لەو ئایختریشیان کردۆتە هەمەکارە! بۆ نموەنە، جۆلانی گەورە تیرۆریست بو، واتە لە کوڕەکەی شا؛ قێزەونتر بو! سەرکردەکانی یەکێتیی و پارتیی لە ١٩٨٨ ەوە ئاشبەتاڵیان کردبو، مام جەلال لە ١٩٨٨ ەوە ڕایکردبو بۆ لەندەن و تریتی قەلی ئەنۆشیی و، نەوشیروانیش دەستی کردبو بە ئامادەسازیی ئاشبەتاڵیی چەکداریی و، مەسعودیش لە کەرەج هەر تریتی ئەخوارد. بەڵام ئەمریکا-ئەوروپا ئەو تریتخۆرانەشی هێناو کردنییە حوکمڕان و، زاڵمی ئێمە!
کەوابو، ئەو بۆچونە نالۆژیکییە کە نابێ حساب بۆ کوڕەکەی حەمە ڕەزا شا بکرێ! خومەینییش ئاخوندێک بو، سی-ئای-ئەی لە فەرەنساوە ناردییەوە بۆ ئێران بۆ ئەوەی بۆ ئەو سەردەمە ڕێگا لە هەژمونی کۆمۆنیزم بگرێ. بەتایبەت کە ئەمریکا دەیزانی جەماوەری ئێران دژی ڕژێمە بەسەرچوەکەی حەمە ڕەزاشای هاوپەیمانی ئەون و، ناتوانن لەسەر حوکم بیهێڵنەوە. ئەوەبو، لە ڕێی ڕژێمەکەی خومەینیی-خامنەییەوە؛ فاشیزمی عەرەب کە هاوپەیمانی سۆڤیەت بون دژی ئیسرائیل، یەک لە دوای یەک لە ڕێی ئایدۆلۆژیای وەلی فیقهیی ئێرانەوە لاوازکران و دەستی ئیسرائیل واڵاکرا کە فەلەستین و لوبنان و سوریا [زۆر!] بچوکتر بکاتەوە.
ئێستا کە ڕژێمەکەی خامنەیی لەولاوە بوەتە شوێنگەیەک بۆ هەژمونی ستراتیژیی ڕوسیاوچین لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست داو، بەو نەوت و گازە زەبەلاح و، شوێنگە گرنگە جیۆستراتیژ و جیۆپۆلەتیکییەوە، کە جەماوەرەکەشی لێی وەزاڵە هاتون؛ دەبێ لە ڕوی ستراتیژییەوە بڕوخێنرێ.
چەندێکی تر؟ مانگێکی تر، یان ساڵێک، یاخود دو ساڵ؛ دەکەوێتەسەر تەوقیتی ستراتیژداڕێژەرانی ئەمریکا.
بەڵام لە ڕوی ستراتیژییەوە، ڕوخاندنی ئەم ڕژێمەی ئێران؛ حەتمییە. [زۆر!!] گرنگە بزافی ناسیۆنالیزمی خۆرهەڵاتی کوردستان فۆکەسیان لە سەرەتادا تەنیا لەسەر [بەزویی] ئازاد و ڕزگارکردنی هەمەدان، کوردانی لوڕو بەختیاری، ورمێ، نەغەدەو، کرماشان، بێ! بۆ ئەوەی دیفاکتۆی خۆیان بسەلمێنن!
کورد لە نێوان ستراتیژی ئیسرائیل و، توانەوە لە ناو ئاگری ستراتیژی (بەریتانیا-تورک-عەرەب-فارس!) دا!!
ڕونە ئیسرائیل وەک جنۆکە لە ناو جەستەی ئاخوندەکانی ئێران دایە! بەتایبەت ئیسرائیل خۆی ساواکی دروستکرد و، دروستکردنی ئیتلاعاتیش لەلایەن بەشێک لە هەمان ئەو ئەفسەرانەوە بو کە پێشتر ساواکیی بوبون. ئەوەبو دەزگای ئیتلاعات لەسەر پاشخانی ساواک بنیادنرا. بۆیەشە هیچ وڵاتێ هێندە ئیسرائیل، زانیاری لەسەر ورد و درشتی سەرکردەکانیی ئێران نییە، بەتایبەت لەڕێی خودی ئیتلاعاتی ئێرانەوە کە دەزگایەکە لەسەر پاشخانی ساواک بنیادنراوە!!
