بۆچی نێچیرڤان بارزانیی سوکایەتیی بە هێزە خەوتوەکانی خۆرهەڵاتیی کوردستان کرد!؟

شه‌ریف عەلی
  2026-10-14   

دکتۆرا لە دبلۆماسیەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی

 

نێچیرڤان، سەرۆکی ماوەبەسەرچوی یەک لەسەر سێی باشوری کوردستان، دوێنێ هێرشی توندو سوکایەتیئامێزی کردەسەر هێزەکانی خۆرهەڵاتیی کوردستان و، بەگشتیش لە قسەکانیشیی دا؛ ڕۆڵی نەوشیروان مستەفای لە زۆرینەی قۆناغەکانی باشوری کوردستان بەقەستی ناو نەهێنا؟

بۆچی بەقەستی؟ چونکە نێچیرڤان دەیان ڕاوێژکاری هەیە کە پێدەچێت ییاوی ئێران و تورکیا بن و، بەحونجە قسەکانی پێدەڵێن، کە؛ چی بڵێ و، چی نەڵێت!

واتە: ئاغای بەگلەربەگ نێچیرڤان بارزانیی، کەسێک نییە قسە فڕێ بدات و، لەخۆوە قسە بکات، بەڵکو (بە قەستیی و بە مەبەستەوە!) بەو جۆرە لێدوانی پێ دەدرێ!

جا پاشکۆیەتیشیان ناوناوە: "دبلۆماسییەت". لەکاتێکا، من پسپۆڕی دبلۆماسییم و، ئەو لێدوانانەی بۆ کەسێک لە پێگەی سەرۆکی نەتەوەیەک دابێت؛ فڕی بە هونەری دبلۆماسیی و هاوسەنگی سیاسییەوە نییەو، سوکردن و شکۆشکاندنی نەتەوەکەیەتیی و، ئاڕاستەکراوی داگیرکەرانە. 

ڕاستگۆیی؛ گرنگترینە پێوەرە بۆ مرۆڤ! دەزانرێ من لەبەر سێ هۆکار نەوشیروان مستەفام خۆشناوێت:

١-نەوشیروان مستەفا سەرکردەیەکی سلێمانییپەرست بو. منیش ئەکادیمییەکی ناسیۆنالیسیتی تەواوم. واتە: لای من جیاوازی لە نێوان "خانەقین، شنگال، موسڵ، کرماشان، دیاربەکر، ئیلام، عەفرین، ورمێ و، غازی عەنتاب" نییە!

٢-نەوشیروان، بەشێک لە ژیانی خزمەتی داگیرکەرانی کوردستانی کردوە؛ ماوەیەک شەست و شەشیی بوەو، سەردەمانێکیش یەکێک بو لەوانەی سورەی بەرلەشکری هێنانی پاسداران بو کە باشوری کوردستانی بە ئەنفال و کیمیاباران دا. 

٣-نەوشیروان هەستا ملیۆنان دۆلار لە سامان و موڵکی میللەتی وەرگرت و بەقەستیی بۆ نەوەکانی خۆی جێهێشت. لەکاتێکا، من هەمیشە (بەرژەوەندی گشتیی نەتەوەی کورد) دەخەمە پێش بەرژەوەندی خۆم و هەمو شتێکەوە، چونکە بڕوای تەواوم بە تیۆریزەکردنی [ناسیۆنالیزمێکی مۆدێرن] بۆ نەتەوەی مەزنی کوردی ڕەگەز زاگرۆسیی هەیە.

 لەگەڵ ئەمانەش دا نامەوێت [ڕاشکاوی زانستیی] و ڕاستگۆییم لەدەست بدەم، کە: نەوشیروان مستەفا لەگەڵ ئەوەی ئەو کەماسیانەی هەبوە کە ئاماژەی بۆ کرا، بەڵام خوێندەوارترین سەرکردەی باشوری کوردستان بو، لە جەلال تاڵەبانیی و ئیبراهیم ئەحمەدیش خوێندەوارتر بو. ئەسڵەن نێچیرڤان ئاستی خوێندەوارییەکەشی تەواو ناکامڵە. ئەوانەی ئاماژەی بۆ کرا؛ حەقیقەتن لای ئەو ئەکادیمیستانەی کە بە وردی بەدواداچونیان هەیەو ڕاستبێژن!

