دکتۆرا لە دبلۆماسیەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی
بەڕێزان، بەهۆی چاوپێکەوتنێکی یەک کاتژمێرییم لەگەڵ بەڕێزانی [میدیای ئیرادە] لە هەفتەی پێشو؛ زۆر مشتومڕی لێ هاتۆتەکایەوە، بە جۆرێک کۆمەڵێک زۆر توند پشتیوانی لە ئایدیای ناو بەڵگەو بەڵگەنامەکانی بەریتانیا دەکەن و، بەشێکیش زۆر توند دژی وەستاونەتەوەو تەنانەت زیاتر لەوەش هەنگاو دەنێن و تەشهیر و ناوزڕاندنیش بە منیش دەکەن!
بەڕێزان، ئەگەر بمزانیبایە؛ دیدی ئەو بەڵگەو بەڵگەنامانە لای خەڵکی کوردستان ئاشکراو ڕون بون و زانیاری نوێ ناخەمەڕو؛ ئیتر بۆ کاتی خۆم و بەڕێزانی [ئیرادە]شم بەفیڕۆ دەدا! کەوایە، من پێشتر زانیومە کە سەرئاوەڵاکردنی بەڵگەو بەڵگەنامەکانی بەریتانیا بۆ کۆمەڵگەی کوردی زۆر مشتومڕ و ئارگیومێنتی لێ دێتەکایەوە. بۆیە، تکا لە بەڕێزانی هاوڕێ و دۆست و خزموکەسوکار دەکەم؛ وەڵامی خەڵک مەدەنەوە. گرنگترین ئەوەیە: من لە ڕاستگۆیی و ئەکادیمیستیی و نەتەوەپەروەرییم لانادەم!
١-بەبێ ئەوەی ئاگادربم و تەنانەت بە وشەیەک یان کۆمێنتێک منی ئاگادارکردبێتەوە، هاوڕێیەکی بەڕێز کە پڕۆفیسۆری زانکۆی سلێمانییە، ڕۆشتوە بە مەسیج بە سەرکردەیەکی حیزبی دیموکراتیی وتوە: "بۆچی ئەندامان و کادیرانتان ئاوا تەشهیر بە دکتۆر شەریف دەکەن؟ دکتۆر شەریف تەواوی ڕاستییەکانی سەرئاوەڵا کردوەو حەقیقەت ئەوەیە: لوڕەکان ئەسڵترین کوردبون و، باپیرانی قاسمی سولەیمانیی بنەماڵەیەکی ناسراوی لوڕن و، لەژێر ئایدۆلۆژیای شیعەگەرایی دا بۆ بەرژەوەندی فارس بەکارهێنراون. مادەم قاسمی سولەیمانیی بە ڕەگەز لوڕە، کەوایە؛ کوردە! بەڵام وەک دکتۆر شەریف وتویەتیی: بۆ بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی فارس خراوەتەکار".
وەڵامی مەسیجی سەرکردەکەی دیموکرات ئەوەبوە: "ئەوانەی تەشهیر بە دکتۆر شەریف دەکەن؛ هەندێکیان ئەندام و کادیری ئێمەن و توندڕەون و، بە ڕواڵەت مەسەلەی قاسمی سولەیمانیی بەکاردێنن. ئەگینا ئەوان بەوە توڕە بون کە دکتۆر شەریف باسی لەو بەڵگەنامانە کردوە کە بە (کۆماری کوردستان) دەڵێن: کۆماری گوندی مەهاباد. ئەم دکتۆر شەریفە ساڵانی پێشتریش ئەو بەڵگەنامانەی خستۆتەڕو لەلایەن هەندێ لە ئەندامی ئێمەوە کە توندڕەون دژی سوکایەتین بە کۆماری کوردستان و وەڵامدراوەتەوە".
وەڵامی من، وەکو شەریف، بۆ ئەو هاوڕێ پڕۆفیسۆرەم، ئەوەیە:
"سەرەتا، خستنەڕوی دەقاودەقی بەڵگەنامەکان؛ سوکایەتیی نییە. من لە ساڵی ٢٠١٤ چەند بەڵگەنامەیەکم بڵاوکردەوە، کە دەستەواژەی (کۆماری گوندی مەهاباد)یان بۆ (کۆماری کوردستان لە مەهاباد) بەکارهێنا بو. ئاماژەشیان بەلاوازی ئاستی هوشیاری شەهید پێشەوا قازی محەمەد لە ڕوی جیوپۆلەتیکییەوە کردبو، بەوەی پێگەی مەهاباد ناتوانێ ببێتە بەستەر و کۆکەرەوەی خاکی خۆرهەڵاتیی کوردستان. ئەوەبو، بەبێ-پرس، چەند ئەندامێکی ڕاگەیاندنی دیموکرات بابەتەکەی منیان لە فەیسبوک بردبو. هەمو دەستەواژەکانی (کۆماری گوندی مەهاباد)یان گۆڕی بو بە (کۆماری کوردستان لە مەهاباد) و، ڕەخنەکەش لە لاوازی هوشیاری پێشەوا لە ڕوی جیۆپۆلەتیکییەوە، لایان بردبو. بەڵام ناوەڕۆکەکەی تری بەڵگەنامەکانیان بە دڵ بو بو. منیش کاتێک بەوەم زانیی؛ هەر بە مەسینجەر پەیوەندیم پێوە کردن. پێم وتن: بۆچی بابەتی بەڵگەنامەیی منتان بردوەو ناوەڕۆکەکەیتان دەستکاری کردوەو هەر بە ناوی منەوە بڵاوتان کردۆتەوە!؟".
