پوختەیەکی کۆتایی بەعەرەبکردنی باشووری (کوردستان)

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2023-12-27     311

بەشی پێنجەم و کۆتایی

 

ئەم شاڵاوی بەعەرەبکردنە خێرایەی باشووری (کوردستان)، لە مێژووی گەلی کورددا کەم وێنەیە. چونکە ئەوەی لە دوای ساڵانی ڕاپەڕین و ڕوخانی ڕژێمی (بەعس)ەوە ڕوویداوە، هەرگیز ڕووی نەداوە. بەداخەوە سەرکردایەتی پارتەکان بەگشتیی و هەردوو پارتی گەورە (پارتی) و (یەکێتی) بەتایبەتی، لەگوێی گادا نووستوون. چونکە هێندەی خەریکی دژایەتی یەکدی کردنن، هێندەی خەمی پارە و گیرفانپڕکردنن، هێندەی گوێ لە فرمایشت و فەرمانەکانی سەرانی دەوڵەتی داگیرکەری (عێراق) دەگرن، هێندە خەمی مافی گەل و نیشتمانەکەیان نییە.

لە ئەوە دەچێ، سەرکردایەتی هەردوو پارت (پارتی) و (یەکێتی)، خەویان لێ کەوتبێ، یا بایەخ بە ئەو داگیرکردنە نەدەن و بەمەترسی نەزانن. چونکە دەسەڵاتدارانی کورد، نەک هەر کەرکووک و مادەی (140)یان بیرچووەتەوە، بەڵکوو وەک  لە ڕۆژی (16. 10. 1917)دا، لە (51%)ی خاکی (کوردستان) فرۆشرا و بیرچووەتەوە، ئەو عەرەباندنە نوێیەشى، لە شارەکانی (هەولێر، سولەیمانی و دھۆک) ڕوودەدا و لێپرسراوانی پارتەکان، کارئاسانیان بۆ دەکەن، دوای چەن ساڵێکی دیکەش، ئەو شارانە وەک نێوچە جێناکۆکەکانی لێدێ، ڕێژەی عەرەب و کورد یەکساندەبێ. ئاخر عەرەب سروشتی وایە، یەکی ڕەوەیەک مناڵ دەخەنەوە، لە ئايیندەدا ژمارەیان زۆردەبێ و بەگوێرەی زۆرینە، لە دەزگەکانی ئەنجومەنی پارێزگەکان، پەرلەمان و میری هەرێمدا، مافی ئەوەیان دەبێ، داوای کورسى بکەن. ئەمەش ئاسانترین و یاسایترین، شێوازی عەرەباندنی نێوچە کوردستانییەکان نەبێ، هیجی دیکە نییە!

سەیر ئەوەیە سەردەمێ، سەرکردایەتی پارتەکان ڕێککەوتن، نەک هەر بە مافی فیدراڵی قایل نەبوون، بەڵکوو داوای دەوڵەتی سەربەخۆشیان دەکرد. کەچی ئێستە، وەک هاوڵاتییەکی پلەدوو، هەڵسوکەوتیان لەگەل دەکرێ، لە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی (عێراق) دەپاڕێنەوە، بەشەپارەی هەرێمیان بۆ بنێرن!

ئەم بەرنامەی بەعەرەبکردنەی خاکی (کوردستان)، داگیرکەری دەوڵەتی (عێراق) دایڕشتووە، بەرنامەیەکی لەسەرخۆ و هێمنانەیە، وەک ئەو بەعەرەبکردنانەی ساڵانی سییەکان و سەردەمی دەسەڵاتی (بەعس) نییە، بەڵکوو پلانێکی زۆر ژیرانەیان بۆ داناوە، لەبری بە جەنگ و ئەنفالکردن، (کوردستان) بعەرەبێنن،  هەموو شتێ لە کورد دەکڕن و لەسەر خۆیان تاپۆیدەکەن، وەک چۆن جووەکان، لە ساڵانی دوای یەکەمین جەنگی جیهاندا، لەگەڵ فلەستینییەکان پێڕەویانکرد: خاک بەرانبەر پارە، بەشی زۆری خاکەکەشیان، لەدەس عەرەبە فلەستینییەکان دەرهێنا.

لە لایەکی دیکەشەوە دەڵێم: گەر ڕۆڵەکانی کورد، کەمێ هوشیاربوونایە، هیچیان بە عەرەب نەدەفرۆشت، چونکە گەر کورد خۆی نەیفرۆشێ، هیج کەس و لایەنێ ناتوانێ، بەزۆر موڵک لە (کوردستان) بکرێ.