کەوابو، ئیسرائیل وەک جنۆکە ڕۆشتوتە ناو ڕۆحی ڕژێمی ئاخوندەکانی ئێرانەوەو، هەر ساتێک بیەوێ ئیشی خۆی لە ناویان دەکا. ئاخوندەکانیش وەک خێو چونەتە ناو چوارپەلی ڕژێمی عێراقەوەو، چۆن بیانەوێ ئاڕاستەی دەکەن، بە حکومەت، میلیشیاو حیزبەکانیشەوە.
لە باشوری کوردستانیی [شیمال عێراق-حەبیب]ەکەی یەکێتییش!! پارتیی وەک جنۆکە لە ناو جەستەی تەواوی داودەزگاکانی یەکێتیی، بە دەزگای زانیاریی، مەکتەب سیاسیی و، میدیاکانی یەکێتییەوە، بونی هەیە.
یەکێتییش وەک خێو لە ناو تەواوی ئۆپۆزسیۆنی کارتۆنی دژ بە یەکێتیی و پارتیی و، قەڵەم بەدەستە بەناو [سەربەخۆ!!]کانی زۆنی سەوز، ڕەگی دا کوتاوە.
لەم کەینوبەینەدا، ئەوەی ڕسواو، بێ پلان و، بێ ستراتیژ و، ئێکسپایەرە: یەکگرتوی [بەگلەربەگ] سەلاحی بەهاددین و، کۆمەڵەی [ئاخوند] عەلی باپیر و، حەرەکەی [فەقێ] عیرفان جۆلانییە.
لە ٢٠١٤ لە بابەتێکم کە لە ئاوێنە بڵاوکرایەوە، تێفکرینی ستراتیژییم ئەوەبو، کە: یەکێتیی و پارتیی تەنیا لە ڕێی چەکەوە دەڕوخێنرێن و، سەرەتا دەبێت لە یەکێتییەوە دەست پێ بکرێت چونکە پارتیی و یەکێتیی دو دەسەڵاتی جیاوازن و، هەرکەس باسی گۆڕانکاریی کرد بە شێوازی پەرلەمانیی لە باشوری کوردستان دا؛ تەمەنی پارتیی و یەکێتیی درێژ دەکاتەوەو، شەرعیەتیان پێ دەدا.
ئەوکات خەڵک بە [چاو] بیری دەکردەوە نەک بە [عەقڵ!]. وایاندەزانیی و هیواداربون کە نەوشیروان مستەفا لەڕێی پەرلەمانەوە پارتیی و یەکێتییان بۆ بڕوخێنێ! منیش بەو بابەتە گاڵتەم بە عەقڵی ئەو بەشە لە خەڵک دەهات و، تەکلیفلێکردنیشم کە ببمە پەرلەمانتار ڕەدکردەوەو، وتم: "هەرگیز لەگەڵ نەتەوەکەم درۆ ناکەم و، هەرگیزیش لەڕێی پەرلەمانەوە پارتیی و یەکێتیی لاواز نابن، بەڵکو ڕەوایەتیان پێ دەدرێ و، تەمەنیان درێژ دەکرێتەوە".
ساڵی ٢٠٢٤، هەمان بابەتی دە ساڵ لەوەو پێش دیسانەوە لە ئاوێنە بڵاوکرایەوە. ئێستاش بۆ دەیەمینجار دەیڵێمەوە: ڕێگای شانۆگەری پەرلەمانیی لە باشوری کوردستان هەرگیز پارتیی و یەکێتیی ناڕوخێنێ و، شەرعیەتییان پێ دەداو، تەمەنیان درێژدەکاتەوە. بۆیە زۆرینەی ئەوانەی ئەو ڕێگایە دەگرنەبەر، یان لە ژێرەوە سەر بە دەزگای زانیاریی و پاراستن (یەکێتیی و پارتیی)ن، یاخود سەر بە یەکێک لە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران، تورکیا و، بەریتانیان.
