چەمک و کێشەی سیستەمی ناوەندێتیی و ناناوەندێتیی - بەشی یەکەم

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2020-06-03     953

The concept and the problem of centralization and decentralization system

 

بەشی یەکەم

باسێکی تیۆریی
کێشەی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی دەوڵەتی نێوەندیی، هەڵبژاردن لە نێوان ناوەندێتیی (Centralization) و ناناوەندێتییدا (Decentralization)، بە یەکێ لە گرفتە سەخت و گرنگەکانی فەرمانڕەوایی دەوڵەتێکی دیایکراو دەژمێررێ. چونکە دەسەڵاتی ناناوەندێتیی، لەسەر حسابی دەسەڵاتی دەوڵەتی نێوەندیی زیاددەکا و لە دەسەڵاتی نێوەند کەمدەکاتەوە. لەبەرئەوە لە لایەکەوە، کێشەیەکی گەورە، لە نێوان ڕێکخراو و گرووپە ئیتنیکەکان، لە لایەکی دیکەشەوە، لە نێوان نێوچە، هەرێم و پارێزگەکانی دەسەڵاتی دەوڵەتی نێوەندیدا درووستدەکا، با جیاوازییەکی زۆر کەمیش، لە نێوان ئەو دەسەڵاتانەدا هەبێ!

پێناسە
لە ڕاستیدا، چەندین پێناسەی جیاوازی ناوەندێتیی و ناناوەندێتیی هەیە، تا لەبەر ڕۆشنایی یاسادا، جیاوازیی و پێوەندیی نێوان، ئەو دەسەڵاتانەی هەردوولایان ڕوونکاتەوە، بنەما سەرەکییەکانی، لە چوارچێوەی دەسەڵاتی نێوەندیی و هەرێمەکاندا بچەسپێنێ.
یەکێ لە ئەو پێناسانە ئەوەیە: ناوەندێتیی (دەوڵەتی نێوەند) دەسەڵاتەکانی خۆی، لە یەک یەکەی یەکگرتووی ڕووبەرێکی جوگرافیایی دیاریکراودا چڕدەکاتەوە. واتە ناوەندێتیی، یەک دەسەڵاتی یەکگرتووی، لە یەک یەکەی جوگرافیایی یەکگرتوودا دەبێ و لێی کەم ناکرێتەوە.
بەڵام ناناوەندێتیی (هەرێمەکان)، بە پێچەوانەی ناوەندێتییەوە کاردەکا، هەوڵدەدا، لە دەسەڵاتی ناوەندێتیی کەمکاتەوە، هێندێ لە ئەو دەسەڵاتانەش، بەسەر چەن نێوچە و هەرێمە جیاوازەکاندا دابەشکرێ. واتە ئەو ڕووبەرە جوگرافیا یەکگرتووەی دەوڵەتی نێوەندیی، لە چوارچێوەی یەک دەوڵەتی یەکگرتوودا هەیەتی، بەسەر چەندین ڕووبەری دیکەی چکۆلانەدا دابەشدەکرێ و لە دەسەڵاتی دەوڵەتی نێوەندیی کەمدەکاتەوە.
پێناسەیەکی دیکەش هەیە، پێی وایە: ناوەندێتیی ئەوەیە: هەموو دەسەڵاتی بڕیاردان، لەدەس بەڕێوەبەرایەتی فەرمانڕەوایی دەوڵەت، یا تاکەکەسێ، یا چەن کەسێ، یا پارتێکی دیاریکراودا چڕدەکاتەوە. بەڵام ناناوەندێتیی بەپێچەوانەوە، دەسەڵاتی بڕیاردانی نێوەندیی کەمدەکاتەوە، لە نێوان چەن لایەنێ، یا بەڕێوەبەرایەتییەک، یا چەن کەسێکدا بڵاویدەکاتەوە و کۆیدەکاتەوە.
بە شێوەیەکی گشتیی، چەن جۆرێ ناناوەندێتیی هەیە، بەڵام هەرە گرنگەکانیان ئەمانەن: ناناوەندێتیی ڕامیاریی، جوگرافیایی و کارگێڕیی.

