مشەخۆری بێ باوەڕ! خوا ئەوە بگرێ، سەری لە ڕۆڵەکانی ئەم گەلە هەژارە بندەسە شێواند!

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2020-12-05     870
کام کورد زۆر زیرەک و ڕووناکبیرە، دڵسۆز و کوردپەروەرە، ئەندامی هەر پارتێکی ئایینیی و سیکولاری (کوردستان) بێ، یا بەناو بێلایەنبێ و وەک مشەخۆرێ، خۆی بە یەکێ لە ئەو پارتانەدا هەڵواسیبێ، هەرگیز ناتوانێ، وەک نیشتمانپەروەرێکی سەربەخۆ، کوردانە و دڵسۆزانە، ڕووداوەکانی (کوردستان) شیکاتەوە، بە چاوێکی بێلایەنانە و بوێرانە، هەڵیانسەنگێنێ و ڕەخنەیان لێ بگرێ، دەسی تاوانباران و ناپاکانی پارتەکان، بۆ ڕۆڵەکانی گەلەکەی ئاشکراکا و لەقاویانبدا.
چونکە ئەو جۆرە کەسانە، کوردایەتی ناکەن، بەڵکوو پارتایەتی ڕووت دەکەن و لغاوکراون. بۆیە هەمیشە، چاو لە ڕاستیی دەنووقێنن، باز بەسەر کارە خراپەکانی سەرکردایەتی پارتەکانیاندا دەدەن، لە ڕوو شتێ دەڵێن، بە مەرجێ بەرژەوەندیی باڵای پارتەکانیانی تێدابێ، بە کردەوەش شتێکی دیکە دەکەن.
سەیر ئەوەیە، لە دڵ و دەروونیشدا، باوەڕیان بە قسەکانی خۆیان نییە، بەڵام چونکە سەرلێشێواو، هەلپەرست و کاسەلێسن، بەرژەوەندیی باڵای کورد و نیشتمان، بە درۆیەکی گەورە دەزانن، پێ بە ویژدان و ئابڕووی کەسایەتیی و نەتەوەیی خۆیاندا دەنێن، ڕاستییەکان بە ژێر لێوەوە دەکەن و هەر لە خۆیانەوە، درۆی هیچوپووچ ڕێکدەخەن، قسەی سەرکردەکانیان کاوێژدەکەنەوە و تفەنگ بە تاریکەشەوەوە دەنێن!
هەروەها هێندێ نووسەر و ڕووناکبیری هەلپەرستی خواردەلەمیشیش هەن، لە پەنای یەکێ لە بنەماڵە گەورەکانی (کوردستان)دا، خۆیان ماتکردووە، لە هەر کوێیەک ئالیکەکەی پاقژبێ، لە کێڵگەی پڕ لە پیت و فەڕیاندا دەلەوەڕێن، وەک نۆکەر ڕاژەیاندەکەن و پڕوپاگەندەیان بۆ دەکەن!
لە ڕاستیدا، ئەو جۆرە کەسانە، جگە لە ئەوەی، کۆیلەیەکی سووک و چرووکی پارتەکانیانن، هیچ جۆرە بیر و باوەڕ، فەلسەفە و ئایدۆلۆژیا، هەڵوێستێکی بوێرانە و ڕاستیشیان نییە. بۆیە چاک لە خراپ، جاش لە باش جیاناکەنەوە. هەمیشە هەر خەمی ورگ و گیرفانی خۆیانە، خۆیان لە هیچ قسە و کارێکی خراپە ناپارێزن، تەنیا ڕوویان لە شەوەزەنگی ئاژاوە و گێرەشێوێنیی نەبێ، هیچی دیکە نازانن!
جا گەر ئەمە وا نییە، ئەدی ڕۆژێ لە ڕۆژان، چەن ئەندامی ئەو پارتانە، زۆر جەسوورانە و دڵسۆزانە، دژی ناکۆکیی، دووبەرەکیی و ناپاکیی، ڕیزەکانی گەلی کورد بوون؟!! بە پێچەوانەوە، زۆر بێشەرمانە و بێویژدانانە، داکۆکییان لە کارە هەڵە و ناپاکییەکانی سەرکردەی پارتەکانیان کردووە.
بۆ نموونە: لە ئاستی تاوانەکانی هەردوو سەرکردایەتی پارتی دەسەڵاتدار و ناپاکییەکانی ڕۆژانی (31. 8. 1996) و (16. 10. 2017)دا، نەک هەر زمانیان لە دەمدا نەبوو، کەڕ و لاڵ بوون، بەڵکوو زۆر نامەردانەش، داکۆکییان لە ئەو دوو کارە قێزەونەی سەرکردەکانیان دەکرد!
ئەوە لە کاتێکدا دەبووایە،  هەوادارانی ئەو دوو پارتە دەسەڵاتدارە، خەریکی خۆ ڕۆشنبیرکردن و خۆپێگەیاندن بوونایە، ڕەخنەیان لە سەرکردایەتی پارتەکانیان بگرتایە، لەبەردەم مێژووی گەلەکەیاندا، ڕووی خۆیان سپیکردایە، کەچی بە پێچەوانەوە، لای جەماوەری دڵسۆز و بەئەمەکی گەلەکەمان، ڕوویان ڕەشبووە، هەر خەریکی ئەوەن، سووکایەتی بە ئەندامان و سەرکردایەتی یەکدی بکەن. لە لاپەڕەکانی سۆشیال میدیادا، وتاری ناشیرین بڵاودەکەنەوە، پلاری خراپ و نەشیاو دەنووسن. ئاخر هەر ئەم جۆرە کەسانەشن، وەک ئاگری بن کا، لە خوارەوە خەریکن، ناکۆکیی و دووبەرەکیی، نێوان ڕیزەکانی گەل و پارتەکان قووڵتردەکەنەوە. هەموو ئامانجیشیان ئەوەیە، جەنگێکی دیکەی نێوخۆ هەڵگیرسێ و هێزە چەکدارەکانی پارتەکان، بە پشتیووانیی هیزی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی (کوردستان)، وەک سەگەکانی (رەزا بەگ)، پەلاماری یەکدی بدەن، کلک و گوێی یەکدی بقرتێنن، تا ئەم کاسەلیس و ئاژاوەگێڕانەش، لە ئاوی گۆمی لێڵی ئاژاوەگێڕێدا، ڕاوە ماسیی بەرژەوەندییە پۆخڵە تایبەتەکانیان بکەن!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×