کوردو دەسەڵات... مێژوویەکی قێزەون - بەشی سێیەم و کۆتایی

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2020-07-12     1014
ئەزموون و پەند
کۆمەڵی کوردەواری، هەر لە کۆنەوە تا ئەوڕۆ، لە چەندین تیرە و هۆز پێکهاتووە. کۆمەڵێکی فرە توێژ و چینی جیاوازە، هاوئاهەنگ نییە. بە واتایەکی دیکە، کۆمەڵێکی خێڵەکی نیمچەدەرەبەگیی – دەرەبەگییە، بنەماڵە ڕۆڵێکی تایبەتی، لەنێو ڕیزەکانی نەتەوەی کورد و لە خاکی (کوردستان)دا دەبینێ. لەبەرئەوە هێندێ لە پارتەکانی باشووری (کوردستان)یش، زۆر بە ڕوونیی، شەقڵی بنەماڵەیان پیوە دیارە، (پارتیی) بە گشتیی و (یەکێتیی)ش بە تایبەتیی، لەنێو پارتە سیکیۆلارەکاندا، ئەم خەسڵەتەیان لە ئاسایی تێپەڕاندووە. لەبەرئەوە هەموو ئامانج و بەرژەوەندییەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی، بە قوربانی بەرژەوەندییە تایبەتەکانی بنەماڵە و پارتەکانیان دەکەن. بە واتایەکی دیکە، ئەو بنەماڵانە، بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆیان، لە چوارچێوەی ئەو ڕێکخستنانەدا کۆدەکەنەوە و دەیانپارێزن. واتە پارتەکان، وەک ئامرازێکی چەواشەکارانەی بنەماڵە وان!  
بۆیە هەمیشە، لە نێوان ئەو دوو بنەماڵەیەدا بە گشتیی و هێندێ جاریش، لە ڕیزەکانی نێوخۆی بنەماڵەیەکی دیاریکراویشدا بە تایبەتی، لەسەر دەسکەوت و پلەوپایە، دووبەرەکیی و ناکۆکیی، جەنگی نێوخۆ و کوشتنوبڕین ڕوودەدا. بەڵام گەر لە سەردەمی میرنشینەکاندا، دووبەرەکیی و جەنگی نێوخۆ، لە نێوان چەن میرێکی دەرەبەگی دەسەڵاتداردا بووبێ، لەپێناوی بەرژەوەندیی خۆیاندا، دژی یەکدی بووبن، ئەوا لە ئەم سەردەمەدا، ئەو ناکۆکیی و دووبەرەکییانە، بە شێویەکی هاوچەرخ و لە چوارچێوەی پارتەکاندا، خۆیان دەنوێنن. کەواتە لە نێوەڕۆکدا، هیچ لە بابەتەکە نەگٶڕاوە، بەڵکوو گۆڕانکارییەکە، لە شێوە و شیوازی کارکردنەکەدایە!
لەبەرئەوە، ئەز ساڵی (1997)، لە بەرهەمی (ڕۆڵی سیستێمی بنەماڵە لە بزاڤی ڕزگاریخوازی نێستمانیی کوردستاندا)، هەردوو پارتە دەسەڵاتدارەکەی باشوور (پارتیی) و (یەکێتیی)م، بە دوو سێوی لقەدارێ چواندووە و نووسیومە: (لە ڕاستیدا، ئەو دوو ڕێکخراوە سەرەکییە، چونکە هەر لە سەرەتاوە، لە یەک سەرچاوەی ڕامیارییەوە، ئاویان خواردووەتەوە، جیاوازییەکی زۆر، لە دید و بۆچوون و هەڵوێستەکانیاندا بەدی ناکرێ، وەک دوو سێوی لقەدارێ وان، هەرچەندە گەر ئەو دوو سێوەش، یەکێکیان لە ئەوی دیکەیان، کەمێ گەورەتر و ڕەنگ ئاڵتر بێ، بەڵام لە بنەڕەتدا، هەر وەک یەک وان. چونکە یەک ڕەگیان هەیە.)"1" ڕۆژگاریش ڕاستیی ئەم بۆچوونەی سەلماندووە.
