بیری کوردستانیزم یا عێراقچێتی؟!

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2021-11-03     778

 خەساندن و تاساندن!
دەگێڕنەوە، لە کۆندا گەورەپیاوان و دەسەڵاتداران، نۆکەر و پیاوەکانی خۆیانیان خەساندووە، تا ناپاکییان لێ نەکەن، دەس بۆ ئابڕووی هاوسەر و کیژەکانیان نەبەن. بەڵام ئەوڕۆ، هێندی لە سەرانی پارتە ڕامیارییەکانی (کوردستان) دەیانەوێ، مێشکی ڕۆڵەکانی گەل بە گشتیی و ئەندامەکانی خۆیان بە تایبەتی بخەسێنن، بۆئەوەی کار و کردەوە خراپەکانیان لەقاونەدەن، جەماوەری گەل وەک مێگەل لێخووڕن، بیری پیرۆزی کوردایەتی و کودستانیزم، لە بیر و هۆشیاندا بتاسێنن، بە بیری نامۆی زۆڵەکی عێراقچێتی مووتووربەیانکەن! 
ڕاستیان فەرمووە، سەگ لە سەڕبڕخانە نەمرێ، تەمەنی بە خۆڕایی دەڕوا! جا کوردە عێراقچییەکان، گەر لە سەربڕخانەی (عێراق)دا نەمرن، دڵیان بۆ (بەغدا)ی پایتەختی تاوان لێ نەدا، ناحەوێنەوە و خەو لە چاوانیان ناکەوێ. چونکە وەک پەندە کوردییەکە دەڵێ: وەک سەگی کونەماسی وان، لە (کوردستان) دەژین، کەچی پاسی جڕتاوی (عێراق) دەکەن!
لە ڕاستیدا، لە ئەوە دەترسم، ڕۆژێ لە ڕۆژان، چانسی کورد یاربێ، زلهێزەکانی جیهان بڕیاربدەن، دەوڵەتێکی نەتەوەیی سەربەخۆ، بۆ گەلی باشووری (کوردستان) دامەزرێنن، کەچی چەن عێراقچییەکی بێگانەپەرست دژبن و رەتیکەنەوە. وەک ئەوەی دوای تەواوبوونی یەکەمین جەنگی جیهان ڕوویدا، بەڵام چەن کوردزمانێکی ناپاکی وەک (زەکی خەیری)، دژی دامەزراندنی دەوڵەتەکە بوون. لە مێژووی نوێشدا، لە (خۆرهەڵاتی تەیموور)، کۆمەڵێ میلیشیای چڵکاوخۆری بەکرێگیراوی سەر بە دەوڵەتی (ئەندەنووسیا) پەیدابوون، ئاژاوەیەکی گەورەیان نایەوە، دژی ئازادیی و سەربەخۆیی نیشتمانەکەیان وەستان، دوای ئەوەی لە گشتپرسێکی ئازادانەدا، ڕۆڵەکانی گەل بە زۆربەی دەنگ، بڕیاری سەربەخۆییان دا!
تیۆریی و ئەزموون
ئێمەی کورد، لەگەڵ هەموو تیۆرییەکانی (کوردایەتی فراوان، عێراقچێتی، دێمۆکراسی بۆ "عێراق"، برایەتی گەلی کوردی بندەس و گەلی باڵادەسی عەرەب، ئایدۆلۆژیای خەباتی نێوکۆیی، بەرژەوەندیی هاوبەشی پڕۆلیتاریای دەوڵەتێکی فرە نەتەوە و نیشتمان، کۆماری هاوبەش، هەموو لق و بەشەکانی باوەڕی سۆسیالیزم، ئایدۆلۆژیا و فەلسەفەی مارکسیزم)دا، ئەزموونێکی زۆر باشمان هەیە، تا ئێستەش لە هیچیاندا سەرکەوتوو نەبووین. چونکە بیرکردنەوەمان کوردستانییانە نەبووە، هەوڵ و کۆششەکانمان، بۆ خۆمان و نەتەوەکەمان نەبووە، هێز و توانامان، لە ڕاژەی دوژمنان و داگیرکەرانی نیشتمانەکەماندا بووە. میتۆدەکەشمان، هەر لە تیرۆرکردن، جەنگی بەرەیی، گفتوگۆکردن، لەدەسدانی هەلی مێژوویی، خەباتی دیپلۆماسیی و پڕوپاگەندەکردنەوە بیگرە، تا بە جەنگی نێوخۆی نێوزڕاوی چەپەڵی کوردقران، ناڕێکی، ناتەبایی، یەکنەگرتنی ڕێکخراو و پارتە ڕامیارییەکان و ڕیزەکانی گەلی کورد دەگا، هەڵەبووە. لە ڕووی ڕابەریشەوە، هەرگیز نەتەوەی کورد، هێندەی ئەوڕۆ بێ ڕابەر و سەرکردە نەبووە، یەکنەگرتوو نەبووە، هێندە لەنێوخۆدا، ناکۆک و ناتەباش نەبووە!