ماوەیەکی تر زنجیرەیەک بەڵگەو بەڵگەنامەی نهێنیی لەسەر (سەلاحەددینی ئەیوبیی، شێخ سەعیدی بەرزنجی، شێخ مەحمودی بەرزنجی، مەلا مستەفا، قاسملو، ئۆجەلان، مام جەلال، مەسعود بارزانیی و، مەلا عوسمان عبدالعزیز)، بڵاودەکەمەوە.
ئەو بەڵگەنامە نهێنیانە زۆر بەڕونی دەیسەلمێنن بیرۆکەی [برایەتیی گەلان] لەلایەن دەزگای هەواڵگری بەریتانیی و، لەڕێی مام جەلالەوە، لە ساڵی ١٩٦٥ ەوە، نێردراوە بۆ باشوری کوردستان، کە وابکەن هێدی-هێدی کورد لە بۆتەی عێراق، ئێران، تورکیاو، سوریا، بتوێننەوە.
ساڵی ١٩٩٢ و ١٩٩٣، بەریتانیا و تورکیا پێکەوە، مام جەلال ڕادەسپێرن کە ئۆجەلان ڕازی بکات بە بیرۆکەی [برایەتیی گەلان] و، واز لە بیرۆکەی سەربەخۆیی [نیشتیمانیی کوردستان] بێنێت. ئۆجەلان هەندێ سازش دەکات، بەڵام بەتەواوی واز لە بیرۆکەکانی ناهێنێت. لە ساڵی ١٩٩٤ ەوە بە ئاگاداری بەریتانیا؛ تورکیا پیلانی گرتنی ئۆجەلان دادەڕێژێ و، بەریتانییەکان زانیاری لەسەر شوێنی مانەوەی ئۆجەلان و، کەمپی مەشقەکانی پەکەکە، لە مام جەلال وەردەگرن!! ئەم بەڵگەنامەیە بخوێننەوە، تا لە زنجیرە بابەتەکانی داهاتودا، چەندینی تر بڵاودەکەمەوە.
بیرۆکەی ئەم بابەتە ئەوەیە: داهاتوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هی ئیسرائیلەو، کوردیش دەتوانێت سودی لێوەربگرێت بەمەرجێ کورد واز لە سیخوڕی بۆ بەریتانیای خولقێنەری بیرۆکەی [برایەتیی گەلان] بێنێت. چونکە بە قازانجی ستراتیژی بەریتانیایە مانەوەی ئیمپریالیزمی تورک، ئیمپریالیزمی فارس و، ئیمپریالیزمی عەرەب، بەسەر خاکی کوردستانەوە. بۆیەشە بەریتانیا پشتیوانی سەرسەخت و هەمیشەیی یەکپارچەیی دەوڵەتە بەزۆر دروستکراوەکانی تورکیا، ئێران، عێراق و، سوریا بوەو، هەیەو، دەشبێت.
لە کوردستان، ئەو هێزو کەسایەتیانەی کە وا دێنە پێش چاو بۆ بەرژەوەندییەکانی یەکێک لە ئیمپریالیزمەکانی ئینگلیز-تورک-فارس-عەرەب کاربکەن و، مەیلی هاوبەشیان لەگەڵ ئیمپریالیزمی ئینگلیز هەیە کە کورد لە بۆتەی تورکیا-ئێران-عێراق-سوریا، بتوێننەوە، ئەمانەن: "یەکێتیی بە هەمو باڵ و کلکەکانییەوە، پەکەکە، نێچیرڤان بارزانیی، بەگلەربەگ سەلاحی بەهاددین، ئاخوند عەلی باپیر، حاجی ئاغا عەوڵا شاپەرستی موهتەدی، قەرداش عەلی قەراخیی، فەقێ عیرفان جۆلانیی ڕابەری حەرەکە، ڕەوتی هەڵوێست و، نەوەی نوێ".
ئەوانەشی شاگەشکەن بە ئیسرائیل: "مەسرور بارزانیی" یەکێکە لە نمونەکانیان.
