دوای ئەوەی ڕۆژی ١-٨-٢٠٢٦ چاوپێکەوتنێکم لەگەڵ [میدیای ئیرادە] سەبارەت بە (کوردستان و کورد لە بەڵگە و بەڵگەنامەکانی بەریتانیا) بڵاوکرایەوە. ئایدیاکانی چاوپێکەوتنەکە دەنگدانەوەی لە ناو ڕۆڵەکانی نەتەوەی مەزنی کورد دا هێنایەئاراوە.
پاش چاوپێکەوتنەکە تا ئێستا، هەندێک لە نوسەر و کەسایەتییە ناسراوەکانی کوردستان تەلەفون دەکەن و دەڵێن: "ئەوەی تۆ دەیکەیت شۆڕشێکی مەعریفییە لەو زانکۆیانەی کوردستان کە دەروێشە بڕوانامەدارەکان بەرهەم دێنن!".
بۆیە، پێش چونە ناو باسەکەوە، پێویستە وەڵامی هەندێ لە هەڵگری بڕوانامەی باڵای زانکۆکانی یەکێتیی و پارتیی بدەمەوە سەبارەت بە شێخ مەحمودی بەرزنجی.
بابەتێکی پڕۆفیسۆرێکی بەشی فەلسەفەی زانکۆی سلێمانییان بۆ ناردم، کە نوسیویەتی: "نابێت بەڵگەنامەکان بە بت بکرێن و، بەڵگەنامەکان جێی متمانە نین!".
لەکاتێکا، من لە چاوپێکەوتنەکەم دا چەندینجار دەڵێم: "دەبێت بە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی زانیاری ناو بەڵگەنامەکان هەڵسەنگێنرێن". دەگونجێ ئەم پڕۆفیسۆرە بەڕێزە تێبگات "هەڵسەنگاندن بە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی"، مانای چییە! بەڵام دەکرێ مەیلی شێخپەرستیی و عوسمانییپەرستیی هەبێ!
ئەم بەڕێزە ئەگەر بتوانێ ڕاشکاو بێت، دان بەم سوێندەی من دا دەنێت، کە: "سوێند بەخوا، هێندەی من ئەم بەڕێزە بناسم، لە هەر هەمو تەمەنیا [تەنیا] دو هەزار بەڵگەنامە، واتە: بەنزیکەی پێنج کتێب لە (بەڵگەنامەکانی بەریتانیی، عوسمانیی و، ڕوسیی) لەسەر شێخ سەعیدی بەرزنجیی و شێخ مەحمودی کوڕی نەخوێندۆتەوە".
تۆ کە خوێندەوار و توێژەری ئەو بەڵگەنامانە نیت و، بەدەقیق نازانیت زانیارییەکانیان چین، بۆچی ناحەقانە ئاڕاستە دەکەیت؟ تۆ ئیمانداریت؛ ئایا خوای گەورە فەرمویەتی ڕەش بکەیت بە سپیی!؟ مناڵێک بێنە تێدەگات، کاتێک من لە بەرنامەکەدا چەندینجار دەڵێم: "بەڵگەنامە نابێت بە سەدوسفر بپێورێ و، دەبێت بە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی هەڵسەنگێنرێ"، واتە: نابێت بەڵگەنامە بە بت بکرێت.
لە دێڕێکی تردا نوسیویەتی: "شێخ مەحمودیش هەڵەی هەبوە!". دیسانەوە، با لە [دارا دو داری دی]ەوە ئەم برا بەڕێزەی هەڵگری نازناوی [پڕۆفیسۆری فەلسەفەی مێژو!!] تێبگەیەنم!
مرۆڤە هوشیارەکانی کوردستان دەزانن مەبەستی من لە چاوپێکەوتنەکەدا لەو شیکردنەوە بەڵگەنامەییانەی بۆ شێخ سەعیدی بەرزنجیی و بۆ شێخ مەحمودی کوڕی کردومە؛ گەورەترە لە هەڵە! بۆیەشە؛ شێخپەرستەکان و جاشبیرەکانی عوسمانیی-سەفەوی جنێودەدەن و ڕاچڵەکیون! ڕونە، وتومە: "شێخ سەعیدی بەرزنجیی و شێخ مەحمودی کوڕی لەلایەن داگیرکەرانی عوسمانییەوە بەکارهێنراون دژی هەمەوەندەکان". لە خوارەوەش بە خستنەڕوی خودی بەڵگەنامەکانی عوسمانیی؛ خوێنەر زیاتر تێدەگات کە شێخ مستەفای نەقیب و شێخ سەعیدی بەرزنجیی برای و شێخ مەحمودی کوڕی شێخ سەعید دەستی سوڵتانی عوسمانییە داگیرکەرەکان بون دژ بە سەرهەڵدانەکانی نەتەوەکەیان، هەر لە کوشتوبڕ و زەوی داگیرکردنەوە بیگرە هەتا دەگات بە ئاوێتەبون لەگەڵ جەندرمەکانی عوسمانییە داگیرکەرەکان دژی نەتەوەکەیان! ئامانجی منیش بریتییە لە ڕاستکردنەوەی ئەو مێژوە ساختەکراوە!
ئەم پڕۆفیسۆرە هاتوە لە پێناو خزمەت بە مێژوی ساختەی شێخەکانی سەر بە عوسمانییە داگیرکەرەکان بە فێڵەوە ئامانجەکە دەگۆڕێت! ئامانجەکە دەرخستنی ستەمکارییەکانی شێخ مستەفای نەقیب، شێخ سەعیدی بەرزنجیی برای و، شێخ مەحمودی کوڕی شێخ سەعیدە! بەڵام ئەم نوسیویەتی: "بەڵگەنامەکان جێی متمانە نین!". ئەم دەربڕینە بۆ کەسێک هەڵگری نازناوی پڕۆفیسۆری فەلسەفە لە زانکۆکانی پارتیی و یەکێتیی بێت؛ نیشانەی پرسیارە! چونکە کاتێک بەگشتیی دەڵێت: "بەڵگەنامەکان جێی متمانە نین"، دەربڕینەکەی بێبەهاکردنی بەڵگەنامەکانەو، جیایە لەوەی کە زانست دەڵێت: "بەڵگەنامەکان گرنگترین و سەرەکیترین سەچاوەی توێژینەوەکانن و هەر دەبێت بە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی هەڵسەنگێنرێن".
واتە، ئەم پڕۆفیسۆرەی بەشی فەلسەفەی زانکۆی سلێمانیی هەر لە ڕێی نوسینەکەی خۆیەوە بە خوێنەر دەڵێت: ئەو تا ئێستا نازانێت چۆن و بۆچیی میتۆدۆلۆژیاکانی توێژینەوەی زانستی بەشێوەی سەرەکی پشت بە بەڵگەنامەکان دەبەستن لە توێژینەوەدا!؟ هاتوە [دژ] بە زانست، خوێنەر ئاڕاستە دەکات و، بەشێوەیەکی گشتی دەڵێت: "بەڵگەنامەکان جێی متمانە نین!".
لەلایەکی تر، شێخەکان ڕۆشتون دەروێشهزرێکی تریان دۆزیوەتەوە، کە وەک چنور و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا پیشانی بدەن. ئەم دەروێشبیرە باسی: "چۆنیەتی بەکارهێنانی بەڵگەنامەکان دەکات!".
ئەی دادو بێداد؛ "کەر لە کوێ کەوتوەو، کونە لە کوێ دڕاوە!".
لەکاتێکا، من لە ٢٠١٣ کە پڕۆفیسۆرێکی زانکۆی کەیمبریدج و یەکێکی زانکۆی ئۆکسفۆرد لە زانکۆی لەندەن وانەی "چۆنیەتی بەکارهێنانی بەڵگەنامەکان"یان پێوتومەتەوەو، بە تێکەڵی لەگەڵ خوێندکارانی ماستەر و دکتۆرای بەشەکانی مێژو و سیاسەتی زانکۆکانی ئۆکسفۆرد و کەیمبریدج بە پراکتیکی خوێندومانە، چونکە زانکۆی لەندەن لەگەڵ زانکۆکانی کەیمبردیج و ئۆکسفۆرد لە هەندێ بواردا؛ کۆرسی هاوبەشمان هەبو! هەفتانە دەیانبەردین لە دو کتێبخانەو ئەرشیفخانەی جیاوازی لەندەن کە هەڵگری ئەرشیفی پۆلێنبەندی بەڵگەنامە جیاوازەکان بون؛ وانەکانیان پێدەوتینەوەو، لە وانەکەدا؛ پلەی یەکەمم بە ئاستی "نایاب" لە مشتومڕ و ئارگیومێنت و شیکاریی و پۆلێنبەندی بەڵگەنامەکان دا، بەدەست هێناوە. لای ئەو کەسانەی کەمێک خوێندەوارن دەزانن: توانستی "نایاب" لە زانکۆی لەندەن واتە چیی و، بە کام پێوەرانە دەدرێت بە کام خوێندکارەی ماستەرو دکتۆرا!؟
ئەم دەروێش چنورە کە هێشتا لەو ئاستە زانستییەدا نییە من بە خوێندکاری قۆناغی یەکی خۆشمی بزانم، چونکە نە ئەزانێ میتۆدۆلۆژیا مۆدێرنەکانی توێژینەوە چین و چۆن لە توێژینەوەدا پراکتیزە دەکرێن، نە لە [هەڵسەنگاندن بەپێی بیرکردنەوەی ڕەخنەی]یش تێدەگات. هاتوە وەک خوێندنەوە مەحلومییە کۆنەکە چەند دێڕێکی لەسەر چۆنێتیی بەکارهێنانی بەڵگەنامەکان نوسیوە! کە هێندەی تر ئاستی لاوازی مەعریفی خۆی سەلماندوە!