کێشەی سەرەکی کورد
سەرانی پارتەکانی (کوردستان) پێویستە، ئەوە باش بزانن، هەروەها دەبێ، لای ڕۆڵەکانی گەلەکەشمان ئاشکرابێ، بۆ دۆست و دووژمن و گەلانی جیهانیشی ڕوونکەینەوە، کێشەی سەرەکی کورد، لەگەڵ پەرۆش و دڵسۆزیی، بۆ خاک و دەوڵەتی (عێراق) زۆر جیاوازە. لەبەرئەوە بە هیچ جۆرێ نابێ، ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە، بە دەوڵەتی خۆمان بزانین، بەڵکوو دەبێ، بە شێوەیەکی بەردەوام هەوڵبدەین، ئەو ڕاستییە بە گوێی سەرانی داگیرکەردا بدەین، کە باشووری (کوردستان)، بەشێ لە (عێراق) نییە، پێوەندیی برایەتی گاڵتەقینە و دۆستایەتی ڕاستەقینە، جیاوازییەکی زۆریان هەیە. چونکە برایەتی بێ ڕێزی بەرانبەری، بە کەڵکی هیچ لایەکمان نایە. دۆستایەتی ڕاستەقینەش، تەنیا هەر ئەو کاتە درووستدەبێ، کە ڕۆڵەکانی گەلی عەرەب، دان بە هەموو مافە نەتەوەییە ڕەواکانی گەلی کورددا بنێن. چونکە نە کورد دەبێ بە عەرەب و نەعەرەبیش دەبێ بە کورد، نە باشووری (کوردستان)، بەشێ لە (عێراق) و نە (عێراق)یش بە بەشێ لە (کوردستان) دادەنرێن. بەڵکوو باشووری (کوردستان)، بەشێ لە (کوردستان)ی گەورە و خاکی (عێراق)ی عەرەبییش، بە بەشێ لە خاکی نەتەوەی عەرەب دادەنرێن. ئەوی لە ئەم ڕاستییەش لابدا، ئەوا جگە لە دەردیسەریی و ماڵوێرانی، ناکۆکیی و دووبەرەکی، ئاژاوە و جەنگ، هیچی دیکەی دەس ناکەوێ. مێژووی پێکەوە ژیانی هەردوو گەلی کورد و عەرەبیش لە (عێراق)دا، ئەو ڕاستییەی سەلماندووە. چونکە (ململانێ، ناکۆکیی و بەربەرەکانێی نێوان نەتەوەی و کورد و دەوڵەتە داگیرکەرەکانی (کوردستان)، تەنیا ململانێیەکی ڕامیاریی و چەکداریی ڕووت نییە، بە بەدیهێنانی چەن ئامانجێکی کاتیی وەک مافی (ئۆتۆنۆمیی ـــ فیدراڵیی) چارەسەرکرێ و کۆتاییپێبێ. بەڵکوو لە زنجیرەیە ململانێی مێژوویی دوورودرێژ پێکهاتووە، هەر لە سەرەتای داگیرکردنی (کوردستان)ەوە دەسپێدەکا، هەرگیزاوهەرگیزیش کۆتایی نایە، تا دوا سەربازی سوپاکانیان، دوا دەزگەی بەڕێوەبەرێتی دەوڵەتی (عێراق)، باروبارخانەکانیان، بنکە و بارەگاکانیان نەپێچنەوە، (کوردستان) چۆڵ نەکەن و نەڕۆن. واتە: ململانێیەکی چارەنووسسازانەی گەورەی نەتەوەیی مێژوویی کۆنە، بنەماکەی لەسەر بنچینەی ڕزگاریی تەواو، سەربەخۆیی ڕاستەقینە، ئازادییەکی ڕاست و ڕەوانی بستبەستی خاکی (کوردستان) و مافی چارەنووسی نەتەوەی کورد دامەزراوە، کە خۆی لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەییدا دەنوێنێ.) "1"