هەروەها لە بڵاوکراوەیەکی (کاژیک)دا، سەبارەت بە کارەساتی هەرەسی ساڵی (1975)ی شۆڕشی (11. 9. 1961) هاتووە: (پێکهاتن و ڕێکخستن و بیر و بۆچوون و سەرچاوەی یەکێتیی، درێژەپێدانی جووڵانەوەی پارتیی نەبێ، هیچی دیکە نییە، کە بە شێوەیەکی بنەبڕی، تێکشکانی ئایدۆلۆژیاکەی، لە کۆڕی خەباتی ڕزگاریخوازانەی بزووتنەوەی کوردایەتیدا سەلمێنراوە.)"2"
* * *
ئاشکرایە نەتەوەی کورد، هەر لە سەرەتاوە، بە چەن قۆناغێکی مێژوویی گرنگدا تێپەڕبووە. سەرکردەی ئەم بنەماڵە و پارتانە، هەرگیز کەڵکیان لە پەندەکانی مێژووی کورد، بزووتنەوەی نەتەوەیی، خەباتی شۆڕشگێڕانە، هەڵەکانی دەسەڵاتدارانی میرنشینەکانی کورد، هۆی تێکشکان و لەنێوچوونیان وەرنەگرتووە. هەرچەندە دوو سەردەمی جیاوازن، خوێندەواریی و بزووتنەوەی ڕووناکبیریی، لە ئەم سەردەمەدا زۆر پێشکەوتووترە، کەچی ئەم بنەماڵانە، هەر لەسەر بای بەڕە کۆنی خۆیان بەڕێوەدەچن، هیچ لە مێژووی کورد و شکستەکانی فیر نەبوون، یا نایانەوێ، فیربن!
هەڵبەتە لە ئەنجامیشدا، نەتەوەی کورد لە سەرتاسەری (کوردستان)ی مەزندا، بە پلەی یەکەم، تووشی زیانێکی گەورە بووە، بۆیە تا ئئێستە، هیچی بە هیچ نەکردووە، هەر ژێردەستە و بە خراپترین شێوەش دەچەوسێنرێتەوە. تەنانەت هێندێ ئەندامی سەرکردایەتی ئەو دوو پارتە نەبێ، ئەندامەکانی دیکەیان، وەک کۆیلە وان، زیانێکی زۆری گیانیی و ماڵییان لێ کەوتووە. بەڵام سەرکردەکانیان، ڕوویان لە تیشکی خۆرە، لاقیان لێ درێژکردووە و مێش میوانیان نییە!
جا سەیر ئەوەیە، هیچ یەکێ لە ئەو دوو پارت و سەرکردەکانیان، نەک هەر دژی سوپای (عێراق) نەبوون، بەڵکوو بە چاوی ڕیزیشەوە، لێیان ڕوانیوە و بە سوپایەکی نیشتمانپەروەریشیان داناوە. تەنانەت هەر لە کۆنەوە و لە ڕۆژی دامەزراندنی سوپادا (6. 1. 1921)، خۆیان یادیانکردووەتەوە و گوتاریان لەسەر ئازایەتیی و مەزنیی، سوپاکە نووسیوە، وەک ئەو سوپایە، بە میوانیی سەردانی (کوردستان)ی کردبێ، یا بۆ ناوبژیکردنی جەنگی نێوخۆی، نێوان هێزەکانی (پارتیی) و (یەکێتیی)، یا بە هانای گەلی کوردەوە هاتبێ!