٢-دو دۆست تەلەفونیان کرد، کە کەسێک بە ناوی دڵگەش زاموا یان دڵشاد زاموا که وتیان دکتۆرای زانکۆی سلێمانییە، وتویەتیی: "لە پێش زایینەوە لە میسۆپۆتامیا سەدان گۆرانبێژی ژن هەبوە".
من نازانم ئەم بەڕێزە کێیەو چی وتوە. بەڵام من وتومە بەڵگەنامەکانی بەریتانیا ئاماژەیان بەوەداوە: "لە سەردەمی مۆدێرن یەکەم ژنە گۆرانیبێژ لە میسۆپۆتامیا کە دەرکەوتوە؛ دایکی جەمال بوە، کە کوردێکی جوی هەڵەبجەیی بوە".
مرۆڤ ناتوانێ باس لەوە بکات لە پێش زایین هەر گۆرانیبێژێک لە میسۆپۆتامیا هەبوبێ، ئێستا بڵێت: "کورد بون!". نازانم چۆن ئەو بەڕێزە وتویەتی: کوردبون!؟
کەسێک هەڵگری بڕوانامەی ئەکادیمیی بێت؛ ئەزانێ قورسە بە گۆرانیبێژانێک کە لە پێش زاین لە میسۆپۆتامیا بوبن؛ بوترێت کورد بون!
وەک وترا: "من وتومە بەڵگەنامەکان وا دەڵێن!".
ئیتر من پسپۆڕی گۆرانیی و شت نیم و، پسپۆڕی خوێندنەوەی زمانەکانی پێش زاینییش نیم.
واتە: تەنیا دەقی بەڵگەنامەکانم خستۆتەڕو و دەبێت توێژەران هەڵیسەنگێنن!
٣-چەند دۆستێک دەڵێن: "هەندێک بەڕێز وتویانە نابێت ڕقمان لە پێشەوا قازی محەمەد و شێخ مەحمود و سەرکردەکانی کورد بێ و لەکەداریان بکەین".
وەڵام: بەڕێزان، مەسەلەکە؛ ڕق و خۆشەویستیی نییە. بابەتەکە؛ دڵداریی یان دوژمنداریی نییە. بەڵکو پرسەکە؛ زانستییە!
ئەگەر ڕق بوایە، دەکرا بوترابایە: "بەڵگەنامە هەیە دەڵێت: شێخ مەحمود و هاوڕێکانی کە هەمویان گەنج بون، لە ماڵی فەرمانڕەوای موسڵ لە یادکردنەوەیەک دابون، بەسەرخۆشیی هاتونەتە دەرەوەو کابرای بابانی دەستی بۆ (ئەوەی...) ژنە عەرەبە موسڵاوییەکە بردوە. عەرەبەکانیش لەکاردانەوەدا ڕۆشتونەتەسەر خوالێخۆشبو شێخ سەعیدی باوکی شێخ مەحمود و، شێخ سەعیدیش قورئانێکی پیرۆزی بەرزکردۆتەوە کە ئاگاداری هیچ نییە؛ بەڵام ئەوان بە بەرد شەهیدیان کردوە!".
ئەگەر ڕق بوایە، دەکرا بوترابایە: "بەڵگەنامە هەیە ئاماژە بەوە دەدات: پێشەوا قازی محەمەد ڕۆشتوە لە تاران لەگەڵ فاشیستانی فارس ڕێکەوتوە کە بیکەنە مودیر ناحیەی (شارۆچکەی مەهاباد). لەسەر ئەو بەڵێنە؛ ڕۆشتوە پێشوازی لە هاتنی لەشکری فارس ڕوەو مەهاباد کردوەو حەیوانی بۆ سەربڕیون. هەربۆیەشە، لە وەسێتەکەیدا دەڵێت: ئامۆژگاری ڕۆڵەکانی میللەتەکەم دەکەم هەرگیز بڕوا بە عەجەم نەکەن! چونکە خۆی قەول و قەراری لەگەڵیان هەبو بو!".
