کورد و دەسەڵات... مێژوویەکی قێزەون! - بەشی یەکەم

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2020-06-26     671

ئاشکرایە، مێژووی هیچ نەتەوەیەک، هێندەی مێژووی نەتەوەی کورد، دووبەرەکیی و ناپاکیی تێدا نەبووە و نییە. هێندە سەرکردەی ناڕێک، ناتەبا و ناپاکی تێدا هەڵ نەکەوتووە. چونکە لە مێژووی هیچ گەل و نەتەوەیەکی ئەم جیهانەدا، ڕووی نەداوە، سەرکردەی هیچ پارت و نەتەوەیەک، هێندەی سەرکردەکانی کورد، لەشکری بیانیی و داگیرکەری وڵاتەکەیان، بۆ سەر برا و هاوزمانە نەیارەکانی خۆیان هێنابێ، شانازییان بە سوپای داگیرکەری نیشتمانەکەیانەوە کردبێ. یا بە شانوبازووی سەرانی دەوڵەتە داگیرکەرەکەدا هەڵیاندابێ. ئەم دەرەکوردە، ئەم ناسۆر و کارەساتانە، هەر لە کورد ڕوویداوە و تا ئەوڕۆش هەر بەردەوامە!

لەبەرئەوەی، ئه‌وه‌ته‌ی ڕۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد، دووگوێیان لێ ڕواوه‌، هه‌ر وا خۆخۆربوون، بۆیه‌ (6) هه‌زار ساڵه‌ له‌ نێوچه‌که‌دا و لەسەر خاکی باووباپیرانیان ده‌ژین، هیچیان به‌ هیچ نه‌کردووه‌، تا له‌سه‌ر ئه‌م ڕێوشوێنه‌ خراپه‌ش به‌رده‌وامبن، هه‌رگیز هیچ به‌ هیچ ناکه‌ن  ...
* * *
گەر زۆر بە قووڵیی، بە ناخی مێژووی کورددا شۆڕنەبمەوە، لێرەدا تەنیا هەر یەک نموونەی زیندوو، لە کانیاوی لێڵ و لیخنی مێژووی نزیکی نەتەوەکەماندا هەڵهێنجم، ئەوا دەڵێم: سەردەمی میرنشینی (بابان)، بایی هێندە دەبێ، وەک ئاوێنەیەکی ڕوونی باڵانمای نموونەی دیاردەی ناکۆکیی، دووبەرەکیی و ناپاکیی، لە ئەنجامیشدا جەنگی نیوخۆ، پێشکەش بە ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد بکەم، تا لەبەر ئەو ئاوێنەیەشدا، قەد و باڵای چەماوەی سەرکردە خۆپەرستەکانی ئەوڕۆی، پارتەکانی باشووری (کوردستان)یش، بە جوانیی ببینن!
* * *

میرنشینی بابان
میرەکانی (بابان)، لە سەردەمە جیاوازەکانی مێژووی کورددا، لە هێندێ نێوچەی باشووری (کوردستان)ی وەک (دارشمانە، قەڵاچوالان و سولەیمانیی)، فەرمانرەواییانکردووە. بەڵام دوا جار ساڵی (1784)، شاری (سولەیمانی)یان درووستکردووە، لە (قەڵاچوالان)ەوە گواستوویانەتەوە و لە نێوان سالانی (1784-1851)دا، لە ئەم شارە جێگیربوون و فەرمانرەواییانکردووە. واتە هەمووی (67) ساڵ دەسەڵاتداربووون و لە ئەو ماوەیەشدا، (5) میر فەرمانرەوابوون. بەڵام شێوەیە لە شێوەکانی سەربەخۆیی نێوخۆیی نەتەوەیی و ڕامیارییان هەبووە!
میرەکانیش، بەپێی مێژووی فەرمانڕەواییان لە شاری (سولەیمانیی)، ئەمانە بوون:
برایم پاشا (1783-1880).
ئەوڕەحمان پاشا (1789-1813).
مەحموود پاشا (1813-1834).
سولەیمان پاشا (1829-1838).
ئەحمەد پاشا (1838-1850).
هەڵبەتە لە هەموو سەردەمەکانی فەرمانڕەوایی میرەکانی (بابان)دا، ناکۆکیی، دووبەرەکیی، ناپاکیی و جەنگی خۆی بەخۆی کورد هەر هەبووە. بەڵام لە هەردوو سەردەمی فەرمانرەوایی (ئەورەحمان پاشا) و (مەحموود پاشا)دا، لە لووتکەیان تێپەراندووە. با بزانین چۆن؟!!
* * *