لەکاتێکا نازانێ؛ چەند جۆر بەڵگەنامە هەیە، چۆن پلەبەندی دەکرێن، چۆن بەڵگەنامەی ڕاستەقینەو ساختە لێک جیادەکرێنەوە، بە چی دا بزانرێ کام جۆرەیان بەهێزن، چۆن بە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی زانیارییەکانیان ساغ دەکرێنەوە، چۆن و بۆچی بەڵگەنامەکان گرنگترین و سەرەکیترین سەرچاوەی توێژینەوەو داهێنانەکانن لە زانکۆ پێشکەوتوەکان و، زۆر پرسی تری تایبەت بە بەڵگەنامەکان!؟
شێخەکان پارەیان هەیەو، لەم زانکۆ حیزبیانەی هەرێم و، لە دەسەڵاتە بەرتیلخۆرەکانی وڵاتانی شێخویستی ئێران و تورکیا و عەرەب دا؛ دەتوانن بڕوانامە بۆ دەروێشەکانیان بکڕن! بەڵام، ئەوەی ئەوان ناتوانن تاهەتایە ڕێی لێبگرن؛ بیری ئازادی ئەکادیمیستی گەلخوازە!
ئەوەتا، بەهۆی یەک ڕستەی ناو چاوپێکەوتنەکەم؛ شێخەکان و دەروێشە بڕوانامەدارەکانم خستۆتە تەهلیلەوە. لای ئەو مرۆڤانەی کەمێک هوشیارییان هەیە تێدەگەن ئەم پەلەقاژێیەی دەروێشهزرەکان لەوەوە سەرچاوەی گرتوە؛ مێژویەکی پڕ چیرۆکی درۆینەو فشۆڵیان بۆ شێخەکانیان داتاشیوە. ئەوەتانێ بە شنەبایەکی ئازادی هزر و لۆژیک؛ چیرۆکە داتاشراوەکانیان پوچ دەکرێنەوە! بەمپێیە، هەتا ئەم دەروێشبیرانە زۆرتر بنوسن: زیاتر هەڵە دەکەن، چونکە چیرۆکە داتاشراوەکانی شێخەکانیان، بە لێکدانەوەو شیکاریی پوچدەکرێنەوە!
لەم چەند سەرە قەڵەمەی خوارەوە، کە دۆستان دەزانن زۆر سەرقاڵم بە ماڵ بارکردنمەوە، کەمێک لە دیدی بەڵگەنامەکانی عوسمانیی لە بارەی: " ناکۆکیی و بەریەککەوتنەکانی شێخ سەعیدی حەفید و شێخ مەحمودی کوڕی لەگەڵ هەمەوەندەکان لە بەڵگەنامەکانی عوسمانیی دا!" دەخرێتەڕو. ئامانجمە؛ دەلاقەیەکی ڕاستگۆیانە بۆ ڕۆڵەکانی نەتەوەی مەزنی کوردی زاگرۆسیی بکەمەوە بۆ ئەوەی دواتر خۆیان بڕۆن بە دیدی بیرکردنەوەی ڕەخنەییەوە بەدواداچونی زیاتر بکەن، کە: ئایا [منی تەنیا] ڕاستگۆم لە دەرخستنی ڕاستییەکان و فاکتە مێژوییەکان، یان؛ ئەو هەمو دەروێشە بڕوانامەدارانەی کە هەریەکەیان بە چەند دێڕێک ماستاویان بۆ مێژوی شێخەکان کردوە!؟
واتە: پاش خوێندنەوەی ئەم چەند سەرەقەڵەمەی خوارەوە، تۆی خوێنەری بەڕێز؛ کەمێک بەدواداچون بکەو، بە ویژدان و ئەخلاقەوە دادوەریی بکە، ئەوکات دەزانیت ئایا ئەم تێفکرینانەی من وەرچەرخانێکی ئەکادیمیی و ڕاسبێژانەن لەو مێژووە ساختەکراوەدا، یاخود نا!؟
هەمەوەندەکان و سەرۆکەکانیان!
بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆمارکراوی بەڵگەنامەیی ساڵی ١٨٧٧، هۆزی هەمەوەند خاوەن بیست سەرکردە بون و، لە شەش تیرەی سەرەکی پێکهاتون. لەو بیستە ئەمانەی لای خوارەوە تۆمارکراون:
سەفەروەنەکان لەلایەن مەحمود خلە پەزە (مەحمود خدر)ەوە سەرۆکایەتیی کراون. بەگزادەکان لەلایەن فەقێ قادر، جوامێر ئاغا و، حەمەی مام سڵێمانەوە سەرۆکایەتیی کراون. سێتەوەسەرەکان لەلایەن بەیرام (بارام) و براکەیەوە سەرکردایەتیی کراون. ڕەشەوەنەکان لەلایەن کاکە و سەلیمەوە سەرکردایەتیی کراون. ئاماژە بەوەش دراوە: هەمەوەندەکان زۆر حەزیان لە ئەسپە، بەنزیکەی سیی و پێنج هەزار ئەسپیان هەبوە، لەگەڵ دو بۆ سێ هەزار چەکداری ئەسپسواردا. لەو بیست سەرکردەیەیان، ناسراوترینیان بریتی بون لە: جوامێر ئاغاو، مەحمود خلە پەزە (مەحمود خدر). هەر یەک لەم دوانە لەلایەن بیست تا سیی چەکداری شەڕکەرەوە پاسەوانیی کراون.
بەپێی چەند بەڵگەنامەیەکی عوسمانی، هەر دو سەرۆکە پێگەیشتوەکەی هەمەوەند (مەحمود خدرو، جوامێر ئاغا) بونەتە مەترسی لەسەر دەسەڵاتی عوسمانیی و قاجارییەکان، چونکە لە سێگۆشەی ستراتیژی موسڵ-سلێمانیی-کرماشان سەرکردایەتی یاخیبونی هەمەوەندەکانیان کردوە. جولانەوەی هەمەوەندەکان وایکردوە سنوری عوسمانیی-قاجاری بێبایەخ ببێت؛ چونکە سوارەکانیان ئەو سنورەیان بەزاندوەو تێکشکاندوە. ئەمە بوەتە هۆی ئەوەی لە ئاستی باڵادا عوسمانیی و قاجارەکان لیژنەیەک بۆ داپڵۆسینی جولانەوەی هەمەوەندەکان بێننەکایەوە.
پاش ئەوەی هەمەوەندەکان درکیان بەوە کرد کە قاجارەکان و عوسمانییەکان یەکیان گرتوە لە دژیان، بونە دو بەشی سەرەکییەوە:
بەشی یەکەمەیان بە سەرۆکایەتیی مەحمود خلە پەزە (مەحمود خدر)، حەمە حەیدەر، سڵێمان حەیدەرو، عەزیز حەیدەر، بەردەوام بە سوارەکانیانەوە چالاکی دژی سوپای عوسمانیی ئەنجام دەدەن. جارێک گەشتونەتە فەرمانگەکانی میریی لە دەروازەی ویلایەتی بەغداو تاڵانیان کردوە. بەردەوام شەوانە لە جەبەل حەمرین بۆسە بۆ سوپا و نامەبەرەکان دەنێنەوە. زاڵن بەسەر سێگۆشەی موسڵ-کەرکوک-سلێمانیی داو، یەکەکانی سوپا و کاروانەکان دەکەنە ئامانج.
بەشی دووەمیان بە سەرکردایەتی جوامێر ئاغا و فەقێ قادری هەمەوەند، ئەمانە بەرەو سنوری قاجاری پێشڕەویان کرد. دوجار سەربازگەکانی قاجارەکانیان لە کرماشان تاڵان کردو سوتاند. فەقێ قادر گەڕاوەتەوە بازیان و لە ساڵی ١٨٨٥ ەوە بەدیل گیراوە. جوامێر ئاغاش لە سێگۆشەی کرماشان-قاسری شیرین-شارەزور دەسەڵاتدارە و، ئامانجی دامەزراندنی میرنشینێکی کوردییە.
بەڵگەنامەکانی عوسمانیی سێ هۆکار بۆ تێکچونی نێوان شێخ سەعیدی بەرزنجیی و هەمەوەندەکان دەخەنەڕو:
١-چاوتێبڕینی شێخ سەعیدی حەفید و شێخ مەحمودی کوڕی بۆ زەوییە بەپیتەکانی هەمەوەندەکان.
٢-یاخیبونی هەمەوەندەکان دژی عوسمانییەکان، زیاتر شێخ مستەفا نەقیب و شێخ سەعیدی بەرزنجیی برای و شێخ مەحمودی کوڕی شێخ سەعیدی دژی هەمەوەندەکان هانداوە، چونکە شێخ سەعیدو دەسەڵاتدارانی بنەماڵەی بەرزنجییەکان لە سلێمانیی لەلایەن سوڵتانی عوسمانییەوە دانراون. بۆیە، شێخانی سلێمانیی ڕوبەڕوی هەر یاخیبون و ڕاپەڕینێکی کوردەکان بونەتەوە کە دژی عوسمانییەکان لە ناوچەکەدا ڕێکخرابێت. بەتایبەت، دەرکەوتنی جوامێر ئاغا و مەحمود خدر وەک دوان لە سەرۆکە کاریگەرەکانی هەمەوەندەکان کە هەژمونیان لە موسڵ تا کرماشان درێژبوەتەوە، بە هیچ جۆرێک قابیلی قبوڵ نەبوە لای شێخەکانی سلێمانیی و، بە مەترسیان داناون لەسەر دەسەڵاتی عوسمانییەکان. چونکە شێخەکان بەپشتیوانی عوسمانییەکان خۆیان بە دەسەڵاتداریی [خودایی!] هەمیشەیی ناوچەکە زانیوە کە لە سوڵتانی عوسمانییەوە پێیان بەخشراوە.
٣-بەپێی بەڵگەنامەکانی عوسمانیی؛ شێخ سەعیدی بەرزنجیی خۆی بە سەرۆکی هەمو هۆزەکان هەر لە شارەزورەوە تا کەرکوک داناوەو، هۆزەکان گوێڕایەڵی فەرمانەکانی بون. هۆزەکانی کورد لە شارەزورەوە تا کەرکوک پرسیان بە شێخانی بەرزنجی دەسەڵاتداری سلێمانیی دەکرد لە دانانی سەرۆک هۆزەکانیان دا. بەڵام هەمەوەندەکان گوێڕایەڵیان نەبون و، خۆیان سەربەخۆخوازانە سەرۆک هۆزەکانی خۆیان داناوەو، لەم ڕوەوە حسابێکی ئەوتۆیان بۆ شێخانی بەرزنجیی نەکردوە کە عوسمانییەکان کردبونیە هەمەکارەی ناوچەکە. ئەمەش یەکێکی تر بو لەو هۆکارانەی کە ڕقی شێخەکانی بەرزنجیی بەرانبەر هەمەوەندەکان توندتر کرد.