ئەوەبو، زۆرینەی ئاغاکان، بەتایبەت ئاغاکانی دیبوکری (بنەماڵەی ئاغاکانی عەلیار و موهتەدی و ئیلخانیزادە) خیانەتیان لە کۆمارەکەی کوردستان و لە شەخسی پێشەوا قازی محەمەد کرد!
ئێستاش هەر وەرەسەی ئەو خیانەتکارانە، کە خوێنی خیانەت لە باپیرانیانەوە بۆ ماوەتەوە، بازرگانیی بە پێشەوا قازی محەمەدەوە دەکەن!
مێژو سەلماندویەتی: ئەوانە، ئاغاواتی خیانەتکارن و، لە ساڵی ١٩٧٩ ش عەوڵای موهتەدی ئاغای [عەلیار]ی دیبوکری، بە فەرمی بو بە جاشی مەنسور حیکمەتی فارسیست-مارکسیست و، دژی جوڵانەوەی ناسیۆنالیستیی کورد لە خۆرهەڵاتیی کوردستان وەستایەوەو، جوڵانەوەی ناسیۆنالیستیی کوردی بە بۆرجوازیی و دواکەوتویی لە قەڵەم داو، جاشایەتیی خۆی و باپیرانی دەمەزەردکردەوەو بە پێشکەوتوخوازیی بە خەڵکی ناساند!
ئاغاکانی عەلیار و موهتەدی و ئیلخانیزادە؛ کەسانی هەڵپەرست و ئۆپۆرتۆنیستن و، لە تورەمەی خیانەتکار و جاشانن و، لە باپیرانیانەوە خیانەتیان بۆ ماوەتەوەو، بەشێکیشیان جاشی فەرمی حەمەڕەزا شابون و زۆرینەی تەمەنیان بە پلەی [سەرگورد]ییەوە لە خیانەت دا بوە.
بۆیە، کاتێک هەندێ بەڵگەنامە دەڵێن: "کۆماری گوندی مەهاباد"، پێویست ناکات هاوڕێیان و دۆستان و خزمان وەڵامی کەسانێکی نەفس نزم بدەنەوە کە تەشهیر دەکەن. بەڵکو پرسە گرنگەکە لێفێربونەو ئەوەیە: کورد گرنگی بە جیۆپۆلەتیک بدات.
٤-هاوڕێیەکی بەڕێز کە خەڵکی کەرکوکە، وێنەی کۆمێنتی ئەفسەرێکی کوردی بۆ گرتوم کە سمێڵی بە قەد پۆستاڵی پاسدارێ دەبێ و، لە بارەی چاوپێکەوتنەکەی منەوە، نوسیویەتی: "سەلاحەددینی ئەیوبی عەرەب مژ بوە!".
ئەو هاوڕێیە ئەڵێت: "دکتۆر شەریف من ئەو زابتە ئەناسم؛ بڕوا بکە ترسنۆکترین و نەفسنزمترین کەسە!".
وەڵام: برای بەڕێزم، کەسێک کە پەروەردەی هەبوبێ، چۆن کۆمێنتی وا دەنوسێ، ئەی شەرم ناکات کە کەسوکارەکەی بیبینێ!
زۆرینەی عەرەب و تورکمان و جیهانیی ئیسلامیی لەژێر فەرمانیی سەلاحەددینی ئەیوبیی دابون، ئیمپراتۆری سەرزەوی بوە، سەرداری هەمو جیهان بوە.
ڕاپۆرتەکانی ترافیکی دبلۆماسیی نێوان ئیمپراتۆریەتەکانی ئەو سەردەم، باس لە؛ چاونەترسیی و ئازایەتییەکی بێوێنە، پلانداڕێژەرێکی تاکتیکیی و ستراتیژیی بێوێنەی جەنگە گەورەکان، حەکیمیی، زانایی، دەست پاکیی و، ڕەوشت بەرزی سەلاحەددین دەکەن.
ئێستا من چۆن دێم خۆم بخەمە ئاستی ئەو کەسانە کە دەڵێن: "سەلاحەددین عەرەب مژ بوە!".
وەڵا، هەر قیزم نایە ناویشیان لێرە دابنێم؛ با فشە-جەنەراڵیی سەربازیی حیزبییش بن!
دڕندەتڕین سوپاکانی سەرزەوی لە مەیدان دا بەدەستی سەلاحەددین تێکشکاون و، ئێستا کەسانێکی حەبخۆر، موعتادو، ئەفسەری حیزبیی؛ جنێوی پێ دەدەن!
فەرمون ئەم لینکەی یوتوبیش دەقاودەقی وتوێژەکەمە کە بەڕێزانی [میدیای ئیرادە] لە یوتوب دایان ناوە:
https://youtu.be/bdgtBx1X59g?si=zSIykngaRcCGO6uy