ئەدی دوای (20) ساڵ شۆڕش و کوشتنوبڕین، لە نێوان هێزەکانی گەلی کورد و سوپای داگیرکەری دەوڵەتی (عێراق)دا، دوای ئەو هەموو ڕەشەکوژیی و کاولکارییەی نیشتمانەکەمان، (جەلال تاڵەبانی) لە نێوچەی (سورداش)، لە گوتاری جێژنی نەورۆزی ساڵی (1984)دا نەیگوت: (ئێمە لە پشتەوە، خەنجەر لە سوپای عێراق نادەین!) یا (مەسعوود بارزانیی)، دوای کارەساتەکەی (31. 8. 1996)، ستاییشی سوپاکەی نەکرد؟!!  کەواتە ئیدی داوای مافی گەلی کوردیان، لە کێ کردووە و دژی کام سوپا جەنگاون؟!!
* * *
لە ئەم قۆناغە نوێیەی بزووتنەوەی کوردایەتیدا، سەرکردەکانی هەردوو باڵەکەی (جەلالیی) و (مەلایی)، دوای ئەوەی (113) ساڵ (1851-1964)، بەسەر ڕووخاندنی میرنشینی (بابان)دا تێپەربووە، نەک هەر هەمان هەڵە و ناپاکییەکانی میرەکانیان دووبارەکردووەتەوە، بەڵکوو بۆڕی ئەوانیشیان داوە و خراپتریشبوون. چونکە ئەو دووبەرەکیی و جەنگە ماڵوێرانکەرانەیەی، لە نێوان میرەکانی (بابان)دا بوو، تەنیا هەر لە نێوان دوو میردا ڕوویان نەداوە، بەڵکوو لە نێوان چەن میرێکدا بووە، (67) ساڵیشی خایاندووە و کۆتایی نەهاتووە، تا میرنشینەکە بە یەکجاری ڕوخاوە!
کەچی ئەم دووبەرەکیی و جەنگە پۆخڵەی، نێوان هێزە چەکدارەکانی باشووری (کوردستان)، تەنیا لە نێوان دوو لایەندا (جەلالیی) و (مەلایی) بووە و ماوەی (56) ساڵە (1964-2020)، بە شێوەیە لە شێوەکان، تا ئەوڕۆ هەر بەردەوامە، جگە لە ئەوەی، بۆ بەشەکانی دیکەی نیشتمانەکەشمان تەنیوەتەوە. جەنگە خوێناوییەکەش، لە سێ سەردەمی جیاوازی زۆر هەستیاردا هەڵگیرساوە، زۆر بە گەرمیی دەسیپێکردووە و بە شێوەیەکی زۆر خراپیش، هەڵسوکەوتیان لەگەڵ یەکدی کردووە!
زۆر لە ئەوە دەچێ، سەرکردایەتی ئەو دوولایەنە (مەلایی) و (جەلالیی) بە گشتیی، نەک هەر کەڵکیان لە ئەزموونی تاڵی ناکۆکیی، دووبەرەکیی، ناپاکیی و جەنگی نێوخۆی، نێوان میرەکانی (بابان) وەرنەگرتبێ، بەڵکوو کەڵکیان لە ئەزموونی قیزەونی ناکۆکیی و دووبەرەکیی، ساڵانێکی دوورودرێژی پێشووی، نێوان خۆشیان وەرنەگرتووە!
جا هەر خوا بکا، سەرکردایەتی هەردوو باڵەکەی (مەلایی) و (جەلالیی)، ئەم جارە ئەو چارەنووسە ڕەشەی میرنشینی (بابان)یان لەبەرچاوبێ، نەبا چارەنووسی هەردوو میرنشینەکەی (بارزان) و (تالەبان)یش، لە چارەنووسی ئەوان خراپتربێ و گەلی کوردیش، لە باشووری (کوردستان)، تووشی کارەسات و هەرەسێکی دیکەی نەتەوەیی بکەن، لە کارەساتی هەرەسی بەهاری ساڵی (1975)یش، زۆر خراپتر و مەترسیدارتر بێ!