بیری مارکسیزم ـــ لێنینزم
بیری مارکسیزم ـــ لێنینزم لە (کوردستان)دا، لە ڕێی دەسی دووەمەوە بڵاوبووەتەوە. واتە خوێندەوار و ڕووناکبیرانی گەلی کورد خۆیان، بڵاویان نەکردووەتەوە و بۆ ئامانجە نەتەوەییەکانی کورد، کەڵکی لێ وەرنەگیراوە. بۆیە فەلسەفە و ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیزم، لە ڕێی کۆمۆنیستە کوردەکان و عێراقچییەکانەوە، کارێکی زۆر خراپ و گەورەی، لە بیر و باوەڕی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد کردووە، هەستێکی مارکسییانەی کوردستانییانە، لەنێو بیر و هۆشی مارکسییەکانی کوردا پەیدانەبووە، زۆر هەوڵیان نەداوە، ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستیی کوردستانیی نیشتمانپەروەر دامەزرێنن، تا پەرە بە بووژاندنەوەی، هەستی خۆبەکوردزانین و خەڵکی (کوردستان) بدەن. ئەمەش خۆی لە خۆیدا، لە لایەکەوە یارمەتییەکی زۆی بڵاوبوونەوەی گیانی عێراقچێتی داوە. لە لایەکی دیکەشەوە، زیانێکی زۆری بە بیری کودستانیزمی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد گەیاندووە.
بۆیە کارێکی زۆر سەیر نییە، گەر لە کۆندا، هێندێ خوێندەوار، ڕووناکبیر، نووسەر، هۆنەر و ڕامیاری گەورەی کورد، زۆر کوردستانییانە بیریان نەکردبێتەوە. بەڵکوو بیری عێراقچێتی، هەموو دید و بۆچوونەکانیانی داپۆشیوە، تا بە ئەو شێوەیە، هێندێ لە هۆنەران هۆنراوە بۆ (عێراق) بهۆننەوە، گۆرانی بۆ شا و ئاڵاکەی بچڕن! جا گەر هەستی نەتەوەیی کورد، هێندە لاواز نەبووایە، هەڵبەتە ئەم کارانە ڕووی نەدەدا!

کورد و پەروەردەکردن
جگە لە ئەوەی، گەر بە ئەم پێیە بووایە، گەر ئەم کردار و ڕەفتارانە ڕاستبوونایە، هەڵبەتە دەبووایە، هۆنەر و مامۆستاکانی (جەزایر، ڤێتنام، هیندستان، باسک، عێراق و فلەستین ...)، هۆنراوەیان بەسەر خاکی ئیمپریالیزمی (فڕەنسە، ئەمێریکا، بریتانیا، سپان و ئیسرایل ...)دا هەڵدایە، گۆرانییان بۆ شا و سەرکۆمارەکانیان بگوتایە. بە هۆنراوەی فێرکاریی، مناڵانیان فێری بێگانەپەرستیی و خۆشویستنی داگیرکەران بکردایە، خۆیان بە هاونیشتمانیی ئەو دەوڵەتانە بزانیایە.