ئایا هۆکاری یاخیبونی هەمەوەندەکان چەتەیی بوە، یان هەستی نەتەوەیی بوە!؟
لەگەڵ ئەوەی دەبێت وریای ڕەنگدانەوەی پڕوپاگەندە بین لە ناو بەڵگەنامەکانی عوسمانییەکان دژی سەرهەڵدانی هەمەوەندەکان. بەڵام، هەر توێژەرێک بنوسێت: هیچ بەڵگەنامەیەک لەسەر ئەوە نییە کە هەمەوەندەکان هێرشیان کردۆتەسەر مالیاتی عوسمانییەکان، بەتایبەت ئەو کاروانانەی عوسمانییە داگیرکەرەکان کە [بەزۆر] دەیان جۆر باج و سەرانەیان لە خەڵکی کوردستان دەسەند، ئەوە توێژەرێکی هاوسەنگ و ڕاستگۆ نییە. بەڵگەنامە هەیە وا دەڵێت. بەڵام، زۆرینەی یاخیبونە کوردییەکان، تا دەگات بە هی یەکێتیی، پارتیی، حسک و، پەکەکەش؛ کردەوەی چەتەگەرایی و، هێرشکردنەسەر بانکەکان و ناوەندی مالیاتەکانی سەر بە داگیرکەرانیان ئەنجام داوە. تەنانەت بەڵگە هەیە؛ کۆمەڵەکانی خۆرهەڵاتیی کوردستان هەستاون ئاسەوارەکانی کوردستانیان هەڵکەندوەو دزیوەو تاڵانفرۆشیان کردوە!
گرنگترین ئەوەیە: لە ڕوی ناسیۆنالیستبونی سەرهەڵدانی هەمەوەندەکانەوە، بەشێکی بەرچاو لە بەڵگەنامەکانی عوسمانیی ئاماژە بە ناردنی نامە لە نێوان جوامێر ئاغا و مەحمود خدر و فەقێ قادر بۆ شێخ عوبەیدوڵای نەهری دەکەن کە ئاگاداری یەکتر بن و، کوردان پێکەوە ڕابپەڕن. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە: ڕەهەندی ناسیۆنالیستبون و ئایدیای دژە داگیرکەران هۆکارێکی سەرهەڵدانەکەیان بوە. چی ساغیدەکاتەوە ئەم ئایدیایەی بەڵگەنامەکانی عوسمانیی دەگونجێ ڕاستی تێدابێت؟
وەک (کات) تەوقیت: جولانەوەی جوامێر ئاغا و شێخ عوبەیدوڵای نەهری لە یەک تەوقیت دا بۆ ڕزگارکردنی خۆرهەڵاتی کوردستان دەخولقێن و، جوامێر ئاغا ستراتیژی دروستکردنی میرنشینی کوردیی هەبوە! کەوابو، بیرۆکەی دامەزراندنی میرنشینی کوردی لەو کاتەدا کە عوسمانییەکان میرنشینە کوردییەکانی تریان لەناو بردبو، مانای ئەوە دەگەیەنێ: جوامێر ئاغا ئامانجی ئەوەبوە دەسەڵاتێکی کوردی دابمەزرێنێت! تێڕامان لەوەدایە: شێوازی شەهیدکردنی جوامێر ئاغا لەلایەن فارسە داگیرکەرە ئیمپریالیستەکانی سەر خاکی کوردستان، هەمان شێوازە کە سەردەمانی دواتر سمکۆ و قاسملوی پێ شەهید دەکەن!
زیاتر لەوانەش، بەڵگەی یەکلاکەرەوە بەردەستە کە هەمەوەندەکان هەڵگری بیری نەتەوەیی کوردییبون لە سەرهەڵدانەکەیان دژی عوسمانییەکان و قاجارەکان. یەکێکی تر لە بەڵگەکان؛ قەسیدەی [بەھارنامە]یە كە [فەقێ قادری هەمەوەند] لە ساڵی ١٨٨٥ ی زاینیی، لە نێو ژورە تاریكەكانی بەندیخانەی کەرکوک بۆ بەهار و یادی نەورۆزی كوردهواری نوسیویەتی. تێیدا ئەو راستییە دەسەلمێت كە هەمەوەندەکان ساڵانە لەسەر تەوقەسەری زنجیرە قەڵاو شاخەکانی کەرکوک-چەمچەماڵ-بازیان یادی نەورۆزیان وەک بۆنەیەکی ناسیۆنالیزمی کوردی دژی دەسەڵاتی عوسمانییە داگیرکەرەکان کردۆتەوە!
لەو قەسەیدە پڕ حەماسە ناسیۆنالیستەی دا؛ فهقێ قادر داخی بۆ ئەوەش خواردوه كە ئهو نەورۆزە ئەو دیلە لە بەندیخانەی عوسمانییە داگیرکەرەکانداو، ناتوانێت ئەو ساڵە لەگەڵ کوردان ئەو جەژنە نەتەوەییە بگێڕێت. بهڵام به هۆنراوهكهی دا ساغدەبێتەوە هەر بە یادی بەزم و ڕەزمی بەهارو نەورۆزانی رابردوەوە وەكو بروسکەیەک دەچرپێنێت بە گوێی نەتەوەکەی داو، ئاواتە خواز بوە كە دەست وپێی بكرێتەوەو ئازاد بێ و، هەر بەیادی جارانەوە بەشداری ئەو جەژنە نەتەوەییە لەگەل نەتەوەکەی دا دژی داگیرکەران بكاتەوە. هەر بە ئاواتی خۆشەویستی کوردستان و یادكردنهوهی نەورۆزی کوردەواریی دڵی هاتۆتە كوڵ و حەسرەتی قوڵی سۆزی کوردبونی لەوپەڕی حەماسەی دا، لەو قەسیدەیەدا بەیان کردوە.
لەلایەکی تریشەوە، هەر ئەوەش کە عوسمانیی و قاجارەکان پێکەوە یەکیانگرتوە بۆ خامۆشکردنی یاخیبونی هەمەوەندەکان، ئاماژەیە بەوەی سەرهەڵدانی هەمەوەندەکان بەرفراوان و کاریگەر بوە! دەیان بەڵگەنامەی خودی عوسمانییەکانیش جەخت لە بەردەوامیی هێرشی پارتیزانانەی هەمەوەندەکان بۆ سەر مۆڵگەکانی عوسمانیی-قاجاریی بە درێژایی ساڵانی ١٨٧٤ تا ١٨٨٧ و، لە ١٩٠٠ یشەوە تا ١٩١٤ ەش دەکەنەوە.
بەڵگەنامەکانی عوسمانیی سەبارەت بە هەڵوێستی سوڵتان عەبدولحەمید لە کێشەی نێوان شێخەکانی بەرزنجیی دەسەڵاتداری سلێمانیی و جولانەوەی هەمەوەندەکان، ئاماژە بەوە دەکەن: حەزرەتی مەولانا سوڵتان سێبەری خوا لەسەر زەوی و خەلیفەی مسوڵمانان خاوەنشکۆ 'سوڵتان عەبدولحەمید' بە ڕونیی ڕایگەیاند: دەبێت ڕێز لە بنەماڵەی شێخەکانی بەرزنجیی بگیردرێت، چونکە ڕەچەڵەکی سەیدن (سولالی تاهیرەن؛ خوێن و نەسەبێکی پیرۆز و پاک و بێگەردیان هەیەو، نەوەی پێغەمبەر و، ئەهلی بەیتن) و، دەبێت ئامۆژگاری بەرپرسانی ناوخۆیی ویلایەتی موسڵ بکرێت کە هەمیشە بە ئاگاداری و گرنگییەوە مامەڵە لەگەڵ شێخەکانی بەرزنجیی دا بکەن.
حەزرەتی مەولانا سوڵتان سێبەری خوا لەسەر زەوی و خەلیفەی مسوڵمانان خاوەنشکۆ 'سوڵتان عەبدولحەمید' جەختیشی کردەوە: لەگەڵ ئەو ڕێوشوێنە توندانەیە کە دەبێ دژی یاخیبونی هەمەوەندەکان بگیرێنەبەر. هەروەها پێشنیاری ڕێککەوتنی نێوان قاجارەکان و عوسمانییەکانیی بۆ داپڵۆسینی یاخیبونی هەمەوەندەکانی پەسەند کرد، بەمەرجێ ڕێککەوتنەکە لە بەرژەوەندی عوسمانییەکان بێت.
گرتنی مەحمود خدر لەلایەن عوسمانییەکان و، شەهیدکردنی جوامێر ئاغا لەلایەن قاجارەکان!
پاش پێکهێنانی لیژنەی باڵا بۆ داپڵۆسینی سەرهەڵدانی هەمەوەندەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی قاجاری-عوسمانیی و، ڕەزامەندی سوڵتانی عوسمانیی لەسەر یەکگرتنی عوسمانییەکان و قاجارەکان دژ بە سەرهەڵدانی هەمەوەندەکان. چەندین بەڵگەنامەی عوسمانیی دەیسەلمێنن کە شێخەکان، بەتایبەت شێخ مستەفای نەقیب برای شێخ سەعیدی بەرزنجیی، خراونەتەکار بۆ لەناوبردنی بزافی هەمەوەندەکان و، جەختیش لەسەر کۆکردنەوەی هێزی زیادەی عوسمانییەکان بۆ ستراتیژی پاکتاوی نەژادی هەمەوەندەکان و هەڵکەندنیان لە چەمچەماڵەوە بۆ شوێنە دورەکانی بەنغازی لە لیبیا و شکۆدرا لە ئەلبانیا و دورگەکانی سەر دەریای ناوەڕاست دەکەنەوە.