هەرچەندە، نوسەرانی بەهەڵوێستی باشورو خۆرهەڵاتیی کوردستان لە دژی سوکایەتیکردنەکانی نێچیرڤان هەڵوێستیان دەربڕیوە، بەڵام دەمەوێت نهێنیی پشت سوکایەتیکردنەکانی نێچیرڤان بارزانیی بە هێزە خەوتوەکانی خۆرهەڵاتیی کوردستان لە تێفکرینی منەوە بزانن!

بۆچی ئەم لێکدانەوەیە گرنگە؟ چونکە بەمە نێچیرڤان باش تێدەگات کە لە ناو کورد دا کەس هەیە، پشت پەردەی پیلانەکانیی و ئەو لێدوانانەی پێی دەدەن؛ دەربخات!

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییە خۆراواییەکان دەیانسەلماند کە نێچیرڤان (پارتیی بەگشتیی) و (یەکێتیی بەگشتیی) چەک و تەقەمەنیان لە ئەمریکا وەرگرتبو و بەنهێنیی ناردبویان بۆ ناو ئێران. تەنانەت باس لە هاوکاری ئیسرائیلیش دەکرا. نێچیرڤان بەم سوکایەتیکردنانەی بە هێزەکانی خۆرهەڵاتیی کوردستان دەیەوێت ئەو پیلانانەی خۆیان و یەکێتیی دژی ڕژێمی جمهوری ئیسلامی ئێرانیان دیزە بە دەرخۆنە بکاو، لەوە زیڕەی کردوە کە ئێران درۆن بە ئەوانەوە بنێ لە پای نهێنییەکانیان لەگەڵ ئەمریکادا. بۆیە نابەرپرسیارانە هێزەکانی خۆرهەڵاتیی کوردستان تاوانبار دەکات، چونکە بەهێزەکانی خۆرهەڵات فێربون!

بەڵام، فارسەکان فێڵزانن و به نێچیرڤان-بافڵ-قوباد-پەکەکە لەخشتە نابرێن. فارسەکان باش ئەزانن کە یەکێتیی و پارتیی چییان لە دژی ڕژێمی ئێران کردوەو، بەم لێدوانانەی نێچیرڤان گێل ناکرێن!

دەبڕۆ نێچیرڤان هەر ئاوها لێدوان دژی نەتەوەکەت بدەو، لە بەرەی داگیرکەران بە، منیش باش دەزانم لە کوێوە کۆشکە دزێنییەکانتان دەلەرزێ: بۆیە ڕاستەوخۆ سەرپۆشی پشت نهێنیی لێدوانەکانتان هەڵدەماڵم!

 ڕژێمی ئێران بەم لێدوانانەی تۆ فریو ناخوات و لە بیری ناچێت کە ئەوە ئێوەبون پارەو چەکتان لە ئەمریکا وەرگرت و، ناردتانە ناو ئێران و، هەزار سەرەن! 

ئەگەر سەرکردە متبوەکانی خۆرهەڵاتیی کوردستان تۆزقاڵێک مەرد بن؛ ئەم سوکایەتیکردنانەی نێچیرڤان لە یاد ناکەن. هەر هیچ نەبێت بە بەیاننامەیەکی فەرمی [هاوبەش] ڕایدەگەیەنن کە بۆ ماوەی سێ مانگ هەمو جۆرە لێدوان و چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ کەناڵی ڕوداوی نەوتاوی نێچیرڤان ڕەتدەکەنەوە وەک [بچوکترین هەڵوێست!] دژی لێدوانەکەی ئاغای نێچیرڤان بارزانیی!

ئەو بەیاننامەیەشی کە مەسعود بارزانیی دژی دیداری میری دەریکردوه، ئەوە فێڵ و چاوبەستەو ڕۆڵ دابەشکردنە لە نێوان خۆی و مەسرور لەلایەک و، نێچیریش لەلایەکی تر. ئەگینا ئەگەر مەسعود ڕاشکاوەو دژی دیداری میرییە، با هەڵوێستی کرداری هەبێت دژی ئەو سوکایەتییەی کە بافڵ لە دیداری میری بە مەسعود بارزانیی کردی و، وتی: "تۆ کێیت بە ڕێکەوتنی ئێمەی یەکێتیی و [نەوەی نوێ] ڕازی نەبیت!؟".