بۆ نموونە: هێندێ هۆنەری کوردمان هەیە، گەلێ هۆنراوەی بیانیپەرستییان، بۆ ڕۆڵەکانی کورد نووسیوە. ئایا جگە لە کورد، کام نەتەوەی جیهان، بە ئەو شێوەیە، مناڵانی گەلەکەی خۆیان پەروەردەکردووە؟!! ئەمە گەر سەرلێشیواویی نەبێ، چییە؟!! پێم وایە، ئەوی گۆرانیی بۆ چڵەپووشێکی هەر دەوڵەتێکی داگیرکەر بچڕێ، بەلانی کەمەوە، هەستی نەتەوەیی زۆر لاوازە و لە بێگانەپەرستیدا نقوومبووە، گەر نەشڵێم، ناپاکیی لە نەتەوەکەی خۆی کردووە!
بۆیە دەبێ، مناڵانی کورد، لە کارتێکردنی ئەم جۆرە پەروەردەکردنە چەواشەکارانەیە دوورخەینەوە. چونکە خۆشەویستیی ڕاستەقینەی نەتەوە و نیشتمان، لە یەکەمین هەنگاوی پەروەردەکردنی نەتەوەییەوە دەسپێدەکا. سەرەتاش لەنێو ماڵ و پاشان لە خوێندنگەکانەوە سەردەردێنێ، بە مەرجێ ئەو پەروەردەکردنە، لەسەر بنچینەیەکی مرۆدۆستانە و ڕێزی بەرابەریی، نێوان نەتەوەکان داڕێژرابێ، مناڵانی کورد، لە مناڵانی هیچ نەتەوەیەکی دیکە بەکەمتر نەزانن.
ئەم ڕاستییە وەنەبێ، هەر من بیزانم، بەڵکوو وەک یاسایەکی گشتیی، هەموو نەتەوەکانی سەر ڕووی جیهان پێڕەویانکردووە. تەنانەت هۆنەرەکانی کوردیش، هەر لە ئەم گۆشەنیگایەوە بووە، هۆنراوە و سروودی نەتەوەیی و نیشتمانییان، بۆ مناڵانی کورد داناوە، تا هەر لە مناڵییەوە، پتر هۆگری خاکوخۆڵی نیشتمانەکەیان بن. بۆیە هۆنەرێکی وەک (بێخود)، کاتێ لە شاری (کەرکووک) بووە، هەستیکردووە، مناڵانی کورد سروودی توورکمانیی دەخوێنن، ئەویش سروودی (ئەی دلیران)ی بۆ داناون. یا چەندین هۆنەری دیکەی وەک: (دڵدار، پیرەمێرد، بێکەس، گۆران، بەختیار زێوەر ...)، گەلێ سروودی بەرز و جوانی نیشتمانپەروەرییان، بۆ مناڵانی کورد هۆنیوەتەوە. جا گەر پەیان بە ئەو ڕاستییە نەبردبێ، هەڵبەتە ئەو هۆنراوانەیان نەدەگوت!
ئاخر بۆیە ئەو سروودانەش بە نەمریی ماونەتەوە، چونکە لە خوێندنگە و بۆنە نەتەوەییەکاندا دەوترێنەوە. بەڵام هەموو ئەو هۆنراوە نامۆ عێراقچێتییانە، لە ڕیزی نەمریدا جێیان نەبووەتەوە، هەرگیزاوهەرگیزیش جێیان نابێتەوە. جا گەر وا نییە، هەڵبەتە ئەو هۆنراوە نامۆیانە، تا ئێستەش وەک هەموو هۆنراوە و سروودە نیشتمانییەکانی دیکەی هۆنەرانی کورد، لە دڵ و دەروونی مناڵانی کورددا دەژیان، لە خوێندنگەکانی (کوردستان)یشدا دەخوێنران. بەڵام چونکە چەن هۆنراوەیەکی نامۆ و زۆڵەک بوون، کاتێ بایەکی سەرڕووی زەوی کوردایەتی لێی داون، هەر زوو جوانەمەرگ بوون و ئیستەش، لە زبڵدانی مێژووی بیری بێگانەپەرستیی و عێراقچێتی، سەردەمێکی مێژوویی ڕووناکبیری کورددا گۆڕکراون!

