کوردگەل هاوارە، پیلانێکی گەورە بەڕێوەیەوە ...

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2020-06-20     1285

کورد و داگیرکەرانی (کوردستان)
سەرانی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی (کوردستان)، هەرگیز دۆست و خەمخواری کورد نەبوون و ناشبن. بەڵکوو جگە لە دوژمنایەتیی و ئاژاوەنانەوە، هیچی دیکەیان بۆ کورد پێ نەبووە و پێشیان نییە! لەبەرئەوە ئەو سەرکردە و پارتانەی، بەتەمای داگیرکەران بن، کورد بە کەناری زەریای ئارامی سەربەخۆیی بگەیەنن، هەڵبەتە تا ئێستە، وانەیەک لە مێژوو فیرنەبوون، گەر هەر لەسەر ئەو بڕوایەش بن، لە گوێی گادا نووستوون و لە ئەلفوبێی کاری ڕامیاریی تێ نەگەیشتوون!
ئاخر ئەو چوار دەوڵەتە داگیرکەرە، نەک هەر دان بە مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورددا نانێن، بەڵکوو پچووکترین مافیشی پێ ڕەوانابینن. لەبەرئەوە ئەو لایەنە (کوردستان)یانەی، تا ئێستەش هەر بە تەمای، یەکێ لە ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانە بن، یارمەتی کوردی بەشێکی دیاریکراوی (کوردستان) بدا و دژی دەوڵەتە داگیرکەرەکەی خۆی بێ، ئەوا هەرگیز پەندیان لە مێژووی، هەزاران ساڵەی کورد وەرنەگرتووە، وەک ئەوەش وایە، گوێز بە گومەزدا هەڵدەن!

نموونە و پەندی مێژوویی
هەمووی (45) ساڵ لەمەوبەربوو، دەوڵەتی داگیرکەری شایەنشایی (ئێران)، بە هەموو شێوەیە، یارمەتی سەرکردایەتی شۆرشی (11. 9. 1961)ی دەدا، چونکە لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەری (عێراق)دا ناکۆکبوو. کەچی کاتێ بەری ئەو دوژمنایەتییەی (عێراق) و یارمەتییەی شۆڕشیان چنییەوە، لەگەڵ (سەددام حوسین)دا ڕێککەوتن و ڕێککەوتننامە پیلانگێڕییەکەی (جەزایر)ی ڕۆژی (6. 3. 1975)یان مۆرکرد. ئیدی هەموو جۆرە یارمەتییەکیان، لە شۆڕشی کورد بڕی و سنووریان داخست، چونکە ئامانجەکانی هەردووو دەوڵەتی داگیرکەر بەدیهات. لە لایەکەوە، شۆڕشی کورد کۆتاییهات، لەلایەکی دیکەشەوە، (ئێران) ئەوەی ویستی، لە خاک و ئاوی (عێراق) دەسیکەوت!
ئێستەش، ئەو لایەن و پارتانەی، ئامانجەکانیان لەسەر هەردوو دەوڵەتی (توورکیا) و (ئێران) هەڵچنیوە، شتێ بۆ کورد بکەن، لە ئەوە دەچێ، ئاو لە دنگدا بکوتن! چونکە گەر سووکە یارمەتییەکی لایەنێکیش بدەن، ئەوە لەبەر خاتری چاوی کاڵی کورد نییە، بەڵکوو تەنیا هەر ئەوەیە، لەگەڵ ئەو دەوڵەتەدا ناکۆکن. یا هەر بۆ ئەوەیە، جەنگی نێوخۆ لە نێوان باڵەکانی بزووتنەوەی کوردایەتیدا گەرمکەن، دژی هاونیشتمانەکانی خۆیان بن، یەکێتیی و ئاساییشی نەتەوەیی کورد تێکبدەن. بە ئەم کارەشیان دەیانەوێ، لایەنە ناکۆک و ناتەباکانی کورد، لە یەکدی بەربەن و خوێنی رۆڵەکانی کورد، بە دەسی کورد و بە ناڕەوا بڕێژن، بێ ئەوەی خۆیان، پڕیشکێکی ئاگرەکەیان بەرکەوێ و پووشێکی وڵاتەکەشیان بسووتێ!