سەردەمی فەرمانرەوایی (ئەورەحمان پاشا 1789-1813)
کوڕی (مەحموود پاشای خالید پاشا) بووە. بە ڕەچەڵەک دەچێتەوە سەر (فەقێ ئەحمەدی دارشمانە). ئەم میرە لە لایەکەوە، میرێکی بەهیز، ئازا، وریا و دووربینترین میری بابان بوو. تەنانەت هێندە بەهیزبوو، لە سەردەمێکی مێژوویی دیاریکراودا، پەلاماری شاری (بەغدا)ی داوە و داگیریکردووە. بۆیە والییەکانی (بەغدا)، زۆربەی کات، گێچەڵێکی زۆریان پێ کردووە. لەبەرئەوە گەلێ جار لایانبردووە و دایانناوەتەوە.
لە لایەکی دیکەشەوە، لەسەر دەسەڵات، لەگەڵ خزمەکانی خۆیدا ناکۆکبووە و خوێنێکی زۆر، لە نێوانیاندا ڕژاوە. بۆیە چەندین جار ڕاونراوە، دیسانەوە گەڕاوەتەوە و هەستاوەتەوە. تا ساڵی (1813) مردووە و لە مزگەوتی گەرەی شاری (سولەیمانیی) بەخاکسپێرراوە. پانۆڕامای ناکۆکیی و جەنگەکانی، لەگەڵ میرەکانی دیکەی (بابان)دا، بە ئەم شێوەیە بووە.
1. ساڵی (1805) والی (بەغدا)، یارمەتی (خالید پاشا)ی برای (برایم پاشا) و ئامۆزای خۆی داوە. لە (دەربەندی بازیان) پەلاماری یەکدیان داوە و شکاندوویەتی. پاشان (ئەوڕەحمان پاشا)، پەنای بۆ بەر شاکانی (ئێران) بردووە. 2. ساڵی (1806)، شای (ئێران) یارمەتی (ئەوڕەحمان پاشا)ی داوە، (خالید پاشا)ی لابردووە و ئەوی داناوەتەوە.
3. ساڵی (1808)، بۆ دوومین جار، لەگەڵ (خالید پاشا) لە (دەربەندی بازیان)، بە یارمەتی والی (بەغدا)، پەلاماری یەکدیان داوەتەوە، (خالید پاشا) شکاوە و هەڵاتووە.
4. ساڵی (1812)، لە شارۆچکەی (کفری)، پەلاماری یەکدیان داوەتەوە. والی (بەغدا)، یارمەتی (خالید پاشا)ی داوە، ئینجا (ئەوڕەحمان پاشا) شکاوە و هەڵاتووە، ئەو دانراوەتەوە.
5. جارێکی دیکە (خالید پاشا)، بە فرمانی دەولەتی شایەنشایی (ئێران) لابراوە و (ئەوڕەحمان پاشا) دانراوەتەوە. پاشان لەسەر داوای والی (بەغدا)، دوای ماوەیە (ئەوڕەحمان پاشا) لابراوە و (خالید پاشا) دانراوەتەوە.
* * *     

