دکتۆرا لە دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی
پێشتر نوسیومە: "بەدرێژایی مێژوی نیو سەدەی ڕابردوی سەرۆکەکانی ئەمریکا، هیچ سەرۆکێکی ئەمریکا هێندەی ترەمپ؛ وڵاتانی ئەوروپاو ئەم ڕژێمەی ئێرانیان نەناسیوە!".
ئێستاش دەیڵێم: "بەدرێژایی مێژوی هەر هەمو سەرۆکەکانی ئەمریکا، هیچ سەرۆکێکی ئەمریکا هێندەی ترەمپ سەرکردەکانی کوردی بە باشیی نەناسیوە".
ترەمپ لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ ەوە چەندانجارە دەڵێت: "ئەگەر ئێمە لە ڕێگەی ئاسمانییەوە لە دوژمنەکانی کوردەکان نەدەین؛ کوردەکان شەڕی بەرگری لە نیشتیمانەکەی خۆشیان ناکەن"، مەبەستی فرۆشتنی کەرکوک بو لە ٢٠١٧ لەلایەن یەکێتیی بە ئێران-عێراق-تورکیا-ئەسەدو، ترسنۆکیی پارتیش کە بەرگریان لە کەرکوک نەکرد!
هەر ترەمپ چەندینجارە ئەوەش دەڵێت: "کوردەکان بەردەوام داوای چەک و پارە دەکەن و، چەکیشمان پێدان کە بیگەیەننە ناوخۆی ئێران؛ بەڵام بۆ خۆیانیان هەڵگرتوە!". ڕاست ئەکات، ئێمەی کوردیش گیرمان خواردوە بەدەست سەرکردەو حیزبە دزەکانمانەوە کە نە تێرخواردنیان بۆ هەیەو، نە گوێش بە حەیابردنی نەتەوەکەیان لە جیهان دەدەن.
ئەزانن چەندێ ئەو لێدوانانەی ترەمپ لە ئاستی جیهان دا دەنگدانەوەی دەبێ لەسەر بێمتمانەیی کورد!؟
ئەم هەمو ناو زڕاندنەی کوردیش؛ گشتی بەهۆی چەند سەرکردەیەکی دز و چەتەکاری کوردەوەیە کە توشمان بوە! ترەمپ ڕاست ئەکات و چەکی ناردوەو، بۆی هەیە پارەی باشی کردبێ و، ئەمان دزیویانەو فرۆشتویانە! ئینجا ئەمانە چی نادزن!؟ ئاسمان و زەوی کوردستانیان دزیوەو هەر وڵاتێکیش هەرچی بنێرێت؛ ئەوەش دەدزن!
دەیان شاهید و بەڵگە هەیە، تەنانەت بەشاهیدی د.مەحمود عوسمان و عەزیز محەمەد لە چاوپێکەوتنی کتێبی: "ڕامانێک لە تراژیدیای براکان"م کە بەرگی یەکەمی لە ٢٠١٠ چاپ و بڵاوکرایەوە، قاسملو زۆرجار بە مەسعود بارزانیی و مام جەلالی وتوە: "کاتێک سەردانی وڵاتان دەکەن و، لەگەڵ دبلۆماتکاران و سیاسییەکانی وڵاتان کۆدەبنەوە؛ بە هیچ جۆرێک داوای هاوکاری ماددی و سەربازیی مەکەن. ئەوە بۆ دۆزی کورد و لەسەر سومعەی کورد زۆر خراپ دەکەوێت. بەڵکو داخوازی سیاسیی و دبلۆماسیتان هەبێ!".
تێفکرینەکانی قاسملو هاتنەدی! ئەمانە تێرخواردنیان نییە! گوێ بە بەڵێن و متمانەی دبلۆماسیی نادەن. بەو هۆیەوە، ئابڕوی کورد لە دنیا دەبەن و، لەسەر دۆزی کورد خراپ دەکەوێت! کاتێک شتێکتان پێ ناکرێ؛ یان بەڵێن مەدەن کە ئەنجامی بدەن. ئەگەر هەڵسەنگاندنتان کردو شیتان کردەوە کە دەتوانن ئەنجامی بدەن و بەڵێنتان پێ دا؛ ئەنجامتان بدایە. چونکە ئەمریکا خەڵکی هەرێمی کوردستان نییە کە نزیک سیی ساڵە پێی ڕاببوێرن و حسابی بۆ نەکەن!
یاخود ئەگەر نەتاندزیوەو نەتانفرۆشتوەو، چەتەو دز نین، هەر لایەنێکتانن؛ فەرمون چەکەکان بۆ ئەمریکا بگێڕنەوە با ئەوەندە ترەمپ حەیامان نەبات!
پیاوێکی پیاوانە تاقانە کوڕێکی هەبو بو. کوڕەکە؛ زۆر خراپ و بێشەخسییەت بو بو. بەو هۆیەوە، باوکەکە؛ زۆر گلەیی خەڵکی هاتبوەسەر. ڕۆژێک باوکەکە لە داخی کردەوەکانی کوڕەکەی دەستی بەرزکردبوەو وتبوی: "خوایە تەڵاقم کەوتبێ من کوڕی ئاوا حەیابەرەم ناوێ و، سوپاستەکەم بۆ خۆتی ببەرەوە!".