ئەنجام و کۆتایی
ڕەنگە یەکێ ئەم نووسینە بخوێنێتەوە، وا بزانێ، هێندە ڕقم لە عەرەبە، چاوم بەرپێی خۆم نابینێ و خەریکم کوێردەبم! نەخێر هەرگیز وا نییە، بەڵام (عێراق) بە دەوڵەتێکی داگیرکەری خاکی نیشتمانەکەم دەزانم، هەموو ئەو هاوڵاتییە عەرەبانەی، دانیش بە بوونی نەتەوەی کورددا دەنێن، بە بەشێ لە نەتەوەی خۆیانیان دانانێن، ئەوەی بۆ خۆیان بە ڕەوای دەزانن، وەک ڕزگاریی، سەربەخۆیی، یەکێتیی، ئازادیی، دێمۆکراسی، مافی چارەنووس و دامەزراندنی دەوڵەتی ناسیۆنال، بە کوردیشی ڕەواببینن، پێوەندییەکانیان لەبەر ڕۆشنایی ڕێزی بەرابەریی و یەکسانیی نەتەوەییدا داڕێژن، ئەوا بە دۆستێکی بەڕێز و دڵسۆزی نەتەوەکەمانیان دادەنێم. لەگەڵ ئەوەشدا زۆر بە داخەوە، نموونەیان لەنێو نەتەوەی عەرەبدا، لە چاو ژمارەکەیاندا، بە پەنجەی هەردوو دەس دەژمێررێن.
بەڵام هەر کەسێ، لایەنێ، ڕێکخراوێ، پارتێ یا دەوڵەتێکی داگیرکەری (کوردستان)، بڕوای بە ئەو پرینسیپانە نەبێ، ئەوا بە داگیرکەر و دوژمنی سەرەکی، خاکی (کوردستان) و نەتەوەی کوردی دەزانم. ئاخر کورد چۆن دەبێ، چەن کەڵەپیاوێکی مەزنی وەک: (عەزیز شەریف، ناجی تالیب، جەواهێریی، هادی ئەلعەلەوی، کامیل چادرچی، موعەمەر قەزافی، سمایل بێشکچی ...) بیربچێ و هەمیشە یادیان نەکاتەوە، کە لە ڕۆژانێکی سەخت و تەنگانەی نەتەوەکەماندا، چ بە قسە و چ بە کردەوە، بە هانامانەوە هاتوون، داکۆکییان لێ کردووین، مافی ژیان و چارەنووسیان پێ ڕەوا بینیووین؟!!
جا زۆر سەیرم لی دێ، هێندێ ساویلکەی کورد هەن، بە هەڵە لە ئەم بنەما و باوەڕە نەتەوەییە تێگەیشتوون. چونکە گەر هەر نەتەوەیەکی سەردەسی داگیرکەر، دان بە بوونی نەتەوەییماندا نەنێ، جگە لە ئەوەی، بە دوژمنێکی گەورەی نەتەوکەمان دادەنرێ، بە هیچ شێوەیەکیش، نە دۆست و نە برامان نین. هێندێ کوردیش هەن، هەرچەندە ئەو ڕاستییانەش زۆر باش دەزانن، هەر بۆئەوەی بە خوێندەوار، ڕووناکبیر، پێشکەوتووخواز، بەرچاوڕوون و شۆڕشگێڕ ناوینابەرن، زۆر بە ئاشکرا، خۆیان دەخەڵەتێنن و خۆیانی لێ گێلدەکەن. بۆیە ئەو جۆرە کەسانە، چ لای ڕۆڵەکانی کورد، چ لای ڕۆڵەکانی نەتەوە سەردەسەکانی (کوردستان)، لە گێلەپیاو پتر، هیچ ناوێکی دیکەیان بەسەردا ناچەسپێ!

سەرجاوە:
دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز، ململانێی ئایدۆلۆژیی لە کوردستاندا، چ1، سولەیمانی، 1993.
دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز، کورد و شۆڕش و هەلی مێژوویی، چ 2، سولەیمانی، 2000.
دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز، خڵتەی بیرێکی ژاراویی، چ 1، سولەیمانی، 2000.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×