ئاشکرایە، ژمارەی عه‌ره‌ب به‌ ڕێژه‌یه‌کی زۆر، له‌ (کوردستان) زیادیکردووه، بە هەموو شار و شارۆچکەکانی نیشتمانەکەماندا بڵاوبوونەتەوە‌، دەوڵەتی داگیرکەری (عێراق)یش هانیاندەدا، بۆ (کوردستان) کۆچبکەن و بمێننەوە، هەر عەرەبێکیش، لە (کوردستان) بژی و بمێنێتەوە، خانوو بکڕێ، (150) میلیۆن دیناری دەدەنێ. واتە عەرەبەکان پارەیەکی زۆریان پێیە، بەشێوەیە زەوی، خانوو، ڤیلا، باخ، دووکان، چایخانە، ڕێستۆران دەکڕن، هەرچی سەیرانگاکانیشە پڕن لە عەرەب. پزیشکە عەرەبەکان نۆڕینگەی تایبەتی خۆیان کردوووەتەوە، زانکۆکان عەرەبڕێژکراون. ئیدی گەر کار وا بڕوا، وردەوردە زیاددەکەن و وەک کورد، هەموو مافێکیان لە کوردستاندا دەبێ. ئەمەش خۆی لە خۆیدا، نیشانەی ئەوەیە، بەشێوەیەکی یاسایی و بە پڕۆسەیەکی خیرا، دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی داگیرکەری (عێراق)، دیمۆگرافیای نیشتمانەکەمان دەگۆڕن. لەبەرئەوە بەڵگەیەکی لەچاوچەقیوی دواپڕۆسەی بەعەرەبکردنی (کوردستان) نەبێ، هیچی دیکە نییە.   

جگە لە ئەوەی، خانوبەرەیەکی زۆریان کڕیوە، کاریان دەسکەوتووە، ژنوژنخوازییش لەنێوان کورد و عەرەبدا زۆربووە، قوتابخانەی تایبەتی سەرەتایی و ناوەندییان، بۆ مناڵەکانیان کردووەتەوە، بە هیچ جۆرێ، بایەخ بە فێربوونی زمانی کوردی نادەن، هەر بە زمانەکەی خۆیان دەدوێن و دەخوێنن، هێزه‌کانیان چه‌کدارکردووه‌ و به‌ ئاشکرا، سووکایه‌تی به‌ ئابڕووی نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌که‌ن، ئاڵای (کوردستان) ده‌سووتێنن، ‌هه‌ڕه‌شه‌ له‌ کورد ده‌که‌ن و ده‌یانه‌وێ، ئه‌و نێوچانه‌ی براگه‌وره‌که‌یان (سه‌ددام حوسێن)، بۆی داگیرکردوون و عه‌ره‌با‌ندوونی، به‌ هێزی چه‌ک بیچه‌سپێنن.

بەگوێرەی باسەکەی بەڕێز (بەرهەم قەرەداخی- سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان) بێ، تا ئێستە زیاتر لە (000. 034. 1) یەک میلیۆن و سیوچوارهەزار، عەرەب لە (کوردستان) دەژین، واتە ڕێژەکەیان بەرانبەر ڕیژەی دانیشتووانی وڵاتەکەمان، لە (26%) دەبێ. (11) هەزار پیاوی کورد، ژنی عەرەبیان هێناوە. (32) هەزار مناڵی عەرەب لە شار و نێوچەکانی وڵات لەدایکبوون و ناسنامەی (کوردستان)یان وەرگرتووە. (179) خوێندنگە لە شارەکانی، (کوردستان) کراونەتەوە. گەر ئەو ڕێژەیە بۆ (30%) بەرزبێتەوە، بۆیان هەیە، لە دەزگە گرنگە فەرمیی و فەرمانرەواییەکانی هەرێمدا، داوای پۆست بکەن.

لە کۆتاییشدا دەڵێم: ڕەنگە هێندێ هاوڕێی بەڕیزی خوێنەر بڵێن: تۆ بۆ خۆت ماندوودەکەی، کەس گوێت لێ ناگرێ؟! منیش لە وەڵامدا دەڵێم: سه‌رانی پارته‌کانی (کوردستان)، هه‌رگیز گوێیان له‌ که‌س نه‌گرتووه‌، بۆیه‌ وا حاڵیان جوانه‌. من بۆ مێژوو، بۆچوون و هه‌ڵوێستی خۆم ده‌رده‌بڕم، جا گوێ ده‌گرن، یا ناگرن، ئه‌وه‌یان پێوه‌ندی به‌ منه‌وه‌ نییه‌.

هێبندەش دەڵێم: هەر خۆیان بە خۆیان بن، خوێنی هەزاران ڕەوانشادی کوردیان بەفیرۆدا، گەر ئەم ڕەوشە نالەبارەش بەردەوامبێ، ئەوا لەبری مافی سەربەستی گەل و سەربەخۆیی نیشتمانەکەمان، گەلێکی هەژار و لێقەوماو، نیشتمانێکی بەعەرەبکراو و داگیرکراومان بۆ دەمێنێتەوە.

 

سەرچاوە:

سابونچی نەبەز، کوردوستان دۆزەخی کوردەکانە و بەهەشتی عەرەب، لاپەڕەکانی فەیسبووک.

بەرهەم قەرەداخی، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان، چاوپێکەوتن، سایتی (Bwar).

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×