ئەگەر مەسعود بەکردەوە دژی ئەو سوکایەتیپێکردنەی بافڵ هەنگاوی نا؛ ئەوا بەیاننامەکەی بارەگای بارزانیی تۆزقاڵێک ڕاستی تێدایە! ئەگەر نا؛ ئەوە ڕۆڵ دابەشکردن و چاوبەستە!

ئەڵبەتە، ئیشی منیش کە دژی ستەمکارانی یەکێتیی و پارتیی و داگیرکەرانم، بەشێکیشی ئەوەیە؛ لە ئاوی لێڵیش دا ماسیی بگرم!! چۆنم بوێ تەحلیل دەکەم. چونکە منی بێلایەن؛ دژی ستەمکاریی و جاشبیریم! بە قەستیش بێت؛ ئەزانم لە کوێی جاشبیران دەدەم!

وەک لە ٢٠١٤ شەوە دەیانجار وتومەتەوە: "هەمو هێزێکی ئۆپۆزسیۆن لە باشوری کوردستان درۆینەو ساختەو دروستکراوی پاراستن-زانیاریین؛ ئەگەر پڕوپاگەندەی چاکسازیی و گۆڕانکاری لە هەرێم لە ڕێگای فشە-دیموکراسیی هەرێم و پەرلەمانە کارتۆنییەکەوە، بکەن. بەڵکو، تەنیا بە ڕاپەڕینی چەکداریی، یان شۆڕشی چەکداریی، دەتوانرێ کۆتایی بە دەسەڵاتی ستەمکار-قەبیلەیی پارتیی-یەکێتیی بهێنرێت!

 لەڕاستیش دا، دەبو (دیداری میری)ی ئەمساڵ ناوبنرێ بە: "دیداری دەروێشەکانی کنسوڵی ئێران لە هەولێر!".  هەرچی بەرپرسانی باشور و خۆراوای کوردستانە تێیدا کۆببونەوە! واتە: ڕێک دەڵێی بەشێوەیەکی ئەندازیارانە ئێران ڕێکیخستوە!

ئاغای نێچیرڤان، خۆت دەزانیت لە کەینوبەینی ساڵی ڕابردودا دژی ڕژێمی [پیرۆز!]ی کۆماری ئیسلامیی ئێرانت چیت چاندوە، لەوە دەترسی ڕەهبەرانی جمهوری ئیسلامی ئێرانت زیاتر پێت بزانن، یان لە سەرۆکایەتیی لات ببەن؛ بۆیە دەتەوێ دەستە چەورەکەت بە هێزە خەوتوەکانی خۆرهەڵاتیی کوردستاندا بسڕیت! ئەو هێزانە ئەگەر کاریگەر ببونایە؛ دەبو بە گوێی بابەتەکانی منیان بکردبایەو، دەرفەتەکەیان لەدەست نەدابایەو، ئێستاش نەدەبونە گاڵتەی تۆ-بافڵ-قوباد-پەکەکە!

نێچیرڤان، بڕواناکەم فارسەکان ئەوەندە ساویلکەو فێڵلێکراو بن و زیاتر کەشفتان نەکەن! هەرچەندە، ڕاستە، دەکرێ بەو لێدوانە سوکایەتیپێکردنانەت بە نەتەوەکەت و فرۆشتنی کوردانیی خۆرهەڵات؛ ئەو پۆستەت کە خەڵکی بەشەرەف و شکۆداری کوردستان رقی لێدەکەنەوە، بەدەستی بهێنیتەوە. دەی با سەد ساڵی تریش لە پۆستی سەرۆکی هەرێم بیت، کاتێک تۆ لە ناو نەتەوەکەی خۆت بێزراو بیت و، لای داگیرکەران بەکارهێنراو بیت؛ سودی ئەو پۆستە [جگە بازرگانیی!] چی ترە، هەر با بۆ تۆ و کەسانی هاوشێوەت بێت!

نێچیرڤان لەگەڵ قوباد داهێنەری لەکارترازاندنی خێزانی کوردەواریی و هێنانی [بەناو!!!] کچە مۆدێل بون، بەوە؛ پێکهاتەی خێزانی کۆمەڵگای کوردەوارییان هەڵتەکاند کە گرنگترین سودی ستراتیژییان بە داگیرکەرانی کوردستان گەیاند. ئەوە خۆرهەڵاتیی کوردستانە کە دایەنگای کلتوری ڕەسەنی کوردەواریی و شاخەکانی زاگرۆسە؛ بۆیە بوەتە بەرد لەسەر دڵی نیشتیمانفرۆشەکانی کوردستان!

