دکتۆرا لە دبلۆماسیەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی
لە بابەتی پێشو، بەخێرایی وەڵامی دو هاوڕێی بەڕێزم دایەوە لە بارەی: "گەمارۆی تەنگەڕێی-ئاویی هورمز لەلایەن ترەمپەوە!". بەڵام پرسێکی گرنگ کە لەم گەمارۆیەدا فەرامۆشکراوە: "پرسی سیاسەتی نەوتیی ئەمریکایە لە ئاستی جیهان دا".
واتە: گرنگە ئاماژە بەوە بدرێ، شیکەرەوەکانی کورد کۆڵەوەران کاتێک پێیانوایە: "ئەمریکا تەنیا لە ڕوی تاکتیکیی و بۆ چەند ڕۆژێک دەتوانێت گەمارۆی تەنگەبەری-ئاویی هورمز بدات"، چونکە بە بۆچونی ئەوان: "ئەم گەمارۆیە زیانی گەورەش بە ئەمریکاش دەگەیەنێت!".
لەڕاستیدا ئەم بۆچون و ئارگیومێنتە ڕۆژنامەوانییەی شیکەرەوەکانیی کورد؛ لە زۆر ڕوەوە هەڵەیە. لێرەدا تەرکیزی ئەم بابەتە کورتەم تەنیا بۆ یەک ڕەهەندیانە، پرسێکە کە عەقڵی شیکەرەوەکانی کورد تائێستا لە بارەی گەمارۆی تەنگەبەری-ئاویی هورمز نەیبڕیوەو، بۆ یەکەمجارە سەری لێ هەڵدەماڵم، ئەویش بریتییە لە: [ستراتیژ]ێک کە ئەمریکا دەیەوێت کڕیارانی جیهانیی نەوتی هورمز ڕو وەربگێڕن بۆ کڕینی نەوتی ئەمریکا-ڤەنزوێلا.
واتە: لەم ستراتیژەدا داینامیکیی نەوتی جیهانیی بەخێرایی گۆڕانکاری بەسەرا دێت.
بۆ نمونە؛ ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٥دا، بڕی ١٣.٥٨ ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا بەرهەم هێناوە. کە دەکاتە نزیکەی ١٦٪ی دابینکردنی خواستی نەوتی جیهانیی.
ئەم داتایە، بە شێوەیەکی گشتی دەکاتە؛ هەناردەکردنی بڕی ٤ ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.
ئێستا کە ئەمریکا گەمارۆی تەنگەبەری-ئاویی هورمزی گرتۆتەبەر، ئەمە وایکردوە هەم ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی ئەمریکا-ڤەنزوێلا لە زیادبون دا بێت؛ چونکە خواستی زۆرتری لەسەرەو، هەمیش بە نرخێکی گرانتریش بیفرۆشێت.
وردببنەوە؛ چۆن ستراتیژداڕێژەرانی ئەمریکا بۆ ئەم ستراتیژە خۆیان ئامادە کردوە!
لە مانگی چوارەوە ئەمریکا بڕی: ٤.٩ ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات.
بەڵام ئەمریکا بۆ مانگی پێنج خۆی ئامادەکردوە، کە ئەم ڕێژەیە بەرزبکاتەوە بۆ [فرۆشتنی] هەناردەکردنی بڕی ٥.٢ ملیۆن بەرمیل نەوتی ئەمریکا-ڤەنزوێلا بە وڵاتانی جیهان.
بۆ ئەم پرسە ستراتیژییە؛ ئەمریکا چەندین کۆگای گەورەو، تەنانەت ٢٨ سوپەرتانکی قەبەی بۆ کۆگاکردنی ئەم پلانە ستراتیژەی زیاد کردوە.
واتە: ڕێژەی سوپەرتانکی کۆگاکردنی بۆ هەناردەکردن لە ٥ ەوە بۆ ٢٨ زیادکردوە.