سەردەمی فەرمانرەوایی (مەحموود پاشا 1813-1834)
کوڕەگەورەی (ئەوڕەحمان پاشا) بووە. دە جار لەگەڵ خزم و میرەکانی (بابان)دا، پەلاماری یەکدیان داوە. پاشان دوورخراوتەوە و گەڕاوەتەوە. جەنگەکانی نیوانیشیان بە ئەم شیوەیە بووە.
1. لە سەردەمی (سەعید پاشا)ی والی (بەغدا)دا، (مەحموود پاشا) لەکارخراوە و (عەبدوڵلا پاشا)ی مامی دانراوە. پاشان (داود پاشا) هاتووە و (مەحموود پاشا)ی داناوەتەوە.
2. (داود پاشا)ی والی (بەغدا) جارێکی دیکە، (مەحموود پاشا)ی لابردووە و (حەسەن پاشا)ی برای لەجێ داناوە. ئەویش بێ سڵەمینەوە، پەنای بۆ (ئێران) بردووە و لەشکریان بۆ ڕێکخستووە. لەبەرئەوە (عەبدوڵڵا پاشا)ش لەشکری (بەغدا)ی هێناوە و لە (کەرکووک)، جەنگ لە نێوانیاندا گەرمبووە. لە ئەنجامدا (مەحموود پاشا) سەرکەوتووە و بەرەو (سولەیمانیی) گەڕاوەتەوە.       
3. (ئێران) هێزیکی بۆ (عەبدوڵڵا پاشا) کۆکردووەتەوە. والی (بەغدا)ش لەشکرێکی بۆ یارمەتی (مەحموود پاشا) ناردووە. هەردوو لەشکر، لە گوندی (قەرەگۆل) لە یەکیان داوە. (مەحموود پاشا) شکاوە و هەڵاتووە. (عەبدوڵڵا پاشا) لە شوێنەکەی دانراوەتەوە. پاشان (مەحموود پاشا)، بە یارمەتی والی (دیاربەکر) و (داود پاشا)، ساڵی (1822) لە چیای (سەگرمە)، بەسەر (عەبدوڵڵا پاشا)دا سەرکەوتووە و بۆ نێو شاری (سولەیمانیی) گەڕاوەتەوە.    
4. کاتێ نەخۆشیی ڕشانەوە، لەنیو شاری (سولەیمانیی) بلاوبووەتەوە، (عەبدوڵڵا پاشا) بە هەلی زانیوە، سوپای (ئێران)ی هێناوە و شارەکەی داگیرکردووەتەوە. (مەحموود پاشا)ش بە ناچاری بۆ (کەرکووک) هەڵاتووە. ئەم جارە داوای یارمەتی لە (ئێران) کردووە، ئەوانیش لەشکرێکی گەورەیان بۆ سازکردووە، ساڵی (1823)، ڕکبەرەکەی (عەبدوڵڵا پاشا)ی شکاندووە و دەسی بەسەر کاری میرنشینەکەدا گرتووەتەوە.  