 هەر نێچیرڤان داهێنەری تەخشانکردن وتاڵانکردن و تەرخانکردنی نەوتی هەرێم بو لە دروستکردنی کەناڵی ڕوداو دا، کە دەیان نەوتخۆری هەزار سەرە پارەی زەبەلاحیان پێ بدرێ و، لەولاشەوە؛ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە ژێر هێڵی هەژاریی دەژین. 

ئەم نەوتخۆرانە لە بەرەی ستەمکاراندان و، تۆزقاڵێک مەردایەتییان تێدا نییە کە بەرنامەیەک لەسەر ئەو ملیۆنان تەن دۆلارە بکەن کە بنەماڵەکانی بارزانیی-تاڵەبانیی-ئیبراهیم ئەحمەد و لە نێویشیان دا نێچیرڤان و مناڵەکانیی بەردەوام هەڵیدەلوشن!

نێچیرڤان خوا دایناوە وەسفی محەمەد جۆلانیی و ئەردۆگان و خامنەیی بکات و، سوکایەتیی بە نەتەوەکەی بکات و شکۆی نەتەوەکەی ژێر پێ بنێت! خۆ ئەگەر لە پێگەی سەرۆکی هەرێم نەبوایەو ئەو ڕێگایەی هەڵببژاردبایە؛ ئاسایی بو! کفری سیاسەت و نیشتیمانپەروەری ئەوەیە: ئەو ڕەوشتانەی نێچیرڤان ناونراوە: "دبلۆماسییەت!".

 جا نێچیرڤان دەبێت ئاگای لەو پەندە تورکییەش بێت؛ کاتێک تورکەکان شێخ مەحمودیان دژی ئینگلیز لە مانگی سێی ١٩١٩ەوە بەکاردەهێنا، هۆنیویانەتەوە، بەڕاستی پەندەکە ڕێک ئەڵێی تورک بە باڵاو پۆستەکەی نێچیرڤان دا دایانڕشتوە.

زیاد لە سەدەیەکە، تورکەکان وتویانە:

ئەغاجدان ئۆڵمەز ماشا: Ağaçtan olmaz maşa

کیورتەن ئۆڵمەز پاشا: Kürt'ten olmaz paşa

دێڕی یەکەم، واتە: هەروەکچۆن لە دار، مەقاش دروست ناکرێت بۆ هێنانەوەی شت لە ناو ئاگر و خەڵوز دا، چونکە دارەکە خۆی دەسوتێت.

دێڕی دوەمییش بە مانای: لە ناو کوردیش "پاشا" دروست نابێت.

واتە: ئەگەر لە ناو کورد کەسێک خۆی بە "مەلیک و پاشا"ش بناسێنێ، بە یەک نامەی ئەفسەرێکی وەک مستەفا کەمال چۆنمان بوێ؛ بەکاریدێنینەوە!

ئێ تورک کە زیاتر لە پێنج سەدەیە ئیمپریالیزمێکی سەرەکی سەر خاکی کوردستانن؛ بێگومان زۆرباش سەرکردە جاشبیرە خۆفرۆشە بازرگانەکانی کوردیان ناسیوەو دەناسن و، ئەوەتانێ سەدان کۆنە ئیخوانیی جاشبیری تورک-فارس بە موچەی قەبەوە لە کەناڵەکانی بنەماڵەکانی بارزانیی-تاڵەبانیدان.

 ئەگەر تورک کوردیان زۆرباش نەناسیبایە لە ١٩١٤ لە زێڕینترین دەرفەتی گۆڕانکارییەکانی جەنگی یەکەمی جیهان نەیاندەتوانی سەرکردەکانی کورد لە ژێر ناوی "برایەتیی ئاینیی" بەکاربهێنن و بیانبەن شەڕی شوعەیبەیان پێ بکەن و، چەند ساڵێکیشە نەیاندەتوانی لەژێر ناوی "برایەتیی گەلان" بزافی خۆراواو باکوری کوردستان ئاشبەتاڵ پێبکەن! 

