دکتۆرا لە دبلۆماسیەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی
ئەم یەکشەممەیە، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە بابەتێکی بنکۆڵکاری دا، پەردەی هەڵماڵیوه لەسەر هۆکاری دیارنەمانی (عەلی ڕەزا ئەسغەری؛ جێگری پێشوی وەزیری بەرگری ئێران)ی لە تورکیا لە مانگی دوانزەی ٢٠٠٦.
بەپێی نیویۆرک تایمز؛ عەلی ڕەزا ئەسغەری لە ئیستەنبوڵ لەلایەن مۆسادەوە ڕفێنراوەو، مۆساد چەند هەفتەیەک لێپرسینەوەی لەگەڵ کردوە سەبارەت بە چارەنوس و دیارنەمانی (ڕۆن ئاراد؛ ئەو فڕۆکەوانەی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل کە لە شانزەی ئۆکتۆبەری ١٩٨٦ لە باشوری لوبنان فڕۆکەکەی کەوتەخوارەوە). سەرەتا میلیشیای ئەمەل دەستبەسەریان کردو، پاشان تەسلیمی حیزبوڵایان کرد.
بۆچی مۆساد لە ناو ئەو هەموە لە کاربەدەستانی ئێران بڕیاری داوە ئەسغەری بڕفێنن؟
چونکە لە کاتی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی (ڕۆن ئاراد) دا، عەلی ڕەزا ئەسغەری وەک جەنەراڵێکی پایەبەرزی ناو سوپای قودس بەخێرایی دەچێتە لوبنان و، لەگەڵ سەرکردەکانی حیزبوڵا دۆسیەی ئەم فڕۆکەوانە سەرپەرشتیی دەکات!
بەپێی بابەتە بنکۆڵکارییەکەی نیویۆرک تایمز؛ لێکۆڵینەوەکانی مۆساد لەگەڵ ئەسغەری لە ناو کەشتیەک لەسەر دەریای ڕەش ئەنجامدراوەو، لەدوای ئەوەی مۆساد نەیتوانیوە بەڵگەی پەیوەندیدار بە دۆسیەی چارەنوسی فڕکەوانە ئیسرائیلییەکە ئاشکرا بکات، ئینجا هەستاون بە کوشتنی عەلی ڕەزا ئەسغەری و، لاشەکەیان فڕێوواوەتە دەریای ڕەشەوە!
ئەکرێت بەرپرسانی مۆساد زانیاریشیان لە ئەسغەری سەبارەت بە چارەنوسی فڕۆکەوانەکەیان دەستکەوتبێت، بەڵام تەنیا مەبەستیان بێت بەمجۆرە [لەم تەوقیتەدا!!] لە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاوی بکەنەوە، وەک پەیامێک کە پاش بیست ساڵیش کە ناوبراو بەرپرسی دووەمی وەزارەتی بەرگری ئێران بوەو بە فەرمی لە ئوتێلێکی ئیستەنبوڵ بوە، کەچی لە تۆڵەیان دەربازی نەبوە!
ئەم بابەتە بۆچی بۆ ئێمەی کورد شیاوی لێفێربونە؟
بەو هۆکارەی کە دەیان بەڵگەنامەی نهێنیی بەریتانیی ئاشکرای دەکەن، کە؛ "مام جەلال و مەسعود و نەوشیروان لە پێناو کێبرکێیان بۆ خۆبردنە پێشەوە لای سەددام هەستاون لە ١٩٩١ و ١٩٩٢ فەرمانی ئازادکردنی هەزاران ئەفسەر و سەربازی عێراقییان داوە کە زۆرینەی ئەو ئەفسەرو سەربازانە ئەنجامدەری پرۆسەکانی کیمیاباران و ئەنفالکردنی میللەتی کورد بون".
بەڵام، دەبینین ئیسرائیلییەکان ڕێک پاش بیست ساڵ لە دیارنەمانی فڕۆکەوانەکەیان لە لوبنان، لە مانگی دوانزەی ٢٠٠٦ هەمان ئەو کاربەدەستە باڵایەی ئێران دەکەنە ئامانج کە بەرپرسی دۆسییەکانی حیزبوڵای لوبنان بوە، بەتایبەت لە بارەی دۆسیەی فڕۆکەوانەکەیانەوە.
واتە: کۆڵنەدان لە تۆڵەسەندنەوە وایکردوە هەمیشە تورک-فارس-عەرەب لە ئیسرائیلییەکان بترسن.
بەڵام، ڕەمینەکردنی هەمو ڕەگەزێکی سەر بە داگیرکەران لەلایەن کوردەوە وایکردوە کە داگیرکەران بە کورد فێرببن و، خوێنی کورد وەک تاڵانیی بێت و، تەنانەت بەهای خوێنی کورد لە خوێنی ئاژەڵانیش لەلایان کەمتر بێت، چونکە زۆرینەی سەرکردەکانی کورد ناسیۆنالیستی ڕاستەقینەو ناسیۆنالیستی مۆدێرن نەبون و، زیاتر بەرژەوەندی خودی و فیوداڵیی بەسەریان دا زاڵ بوە!