5. (موحەممەد پاشای خالید پاشا)، بە یارمەتی (داود پاشا)ی والی (بەغدا) هاتووە، (مەحموود پاشا)ی مامی لە شاری (سولەیمانیی) دەرپەڕاندووە و ڕاویناوە بۆ (پێنجوێن). پاشان (مەحموود پاشا) داوای یارمەتی لە (ئێران) کردووە و جارێکی دیکە، (موحەممەد پاشا)ی برازای دەرکردووە و ساڵی (1825)، بەرەو (سولەیمانیی) گەڕاوەتەوە.
6. (سولەیمان بەگ)ی برای (مەحموود پاشا) لەژێرەوە، لەگەڵ چەکدارەکانیدا ڕێککەوتووە، کۆدەتایەکی بەسەردا کردووە و لەسەر کورسییەکەی کاکی دانیشتووە. (مەحموود پاشا)ش بە پشتیوانی (ئێران)، پەلاماری شاری (سولەیمانیی) داوە و تٶڵەی خۆی لێ سەندووەتەوە. (سولەیمان بەگ)ی براشی، پەنای بۆ (گڵەزەردە) بردووە.      
7. (سولەیمان بەگ) وازی نەهێناوە و جارێکی دیکەش، بەهۆی سوپاکەی کاکییەوە، (مەحموود پاشا)ی بەرەو (ئێران) ڕاوناوەتەوە. پاشان ئەویش بە یارمەتی (ئێران)، شاری (سولەیمانیی) داگیرکردووەتەوە.
8. (سولەیمان بەگ)، داوای یارمەتی لە والی (بەغدا) کردووە. هەردوو لەشکر دیسانەوە، لە گوندی (قەرەگۆل)، لووتیان بە لووتی یەکدیدا تەقیوەتەوە. (مەحموود پاشا) شکاوە و بەرەو (ئێران) هەڵاتووە. پاشان سوپای (ئێران)ی هێناوە و ساڵی (1830)، شاری (سولەیمانیی) گرتووەتەوە. ئیدی (سولەیمان بەگ)یش، تا لای والی (بەغدا) نەوەستاوەتەوە! 
9. (سولەیمان بەگ)، بە یارمەتی لەشکری (بەغدا) هاتووە و (مەحموود پاشا)ی لە (سولەیمانیی) دەرپەراندووە. ئەویش ناچاربووە، ڕوو لە (ئێران) بکا. ئەوانیش لەشکرێکیان بۆ ڕێکخستووە و لە (ناوپارێز) بەیەکگەیشتوون. لە ئەنجامدا (مەحموود پاشا) سەرکەوتووە و ساڵی (1831)یش، قەڵای شاری (سولەیمانیی) گڕداوەتەوە!
10. (سولەیمان بەگ)، لە شارۆچکەی (کفری)یەوە، لەشکرێکی گەورەی هێناوە و (مەحموود پاشا)ی لە شاری (سولەیمانیی) دەرکردووە. ئەویش هیچی پێ نەکراوە و ناچاربووە، ساڵی (1831) سەری خۆی هەڵگرێ و ڕوو لە شاری (ئەستانە) بکا، ساڵی (1835)یش، بە تەواویی لە ئەوێ نیشتەجێبووە!
* * *