باشە، گریمان سەرکردەکانی هێزە خەوتوەکانی خۆرهەڵاتیی کوردستانیش بەشداری دیداری میری ببونایە، ئایا ئەم بەناو دیدارە جگە لە فشە-فشەکردن و بەفیڕۆدانی سامانی میللەت، چ بەرهەمێکی بۆ هەژاران و کەسوکاری شەهیدانی کوردستان هەبوەو دەبێت. چ ستراتیژێکی بۆ ڕزگاری نیشتیمانیی کوردستان هەبوەو دەبێت!؟

 ڕونە، [زۆرێک] لە سەرکردەکانی دیموکرات نۆکەرایەتیی بۆ هەردو هێزی قامچی داگیرکەران؛ پارتیی و یەکێتیی دەکەن و، [هەر هەمو] کۆمەڵەکانی ئێرانیش جاشی پارتیی-یەکێتیی-پەکەکەن! بۆیە ناوێرن فززە بکەن و، ئابڕوی دۆزی کوردیان لە خۆرهەڵاتیی کوردستان بردوەو، ئەوەتا پرسی خۆرهەڵاتیی کوردستان بوەتە جێی گاڵتە لە دیداری میری دا.

 

تێبینی:

چەند پرسیارێکم بۆ هاتوە، بەخێرایی وەڵامی تەنیا دوانیان دەدەمەوە، وادیارە هاوڕێیان دەمێکە ناردویانە. ببورن زۆر بەکەمیی دێمە خەت:

هاوڕێیەک نوسینێکی حەمەی حەمە سەعی وەزیری بەناو ڕۆشنبیری حکومەتە کارتۆنییەکەی ناردوە، کە لە هۆنراوەیەکی مام هێمنی موکریانییەوە وەرگیراوە، دەڵێت: "دکتۆر ڕات چییە کە حەمە دەڵێت: بڕۆ ئەمریکای خائین؛ بەغدا نیوەی ڕێگات بێ!؟".

وەڵام: برای بەڕێز، تۆش بە دو دێڕ بۆ حەمەی بنوسە: ئەگەر ئەمریکا نەبوایە، پێش ١٩٩١، مام جەلال و نەوشیروان و مەسعود و نێچیرڤانەکەت چیی بون. ئێوە گەر شەقی ئەمریکا نەبوایە؛ ئێستاش هەر گیرۆدەی شەڕی ناوخۆ بون کە هاوڕێی خۆتانتان لە دەعوەتکردن دا دەکوشت. مەگەر ئێوە لە گوندی کانی ژەنانی تاوگۆزی کە دەعوەتکران لە شەو دا خاوەن ماڵەکانتان ڕەمی نەکرد؟ ئێوە پێش پشتیوانی ئەمریکا ئەوە بون! ئەمریکا سیی و پێنج ساڵە پشتیوانتانە؛ کەچی بە گەندەڵییە زەبەلاحە بێوێنەکانتان ئابڕوی ئەمریکای پشتیوانیشتان بردوە! خۆ سی-ئای-ئەی ئەزانێت کە من و ملیۆنان کورد لە باشوری کوردستان بۆیە ڕقمان لە ئەمریکایە چونکە پشتیوانی هەردو دەسەڵاتیی ستەمکار-قەبیلەیی پارتیی-یەکێتییە.

 

دووەم پرسیار: دۆستێک پی-دی-ئێفی کتێبێکی بۆ ناردوم کە دکتۆر نەجاتی عەبدوڵا وەریگێڕاوەتەسەر کوردی. لە پێشەکی وەرگێڕانەکەی دا؛ نەجاتی عەبدوڵا ئاماژەی بەوە داوە کە سەرەتای ناسینی ئینگلیزەکان بۆ کورد دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەژدە. ئەو دۆستە دەڵێت: "دکتۆر شەریف تۆ لە چاوپێکەوتنەکەی مانگی هەشت دا دەڵێیت: سەرەتای ناسینی ئینگلیزەکان بۆ کورد دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی دوانزە، بەڵام دکتۆر نەجاتی عەبدوڵا کە سەرۆکی ئەکادیمیستانی کوردە دەڵێت سەرەتای ناسینی ئینگلیزەکان بۆ کورد بۆ سەدەی هەژدە دەگەڕێتەوە، ئایا نەجاتی عەبدوڵا کەوتۆتە هەڵەوە!؟".