تیۆری ستراتیژەکەی ئەم پرۆسەیە؛ دەچێتە خانەی جینۆسایدەوە، چونکە ستراتیژەکە بۆ ڕیشەکێشکردنی هەر هەمو هەمەوەندەکان بوە بە ژن و مناڵەوە لە نیشتیمانی خۆیانەوە بۆ قاڕەیەکی دیکە. هەر بە فەرمانی عوسمانییەکانیش زەوییەکانی هەمەوەندەکانیش بە هەرزانفرۆش دراون بەو شێخانەی بەرزنجیی کە سەر بە سوڵتانی عوسمانیی بون، لەنێویشیاندا شێخ سەعیدی حەفید (باوکی شێخ مەحمود)و، دەست بەسەر ئاژەڵ و ئەسپەکانیشیان گیراوە.
لەم پرۆسەی پاکتاوکردنەی هەمەوەندەکان دا، ڕۆڵی شێخ مستەفای نەقیب برای شێخ سەعیدی حەفید، هاوشانی سوپای عوسمانییە داگیرکەرەکان لە گرتنی پیاوان و ژنان و مناڵانی هەمەوەند بەڕونی ساغدەبێتەوە. بەڵگەنامەکانی عوسمانیی ئاماری جیاواز لەسەر ژمارەی هەمەوەندە ئەنفالکراو (دورخراوەکان) دەخەنەڕو. هەیانە دەڵێن: کەمتر لە هەزار کەسیان ئەنفال کراون. هەشیانە ئاماژە بەوە دەکەن: زیاتر لە هەزار ماڵیان لە ڕەگ هەڵکنراون. بەشێکیشیان ئەوە دەخەنەڕو: زیاتر لە نیوەی هەمو هۆزی هەمەوەند لەو پرۆسەی گرتنەدا لەناوبراون یان دورخراونەتەوە بۆ ئەفریقا، ئەلبانیاو، دورگەکانی سەر دەریای ناوەڕاست.
بۆیە، بەڵگەنامەکان ئاماری جیاواز پێشکەش دەکەن و بە دەقیق نازانرێ چەندێکیان لەناوچون؛ چونکە بەشێک لەو هەمەوەندانە ڕاستەوخۆ ڕەمی کراون، یان لە پرۆسەی لە ڕەگ هەڵکەندنەکەدا، هەر لە کوردستانەوە تا ئەفریقا، بەش-بەش لێیان هەلهاتون و، بۆ هەمیشە شوێن بزر بون.
لێرەدا خوێنەر دەکرێ بەڕەوشتەوە کەمێک ویژدانی بکاتە پێوەر بەرانبەر بە دەروێشە بڕوانامەدارەکانی سەر بە شێخە کوردە داگیرکەرپەرستەکان و، بیهێننە بەرچاوی خۆتان؛ ئایا ژنان و مناڵانی هەمەوەندەکان کە لەو سەردەمەدا هیچ خزمەتگوزارییەکی ئینتەرنێت، مۆبایل، کارەباو، ئۆتۆمبێل، نەبوەو، دیلی دەست داگیرکەرە تورکە خوێنخۆرەکان بون و، دەنگیان بە هیچ کوێ نەگەشتوە، چۆن مامەڵەیان لەگەڵ کراوە!؟ لەو پرۆسەی گرتن و لە ڕەگ هەڵکەندنەدا؛ دەبێ چەند سەد مناڵ لە چەمچەماڵ-بازیانەوە تا ئەفریقا لە برسێتیی و تینوێتیی دا گیانیان لەدەست دابێت!؟
هەمەوەندەکان کە بە دو بەرە شەڕی عوسمانیی و قاجارییەکانیان دەکرد، بەرەی مەحمود خدر لە سێگۆشەی موسڵ-کەرکوک-سلێمانیی بەردەامبون لە جەنگان دژی عوسمانییە داگیرکەرەکان هەتا ساڵی ١٨٨٧. بەڵام لە ساڵی ١٨٨٧ بەهۆی هاتنی چەندین لەشکری زیاتری سوپای عوسمانیی بە تۆپەوە کە شێخ مستەفای نەقیبی برای شێخ سەعیدی بەرزنجیش یەکێک دەبێت لە سورەی بەرلەشکری داگیرکەران و، ناهاوسەنگی گەورە لە هێز داو، لەو دیویشەوە گەمارۆی قاجارەکان لەسەریان، سەرۆکەکانیان دەگیردرێن.
بەپێی بەڵگەنامەکانی عوسمانیی، لە ڕۆژی ٢-٣-١٨٨٧ مەحمود خدر و حەمە حەیدەر گیراون و، لە ڕۆژی ٦-٥-١٨٨٧ سولەیمان حەیدەر و عەزیز حەیدەریش دیلکراون. لەوە بەدواوە، لەشکری عوسمانییە داگیرکەرەکان دەکەونە سوتاندنی زەوییە کشتوكاڵییە چێنراوەکان و گوندەکانی هەمەوەندەکان و، دەستدەکەن بە ئەنفالکردنی دانیشتوانەکانیشیان.
بەرەی جوامێر ئاغاش هەر لە دامەزراندنی میرنشینێکی کوردی دا دەبن لە قەسری شیرینی خۆرهەلاتیی کوردستان و، قەڵا بۆ میرنشینەکەیان بنیاد دەنێن. جوامێر ئاغا لە سێگۆشەی قەسری شیرین-کرماشان-شارەزور دەسەڵاتی دەچەسپێنێت. بەڵام، لە ١١ ی ئازاری ١٨٨٧ بە فێڵ بەناوی دانوستاندنەوە؛ جوامێر ئاغا، کەمەرخانی سۆفییەوەند، عەلی ڕەش و، عەزیز موراد ڕەسوڵ، لەلایەن دەسەڵاتی قاجارە داگیرکەرەکانی فارسی تەڵەکەبازەوە شەهید دەکرێن.
هەڕاجفرۆشکردنی زەوی و گوندەکانی هەمەوەندەکان لەلایەن عوسمانییە داگیرکەرەکانەوە بە کەسایەتییەکانی سەر بە عوسمانیی!
عوسمانییە داگیرکەرەکان بۆ ئەوەی پیشانی هەمو کوردی بدەن؛ هەر هۆزێک سەرهەڵدان بکات لە ڕەگوڕیشەوە هەڵیاندەکەنن و، زەوییەکانیشیان دەستی بەسەردا دەگیردرێت، دەست دەکەن بە هەڕاجفرۆشکردنی زەوییە بە پیتەکانی هەمەوەندەکان بە کەسانێک کە لە ناوچەکەدا کوردن و جێی متمانەی سوڵتان عەبدولحەمیدی عوسمانین. بەڕونی چەند بەڵگەنامەیەک ئاماژە بەوەدەدەن: شێخ سەعیدی باوکی شێخ مەحمود کە ئەو بنەماڵەیە جێی متمانەی سوڵتان عەبدولحەمیدی سێبەری خودای سەر زەوین، بەشێک لە زەوی هەڕاجفرۆشیان کڕیوە. لە ڕوی کاتەوە؛ ئەو تەوقیتە نزیک بە ساڵی ١٩٠٠ ە. کەوایە، ئەو زەمەنە کە شێخەکانی بەرزنجیی سەر بە سوڵتانی عوسمانییە داگیرکەرەکان بون، بۆ ماوەی زیاتر لە چوار سەد ساڵ بوە بەردەوام میرانی کورد بەدەست عوسمانییە داگیرکەرەکان لەسێدارەدراون و کوژراون.
بەو مانایەی، بەپێی زەمەنەکەی بێت؛ سەردەمی هوشیاری نەتەوەیی کوردیی بوەو، پێشتر ڕۆژنامەی کوردستان لەلایەن بەدرخانەکانەوە دەرکراوەو، بزافی [ناسیۆنالیستی تەواوی کوردیی] بە سەرۆکایەتیی شێخ عوبەیدوڵای نەهری ئەنجام دراوە. بۆیە، لە ڕوی کاتەوە؛ تەوقیتێک نەبوە کە شیخ سەعیدی بەرزنجیی و شێخ مستەفای نەقیبی برای و شێخ مەحمود نەیانزانیبێ کە عوسمانییەکان داگیرکەرو خوێنخۆری کوردن. بەڵکو ڕێک لە ڕێی عوسمانییەکانەوە ئەمانە دژی هەر یاخیبونێکی کوردانی ناوچەکەدا بون کە بەرانبەر عوسمانییە داگیرکەرەکان ئەنجام درابێت.
واتە: بەڵگەنامەکانی عوسمانیی ساغیدەکەنەوە کە شێخەکانی بەرزنجیی پێش سوپای عوسمانیی کەوتون بۆ هێرش بۆ سەر هۆزەکانی پشدەر و هەر یاخیبونێک کە کوردەکان دژی دەسەڵاتی عوسمانییە داگیرکەرەکان لەم ناوچەیەدا ئەنجامیان دابێت. تەنانەت چەندین بەڵگەنامە دەیسەلمێنن کە شێخەکانی بەرزنجیی بە پشتیوانی عوسمانییەکان چەوسێنەری خەڵکی سلێمانیی بون. بۆ نمونە: شێخ سەعیدی بەرزنجیی لەلایەن سوڵتان عەبدولحەمیدەوە سەرپشک کراوە لە کۆکردنەوەی باجی ناوچەکانی نفوزی داو، بەشێکی کەمیی مانگانە بۆ عوسمانییەکان گەڕاندۆتەوەو، سوڵتان ئەو دەسەڵاتەشی پێداوە.
لە بەڵگەنامەیەکی ویلایەتی موسڵی عوسمانییش داهاتوە: "ئێمە هەمیشە لە ڕینمایی و فەرمانی حەزرەتی سوڵتان عەبدولحەمید سێبەری خوا لەسەر زەوی دەرناچین، کە شێخ سەعیدی بەرزنجیی خاوێنترین نەسەبەو ئەهلی بەیتەو دەبێت هەمیشە پایەدار بێت. بەڵام ئەم شێخە تاوانی گەورە ئەنجام دەدات لە ژێر ناوی حەزرەتی سوڵتان دا. زوڵم و ستەمی گەورە لە پێناو خواستە تایبەتەکانیی دەکات. ئەم شێخە بەشێکی خەڵکەکە لە سلێمانیی و دەوروبەری چەکدار دەکات دژی ئەوانەی کە گوێڕایەڵی نابن و، لە ناو خەڵکەکە بە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە ناویان دەزڕنێت و لەکەداریان دەکات، فێری کوشتنی خەڵک و، سوتاندنی ڕەزو، بردن و زەوتکردنی سامانی میللەتە، لەگەڵ وێرانکردنی ماڵی نەیارانیی دا. ئەم تاوانە گەورانەش کە بەردەوام ئەنجامی دەدات پێچەوانەی ڕەفتارەکانی حەزرەتی گەورەمان خاوەن تاج و سوڵتان، خاوەنشکۆ سوڵتان عەبدولحەمیدی سێبەری خوا لەسەر زەوییە".