ئەنجام و پەند
لە ئەنجامی ئەم بێسەروبەریی و ناکۆکییە گەورەیەی نێوان میرەکانی (بابان)دا، سوڵتانی ئیمپراتۆریای عوسمانیی بڕیاریداوە، میرنشینەکەیان بڕوخێنێ و لە کۆڵ ئەم گرفتە گەورەیە بێتەوە. بۆیە ساڵی (1851)، لەشکری توورکە مەگۆلە عوسمانییەکان، پەلاماری شاری (سولەیمانی)یان داوە و کۆتاییان بە دەسەڵاتی (بابان)ەکان هێناوە!
لە ڕاستیدا، گەر ئەمە تراژیدیایەکی گەورەی نەتەوەیی نەبووبێ، گەر ئەمە مێژووی پڕ لە شەرمەزاریی و خۆخۆریی سەردەمی میرەکانی (بابان) نەبووبێ، گەر ئەمە وەک یاریی مشک و پشیلە وا نەبووبێ، ئیدی دەبێ، چی دیکە بووبێ و ناوی چی لێ بنێن؟!!
سەیر ئەوەیە، هەر میرێ لە ئەو میرانە، میرە دژە ڕکەبەرەکەی بەرانبەر خۆی تاوانبارکردووە، گوایە، بەکرێگیراوی (ئێران) یا نۆکەری (بەغدا)یە، کەچی زۆری نەبردووە، هەردوولایان چەن جارێ بە نۆرە، وەک یاریی دووگۆڵیی، سەریان گۆڕیوەتەوە و هەمان گەمەی شەرمەزاریی، یەکدیان دووبارەکردووەتەوە!
هەروەها، هەر کاتێ ئەو میرانە لێیان قەومابێ و داوای یارمەتییان، لە یەکێ لە ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانە کردبێ، یەکسەر بە دەم داواکارییەکانیانەوە چوون و بێ جیاوازیی، یارمەتی هەموویانیان داوە، تەنیا هەر بۆئەوەی، کورد بە کورد بەکوشتبدەن و میرنشینەکەش لەنێوبەرن، بە تایبەتی (ئێران)، زۆر مەبەستیبووە، هێمنیی باڵ بەسەر میرنشینەکەدا نەکێشێ!
ئاخر گەر پەندێ لە مێژووی فەرمانرەوایانی میرنشینی (بابان) وەرگرین، گەر تەماشایەکی ئەزموونی دەسەڵاتی میرەکانی بکەین، زۆر بە ڕوونیی بۆمان دەردەکەوێ، یەکەمین هۆکاری ڕوخاندنی میرنشینەکە، بۆ ناکۆکیی، دووبەرەکیی، ناپاکیی و جەنگی نیوخۆ دەگەڕێتەوە!
جا گەر میرەکانی (بابان)، کەمێ ژیربوونایە، بەرژەوەندیی تاکەکەسیی و چاوچنۆکیی دەسەڵات، بەری چاوی نەگرتنایە و مێشکیان نەسرایەتەوە، تەنیاوتەنیا هەر بیریان لە بەرژەوەندیی باڵای کورد و میرنشینەکەیان بکردایەتەوە، هەڵبەتە، نە میرنشینەکە دەروخا و لەنیودەچوو، نە میرەکانی (بابان) خۆشیان، تووشی ئەو هەموو دەردیسەریی، دەربەدەریی، ناخۆشیی و تێکشکاندنانە دەبوون!
ئاخر گەر میرەکانی (بابان)، لەنێوخۆدا یەکگرتووبوونایە، لەگەڵ میری میرنشینەکانی دیکەی وەک (ئەردەلان، سۆران، بادینان ...)، یا لەگەڵ سەرۆک تیرە و هۆزە گەورە و ئازاکانی (برادۆست، موکری، مەنگووڕ، هەمەوەند، جاف ...) یەکیانبگرتایە، نەک هەر هێزەکانی سوپای توورک و لەشکری فارسەکان نەیاندەتوانی، لەنیویانبەرن و ڕەشەکوژییان لێ بکەن، بەڵکوو بەهێزترین میرنشین، یا دەوڵەتێکی کوردیشیان، لە نێوچەکەدا دادەمەزراند. بەڵام تازە، نە هیچ لە ئەگەر و مەگەر شین دەبێ، نە تا ئەوڕۆش بە تەواوی، دەرمانێ بۆ دەردی ئەم ناکۆکیی، دووبەرەکیی، ناپاکیی و جەنگی نێوخۆییەی کورد دۆزراوەتەوە!
بەڵام زۆر لە ئەوە دەچێ، مێژووی کورد، هەمیشە بە خراپترین شێوە، خۆی دووبارەکاتەوە، چونکە نەتەوەی کورد، پەند لە مێژووی لەخوێنهەڵکێشراوی دووبەرەکیی و ناپاکیی خۆی وەرناگرێ. هاوزمان و براکەی خۆی، بە دوژمن و دەوڵەتە داگیرکەرەکانی نیشتمانەکەشی، بە دۆستی ڕاستەقینەی خۆی دەزانێ!
ئەوەی لێرەدا زۆر گرنگە و دەبێ، هەمیشە لە یادمانبێ و پەندێکی گەلێ گەورەی مێژوویی پڕ بایەخی لێ وەرگرین، ئەوەیە: بە هیچ شێوەیە نابێ، لە هیچ سەردەمێکدا، ئەو تراژیدیا نەتەوەییەی میرەکانی (بابان) دووبارەکەینەوە. بەڵکوو دەبێ، بە هەموو شێوەیە هەوڵبدەین، ڕیزەکانی نەتەوەی کورد یەکخەین و چی دیکە لە ئەوە پتر، لەتوپەت و پچڕپچڕ نەبێ. جا با بزانین، دوای ئەو هەموو ئەزمووونە گەورە و گرنگە، تا چەن کەڵکمان لە مێژووی ناکۆکیی، دووبەرەکیی، ناپاکیی و جەنگی نێوخۆی (بابان)ەکان وەرگرتووە؟!!

ماویەتی ...

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×