دکتۆرا لە دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی
چەند بەڕێزێک لینکی چاوپێکەوتنەکەی پانزە ڕۆژ لەمەوبەرم لەگەڵ کەی-ئێن-ئێن، بۆیان ناردوم، کە لەوێدا پرسیارم لەسەر تۆم باراک لێ دەکرێ و، منیش شیدەکەمەوە، کە: [بەڵێ!] ناوبراو ڕقی لە کوردە!؟
پێش ئەو چاوپێکەوتنەشم، لە بابەتێکم کە لە ئاوێنە لە ڕۆژی ١٦-١-٢٠٢٦ بڵاوکرایەوە، لە ژێر ناونیشانی: "سیاسەتکردن وەک دروستکردنی [ماقڵە مناڵانە] لە باشوری کوردستان!"، دەقاودەق ئاماژەم بەوە دا: ((بافڵ، لەم دێڕەی کۆتاییم تێ بگە: ئەمریکا دەڵێت:"ئێران گەورە دەکەینەوە!". هەر ئەمریکا دەشڵێت: "بەڵێ بۆ بەهێزکردنەوەو گەورەکردنەوەی عێراق!". چەند هەفتەی پێشوش هەر ئەمریکا وتی: "بەڵێ بۆ بەهێزکردنەوەی سوریا". منی ئەکادیمیستی نەتەوەیی بێلایەن هاتم چیم کرد؟ بابەتێکم بۆ هەسەدە نوسی، کە پێش جینۆسایدی کورد لە حەلەب بو، بە وردی بۆیانم شیکردبوەوە کە چۆن بە درۆن و چالاکیی گیانبازی لە ناو دیمەشق بدەن؛ بەوە ڕەوتی فاشیزمی جۆلانیی-ئەردۆگان دەوەستێنن چەند بابەتێکیشم بۆ هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان نوسی، کە پێش ئەوەی ئەمریکا دەسەڵاتێک لە تاران بسەپێنێ؛ ئێوەی هێزەکانی خۆرهەڵات دەبێت چۆن و چیی بکەن! چەندین بابەتیشم بۆ پەکەکەو هێزەکانی باکور لە ساڵی ڕابردو نوسی، کە میت و ئەردۆگان ئەیانەوێ لە ڕێی بەکارهێنانی ئۆجەلانەوە؛ کاتتان پێ بکوژێ، هەتاکو جۆلانیی لە ئاستی نێودەوڵەتیی بۆ لەناوبردنی خۆراوای کوردستان بەهێز دەکات، بەڵام وادیارە ئەوان تێفکرینەکانمیان بە هەند وەرنەگرت!
بافڵ لە هاوکێشەکان و ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکە و پێشبینییە ستراتیژییەکان تێ بگەو ئەگەرەکانی بخوێنەرەوە. بەتایبەت لەم دۆخەدا سیاسەتکردن بچوک مەکەرەوە بۆ ماقڵە مناڵانەو خەتخەتێنی چاڤی لاند!")).
واتە: پێش ئەوەی سیاسەتکاران و نوسەرانی کورد درک بە ستراتیژی نوێی ئەمریکا بۆ ناوچەکە بکەن، بە وردی ئەو مەسەلەیەم بۆ کورد خستەڕو، لە گوێگرتن و خوێندنەوەی بەردەوامم لە سیاسەتزانانی ئێستای ئەمریکا.
بەڵێ، منیش دەزانم دەیان مامۆستای زانکۆ و نوسەر هەن دەڵێن: تۆم باراک ڕقی لە کورد نییەو، سیاسەتی پراگماتیکی گرتۆتەبەرو، ماوەیەکی تر فیدراڵییەت بە خۆراوای کوردستان دەبەخشێت!
بەڕێزان، لەگەڵ ئەوەی ڕێزی زۆرم بۆ ئەو بۆچونانەی مامۆستایانی زانکۆ و نوسەرانی کورد هەیە. بەڵام بڕواتان هەبێ؛ ئەوانە تا ئێستا چوار بابەتیان لە ناوەندە ستراتیژییەکانی ئەمریکا بە ئینگلیزی نەخوێندۆتەوە لە بارەی سیاسەتی نوێی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، تەنانەت هەشیانە ئینگلیزیش نازانێ، کەوابو چۆن دەتوانن گوێ لە بۆچونەکانی تۆم باراک بە وردی بگرن!
لە ڕوی پاشخانی مێژوییشەوە، تۆم باراک بە ڕەگەز عەرەبی مەسیحیی لوبنانییەو، بە بنەماڵە سەرسامن بە؛ ئایدۆلۆژیای موشیل عەفلەقی عەرەبی مەسیحیی سوریی، کە دامەزرێنەری حیزبی بەعس بو.
باراک، لە چاوپێکەوتنەکانیشی دا، نەیشاردۆتەوە زۆر ڕقی لە حیزبوڵایەو، بە ئاشکرا لایەنگری ڕەوتی سوننەی عەرەبە، کە هەم حیزبوڵا-ئێران و هەمیش سوننەی عەرەب-تورکیا سیاسەتێکی فاشیستانەیان بەرانبەر بە نەتەوەی کورد هەیە.
لە پشت دیدی تۆم باراک ئەو ئایدیا وەستاوە، کە: هۆکارێکی ناسەقامگیریی و تاڵانکاریی و گەندەڵیی لە عێراق و سوریا: هێزە کوردییەکانن.
بۆیە بەڕێزان، ئەگەر بڕواتان بە تێفکرینەکانی منە؛ بڕوا بەو خوێندنەوەیەی نوسەر و مامۆستایانەی زانکۆکانی کوردستان مەکەن کە دەڵێن: تۆم باراک هێدی هێدی فیدرڵییەت بە خۆراوای کوردستان دەبەخشێ!