ڕاستە ستراتیژی ئیسرائیل بەرانبەر بە تورکیا، ئێران عێراق و، سوریا، بۆ کورد باشترە لە ستراتیژی [نەگۆڕ]ی ئینگلیز. چونکە هەر هیچ نەبێ ئیسرائیل وەک بەریتانیا خاوەن ستراتیژێکی تایبەت نییە کە کورد بتوێنێتەوە لە ناو بۆتەی ئەو ڕژێمە دەستکردانە دا.
بەڵام کورد پێویستە [خۆی] خاوەن ستراتیژی تایبەت بە خۆی بێت، لە هەگبەشیی دا ڕزگاریی نیشتیمان کوردستان؛ ئامانجی نەگۆڕی بێت. چۆنکە مەرج نییە ستراتیژی ئیسرائیل دروستکردنی دەوڵەت بێت بۆ کورد، بەڵکو ئیسرائیلیش بەرژەوەندی نیشتیمانیی خۆی هەیە.
ئینشائەڵا لە بابەتەکانی داهاتو بەڵگەو بەڵگەنامە [زۆر] نهێنییەکانی بەریتانیا دەخەمەڕو، بۆ خۆتان بیخوێننەوە، زۆر بە سادەیی لە بنجوبناوانی ڕەگی [برایەتی گەلان] کە ستراتیژی بەریتانیایە بە پەسەندکراوی تورکیاو ئێران بۆ تواندنەوەی کورد لە دەوڵەتە دەستکردەکانیان دا، تێ دەگەن!
ئەستەمە یەکێتیی بیرۆکەی [سەربەخۆیی کوردستان] بگرێتەبەر، چونکە پاشکۆی بەریتانیان و، ئینگلیز ناهێڵێت. هەتا پارتییش هەڵگری بیری ناسیۆنالیزمی-خێڵەکیی بێت ناتوانێت گوتاری یەکێتیی-بەریتانیی ڕابماڵێت.
پارتیی پێوستی بەوەیە: خۆی بگۆڕێت بۆ ناسیۆنالیزمی کلاسیک، یان ناسیۆنالیزمی تۆتالیتێر، یاخود ناسیۆنالیزمی مۆدێرن، کە ئەوەی سێیەمیان ئەستەمە، لەبەر ئەوەی پارتیی هەرگیز ناتوانێت گوتاری خۆی بگۆڕێت لە ناسیۆنالیزمی خێڵەکییەوه بۆ ناسیۆنالیزمی مۆدێرن، چونکە پارتیی هێزێکی بنەماڵەییە!
تێبینی:
١-لەم بەڵگەنامە نهێنییە کە مام جەلال زانیاری لەسەر شوێنی مانەوەی ئۆجەلان و کەمپەکانی پەکەکە بە ئینگلیزەکان دەدات، لەو کاتەدا سێگۆشەیەک هەبوە بە تەنسیق ئیشیان کردوە بۆ لاوازکردن و گۆڕینی گوتاری پەکەکە لە سەربەخۆییەوە بۆ (برایەتیی گەلان). ئەو سێ گۆشەیە بریتیی بون لە: بەریتانیا-تورکیا-یەکێتیی.
بەریتانیاوتورکیا خۆیان سەرپەرشتی شەڕی یەکێتیی-پارتیی-حسکیان کردوە دژی پەکەکە، کە زنجیرەیەک بەڵگەنامەی زۆر نهێنیی لەسەر بڵاودەکەمەوە.
سێ کەس لە یەکێتیی زانیارییان لەسەر پێگە نهێنییەکانی پەکەکەو شوێنی مانەوەی ئۆجەلان بە ئینگلیزەکان داوە، بریتی بون لە: "مام جەلال، لەتیف ڕەشید و، بەرهەم ساڵح". بڕواننە ئەو زنجیرە بەڵگەنامەیەی کە لە بابەتی: (سەلاحەددینی ئەیوبیی، شێخ سەعیدی بەرزنجی، شێخ مەحمودی بەرزنجی، مەلا مستەفا، قاسملو، ئۆجەلان، مام جەلال، مەسعود بارزانیی و، مەلا عوسمان عبدالعزیز) لە بەڵگەو بەڵگەنامە زۆر نهێنییەکانی ئینگلیز دا، بڵاویان دەکەمەوە.
