چۆن کۆمەڵگەیەک دەڕوخێنی؟!

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2023-01-21     453

دوکتۆر (مستەفا مەحموود)، بیریارێکی گەورەی (میسر) بوو، سەبارەت بە پەروەردەکردن و دامەزراندنی کۆمەڵێکی پێشکەوتوو گوتوویەتێ:

کاتێ چینییە کۆنەکان ویستیان، بێ ترس بژین، شورای گەورەی (چین)یان درووستکرد. چونکە وایان دەزانی، لەبەر بەرزییەکەی، کەس ناتوانێ، پێیدا سەرکەوێ. بەڵام دوای (100) ساڵی یەکەم، لە درووستکردنی شوراکەوە، دوژمنان (3) جار، پەلاماری (چین)یان دا. لە هەموو جارەکانیشدا، هێزەکانی دوژمن، پێویستیان بە ئەوە نەبوو، بەلای شوراکەدا بچن و پێیدا سەرکەون، بەڵکوو هەموو جارێ، بەرتیلیان بە پاسەوانە دەرگەوانەکە دەدا، پاشان لە دەرگەکەوە دەچوونە ژوورەوە. چینییەکان خۆیان بە درووستکردنی شوراکەوە خەریکردبوو، بەڵام بیریانچبوو، پاسەوانەکان پەروەردەکەن!

پەروەردەکردنی مرۆڤ، لە پێش هەموو شتێکەوە دێ، ئەوڕۆش خوێندکارەکانمان پێویستیان، بە ئەو پەروەردەکردنە هەیە. یەکێ لە ڕۆژهەلاتناسەکان گوتوویەتی: گەر ویستت، شارستانیی نەتەوەیەک بڕوخێنیت، (3) ڕێگە هەیە:

شیرازەی خێزان تێکبدە و بیڕوخێنە.

بۆئەوەی شیرازەی خێزان تێکوپێکبدەی، دەبێ، لە ڕۆڵی دایک کەمکەیتەوە، وای لێ بکەی، بە ناوی ژنی ماڵ، شەرمەزاربێ. 

خوێندن و پەروەردە بڕوخێنە.

بۆئەوەی فێربوون و خوێندن لەنێوبەری، دەبێ، لە مامۆستاوە دەسپێبکەی، هیچ بایەخێکی لەنێو کۆمەڵدا مەهێڵە، لە ناووناوبانگ و پلەوپایەی کەمکەرەوە، بۆئەوەی خوێندکارەکان، ڕقیان لێی بێ.

پێشەنگەکان و مەرجەعییەتەکان لەنێوبەرە.

بۆئەوەی پێشەنگەکان بخەی، پێویستە، لە زاناکانەوە دەسپێبکەی، تانەیان  لێ بدەی، لە بایەخی کارەکانیان کەمکەیتەوە، گومانیان لێ بکەی، تا کەس گوێیان لێ نەگرێ و دوایان نەکەوێ.

کەواتە:  

گەر دایکە هوشیارەکان ونبوون، مامۆستا دڵسۆزەکان نەمان، پێشەنگەکان و سەرچاوەکان کەوتن، ئیدی کێ نەوەی نوێ پێدەگەیەنێ، تا فێری خووڕەوشتی بەرز و جوانیان بکا؟!!

منیش دەڵێم: ئەوا پتر لە (30) ساڵ دەبێ، لە دوای ڕاپەڕینەوە، لە سایەی سەری سەرانی هەردوو پارتی دەسەڵاتدار (جەلالیی) و (مەلایی)، گەلی باشووری (کوردستان)، ئەوڕۆ لە هەموو ڕوویەکەوە، لە هەموو کاتێ خراپتربووە و بە ئەو شێوەیەیە، کە هەموومان دەیبینین!

 

تێبینی: لە (كتب و سلاسل و روايات) وەرمگرتووە، لە زمانی عەرەبییەوە بۆ کوردی وەرمگێڕاوە. بەڵام نووسینەکە، ناونیشانی نەبوو، خۆم ئەو ناونێشانەم (چۆن کۆمەڵگەیەک دەڕوخێنی؟!) بۆ داناوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×