پیلانە گەورەکە
ئەوڕۆ مەترسییەکی گەورە هەیە، دەوڵەتە داگیرکەرەکانی (کوردستان)، پەیمانی (سەعدئاباد) زیندووکەنەوە. چونکە هەر سێ دەوڵەتە داگیرکەرەکەی (توورکیا، ئێران و عێراق)، لە نێوان خۆیاندا ڕێککەوتوون، بە هەموو شێوەیە هەوڵبدەن، هەموو بزووتنەوە شۆڕشگیڕییە ڕەواکانی کورد، لە هەموو بەشەکانی (کوردستان) لەنێوبەرن، بە تایبەتی چاویان بە ئەم ئەزموونە (30) ساڵییەی باشووری (کوردستان) هەڵ نایە، لە مێژە خۆیانی لێ دەخۆنەوە و بە مەترسییەکی گەورەی دەزانن، بۆ بەشەکانی دیکەی نیشتمانەکەمان بتەنێتەوە. بۆیە دەیانەوێ، بە هەر شێوەیە بێ، بە فڕوفێڵی ڕامیاریی یا بە جەنگ، وەک کۆماری (مهاباد) لەنێویبەرن!
کۆبوونەوەکانی ناوبەناوی هەر سێ دەوڵەتەکە، ئەوەیان سەلماندووە، کە پیلانێکی گەورە بەڕێوەیە و بە هەموو شێوەیە دەیانەوێ، سەری کورد پانکەنەوە و ئەم ئەزموونەش لەنێوبەرن. ئاخر فاشستێکی وەک (ئۆردووگان) و بەرپرسەکانی دیکەی توورک، ئەوەیان نەشاردووەتەوە و بە ئاشکرا، داوای هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی (لۆزان) دەکەن و باشووری (کوردستان)، بە بەشێ لە خاکی توورک دەزانن. جگە لە ئەوەی، سەرانی دەوڵەتی ئاخووندەکانی شیعەگەرای (ئێران)یش، داوای هەرێمی (سولەیمانیی) دەکەن و دەڵێن: پێش ڕێککەوتننامەی (ئەرزرۆمی دووەم)ی ساڵی (1848)، بەشێ بووە لە خاکی ئیمپراتۆریای فارس و دەبێ، بۆ نێو باوەشی دایک بگەڕێتەوە!
دیارە، ئەو بۆردوومانانەی لە دوای ڕاپەڕینەوە بە گشتیی و ڕۆژی (16. 6. 2020) تا ئەوڕۆ بە تایبەتیی، فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری توورک، لە باشووری (کوردستان) کردوویانە و دەیکەن. هەروەها دەنگۆش هەیە، لەسەر لووتکەی چیای (قۆپی قەرەداخ)، بارەگەیەکی دەزگەی هەواڵگری بۆ (میت) دانێن، بۆئەوەی بە تەواویی، کۆنترۆڵی باشووری (کوردستان) بکەن، ئایا ئەمانە چی دەگەیەنن؟! هەڵبەتە لێپرسراوانی دەزگەکانی دەوڵەت بە گشتیی، نایشارنەوە و ولایەتی (موسڵ)، بە بەشێ لە خاکی تووک دەزانن. هەروەها (ئۆردووگان)یش، سەبارەت بە دەسدرێژیی و بۆردوومانەکانی ئەم دواییەی نێوچەکانی (بادینان)، لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی (BBC)دا، زۆر بە ڕاشکاویی گوتی: (چ پێویستدەکا، بۆ چوونە ماڵی خۆمان پرسبکەین؟! باکووری عێراق، بەشێکە لە پەیمانی میللیی توورکیی و لە داهاتوویەکی نزیکدا، دەبێتەوە بە بەشێ لە توورکیای مەزن.)

ئێمە و ئەوان 
ئاشکرایە، ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانەی (کوردستان)، دوای ئەوەی گەلەکەمان لە باشوور ڕاپەڕی و سیستەمی فیدراڵی ڕاگەیاند، ساڵانە چەندین کۆبوونەوەی ڕێکوپێکیان کردووە و هەڵویستیان، بەرانبەر بە کێشەی کورد لە باشوور بە تایبەتیی و هەموو پارچەکانی دیکەی (کوردستان) بە گشتیی یەکخستووە. کەچی سەرانی پارتەکانی باشوور، هۆش و پەرۆشی ئەوەیان نەبووە و نییە، هەر چەن مانگێ جارێ کۆبنەوە، باسی ڕەوشی (کوردستان، عێراق، نێوچەکە و جیهان) بکەن، تا بزانن، ئەو دەوڵەتانە بۆچی کۆدەبنەوە؟! سەبارەت بە باشووری (کوردستان)، چ بەرنامەیەکیان هەیە؟! چ جۆرە پلانێکیان داڕشتووە و چ پیلانێکیان بەدەستەوەیە؟! بەڵکوو تەنیا هەر خەمی ئەوەیان بووە، کامیان بە تەواویی، دەس بەسەر پەرلەمان و جومگەکانی دەسەڵاتی میریی هەرێمدا بگرێ، پشتی پارتە ڕکەبەرەکانی بەرانبەری خۆشی بشکێنێ؟!! 