بەڵکو ڕاست بەپێچەوانەوەیە، ئەوەی ئەندازیاری پشت هەڵمەتە پان-عەرەبیستەکانی محەمەد جۆلانییە، بریتییە لە تۆم باراکی عاشقی موشیل عەفلەق!
تۆم باراک بە شوێنکەوتەیی بۆ عەفلەق و، بگرە لەویش خراپتر، کورد وەکو خێڵ سەیر دەکات!
باراک پێی وایە: دەبێت دەوڵەتە ناوەندییەکانی عێراق، ئێران و، سوریا، بەهێزبکرێن و، بکرێنە هاوپەیمانی هەمیشەیی ئەمریکا.
هەروەک لە چاوپێکەوتەکەی کەی-ئێن-ئێنیش وتم: بەهێزکردنی دەوڵەتە ناوەندییەکانی عێراق، ئێران و، سوریا، واتە: لێدان لە هیوای کۆنفیدراڵیی بۆ کورد لەو بەشانەی کوردستان دا.
وەک زانست؛ سیاسەت و دبلۆماسییەتی بەریتانیا و ئەمریکام لە ماستەر و دکتۆراکەم خوێندوە. شاهیدیشن ئەزمونی سەرئاوەڵا کردنی دەیان هەزار بەڵگەنامەی نهێنیی بەریتانیا و سی-ئای-ئەییم هەیەو، بەردەوام دەخوێنمەوە، بەتایبەت کتێب و ئارتیکڵی ناوەندە ستراتیژییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا. بۆیە وەک لە چاوپێکەوتنەکەی کەی-ئێن-ئێن وتم: گەر ئێمەی کورد یەکگرتو بین و، خۆپیشاندانمان لە وڵاتانی خۆراوایی بەردەوامیی پێ بدەین و، بەرگریشمان لە خۆراوای کوردستان بەهێزی چەکدار بەردەوام بێ؛ هێرشەکانی جۆلانیی و تۆم باراک و ئەردۆگان دەوەستێنین. دیتان پێشبینیی و تێفکرینەکەم هاتەدی یاخود نا؟
بەڵام هەروەک لە چاوپێکەوتنەکەشم ئاماژەم بەوەش دا، دو مەترسی جددی لەسەر خۆراوای کوردستان دەمێنێ:
یەکەمیان: ئایدۆلۆژیای پەکەکە و یاریپێکردنیان. دووەمیشان: ئایدۆلۆژیای جۆلانیی کە خومەینیی سونەگەراکانەو، سیقەی پێ ناکرێ!
دڵنیاشبن کە کەسەکانیش، بە ڕێژەیی بێت یان زیاتر، ئەوا ڕۆڵ دەبینن لە دیاریکردنی سیاسەتەکانی ئەمریکا. بۆ ئەمەش چاوەڕوانی ئەم بابەتانەم بن:
یەکەم: بابەتێکمە کە سێ بەڵگەنامەی نهێنیی سی-ئای-ئەی دەقاودەق وەردەگێڕم، لەسەر:
"چۆن سیخوڕەکانی ئیتلاعات لە ڕێی مۆسادەوە چەک و تەقەمەنیان لە سی-ئای-ئەی وەرگرت!؟".
لەم بابەتەدا، هەم بۆتان دەسەلمێ کە لە ناوەندەکانی دەسەڵاتدارێتیی ئەمریکا، ڕۆڵی کەسەکان دەور دەبینێ و، هەمیش کە ئەمریکا و ئیسرائیل دروستکەری جمهوری ئیسلامین و، ناوی ئەو سیخوڕانەی ئیتلاعاتی ئێرانیشی تێدایە کە ڕۆشتونەتە ئیسرائیل و، لەگەڵ ئەفسەرانی مۆساد دانیشتنیان هەبوەو، مۆساد و سی-ئای-ئەی لە ڕێی پێدانی چەک و تەقەمەنیی بە ڕژێمی کوماری ئیسلامیی ئێران ڕێیان لەوە گرتوە کە ئەو ڕژێمە لاواز ببێت.
ئەڵبەتە ئێستا سیاسەتی ئەمریکاو ئیسرائیل بەرانبەر ئەو ڕژێمە گۆڕاوە.
دووەم: ئەم بابەتە بەڵگەنامەییەشم چەند هەفتەیەکی تری دەوێ و، دەیان بەڵگەو بەڵگەنامەی بەریتانیی لەسەر: (سەلاحەددینی ئەیوبیی، شێخ سەعیدی بەرزنجی، شێخ مەحمودی بەرزنجی، مەلا مستەفا، قاسملو، ئۆجەلان، مام جەلال، مەسعود بارزانیی و، مەلا عوسمان عبدالعزیز)، بڵاودەکەمەوە.
لە کۆتاییش دا، لێتان دەپرسم: ئەگەر ئەمریکا هێندە کوردی بەلاوە گرنگە بێ و مەبەستی بێ کێشەی نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێم چارەسەر بکا؛ ئایا بە ئیعازێک بەسەر حکومەتی عێراق و هەرێم کێشەی موچەخۆرانی هەرێم چارەسەر ناکات!؟
بێگومان ئەمریکییەکان سیاسەتزانن و، ئەگەر ئەو پرسیارە لە ئەمریکییەکان بکرێ، خێرا دەڵێن: ئەوە کێشەی نێوان حکومەتی ناوەندیی و هەرێمە!
بەڵام بە تێفکرینی من: ڕەهەندی تریش لەو مەسەلەیەش دا هەیە!