کەچی سوڵتانی عوسمانیی هەر لایەنگیر و پشتیوانی شێخ سەعیدی حەفید دەکات و، بانگێشتی دەکات و، خەڵاتی دەکات بە پێدانی شفرەی نهێنیی خۆی!
لە بەڵگەنامەیەکی تری عوسمانییش داهاتوە: "پیاوەکانی شێخ سەعیدی بەرزنجیی کە بەردروانەتە خەڵکی سلێمانیی، کەسانێکن دزی دەکەن، لەگەڵ هەمو جۆرەکانی بەدڕەوشتی دا، هەندێکیان کەسانی سوکن و، لە ڕوی ڕەوشتەوە ناتەواون. خەڵکی سلێمانیی بەتەواوی بەدەستیانەوە بە زاڵە هاتوە".
بەڵگەنامەیەکی عوسمانییش لە باسی موڵکانەدا ئاماژە بەوە دەکات: "شێخی بەرزنجیی کە لەلایەن حەزرەتی سوڵتانەوە وەک شێخی گوندەکان پایەدارکراوە، گوندەکانیش وەک موڵکانە دەکرێت بە ناویەوە".
واتە: لێرەدا مافی ئەو خەڵکەی کە سەدان ساڵ بوە لە باپیرانییەوە لە گوندەکەیان ژیاون؛ حسابی سفریان بۆ کراوەو، وەک کۆیلەو بێماف دانراون!
لە بەڵگەنامەیەکی دیکەش کە لە والی موسڵی عوسمانییەوە بەرزکراوەتوە، ئەوە خراوەتەڕو: "خەڵکی سلێمانیی دوکانەکانیان داخستوەو، لە بێزاریی دا پەیمان و بەڵێنیان داوە هەتاکو شێخ سەعیدی بەرزنجیی و شێخ مەحمودی کوڕی لەناو نەبەن؛ وازناهێنن. ئامادەکاری تەواومان کردوە کە ژیانی شێخ پارێزراوبێت و، بەتەواوی خەڵکەکە پەرشوبڵاو پێبکەین. پێویستە فیرقەی کەرکوکیش چەند مەفرەزەیەک بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە ڕەوانەی سلێمانیی بکەن و، نەهێڵین ئەم ڕوداوە گەورەتر ببێت". لەم ڕوەوە، چەندان بەڵگەنامەی تر لەسەر ستەمکاریی شێخەکان بەردەستن.
داستانی گەڕانەوە بەشێکی هەمەوەندەکان و هێرشەکانی شێخ سەعیدی بەرزنجیی و شێخ مەحمودی کوڕی بۆ سەریان!
لێرەدا باس لە چۆنیەتی داستانی گەڕانەوەی هەمەوەندەکان لە ئەفریقاوە دژی داگیرکەرانی عوسمانی ناکەم. بەڵام گەڕاندنەوەی هەمەوەندەکان؛ ڕقی زیاتری شێخ سەعیدی حەفید و شێخ مەحمودی کوڕی لە دژیان هەڵساند، بەتایبەت لە بارەی زەوییەکانی بازیانەوە!!
بەڵگەنامەیەکی عوسمانی ئاماژەوە بەوە دەدات: ئەو هەمەوەندیانەی بەشێوەیەکی سەیر توانیویانە لە ئەفریقاوە بگەڕێنەوە بۆ چەمچەماڵ و بازیان، دۆخ و گوزەرانیان زۆر خراپە، چونکە زۆرێک لە زەوییە بەپیتەکانیان لەدەست دەرهێنراوەو، ئاژەڵەکانیشیان پێشتر بەخشراونەتەوە. شێخ سەعیدی حەفید هەستاوە هێزێکی بە فەرماندەیی شێخ مەحمودی کوڕی و بە پشتیوانی هۆزەکانی جاف و بەشێک لە هۆزەکانی کەرکوک-چەمچەماڵ ناردوە بەرەو گوندی داریکەلیی بە ئامانجی سوتاندن و داگیرکردنی هەشت گوندی هەمەوەندەکان لە ٧ ی ئازاری ساڵی ١٩٠٣ دا. هێزەکەی شێخ سەعید و هۆزەکانی پشتیوانی کە ژمارەیان زۆر زۆرە، هەستاون وەک ئاژەڵ کشتوکاڵی هەشت گوندی هەمەوەندەکانیان کوێرکردۆتەوەو، زۆر زیانی داراییان و بژێویان بە هەمەوەندەکان گەیاندوە. مەفرەزەیەکی تۆپهاوێژیش ڕۆشتوەتە پاڵ هێزەکەی شێخ سەعید، بەلام مەفرەزە تۆپهاوێژەکە لە دەروازەی چەمچەمال لەلایەن ژمارەیەکی کەمی سوارەی هەمەوەندەکانەوە تێکشکێنراون و، لەناوبراون. چل سوارەی هەمەوەندەکانیش لە دەروازەی چەمچەماڵ توانیویانە سەرۆک عەشیرەتێکی هۆزی جافی پشتیوانی شێخ سەعیدی حەفید بکوژن و، شێخ نەجمەدینیشیان کوشتوە. شێخ مەحمودی کوڕی شێخ سەعیدی بەرزنجی بە تێکشکاوی توانیویە لەدەست هەمەوەندەکان هەڵبێت و، ڕابکاتەوە بۆ لای شێخ سەعیدی باوکی. سوارەکانی هەمەوەند کە کەمتربون لە یەک لەسەر پێنجی هێزەکانی شێخ سەعیدی بەرزنجیی، بە دوای شێخ مەحمودی کوڕی کەوتن و بۆ چەندین شەویش گەمارۆی شێخ سەعیدیشیان دا. ئەمە شکاندنی کەرامەت و عەزەمەتی حەزرەتی سوڵتان سێبەری خوا لەسەر زەوییە. بەڵام هەمەوەندەکان زات ناکەن دەست بۆ شێخ سەعیدی بەرزنجیی بەرن لە ترسی ئەوەی دوبارە نەفی نەکرێنەوە. شێخ سەعیدی حەفید داوای کردوە هێزی زیاتری سوڵتانی بۆ ڕەوانە بکرێت بۆ پاراستنی گوندی داریکەلی و گوندەکانی دەوروبەری کە ماوەیەکە بەتاپۆ کراوە بە خاوەنی، لە ترسی هێرشی هەمەوەندەکان بۆ سەر ئەو گوندانە.
ئەڵبەتە، چەندان بەڵگەنامەی دیکە باس لە بەریەکەوتنی هێزەکانی شێخ سەعیدی حەفید بە پشتیوانی عوسمانییەکان لە دژی هەمەوەندییەکان بەدورودرێژی دەکەن. بەتایبەت ڕقی شێخ سەعیدی بەرزنجیی لە سەفەروەندەکانی هەمەوەندو، تۆمەتبارکردنی زۆراب سەفەروەندی و هیدایەت سەفەروەندی بە کوشتنی سەید نوری سەید حەسەنی کانی کەوالی کە خزمی شێخ سەعید بوە. بەڵام، بەڵگەنامەکانی خودی عوسمانییەکان جەخت دەکەنەوە: هیچ بەڵگەیەک لای شێخ سەعید نییە کە سەفەروەندەکانی هەمەوەند خزمەکەیان کوشتبێت. بەڵکو تەنیا ڕقێکی شەخسیەتی لە هەمەوەندەکان و بوختانیان بۆ هەڵدەبەستێ و، ئەم کارانەی وایکردوە بەردەوام سوڵتانی عوسمانی لیژنەی تایبەتی بۆ بنێرێت و، سوڵتان بەردەوام پشتیوانی خۆی بۆ شێخ سەعیدی حەفید و شێخ مەحمودی کوڕی زیاتر دەکات.
ئەم کارانەی شێخ سەعیدی حەفید و شێخ مەحمودی کوڕی کە لە پێناو قازانجی خۆیان و عوسمانییەکان بو دژ بە بەرژەوەندی نەتەوەکەیان، وایکرد حەزرەتی مەولانا سوڵتان سێبەری خوا لەسەر زەوی و خەلیفەی مسوڵمانان خاوەنشکۆ 'سوڵتان عەبدولحەمید' دەعوەتی شێخ سەعیدی حەفید و شێخ مەحمودی کوڕی بکات بۆ ئیستەنبول لە ساڵی ١٩٠٤ دا. لەوێ شێخ سەعیدی حەفید و شێخ مەحمودی کوڕی کاربەدەستانی عوسمانییان دی و، پاشان شێخ سەعید بە دیداری حەزرەتی سوڵتانیش شاد بو. ئەمە وایکرد هێندەی تر پایەو دەسەڵاتی شێخانی بەرزنجیی باڵاتر بێت لای عوسمانییەکان و خودی حەزرەتی سوڵتان.
بەهۆی خزمەتە بەردەوامەکانی شێخ سەعیدی حەفید و شێخ مەحمودی کوڕی بۆ عوسمانییەکان، دیسانەوە لە ساڵی ١٩٠٨، حەزرەتی مەولانا سوڵتان سێبەری خوا لەسەر زەوی و خەلیفەی مسوڵمانان خاوەنشکۆ 'سوڵتان عەبدولحەمید' دەعوەتی شێخ سەعیدی حەفید کوڕی سەید محەمەدی کوڕی سەید کاکە ئەحمەدی بۆ ئیستەنبوڵ کردەوە. شێخ سەعیدی بەرزنجی بە یاوەری گروپێک لە خزمەکانی کە هەردو کوڕەکانی خۆی شێخ مەحمود و شێخ ئەحمەدیشیان تێدابو، بردنییە دیدار بۆ ئیستەنبوڵ. لەوێ حەزرەتی سوڵتان پلەوپایەی شێخ سەعیدی حەفیدی بەرزکردەوە تا ئاستی جۆرێک لە ڕاوێژکاری ئاینیی خۆی و، جفرەی نهێنیی خۆی پێدا تاوەکو شێخ سەعید بتوانێ بەهۆیەوە لەکاتی پێویست دا پەیوەندی بە سولتانەوە بکات و ئاگاداری بکاتەوە. مەبەستی سوڵتان لە پاداشتکردنی شێخ سەعیدی حەفید و کورەکانی لەم تەقیتەدا لەپێناو ئەو خزمەتانەیان بو لە دەڤەرەکە بە عوسمانییەکانی دەگەیەنن، هەر لە داپڵۆسینی یاخیبونی کوردەکان، هەتاکو ڕێگریکردن لە گەشەسەندنی کۆمەڵەی ئیتیحادولتەرەقی لە ناوچەکەیانداو، ڕێگریکردن لە هەوڵەکانی بەدرخانییەکان بۆ بڵاوکردنەوەی بیری کوردایەتیی کە لە ناو کوردەکان دا لە گەشەسەندن دا بو.
