(حەسەن خەیری) و (ئەتاتوورک)

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2023-05-26     844

پێشەکی

پەیماننامەی (لۆزان)، ڕۆژی (24. 8. 1923)، لە شاری (لۆزان(ی (سویسرا)، لە نێوان (9) دەوڵەتی وەک (بریتانیا، فڕەنسە، ژاپۆن، گرێکلاند، ڕۆمانیا، سربیا، كرواتیا، سلۆڤانیا و تووركیا)دا واژۆکرا. ئامانجی سەرەکی پەیماننامەکە، ئەوە بوو:

بە بڕیارەکانی پەیمانی (سێڤر)دا بچەنەوە.

دان بە دەوڵەتی نوێی (توورکیا)دا بنێن.

ژەنەراڵ شەریف پاشای خەندان

کاتێ کۆنگرەی (لۆزان) گیرا، (ژەنەراڵ شەریف پاشا 1865-1945)، لە كۆنگره‌كه‌دا نوێنەری کورد بوو، پێى لەسەر خاڵەکانی (62، 63 ، 64)ی کۆنگرەی (سێڤر) داگرت، کە باسی سەربەخۆیی (کوردستان)ی ده‌كرد.

بەڵام پێش ئەوەی ڕێککەوتننامەکە واژۆبکرێ، هێندێ لە دەوڵەتە بەشداربووەکان، لە نوێنەر و شالیاری دەرەوەی توورکیا (مستەفا عیسمەت ئینۆنۆ 1884-1973)یان پرسی: چارەنووسی گەلی کورد چی دەبێ، گەر پشگیری دامەزراندنی دەوڵەتەکەتان بکەین؟! ئەویش بەپەلە، پێوەندی بە سەرۆکی پەرلەمانی توورکیاوە (مستەفا کەمال پاشا ئەتاتوورک1881-1938)ەوە کرد و پێی ڕاگه‌ياند: گەر فریای خۆمان نەکەوین، ئه‌وا (شەریف پاشا) دەوڵەتی (کوردستان) دادەمەزرێنێ. بۆیە دەبێ، پەیماننامەی (سێڤر) هەڵوەشێنینەوە.

 

حەسەن خەیری بەگ کێیە؟!  

بۆ ئەو کارە چەپەڵەش، (ئەتاتوورک)، کەسایەتییەکی ناسراوی کوردی باکووری (کوردستان)ی بانگکرد، ناوی (حەسەن خەیری بەگ 1881-1925) بوو، ئەو کاتە لەسەر لیستی شاری (دەرسیم)، ئەندامى پەرلەمانی تووركيا بوو. هاوکات نوێنەرانی شارەکانی (ئورفە، وان، بەتلیس، مەلاتیا، دەرسیم و دیاربەکر)یش، لە ڕێی نوێنەرەکانیانەوە ڕایانگەیاند، نایانەوێ، لە توورکیا جیابنەوە!

(ئەتاتوورک) داوای لە (حەسەن خەیری)  کرد، بە جلوبەرگی کوردییەوە، لە پەرلەمان ئامادەبێ. لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا قسەبکا و لەبری گەلی کورد ڕایبگەیەنێ، کە کوردەکان بەشێ لە توورکیان و پێیان باشە، لە چوارچێوەی کۆماری توورکیادا بمێننەوە.

هەرچەندە هاوسه‌ره‌كه‌ى (حەسەن خەیری)، تکایەکی زۆری لێ كرد، ئەو كارە نەکا، هیچ کەڵکی نەبوو، بەڵکوو داواکارییەکەی (ئەتاتوورك)ی جێبەجێکرد و ڕەنجەکەی (شەریف پاشا)ی بەبادا، هەلە مێژووییەکەشی لەباربرد و دەوڵەتی کوردیی دانەمەزرا.

پاشان (ئەتاتوورك)، وێنەکەی و دەقی قسەکانی (حەسەن خەیری) بە تێلێگراف، بۆ (عیسمەت ئینۆنۆ) نارد، ئەویش پیشانی ئەندامانی کۆنگرەکەی دا و دانیان بە سەربەخۆیی توورکیادا نا.

