چەند ساڵانێکە و زیاتریش لەئەم دۆخەی ئێستادا، دەستەواژەی "نەختینە (سیولە) نیە" ھاوشێوەی دێڕی ھۆنراوەیەکی کلاسیک، بۆتە دووبارەکردنەوە، ھاودەنگی و کێش و سەروای (التکرار، الجناس والقافیە) وتار و وتەی سیاسی کاربەدەستانی ئێستا، تایبەت سەرەک وەزیران، وەزیر و پەرلەمانتاران.
ھەرچەندە دەسەڵاتدارانی حوکمڕانی ئەمڕۆ ئەوە دەزانن کە ئەم جۆرە لە فرتوفێڵ، فریودان و یاریکردن بە ھەست و سۆزی نەتەوەیەک بێ باج نابێت و ئەم جۆرە لێدوانانە ھیچ نرخێکی نیە و جێگەی باوەڕی کەس نیە. چونکە ئەم حاڵەتە تەنھا کاتێک دروستدەکرێت و زەق دەکرێتەوە کە وادەی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دێت. پرسیارە ڕونەکە ئەمەیە "بۆچی تەنھا کاش بۆ موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم نیە؟ ئەی بۆچی بۆ فەرمانبەرانی پانزە پارێزگاکەی تری عێراق بەردەستە؟"
لە ھەموی تاڵتر،نامۆتر و ناشیرینتر ئەمەیە؛ بۆچی دەبێت وەزیر، پەرلەمانتار و کاربەدەستێکی کورد لە بەغداد ھەمان ئەم دەستەواژەیە دووبارە بکاتەوە و ڕۆژانە لە دیدار و وتارەکاندا بیڵێنەوە یان ڕەوایەتیەکی پێ بدەن؟
بۆچی شەرم دەکەن لەوەی کە بڵێن؛ ئێمە کەم ئەزمون بوین، ھەرئەوەندەمان شارەزایی لە سیاسەت و بەڕێوەبردن ھەبو، ھەڵخەڵەتاین و ڕاستمان نەکرد لەگەڵ خەڵکی خۆمان، کاتێک "ھەمو ھێلکەکانمان خستە سەبەتەکەی حکومەتەکەی بەغدادەوە". بۆچی جارێکیش داوای لێبوردن لە خەڵکی ناکەن و بڵێن؛ ھەڵەمان کرد کە ھەمو ئومێد و متمانەمان لەسەر بەڵێن و بڕیارەکانی حکومەت و سەرۆکە یەک بەدوا یەکەکانی بەغداد ھەڵچنی.
خۆ ئەگەر کاربەدەستانی بەغداد، خۆیان ئەم بڕوبیانوانە وەک بەرگ و پاساوێکی یاسایی، دارایی و ئیداری بەکاربێن بۆ خۆدزینەوە لە دابینکردنی مافەکانی خەڵکی ھەرێم و موچەی فەرمانبەران، تاڕادەیەک لەلایە خەڵکەوە سەرکۆنە ناکرێن، چونکە ئەوان دەسەڵاتەکانیان بۆ بەرژەوەندی و خزمەتکردنی پێگەی سیاسی، ئاینی و نەتەوەیی خۆیان بەکاردەھێنن.
بەڵام بۆچی دەبێت وەزیر و کاربەدەستان و ڕاگەیاندنە کوردیەکانیش ڕۆژانە ئەم دەستەواژە قێزەونە بکەنە کێش و سەروای سەردێڕی وتار و ھەواڵەکانیان وگوێچکە و گیرفانی ھەمو خەڵک پڕبکەن لە دەستەواژەی "نەختینە نیە"!