ئەم ستراتیژەی کە ئەمریکا دەیەوێت کڕیارانی جیهانیی نەوتی هورمز ڕو وەربگێڕن بۆ کڕینی نەوتی ئەمریکا-ڤەنزوێلا، ئەوەشی لەخۆگرتوە کە: بازاڕەکانی ئاسیا کە سەردەمانێک پشتیان بە هورمز بەستبو، ڕو وەربگێڕن بەرەو نەوتی خاوی ئەمریکا، بەتایبەت بازاڕەکانی ئاسیای دور کە چین و یابان و کۆریای باشورن!
ئەم ستراتیژە لە ڕوی جیۆپۆلەتیکییەوە چی دەگەیەنێت!؟
ئەوە دەگەیەنێت بازاڕی فرۆشتنی نەوتی ئەمریکا-فەنزوێلا کە دورە دەست بوەو، جۆرێک لە فەرامۆشیی و خنکاندنی پێوە بوە، ئەمریکا بەم ستراتیژەی دەیگۆڕێت بۆ ناوچەیەکی هەناردەکردنی نەوتی زەبەلاح لە مێژودا کە بوژاندنەوەیەکی دراماتیکیی بەخۆوە ببینێ و، وڵاتان وەک بازاڕێکی دڵنیاو سەقامگیر کە هیچ هەڕەشەو مەترسییەکی لەسەر نییە؛ ڕوی تێبکەن و پەنای بۆ ببەن.
کەوایە، ئارگیومێنتی ئەم چەند دێڕەی سەرەوە ساغی دەکاتەوە: گەمارۆی تەنگەبەری-ئاویی هورمز لەلایەن ئەمریکاوە، نەک هەر لە ڕوەکانی سیاسیی و سەربازیی و تاکتیکیی؛ بگرە لە ڕەهەندەکانی [ستراتیژی]ی و [ستراتیژیەتیی هەناردەی نەوتی ئەمریکی]یش بە قازانجی ئەمریکایە.
ئەم ئارگیومێنتەش لەگەڵ بابەتی "بۆچونی دو پڕۆفیسۆری ئەمریکیی لەسەر ئەم ئۆپەراسیۆنەی ئەمریکا-ئیسرائیل بۆ سەر ئێران!" یەکدەگرێتەوە کە لە ڕۆژی ٣٠-٣-٢٠٢٦ لە ئاوێنە بڵاومکردەوە، کە بە چوار خاڵ پێیان وابو:
١-ئەمریکا؛ ستراتیژی زاڵبون بەسەر نەوت و گازی جیهان، بەتایبەت هی خۆرهەڵاتیی ناوەڕاست و، ڕێڕەوە بازرگانییەکان، جێبەجێ دەکات.
٢-هیج هەڕەشەیەکی ستراتیژیی بۆ سەر ئیسرائیل لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ناهێڵن [ئەم ستراتیژە؛ کاتیی دەوێت!].
٣-تەنیا کێشەی ستراتیژداڕێژەرانی ئەمریکا ئەوەیە: زۆرینەی خەڵکی ئەمریکا دژی جەنگن. بەڵام بەرژەوەندییە جیهانخوازییەکانی ئەمریکا؛ لە پێش هەمو شتێکەوەیە.
٤-تێگەیشتن لە سیاسەتی کورد لای سیاسەتداڕێژەرانی میللەتانی جیهان، ئەوەیە: "کورد گەلێکە لە مێژویانەوە بەکارهێنراون و، بەردەوام بە ئاسانییش دەتوانرێت بەکاربهێنرێن بەتایبەت لەلایەن داگیرکەرەکانیانەوەو، تا ئەندازەیەک لەلایەن زلهێزەکانیشەوە". ئامۆژگاریمان بۆ کورد وەکو گەلێکی زیندوی داگیرکراو ئەوەیە: "هەر هەنگاوێک بیگرنەبەر با تەنیا لە پێناو ڕزگارکردنی نیشتیمانەکەیان و بەرژەوەندی گشتیی نەتەوەکەیان بێت، نەک هەنگاوێکی کورد بەکوشتدان بنێن لە پێناو بەرژەوەندی سەرکردەو حیزب و سەرۆک هۆزەکانیان".