جیاوازیی
گرنگترین جیاوازیی، لە نێوان هەردوو دەوڵەتی ناوەندێتیی و ناناوەندێتییدا ئەوەیە: پێوەندیی بە خودی فەرمانڕەوایانی دەوڵەتەکەوە هەیە. لەبەرئەوە جیاوازییەکەی نێوانیان، شێوەیەکی جۆراوجۆر وەردەگرێ. واتە کاتێ پلەی دەسەڵاتی دەوڵەتی نێوەندیی زۆربوو، تەنیا بایەخی بە نەتەوەی سەردەس دا و گرووپە ئیتنیکەکانی دیکەیان پشگوێخست، یا وەک یەک، بایەخیان بە هەموو نێوچەکانی دەوڵەتەکە نەدا، دەسەڵاتەکانی دەوڵەتی نێوەندیی، تەنیا هەر لەدەس تاکەکەسێ، یا چەن کەسێ، یا پارتێکی دیاریکراودا کۆبووەوە، بە ئارەزووی خۆیان بڕیاربدەن، ئەوا پلەی ناوەندێتیی زیاددەکا.
بەڵام گەر لە ئاستە جیاجیاکانی دەوڵەتەکەدا، دەسەڵاتی بڕیاردانی کارگیڕیی، لە دەسەڵاتی نێوەند کەمکرێتەوە، بەسەر نێوچە و هەرێمە جیاوازەکاندا دابەشکرێ، ئەوا دەسەڵاتی ناناوەندێتیی زیادەکا و دەچەسپێ. کەواتە جیاوازیی لە نیوان دەسەڵاتی ناناوەندێتیی و کارگێڕیدا هەیە.
بە کوردیی و بە کورتیی: هۆکاری جیاوازیی ڕووبەری جوگرافیا و کێشەی نەتەوەیی، لە نێوان دانیشتووانی هەرێمە جیاوازەکان و نێوەنددا، بە یەکێ لە خاڵە هەرە گرنگ و سەرەکییەکانی ناناوەندێتیی دادەنرێ. چونکە واتای زاراوەی ناناوەندێتیی، خۆی لە خۆیدا ئەوەیە: تا چەن لە دەسەڵاتی فراوانی بڕیاردان و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی نێوەند کەمدەکرێتەوە، بەسەر هەرێمە جیاوازەکاندا دابەشدەکرێ.
بە واتایەکی دیکە، ناوەندێتیی و ناناوەندێتیی، ڕاڤەیەکی ڕێژەییە، پێویستە، هێندێ هاوسەنگیی لە نێوانیاندا هەبێ. ئەم هاوسەنگییەش، پێوەندیی بە ڕێکخستنی نێوان ئاستە جیاجیاکانی جێبەجێکردنەوە هەیە و ئاستە بەرزەکان، بڕیاری لەسەر دەدەن. گەر هەموو دەسەڵاتەکان، لە دەس تاکە کەسێ، یا پارتێکی دیاریکراودا بێ، ئەوا هەموو بڕیارەکان، تەنیا هەر لە ئەوێوە دەرچن، لە ئەنجامیشدا، نێوەندێکی تەواو توندوتۆڵ دەردەچێ. 
بەپێچەوانەشەوە، گەر لە دەوڵەتەکەدا، هەر کارگێڕێ یا لێپرسراوێ، لە هەموو ئاستەکانی فەرمانڕەواییدا، دەسەڵاتێکی ڕەهای بڕیاردانی هەبێ، کارەکانی دەوڵەتی پێ جێبەجێکا، بێ ئەوەی بۆ دەسەڵاتی سەرۆک و پارتەکەی بگەڕێتەوە، ئەوا جورە ناناوەندێتییەکی کارگێڕیی ڕەها بەدیدێ.
شێوەی یەکەم، زۆر سەخت و گرانە جێبەجێبکرێ، چونکە سەرۆکێکی دیکتاتۆر درووستدەبێ و ڕژێمێکی دیکتاتۆریی سەرهەلدەدا. بەڵام لە شێوەی دووەمدا، گەر لەژێر چاودێریی و سەرپەرشتیی دەسەڵاتی نێوەنددا نەبێ، ئەوا جۆرێ لە ئاژاوە و گێرەشێوێنیی دەئافرێنێ!