خەلەتاندن و ناپاکیی
لە کۆتاییشدا زۆر بە ڕاشکاویی دەڵێم: ئەو سەرکردە و پارتانەی، لەگەڵ هەر دەوڵەتێکی داگیرکەری نیشتمانەکەماندا ڕێکبکەون و هاوکاریبکەن، بۆ هەر مەبەستێکی کوردکوژیی، یا دابەشکردنی هەرێمی باشوور بێ، ئەوا بەر نەفرەتی خوا و مێژوو کەون ...
ئاخر کوردێکی وەک (حەسەن خەیری)، خەڵكی باکووری (کوردستان) بوو، (ئەتاتوورک) بۆئه‌وه‌ی، په‌یماننامه‌ی (سیڤه‌ر) هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه، بە ناوی مافی کوردەوە خەڵەتاندی‌. ئەوەبوو، (خەیری) ناپاک به ‌جلی كوردییه‌وه، لە‌ په‌رله‌مانی تووركیا گوتی: گەلی كورد نایەوێ، لە (توورکیا) جیابێته‌وه‌. دواییش (ئه‌تاتورك) داوای‌ لێ كرد، ته‌له‌گرافێ‌ بۆ‌ کۆنگرەی (لۆزان) بنیرێ، دژی پەیماننامەی (سێڤەر) بێ. ئیدی بە ئەو شێوەیە، هه‌موو نوێنه‌رانی کۆبوونەوەکەی (لۆزان)، رێككه‌وتننامه‌كه‌یان واژۆكرد و ده‌وڵه‌تی كوردیی لەگۆڕنرا!
لە ڕاستیدا، لەگەڵ ئەوەشدا (خەیری)، کەمی بۆ فاشستێکی وەک (ئەتاتوورک) و دەوڵەتی توورک نەکرد. چونکە لە لایەکەوە، دەسێکی گورچکبڕی لە کورد وەشاند، ئامانجە نەتەوەییەکانی لەگٶڕنا، پشتی لە نیشتمانەکەی خۆی کرد و ناپاکیی لێ کرد. کەچی کاتێ هەموو شتێ کۆتاییهات و ئیشیان پێی نەما، پاداشتەکەی ئەوەبوو، دادگەیەکی گاڵتەجارانەیان بۆ سازکرد و فرمانی لەسێدارەدانیان بۆ دەرکرد. ئەو پیاوە ساویلکەیە، تا ئێستەش لە مێژووی نەتەوەکەماندا، وەک ناپاکێکی گەورەی نەتەوەیی لێی دەڕوانرێ!
لە لایەکی دیکەشەوە، لەگەڵ سەرجەم ناپاکەکانی مێژووی کورددا، جیاوازییەکی زۆر گەورەی هەیە. چونکە کاتێ هەستی بە ئەو درۆ و هەڵخەڵەتاندنە کرد، دانی بە ناپاکییەکەی خۆیدا نا و داوایکرد، له‌ جێیەکدا بینێژن، گۆڕەکەی له‌سه‌ر ڕێی كورده‌كان بێ، بۆئه‌وه‌ی‌ هه‌ر كوردێ بەلای گۆڕە‌كه‌یدا تێپەڕی، تفبارانیكا!
جا باوەڕناکەم، چارەنووسی هیچ کوردێکی ناپاک، لە چارەنووسی (حەسەن خەیری) باشتربێ، هەرچەندە ناپاکیی لە نیشتمانەکەی خۆی بکا و نۆکەری دوژمنیش بێ، چونکە هەر کاتێ، سەرانی دەوڵەتە داگیرکەرەکە، کاریان پێی نەما، تڕۆیدەکەن و لەنیویدەبەن!
لەبەرئەوە، گەر کورد فریای خۆی نەکەوێ، ئەوەی دەیان ساڵە، بە خوێن و فرمێسکی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد بەدەسمانهێناوە، هەمووی بەفیڕۆدەچێ و ڕیسەکەمان دەبیتەوە بە خوری!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×