 

ناپاکیی و سزای مەرگ

بەڵام بە چەن مانگێ، دوای ئەوەی کۆماری توورکیا ڕاگەیەنرا، داوایان لە (حەسەن خەیری) کرد، لە کۆبوونەوەی پەرلەمان ئامادەبێ. کاتێ ئامادەبوو، بە تاوانی ئەوەی، بە جلوبەرگی کورییەوە، ئامادەی پەرلەمان بووە و پێچەوانەی دەستووری توورکیایە، یەکسەر گرتیان، (دادگەی ئیسقلال)یش دادگاییکرد و فرمانی لەسێدارەدانیان بۆ دەرکرد.

پێش ئەوەی لەسێدارەیبدەن، لێیان پرسی: داوای چی دەکەی؟ ئەویش گوتی: تەنیا هەر دەمەوێ، لە سەرەڕێی شوێنێکی گشتیی بمنێژن، بۆئەوەی کاتێ کوردەکان لێرەوە تێپەردەبن و گۆڕکەم دەبینن، لە پاداشتی ئەو ناپاکییەدا، تف لە گۆڕەکەم بکەن.

 

پەندی مێژوویی

پەندی مێژوویی ئەم چێرۆکە ئەوەیە: مێژوو دەیسەلمێنێ و بۆ هەموو گەلانی جیهانی ئاشکرادەکا، هەر کەسێ دژی کێشەی ڕەوای نەتەوەکەی خۆی بێ، لەپێناوی بەرژەوەندی تاکەکەسیی تایبەتی خۆیدا، هاوکاری لەگەڵ داگیرکەری خاکەکەی و دوژمنی گەلەکەیدا بکا، ئەوە ئەنجامەکەی دەبێ.

بەڵام هەرچەندە ( حەسەن خەیری)، ناپاکییەکی گەورەی لە گەلەکەی خۆی کرد، هەلە مێژووییەکەی لە کیس کورد دا و لە ئەو سەردەمەدا، ئاواتەکانی نەتەوەی کوردی گۆڕکرد، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، پێش ئەوەی شەربەتی مەرگ بنۆشێ، زۆر ئازایانە، دانی بە تاوان و ناپاکییەکەی خۆیدا نا.

ئاخر گەر کەمێ وشیاربووایە و هەستی نەتەوەیی بەهێز بووایە، گوێی لە قسە ژاراوییەکانی دوژمنێکی سەرسەختی وەک (ئەتاتوورک) نەگرتایە، بە ناوی ئایینەوە هەڵنەخەڵەتایە، دوور نەبوو، یەکێ لە سەرکردە شۆڕشگێڕەکانی نەتەوەی کورد بووایە، لەپێناوی ئازادیی و سەربەخۆیی گەلەکەیدا، وەک (شێخ سەعیدی پیران، جەنەراڵ ئیحسان نووری پاشا و سەیید رەزای دەرسیمیی)، دژی توورکە داگیرکەرەکان، شۆڕشێکی نەتەوەیی بەرپاکردایە.

کەچی لە مێژووی نەتەوەی کورد بە گشتیی و لە ماوەی ئەم چەن ساڵانەی نێوان (1964-2023)دا، سەرانی هەردوو باڵەکەی (جەلالیی) و (مەلایی)، لە نێوخۆیاندا زۆر ناکۆکبوون و چەندین جاریش، جەنگی نێوخۆیان هەڵگیرساندووە، لەشکری داگیرکەرانی (کوردستان)یان بەنۆرە، دژی یەکدی هێناوە و ناپاکییەکی گەورەیان، لە نەتەوەی کورد کردووە. بەڵام هەموو کەسایەتیی و سەرکردەکانی کورد، ڕۆژێ لە ڕۆژان، نەک هەر دانیان بە تاوان و ناپاکییەکانی خۆیاندا نەناوە، داوای لێبووردنیشیان لە ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد نەکردووە، تا لێیان ببوورن، بەڵکوو حاشیان لێ کردووە و لەسەر هەمان ڕێبازی پۆخڵی خۆیان بەردەوامبوون، جاشایەتیشیان بە کوردایەتی بۆ ئەژمارکراوە. ئەمەش گەر کارەساتێکی گەورەی نەتەوەیی نەبێ، هەرگیز هیچی دیکە نییە!  

کەواتە، با تاوانبار و ناپاکەکانی کورد باش بزانن، گەر زیندووبن یا مردووبن، ڕۆژێ لە ڕۆژان، دادگەی ڕاستەقینەی گەڵ، هەر دادگاییاندەکا و تاوانی ناپاکییان بەسەردا دەسەپێنێ.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×