٢-بەپێی بەڵگەنامەکانی بەریتانیا دەستبردن بۆ شیکردنەوەی مێژوی سیاسیی مام جەلال؛ زۆر ترسناکە، چونکە پەیوەندی نهێنیی بۆ بەرژەوەندی خۆی و گروپەکەی [نەک لە پێناو بەرژەوەندییەکانی کورد و کوردستان!] لە یەک کات دا هەبوە لەگەڵ بەریتانیا، ڕژێمی بەعسی عێراق، بەعسی سوریا، تورکیاو، ڕژێمی خومەینیی-خامنەیی. بەڵام لە زنجیرەی فایلە بەڵگەنامەکانی بەریتانیادا لەسەر کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە، بەتایبەت لە ١٩٨٨ تا ١٩٩١، قازانجێکی [لەڕادەبەدەر!] گەورەی سیاسیی-دبلۆماسیی-ئابوریی بۆ ئێران و یەکێتیی هەبوە. بەتایبەتر لەوکاتەدا مام جەلال لە بەریتانیابوەو، کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە وایکردوە هەمو وڵاتە خۆراواییەکان دەرگا بۆ مام جەلال بکەنەوەو، وەک باران پارە بەسەر مام جەلال و ئێران دا ببارێنن (چونکە لەوکاتەدا زۆرێک لە هەڵەبجەییەکان ئاوارەی ئێران بون و وڵاتە ئەوروپییەکان بە ملیۆنان دۆلاریان بە ڕژێمی ئێران داوە کە بیداتە پەنابەڕە هەڵەبجەییەکان).
بەو پێیەی بەرگ بۆ بەرگی زۆرینەی بەڵگەنامە بەریتانیییەکانم کۆپی کردوە، ئەگەر هەر سەرمایەدارێک هاوکار بو، پرۆژەیەکم هەیە کە زیاد لە پێنج سەد بەڵگەنامەی زۆر نهێنیی بەریتانیا لەسەر تراژیدیای کیمیاییبارانی هەڵەبجە لە ١٩٨٨ تا ١٩٩١ بکەمە کتێبێکی دانسقە.
ئەو بەڵگەنامانەی بەریتانیا کە لە ساڵانی ١٩٨٨-١٩٩١ ن زۆر سودیان بۆ مێژوی مام جەلال بەتایبەت و، کورد بەگشتیی هەیە. چونکە گرنگن بۆ ئەوەی کارەساتی هەڵەبجە بکەینە جینۆساید. بەوپێیەی بەڵگەنامە بەریتانییەکان هەمویان دەڵێن: پێنج هەزار شەهید هەیەو، تەواوی ترافیکی دبلۆماسییەتی ئەوروپیی لەسەر کیمیابارانی هەڵەبجە لە خۆدەگرن. بە پێچەوانەشەوە، بۆیەشە هەرگیز نەمویستوە بەڵگەنامەکانی سی-ئای-ئەی وەک کتێب چاپ بکەم؛ چونکە هەندێک زانیارییان تێدایە کە ڕاستن، بەڵام بە زیانی پرسی کوردە، بۆ نمونە لەبارەی [ژمارە!!!]ی شەهیدەکانی هەڵەبجەو هۆکارەکانی کیمیاییبارانەکەو، هتد.
بە هەرحاڵ، ئەگەر سەرمایەدارێک هاوکارم بێت، ئەوا کارەساتی کیمیاییبارانی هەڵەبجە لە بەڵگەنامە نهێنییەکانی بەریتانیا ١٩٨٨ تا ١٩٩١، دەکەمە کتێبێکی زۆر دەگمەن، کە بۆ پرسی کورد ئێجگار بەسودە. تەنانەت [بەداخەوە!!] ئەو کتێبە بە قازانجی هەردو دەسەڵاتی ستەمکار؛ یەکێتیی بەتایبەت و، پارتیشە. بەڵام مادەم بۆ پرسی کورد هێندە بە سودە، بۆیە ئەو پرۆژە گرنگە ئەگەر سەرمایەدارێک هاوکارم بێت؛ بەوپەڕی زانستییەوە، وەک پرۆژەیەکی دەگمەن بۆ پرسی هەڵەبجەو تەنانەت ئەنفالیش لەخۆدەگرێت، ئەنجامیی دەدەم. چونکە ڕونە من کاسب نیم و سەر بە هیچ لایەنێکیش نیم تا هاوکاریم بکەن و، سکەش لێنادەم کە تۆانام هەبێت کتێبەکانم چاپ بکەم.