چیرۆکی شەهیدکردنی شێخ سەعیدی حەفید لە موسڵ!
بەلای کەمەوە، دو گێرانەوە سەبارەت بەو چیرۆکە هەیە:
گێڕانەوەیەکیان، بەڵگەنامەکانی بەریتانیان، ئاماژەوە بەوە دەدەن: شێخ مەحمودی کوڕی شێخ سەعید و هاوڕێکانی کە دەعوەتی فەرمانڕەوای موسڵ دەبن، بەشێک لە هاوڕێکانی لەوێ دەخۆنەوەو سەرخۆش دەبن و، لەگەڵ شێخ مەحمود کە دێنە دەرەوە؛ دەست بۆ ژنێکی عەرەبی موسڵاوی دەبەن و ئینجا شەڕە جنێو و بگرەوبەردە ڕودەدات. لە بەرانبەردا، وەک کاردانەوە، عەرەبەکان بە هۆکاری ئەتکراوی شەرەفیان دەڕۆنەسەر خانەقاکەی شێخ سەعید و، بە بەردباران شێخ سەعید شەهید دەکەن!
دەروێشە بڕوانامەدارە شێخپەرستەکانی کوردستان دەڵێن: ئەم گێڕانەوەیەی بەڵگەنامەکانی بەریتانیا درۆن. لەکاتێکا، لەو سەردەمەدا، هێشتا جەنگی یەکەمی جیهانیی ڕوی نەداوەو، کونسوڵی بەریتانیا لە موسڵ تەنیا چۆنێتی ڕوداوەکەی بۆ سەرو خۆی تۆمارکردوەو، لەوکاتەدا ڕقی لە کورد و شێخەکانی کورد نەبوە!
گێرانەوەی دووەم: چیرۆکێکی داتاشراوە لەلایەن کوردە دەروێشبیرە شێخپەرستە بڕوانامەدارەکانەوە. گوایە، ئەو سەردەمە کۆمەڵەی ئیتیحادوتەرەقی دەسەڵاتی عوسمانییەکانیان گرتۆتە دەست و، سوڵتانی عوسمانییان لاداوەو، بە پیلانێکیش شێخ سەعیدی بەرزنجییان لە موسڵ شەهید کردوە. با وای دابنێین؛ ئەم چیرۆکە ساختەیەیان ڕاستە! ئێ خۆ بەپێی ئەم چیرۆکە داتاشراوەش بێت؛ شێخ سەعیدی بەرزنجیی لە پێناو دۆزی کورد دا شەهید نەکراوە. بەڵکو بەهۆی ئەوەی سەر بە سوڵتانی عوسمانی بوە؛ کوژراوە، کە لەوکاتەدا بەشێک لە پیاوەکانی سەر بە سوڵتانی عوسمانیی لەلایەن کۆمەڵەی ئیتیحادولتەرەقی تازە بەدەسەڵاتگەشتوەوە دوردەخرانەوە یان لەناو دەبران. بۆ نمونە، گەر هاکان فیدان کە کوردەو پیاوی ئەردۆگانە، سبەینێ گولەنییەکان کودەتایەکی سەرکەوتو بەسەر ئەردۆگان دا بکەن و فیدان بکوژن، ئەوا هاکان فیدان لە پێناو ئەردۆگان دا دەکوژرێت، نەک لە پێناو دۆزی کورد دا!
شێخ مەحمود و بە جاشکردنی نەتەوەی کورد بۆ سوڵتانی عوسمانیی!
ڕونە لای خوێنەران، کاتێک جەنگی یەکەمی جیهانیی ڕودەدات، سوڵتانی عوسمانی لە ١٩١٤ [فەتوای جیهاد] دەردەکات بۆ [پیرۆزکردنی شەڕکردن] لە دژی هێزەکانی هاوپەیمانان (بەریتانیا، فەرەنسا و، ڕوسیا). شێخ مەحمود وەک یەکەم شێخ لە جیهانیی ئیسلام شوێن فەتوای سوڵتانی عوسمانیی دەکەوێت و بەفەرمی کورد دەکاتە جاشی عوسمانیی لە مانگی یانزەی ١٩١٤ ەوە. لەکاتێکدا، لەو سەردەمەدا، دنیا دەزانێت پیاوە نەخۆشەکە (ئیمپراتۆری عوسمانییەکان) دادەڕوخێ و، هیزەکانی هاوپەیمانان (بەریتانیا، فەرەنسا، ڕوسیاو، دواتریش ئەمریکا) لە جەنگەکەدا سەردەکەون و، دەرئەنجامەکە دەبێتە وەرچەرخانێکی هەمیشەیی بۆ دروستکردنی دەوڵەت-نەتەوە بۆ ئەو گەلانەی خۆرهەڵاتیی ناوەڕاست کە هاوپەیمانی بەریتانیان لە جەنگەکەدا.
ئەمە سەردەمێک نییە که شێخ مەحمود نەیزانیبێ عوسمانییەکان داگیرکەر و خوێنخۆری کوردن. بەڵکو زەمەنێکە کە چەندان یانەی سیاسیی و ڕێکخستنی کوردی لە ئیستەنبوڵ ئۆرگەنایز کراون لە پێناو تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد. دەورانێکە کە کوردان هوشیارن بەوەی عوسمانییە داگیرکەرەکان بە سەدان میری کورد و هەزاران کوردیان لە پێناو کوردایەتیی دا لە چوار سەدەی پێش ساڵی ١٩١٤ ەوە کوشتوبڕ کردوە. کەوایە، شێخ مەحمود لە پێناو مانەوەی دەسەڵاتیی [خوداوەندانە]ی هەمیشەیی شێخەکانی بەرزنجیی لە سلێمانیی کە سوڵتانی عوسمانیی پێیبەخشیبون و، لە پێناو ئەوەی هەمو خێروبێرو زەوییە بەپیتەکانی سلێمانیی لەژێر هەژمونیان بەڕەهایی بمێنێتەوە؛ دێت بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی کورد لە زێڕینترین دەرفەتی بێهاوتای مێژودا ژێر پێ دەنێ و، بە فەرمی کوردان دەکاتە جاشی عوسمانیی.
بە پێچەوانەی شێخ مەحمودەوە، زۆربەی شێخەکانی عەرەب بەرژەوەندی نەتەوەکەیان پێش دەخەن و، دەبنە هاوپەیمانی بەریتانییەکان دژی عوسمانییەکان. هەربۆیەش، پاش جەنگی یەکەمی جیهانیی، بەریتانیا چەندین دەوڵەت-نەتەوەی بۆ [شێخە عەرەبە هاوپەیمانەکانی]ی دروست کرد.
شێخ مەحمود هەستا سوارەکانی کوردی بردە ویلایەتی بەسرەی عوسمانیی، لەوێ بە تێکەڵاوبون لەگەڵ سوپای عوسمانییەکان چەندین شەڕیان دژی بەریتانییەکان ئەنجام دا، بەتایبەت جەنگی شوعەیبە لە ساڵی ١٩١٥، کە کوردەکان قوربانی بەرچاویان دا.
هەر لە ١٩١٥ ەش دا، حکومەتی بەریتانیا تیمێکی باڵای حکومیی پێکهێنا بە ناوی [کۆمیتەی دی بۆنسین] بۆ دابەشکردنی خاکی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی و لێکۆڵینەوە لەو گەلانەی کە لە ناوچەکەدا هاوپەیمانی بەریتانیان لە جەنگەکەدا و، لە مانگی چواری ١٩١٥ چەندین کۆبونەوەی گرنگیان ئەنجام دا، بۆ ئەوەی بەخێرایی ستراتیژی خۆیان دابڕێژن بەرانبەر چۆنیەتی دابەشکردنی زەوییەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی لە نێوان هاوپەیمانەکانی بەریتانیادا.
بەڵگەنامەکانی [کۆمیتەی دی بۆنسین] ئەوە دەسەلمێنن کە لیژنە باڵاکەی حکومەتی بەریتانیی بەوردی ڕاڤەی ئەوەیان کردوە، ئایا کێ لە نەتەوەکانی ناوچەکە هاوپەیمانی بەریتانیان و، کام نەتەوانەش هاوپەیمانی عوسمانین دژی بەریتانییەکان. لەو کاتەدا چەندین ڕاپۆرتی ساغکەرەوەیان پێ دەگات، کە کوردەکانی ویلایەتی موسڵ بە سەرۆکایەتی شێخ مەحمودی حەفید هاوپەیمانی عوسمانییەکانن و، لە دژی هێزەکانی بەریتانیا لە شەڕی قورس دان لە ویلایەتی بەسرە. ئا لێرە دایە کە [کۆمیتەی دی بۆنسین] بە پشت بەستن بەو ڕاپۆرتانەی کە لە مەیدانی جەنگی بەسرەوە پێیان گەیشتوە، حسابی کورد بە هاوپەیمانی عوسمانییەکان دەکەن. لەڕاستییش دا، ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە دەستیان گەیشتوە، زانیارییەکانیان دروست و دەقیق بوە. چونکە شێخ مەحمود و هەزاران چەکداری کورد هاوشانی سوپای عوسمانییەکان لەوکاتەدا لە شەڕ دابون دژی هێزەکانی بەریتانیا.