مەبەست لە ئەم پڕۆسەیە چییە؟!                
مەبەستەکە ئەوەیە: هەموو نێوچە و هەرێمە جیاوازەکان، بەپێی ڕەوشی شوێنەکانی خۆیان هەوڵدەدەن، نێوچەکان بەدەس خۆیانەوە بێ، بڕیار لەسەر هەموو گرفت و کێشەکانی خۆیان بدەن و چارەسەری بۆ بدۆزنەوە، کارە سەرەکییەکانی بەڕێوەبەرن، وەک پلاندانان، ڕێکخستنی کارگێڕیی، بەڕێوەبردن، سەرکردایەتیکردن و چاودێریی ...
ئەم دوو چەمکەش، لە ڕووی یاسا و جۆری چارەسەرکردنەوە، لە دەوڵەتێکەوە بۆ دەوڵەتێکی دیکە دەگۆڕێ و بەپێی جۆری دەوڵەتەکە، سەرکەوتن یا ژێرکەتن بەدەسدێنێ. چونکە
بە شێوەیەکی گشتیی، لە ڕووی پێکهاتەی نەتەوەییەوە، دوو جۆر دەوڵەت هەیە. دەوڵەتی فرە نەتەوە و نیشتمان (تێریتۆریاڵ Territorial) و دەوڵەتی نەتەوەیی (ناسیۆنال National).
1. دەوڵەتی تێریتۆریاڵ: هەموو ئەو دەوڵەتانە دەگرێتەوە، کە لە چەن گرووپێکی جیاوازی ئیتنیی و چەن پارچە خاکێکی جیاواز پێکهاتوون. لە ئەم جۆرە دەوڵەتانەدا، کێشە و باسی ناوەندێتیی و ناناوەندێتیی، شێوەیەکی تایبەتیی وەردەگرێ. چونکە نێوچە و هەرێمەکان، لە ڕووی پێکهاتەی نەتەوەیی و مافەکانیانەوە، لەگەڵ فەرمانڕەوایانی دەسەڵاتی نێوەندیی دەوڵەتدا جیاوازن.
واتە کێشە و گرفتی نەتەوەیی، ڕامیاریی و کارگێڕیی، لە نێوان نەتەوەی سەردەستی دەسەڵاتدار و گرووپە ئیتنیکەکانی دیکەدا سەرهەڵدەدا. چونکە گرووپە ئیتنیکەکان، تەنیا هەر داوای، هێندێ لە مافی بەڕێوەبردنی خۆیی نێوچەکانی خۆیان و دەسەڵات ناکەن. بەڵکوو دەبێ، بەپێی هۆکاری جوگرافیا، سنووری نێوچەکانیش دەسنیشانکرێ، دان بە هەموو مافە نەتەوەیی، ڕامیاریی، ئابووریی، کۆمەڵایەتیی و کەلتوورییە ڕەواکانی گەلی هەرێمەکەدا بنرێ ...
2. دەوڵەتی ناسیۆنال: گەر دەوڵەتێکی پانوپۆڕی گەورەی یەکگرتووی نەتەوەیی بوو، ئەوا تەنیا هەر یەک نەتەوە، لە چوارچێوەی دەوڵەتەکەدا دەژی و کێشەی جیاوازیی نەتەوەیی تێدا نییە. لەبەرئەوە نێوچە و هەرێمەکان یا پارێزگەکان، لەبەر ڕۆشنایی باری جوگرافیا و ڕەوشی ئابوورییدا جیادەکرێنەوە، هێندێ لە دەسەڵاتەکانی دەوڵەتی نێوەندییان دەدرێتێ، تا کاروباری کارگێڕیی هەرێمەکەیان، بە شێوەیەکی ئاسان و باش بەڕیوەبەرن.

ماویەتی ...

تێبینیی: کەڵک لە ئەم سەرچاوەیەی نووسەر وەرگیراوە.
دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز، فیدراڵیزم و دەولەتی فیدراڵ، چاپی 3، سولەیمانیی، 2002. ل142.


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
زیاد جەبار: یەكێتی بەشداری هیچ كۆبونەوەیەك ناكات بۆ دواخستنی هەڵبژاردن
نوێترین زانیاری‌ له‌باره‌ی‌ واده‌ی‌ ڕەوانەكردنی موچه‌ی‌ مانگی‌ 4ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم
نوری مالیکی: بیستوومانە لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن
رێكخراوی سی پی تی: لەئەگەری هێرشی توركیادا 75%ی خاکی پارێزگای دهۆک لەدەست دەدرێت
وەزیری دەرەوەی توركیا: ئەردۆغان گرنگی بە پاراستنی پەیوەندی باشی نێوان بەغداو هەولێر دەدات
هادی عامری: بەبانکیکردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم کۆتاییهاتوه‌و ئەوە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییە
ئەمریکا توڕه‌یى‌و نیگەرانی لەبڕیارێكى عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی هاوڕەگەزخوازی ڕاده‌گه‌یه‌نێت
سروە عەبدولواحید بۆ لایه‌نه‌سیاسییەکان: ملکەچی ئیرادەی پارتی مه‌بن‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن
كاتی گەیشتنی پارەی مووچەخۆران ئاشكرا كرا
هه‌رێم داهاتە نانەوتییەکان ڕادەستی‌ بەغداد ده‌كات
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×