٣-بابەتی داهاتوم تایبەت دەبێ، بە: "هۆزی تاوگۆزی لە بەڵگەنامەکانی بەریتانیا". پاش ئەو بابەتە، ئینشائەڵا لە هەفتەکانی داهاتو، بابەتێکی بەڵگەنامەیی هەرە گرنگ لەسەر: (سەلاحەددینی ئەیوبیی، شێخ سەعیدی بەرزنجی، شێخ مەحمودی بەرزنجی، مەلا مستەفا، قاسملو، ئۆجەلان، مام جەلال، مەسعود بارزانیی و، مەلا عوسمان عبدالعزیز) لە بەڵگەو بەڵگەنامە زۆر نهێنییەکانی ئینگلیز دا، بە ئەتاچکردنی زنجیرەیەک بەڵگەنامەوە، بڵاودەکەمەوە. فەرمون ئەمەش یەکێک لەو بەڵگەنامە نهێنیانەی بەریتانیایە کە مام جەلال زانیاری لەسەر شوێنی ئۆجەلان و، کەمپەکانی پەکەکە، بە بەریتانییەکان دەدات.
.............
دکتۆر شەریف عەلی لە ٢٤ ی ١١ ی ١٩٨٤ لە شاری هەڵەبجەی شەهید لە دایک بوە.
خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی لە شاری هەڵەبجە تەواو کردوە.
دواتر، یەکەمی بەشی مێژووی زانکۆی سلێمانیی بوەو، لە سالانی ٢٠٠٩ تا ٢٠١١ نوێنەری خوێندکارە یەکەمەکانی زانکۆکانی کوردستان بوە.
لە ساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٤ ماستەری لە زانکۆی لەندەن لەسەر: (ستراتیژی بەریتانیا لە خاکی ئەمریکا: چۆن بەریتانیا سیستەمی سیاسیی خۆی ڕواند لە خاکی ئەمریکا لە سەدەی حەڤدە)، بە پلەی (زۆرباشەی باڵا)، تەواو کردوە.
لە ٢٠٠١ ەوە دەستی بە نوسین لە ڕۆژنامەکانی کوردستان کردوەو، لە ٢٠٠٨ ەوە بەردەوام کتێبەکانی بە چاپ دەگەیەنێ.
لە ساڵانی ٢٠١٤ هەتا ٢٠١٩ بە میلاک مامۆستای زانکۆی سلێمانیی بوەو، لە هەمان کاتیش دا لە سێ زانکۆی تریش دا وانەبێژ بوە.
لە ٢٠١٩ سکۆلارشیپێکی ئەوروپیی بۆ خوێندنی دکتۆرا بردۆتەوە.
پاش شەش ساڵ لە خوێندنی دکتۆرای فوول-تایم، بە بێ پێشنیاری هیچ ڕاستکردنەوەیەک، تێزەکەی وەک پرۆژەیەکی ئۆریجناڵی دکتۆرای دانسقە؛ بەرزترین پلەی زانستیی پێ بەخشرا لە ٢٩-٤-٢٠٢٥.
لە ٢٥-٨-٢٠٢٥ تێزی دکتۆراکەی دو خەڵاتی ماددی و مەعنەوی بردەوەو، لە لەوحی ڕێزلێنانەکەدا دکتۆر شەریف وەک توێژەرێکی بیرمەند ناوی نوسراوەو، تێیدا هاتوە:
Congratulations to Dr. Shareef Abdulmohammed, who possesses higher cognitive intellectual abilities, on this outstanding academic achievement.