وەک وترا: ئەمەی کە شێخ مەحمود ئەنجامی داوە لە نەزانینی نەبوە، بەڵکو دەیان ساڵ بوە شێخەکانی بەرزنجیی دەستی عوسمانییەکان بون دژی بەرژەوەندییەکانی نەتەوەکەیان و، سەدان ساڵ بوە بە دەیان میری کورد بە هۆکاری ئەنجامدانی ڕاپەڕینی سەربەخۆخوازانەی کوردبونەوە بە دەستی عوسمانییە داگیرکەرەکان شەهید کراون.
شێخ مەحمود و تێکشکان و ناچاربون!
لە مانگی یانزەی ١٩١٤ەوە هەتا ١٩١٨ شێخ مەحمود وەک یەکێک لە فەرماندەکانی عوسمانییەکان ڕۆڵی دەگێرا، خۆی و هێزەکانی عوسمانییەکان بەردەوام توشی زنجیرەیەک شکستی کەمەرشکێن بونەوە لە میسۆپۆتامیا لەلایەن سوپای بەریتانییەکانەوە. پێش ئەوەی بەریتانییەکان بگەنە سلێمانیی کە عوسمانییەکان لە شارەکە هەڵدێن، هەمەوەندەکان دەکەونە نێوانی بەریتانییەکان و شێخ مەحمودەوە. بەریتانییەکان چانسێک بە شێخ مەحمود دەدەن و، بە یەک مەرج ڕازی دەبن شێخ مەحمود وەک حوکمڕانی خۆیان لە سلێمانیی بناسێنن کە شێخ پەیوەندییەکانی لەگەڵ پاشماوەی عوسمانییە تێکشکاوەکان بپچڕێنێت.
ئیتر شێخ مەحمود ڕازی دەبێت بەوەی بەریتانییەکان بیکەنە حوکمڕانیی سلێمانیی و، لە ١-١٢-١٩١٨ وڵسنی کۆمیسیاری باڵای بەریتانیا لە بەغداد سەردانی سلێمانیی دەکات و، شێخ مەحمود و سەرۆک هۆزەکان دڵنیایی دەدەنە وڵسن کە ئیتر دژی تورکەکان دەوەستەنەوە. لەبەرانبەردا، بەریتانییەکان زمانی کوردی دەکەنە فەرمیی و داوا لە گشت هۆزە کوردییەکان دەکەن خۆیان بخەنە ژێر دەسەڵاتی شێخەوەوە.
بەڵام بەڵگەنامەکانی عوسمانیی ساغیدەکەنەوە؛ ئەم بە حوکمدارکردنەی شێخ مەحمود لەلایەن بەریتانییەکانەوە لە [قەناعەت]ی شێخ مەحمودەوە سەرچاوەی نەگرتوە، بەڵکو لە ناچاری دابوە؛ چونکە لەوکاتەدا عوسمانییەکان تێکشکابون. بۆ نمونە، پاش سێ مانگ بەسەر ئەمەدا، کاتێک عوسمانییەکان کەمێک خۆیان ڕێکدەخەنەوە؛ مستەفا کەمال نامە بۆ شێخ مەحمود دەنێرێت و داوای لێدەکات دەبێت دژی بەریتانییەکان بوەستنەوەو خەلافەت بنیادبنێنەوە. بەڵگەنامەکانی عوسمانییەکان سەرپۆش لەسەر ئەو زانیارییەش هەڵدەماڵن، کە: شێخ مەحمود و عوسمانییەکان لە پەیوەندی نهێنیی دا دەبن و، شێخ مەحمودو ئەو هۆزانەی لەگەڵیی بون بەنهێنیی پەیام بۆ عوسمانییەکان دەنێرن کە [بەیعەت] بە عوسمانییەکان دەدەنەوەو دەسەڵاتیی عوسمانییان دەوێت.
لەکاتێکا، هێشتا لەوکاتەدا شێخ مەحمود هەر حوکمڕانیی سلێمانیی بو. لە مانگی سێی ١٩١٨ ەوە کە نامەی مستەفا کەمال بۆ شێخ مەحمود دێت و، دواتریش بەیعەتدانەوەی شێخ بە عوسمانییەکان خولقا. بەریتانییەکان بەوردی ئاگاداری ئەمەبون کە عوسمانییەکان بەنهێنیی شێخ بەهێز دەکەن بۆ ئەوەی لەپڕ بەریتانییەکان لە سلێمانیی و ناوچەکە دەربکەن. پاش دڵنیابونەوەی تەواو؛ لە مانگی چواری ساڵی ١٩١٩، بەریتانییەکان بەخێرایی مێجەرنۆئیلیان گۆڕی بە مێجەرسۆن. هەروەک چۆن پێشتر، بەریتانییەکان زەمینەسازیان بۆ نۆئیل کردبو کە بەوپەڕی لێبوردەیەوە مامەڵە لەگەڵ شێخ مەحمود دا بکات و هەمو هۆزە کوردییەکان هان بدات ملکەچی فەرمانەکانی شێخ بن. بەڵام لەگەڵ زانینی پیلانی تورکەکان-بەلشەویکەکان لەگەڵ شێخ مەحمود بۆ دەرپەڕاندنی بەریتانییەکان لە ویلایەتی موسڵ، هەڵوێستی بەریتانییەکان گۆڕانکاری بەسەردا هات و، دەسەڵاتی تەواویان بە مێجەرسۆن دا کە بەوپەڕی توندوتیژی و سوکایەتیپێکردنەوە لەگەڵ شێخ مەحمود دا بجوڵێتەوە، چونکە شێخ بەنهێنیی پەرەی بە پەیوەندی لەگەڵ تورکەکان دەدا دژی بەریتانییەکان. هەر بەریتانییەکان، دەسەڵاتی تەواویان بە میجەرسۆن دا بە میهرەبانییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسایەتیانەی کورد بکات کە سەرڕاستانە هاوپەیمانی بەریتانییەکان بون، وەک عادیلەخانم.
بەڵگەنامەکانی عوسمانییەکان ئەو زانیارییەش دەخەنەڕو، کە: بەهێزکردنی شێخ مەحمود لەلایەن عوسمانییەکانەوە بەجۆرێ خێرابو، لەگەڵ ئەوەی بەریتانییەکان درکیان بەو پیلانە کردبو، هەر بۆ دژایەتیی ئەو پیلانەش لە مانگی چواری ١٩١٩ نۆئیلیان گۆڕی بە سۆن، بەڵام عوسمانییەکان پیلانەکەی خۆیان سەرخست و، شێخ مەحمود بە هاوکاری مەحمود خانی دزڵی لە ٢١-٥-١٩١٩ بەریتانییەکانی لە سلێمانیی گرت!
بۆ توێژەری زانستیی سێ پایە زۆر گرنگن:
١-زانینی هەمو میتۆدۆلۆژیاکانی توێژینەوەو دۆکترینەکانیان.
٢-بەکارهێنانی بەڵگەنامەکان وەک سەرچاوەی سەرەکی لە توێژینەوەکانیاندا بەبیرکردنەوەی ڕەخنەیی.
٣-هوشیاریی و ئاگایی لە وردێتیی خوێندنەوەی تەوقیتەکان.
زۆرینەی مامۆستاکانی زانکۆکانی کوردستان و مێژونوسانی کورد لەم سێ خاڵەدا هەم کۆڵەوارن و، هەمیش ناڕاستگۆن و چەواشەکاریان کردوە. نە زانیویانە میتۆدۆلۆژیاکان چین و چۆن لە توێژینەوەکان جێبەجێ دەکرێن، نە هوشیاری خوێندنەوەی تەوقیتەکانیشیان لە سێکوچکەی شێخ مەحمود-عوسمانیی-بەریتانیی هەبوە!
تەنانەت، ئەگەر بەڵگەنامە ڕوسییەکانیش بخوێننەوە کە دکتۆر ئەفراسیاو هەورامی وەریگێڕاون بۆ کوردی، بە ڕونی تێدەگەن چۆن تورکەکان و بەڵشەویکەکان شێخ مەحمودیان بەکارهێناوە بۆ هێرشکردنەسەر بەریتانییەکان. ستراتیژی تورکەکان و ڕوسەکان بریتی بو لە تێکدان و پچڕاندنی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و بەریتانییەکان و، هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی شێخ مەحمود بۆ دەرپەڕاندنی بەریتانییەکان لە ویلایەتی موسڵ. لە بەشێکی پیلانەکەیان دا سەرکەوتو بون، چونکە تورکەکان و بەلشەویکەکان توانییان لە ڕێی بەکارهێنانی شێخ مەحمودەوە نێوانی کورد و بەریتانییەکان تێکبدەن.
گەر بەڵگەنامەکانی بەریتانیاش بەوردی و ڕاستگۆیی هەڵسەنگێنین؛ تێدەگەین کە بەریتانییەکان چەند جارێک شێخ مەحمودیان لە بونی ئەو پەیوەندییە نهێنییە و، گەیشتنی هاوکاری چەک و پارەی تورکەکان بۆی ئاگادارکردۆتەوە. بەڵام شێخ مەحمود هەمیشە نکۆڵی کردوە! شێخ مەحمود وایزانیوە بەریتانییەکان بەو هەمو زۆڵەزنایی و ئیمپریالیستیی و فاشیستیەیانەوە وەک دەروێشە کوردەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی کۆیلەهزرن و دەتوانێت فریویان بدات!
ئێمە تاکەی بە ڕق یان خۆشەویستی لێکدانەوە بکەین!؟ بەشێکی بەرچاو لە سەرکردەکانی کورد لە ڕوی فکرییەوە جاشی عوسمانیی و قاجاریی بون و هەن. لەکاتیكا، هەمو مرۆڤێکی هوشیار گەر بە لۆژیک لێکی بداتەوە، دەزانێ: هیچ دەوڵەتێک هێندەی بەریتانییەکان هەوڵیان نەداوە ئەم ناوچانە بەدەست شێخە کۆنەپەرستە خوێنمژەکانی دۆستی خۆیان بهێڵێنەوە!