* * *
لە ڕاستیدا کارەسات ئەوەیە، دوای ئەو هەموو ئەزموونە گەورە مێژووییانە، دوای ئەو هەموو قوربانیی و تێکۆشانە مەزنانە، ئینجا لە نێوان خۆیاندا، ناڕێک و ناتەبان، تا ئیستەش بە تەواویی، ئاشت نەبوونەتەوە و هەر خەریکی ئەوەن، ملی یەکدی بشکێنن! کەچی لەگەل زۆربەی هەرە زۆری، هێزە ڕامیاریی و ڕێکخراوە دێمۆکراسییە عەرەبەکانی (عێراق) ئاشتبوونەتەوە، دیالۆگی دێمۆکراسیی و ئاشتیخوازانە دەکەن، زۆر ڕێک و تەباشن. ئەز پێم وایە، هۆکەی ئەوەیە، ئەو سەرکردە و پارتانە، هەرگیز نەتەوەییانە و کوردستانیانە بیریان، لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد نەکردووەتەوە، بەڵکوو دوای تراویلکەی بیری قرچۆک و گەندەڵی عێراقچیتیی کەوتوون! چونکە:
ئەوان داوای پاراستنی یەکێتیی خاکی (عێراق) دەکەن، کەچی یەکێتیی خاکی (کوردستان) ناپارێزن و نیشتمانەکەیان دوولەتکردووە.
ئەوان داوای دەسەڵات و سەروەریی، بۆ دەسەڵاتی دەوڵەتی داگیرکەری (عێراق) دەکەن، کەچی ئەو داوایە بۆ نیشتمانەکەی خۆیان و دەسەڵاتەکەی ناکەن!
ئەوان داوای دێمۆکراسیی بۆ گەلانی (عێراق) دەکەن، کەچی ئەوا (28) ساڵ، بەسەر یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی (کوردستان) و فەرمانرەوایی هەرێمەکەدا تێپەڕی، هێشتا نە دێمۆکراسیی هەیە، نە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و فەرمانڕەوایی هەرێمەکە، ڕوخسارێکی ڕاستەقینەی دێمۆکراسیی پێوە دیارە!  
بۆیە لە کۆتاییشدا، زۆر بە ڕاشکاویی دەڵێم: بریا شۆڕشی چەکداریی، لە هیچ بەشێکی (کوردستان) بە گشتیی و (باشوور) بە تایبەتیی بەرپانەبووایە. چونکە جگە لە ئەوەی، نەتەوەی کورد قووڵاییەکی ستراتیژیی نەتەوەیی نییە، پشتی پێ ببەستێ، لە نێوەوە و لە دەرەوەی ئەو دەوڵەتانەشدا، دۆستی ڕاستەقینەی نەبووە و نییە، خاکی (کوردستان)یش لە چوارلاوە، بە دەوڵەتە داگیرکەرەکان دەورەدراوە. ئاخر ئەنجامی خەباتی چەکداریی لە ماوەی (30) ساڵ و لە نێوان (1961-1991)، چی بوو؟! ئایا (کوردستان) بە تەواویی ئازادکراوە و کورد سەربەستە؟!!
چونکە گەر ئەو شۆڕشە نەبووایە، دووبەرەکیی و جەنگی نێوخۆ، لە نێوان سەرکردایەتی پارتەکاندا ڕووی نەدەدا. ئەو هەموو ناپاک و جاشانە درووست نەدەبوون. ئەو هەموو کوڕە کوردە لاوە دلسۆز و ئازایەنە، تێدا نەدەچوون. (4) هەزار گوند و شارۆچکە کاول نەدەکران. کیمیاباران و ئەنفالمان نەدەدی. لەبەرئەوە  دەڵێم: خوا ئەوە بگرێ، شۆڕشی (11. 9. 1961)ی بەرپاکرد ...

سەرچاوە:
دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز، ڕۆڵی سیستێمی بنەماڵە لە بزاڤی ڕزگاریخوازی نێستمانیی کوردستاندا، چاپی 1، چاپخانەی میدیا، سوید – ستۆکهۆڵم، ساڵی 1997، ل 48. چاپی 2، لە بڵاوکراوەکانی چاپخانەی ئەزمڕ، کوردستان – سولەیمانی، ساڵی 2001، ل 116.
کاژیک، نکسة الثورة الكوردية، من منشورات حيزب کاژیک، 1975.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×