وەڵام: برای بەڕێزم، نەجاتی عەبدوڵا نەک هەر کەوتۆتە هەڵەوە، بگرە بەوە دەیسەلمێنێت هیچ خوێندنەوەو بەدواداچونێکی وردی لەو مێژوە نییە. بەوە نییە نەجاتی عەبدوڵا ناونراوە سەرۆکی ئەکادیمیستان. سەرۆکی چیی؟ چەند توێژینەوەی ئۆریجناڵی لە زانکۆکانی هارڤارد و ئۆکسفۆرد و کەیمبریدج هەیە؟ نەجات لە کاری وەرگێڕان دا باشە. بەڵام کەسێک دەبێت سەرۆکی ئەکادیمیستان بێت کە توێژەرێکی وردو پڕزانیاری و خاوەن توێژینەوەی ئۆریجناڵ و داهێنەرانە بێت لە زانکۆ ناودارەکانی جیهان دا. نەجات دەبو سەرۆکی کاری وەرگێڕان و وەرگێڕەکان بێت! بەڵام یەکێتیی و پارتیی هەمو شتێکیان وا لێکردووە. شاعیری دەربار ئەکەنە بەرپرسی کڕینی درۆن! تەنانەت کەناسی ئاودەستخانەش دەکرێ لەلایەن یەکێتیی و پارتییەوە بکرێتە ڕاگر و مامۆستا لە زانکۆ. بەڵێ؛ دکتۆر نەجاتی عەبدوڵا هەڵەی گەورەی کردوەو، من ئامادەم بە دەیان بەڵگەو بەڵگەنامە کە هێناومنەتەوە بیسەلمێنم سەرەتای ناسینی ئینگلیز بۆ کورد دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی دوانزەو، بە جەختکردنەوەوە دەڵێم: تەنیا توێژەرم لە ئاستی جیهان دا؛ بەڵگەم دۆزیوەتەوە کە پاشاکانی ئینگلیز نامەیان بۆ میرەکانی کورد ناردوەو، وشەی نەیشنیان بۆ نەتەوەی کورد بەکارهێناوە. هەرچەندە، من زۆر بە کەمیی قبوڵی ئەکەم لە کەناڵەکانی پارتیی و یەکێتیی چاوپێکەوتن بکەم. بەڵام نەجاتی عەبدوڵا لە کام کەناڵی میدیا دەڵێت؛ بە شاهیدی گشت خەڵکی کوردستان ئامادەم بە دەیان بەڵگەو بەڵگەنامە قسەکەم بسەلمێنم. ئەسڵەن هەر بەوە مێژوی پەیوەندییەکانی کورد و ئینگلیزی بەلاڕێدا بردوەو، لێی تێنەگەشتوە! دەی بۆ یەکێتیی و پارتییش ئەکادیمیاو سەرۆکی ئەکادیمیستانیان هەیە!؟ 

 

بەهەرحاڵ، بە یانزە خولەک ئەم چەند دێڕەی سەرەوەم بەخێرایی نوسیی، چونکە نامەوێت کاتی خۆم بەفێڕۆ بدەم و، ئیشی من خوێندنەوەی بەردەوامی تازەترین توێژینەوە ئینگلیزییەکانەو بەس! 

 بۆیە، وەڵا تاقەتم نەماوە شتیان لەسەر بنوسم؛ چەند توێژینەوەیەکی ئۆریجناڵم لەسەر پرسی کورد لە گۆڤاری زانکۆ ناودارەکانی جیهان بەدەستەوەیە. دواتر بەخامۆشیی دادەنیشم. لە ٢٠٠١ ەوە لە پشتی میللەتم و بابەت دەنوسم؛ بەڵام بێسودەو، دەیانجار ستەمملێکراوە. خوامەکرد سبەینێ؛ سەرکردەکانی یەکێتیی-پارتیی وەک پیشەی هەمیشەییان بەئاشکرا پاسدار و حەشد و جەندرمەیان دەهێنایە خاکی کوردستان! 

لە کۆتاییدا دەڵێم: "کورد تەنیا نەتەوەیە لە جیهاندا، کە؛ ڕێزی جاش و نیشتیمانفرۆش و دزەکانی زیاتر دەگرێت هەتا کەسانی نیشتیمانپەروەری ڕاستەقینەو پاکژ چونکە نەتەوەی کورد پەروەردەی دەست داگیرکەرانی کوردستانە!".

 

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×