بەڵام، کاتێک شێخ مەحمود بەنهێنیی کار لەگەڵ تورکەکان دەکات و، لە وێنە گەورەکەدا خۆی دەگلێنێت بە ململانێی تورک-بەلشەویی لە ویلایەتیی موسڵ دژی بەریتانییەکان، ڕقی ئیمپریالیزمی بەریتانیی ئەوەیە: فەرمان دەکەن کیمیاباران بەسەر نەتەوەکەشی دا بکرێ! ئەو بەریتانیایەی کە یەکەم نەتەوە دانی بە خۆبەڕێوەبەرییەکەی لە خۆرهەڵاتیی ناوەڕاست دا ناوە؛ داننان بوە بە حوکمڕانی کورد بە فەرمانڕەوایەتیی شێخ مەحمود لە سلێمانیی!
با بێلایەنانە هەڵسەنگاندن بکەین. بڕۆن بەڵگەنامەکان بخوێننەوە؛ بزانن بەریتانییەکان سەرەتا چەندێک هەوڵیان داوە سەرۆک هۆزەکان قانع بکەن بە حوکمڕانییەکەی شێخ مەحمود!؟ هەر بەریتانییەکان زمانی کوردییان کردە فەرمیی و بودجەشیان بۆ تەرخان کرد. بڕۆن نوسینەکانی مێجەرسۆن لەسەر زمان و ڕێزمانی کوردیی بخوێننەوە، بزانن چ پڕۆفیسۆرێکی زمانی کوردیی هێندە شارەزایی لە دەوڵەمەندیی زمان و ڕێزمانی کوردی دا هەیە!؟
بەڵگەنامە عوسمانییەکان جەخت دەکەنەوە؛ کاتێک بۆ بەریتانییەکان سەلما کە نێوانی شێخ مەحمود و مستەفا کەمال و ئۆزدەمیر لەوپەڕی توندوتۆڵیی دایە. کۆمیسیاری باڵای بەریتانیا دەعوەتی سەید تەهای کرد کە وەک سەرکردەی کوردەکان دەیناسێنن، لە بری شێخ مەحمود، چونکە شێخ مەحمود سەر بە تورکەکانە. هەر بەڵگەنامەکانی عوسمانیی ئاماژە بەوەش دەکەن: خێرا ئۆزدەمیر پەیامی بۆ شێخ مەحمود نارد کە ئەو پیلانەی بەریتانییەکانیش تێکبدات. بۆ ئەو مەبەستە، شێخ مەحمود دەستی کردە پڕوپاگەندەو ناوزڕاندنی سەید تەها، کە سەید تەها نۆکەری بەریتانییەکانەو ئامانجی درزخستنە ناو تەبایی مسوڵمانانەو دژی برایەتیی ئاینیی ئیسلامە لە نێوان کورد و تورک دا. ئۆزدەمیر خێرا عەشیرەتەکانی سنوری هەولێریش بەتایبەت دزەییەکانی ڕاسپارد کە شوێن پڕوپاگەندەکانی شێخ مەحمود بکەون دژی سەید تەها. ئینجا شێخ مەحمود هەستا شەش سوارەی نارد بە دوای سەید تەها داو، پێی وتن: "ئەگەر سەید تەها بە ئازادانە لەگەڵتان نەهات بۆ لام، بە زۆر بۆم بهێنن". ئەم تۆقاندنەی سەید تەها لەلایەن شێخ مەحمودەوە وا دەکات کە ئۆزدەمیر سوپاس و ستایشی تایبەتی عوسمانییەکان بە شێخ مەحمود بگەیەنێت بۆ ئەو وەفادارییەی کە بۆ عوسمانییەکانی نواندوە دژی سەید تەها، لەگەڵ زیادکردنی پارەو چەک بۆ شێخ مەحمود بۆ بەردەوامبون لە شەڕ دژی بەریتانییەکان.
هەر بەڵگەنامەکانی عوسمانیی ساغیشیدەکەنەوە؛ ئۆزدەمیر زۆر بەباشی ئەرکەکانی خۆی لە ڕێی شێخ مەحمودەوە دەبردە پێشەوەو، شێخ مەحمودی دژی عادیلە خانم و سەید تەها و هەر کەسایەتییەکی کورد کە نێوانی لەگەڵ بەریتانییەکان باش ببوایە ئاڕاستە دەکرد. بەمەش بەشێکی ستراتیژی تورکەکان هاتەدی لە ڕێی شێخ مەحمودەوە بە تێکدانی پەیوەندییەکانی کورد و بەریتانییەکان.
ئەگەر بێتو ناواخنی بەڵگەنامە دوای بەڵگەنامە بخەمەڕو؛ ئەم باسە بە چوار سەد لاپەڕەش تەواو نابێت. بەتایبەت ناردنی میدالیا لەلایەن کەمالییەکانەوە بۆ شێخ مەحمود و کوڕەکانیی و، نامە سیانزە خاڵییەکەی شێخ مەحمود بۆ کەمالییەکان کە تێیدا داوای پارەی زیاتر دەکات. کاتێک وەک کوردپەروەرێک بەڵگەنامەکانی عوسمانیی و کەمالییەکانیش دەخوێنێتەوە؛ وەختە مێشکت بتەقێ! سەیرە، ئەم شێخ مەحمودە بە هیچ شتێک تێری نەخواردوە. هەر داوای زیادکردنی پارەی کردوە! هەر لە نامە سیانزە خاڵییەکەی شێخ مەحمود بۆ کەمالییەکان دیسانەوە کەوتۆتەوە هۆنینەوەی سۆزی ئاینیی و، بەڵێن بە کەمالییەکان دەدات بۆ هەمیشە دژی بەریتانییەکان دەبێت و دەڵێت: "من بەوپەڕی دڵسۆزیمەوە خۆمم بۆ خزمەتی جیهانی مسوڵمانان تەرخانکردوەو هەرگیز نابمە داردەستی حکومەتی بەریتانیا". پاشانیش دەڵێت: "دڵنیاتان دەکەم، ئێستا لە هەرکاتێکی تر زیاتر بە پەرۆشم بۆ گرتنی ئینگلیزەکان، دەمەوێ بەردەوام ئەوەیان پێبکەم وەک لە دەربەندی بازیان پێمکردن".
با بۆ ئەم بابەتە بەڵگەنامەییە تا ئێرە بەس بێت. سوپاس بۆ دو پڕۆفیسۆری هاوڕێم کە تورکیزانن و بە تێکستی ئەو بەڵگەنامانە ڕۆشتنەوە کە ڕاستەوخۆ لە کتێبە بەڵگەنامەییە تورکییەکان وەرمگرتون. زۆر سوپاس بۆ ئەو مامۆستایانەی زانکۆ، ڕۆژنامەنوس، چالاکوان و لایڤچیانەی ئەوروپاو، هەر بەڕێزێک کە پشتیوانی ئایدیاکانی چاوپێکەوتنەکەم بون لەگەل [میدیای ئیرادە]دا کە بەوپەڕی ڕاستگۆییەوە خستمنەڕو. ئەگەر دەروێشبیرە بڕوانامەدارە شێخپەرستەکانی جاشبیری عوسمانیی (ئەردۆگان) و قاجاری (خومەینیی-خامنەیی) وەڵامیان دایەوە، ئەوکات من بە وتارێکی تری بەڵگەنامەیی وەلامیان دەدەمەوە لەسەر شێخ سەعیدی حەفید و شێخ مەحمودی کوڕی، کە ئەوەی لەمەیاندا باسم نەکردوە؛ دەیخەمەڕو. ئینجا دواتر لیستی پەراوێزەکانی هەردو وتارەکە بەباشی ڕێکدەخەم و، دەکرێت وەک نامیلکەیەک چاپ بکرێت.
بێگومان، ئەم بەڵگەنامانەی سەرەوە بە وردی بە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی هەڵنەسەنگێنراون. بەڵام، هەتا دەروێشبیرە بڕوانامەدارەکان زیاتر بنوسن: هەڵەی زۆرتر دەکەن، چونکە چیرۆکەکانی شێخەکانیان ساختەیەو، بە لێکدانەوەو شیکاریی پوچدەکرێنەوە!
خودایە، تۆ دەزانیت سەدەیەکە مێژوی درۆینە بۆ شێخە کوردەکانی دەست عوسمانییە داگیرکەرەکان دادەتاشرێ. بەڵام، بە ئاگاداری تۆ و خەڵکی کوردستان، ئەوە [منی تەنیا] خۆبەخشانە لە پێناو دەرخستنی حەق، فاکتە زانستییەکان، نەتەوەکەم و، ڕاستگۆییم دا، بەپشت بەستن بە بەڵگەنامەکان؛ ئەم مێژوەم بۆ نەتەوەکەم ڕاست کردەوەو، ستەملێکراوانم خستەڕو و، زوڵمی ستەمکارانیشم ئاشکرا کرد.
خودایە: هەمو ئەو مامۆستای زانکۆ و قەڵەم بەدەستانە ڕوڕەش و بێئابڕو بکەیت کە ئەم ڕاستیانە چەواشە دەکەن و، دەیپۆشن و، مێژوی ساختە بۆ شێخە زاڵمەکانی دەست عوسمانییە داگیرکەرەکان دادەتاشن.
شەریف عەلی: دکتۆرا لە دبلۆماسیەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی.
تێبینی: لە نوسینی بابەتە بەڵگەنامەییەکەی سەرەوەدا سود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
Professor Gökhan Çetinsaya, Hemavend Aşireti (Istanbul, 2022).
Professor Gökhan Çetinsaya, Ottoman Administration of Iraq, 1890–1908 (London and New York, 2017).
Başbakanlık Arşivleri Genel Müdürlüğü, MUSUL – KERKÜK İLE İLGİLİ ARŞİV BELGELERİ, 1525-1919 (Ankara, 1993).
Professor Süleyman Demirce and Fehminaz Çabuk, “Hemavend Kürt Aşireti’nin Musul Vilâyeti ve Osmanlı-İran Sınır Boylarındaki Eşkıyalık Faaliyetlerine Dair Bir Değerlendirme (1863-1916)”, in International Journal of History Studies, Volume 7, Issue. 3, September 2015, pp. 39-59.
دکتۆر عوسمان عەلی، کورد لە بەڵگەنامەکانی عوسمانیدا، وەرگێڕانی ڕەسوڵ ئیبراهیم و عومەر ئیسماعیل (هەولێر، ٢٠١٤).