باشووری کوردستان و چین

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2020-05-05     1269
(1)
ژمارەی دانیشتووانی (چین)، نزیکەی یەک میلیار و (400) میلیۆن دەبێ. ڕووبەری خاکەکەشی (6. 9) میلیۆن کم2 دەبێ. چینییەکان دەوڵەتێکی گەورەی بەهێزی بە توانایان هەیە و لە (21) شالیارگە پێکهاتووە. کاروباری وڵات و دەوڵەتەکەش، زۆر بە باشیی بەڕێوەدەچێ. خەڵکەکەشی، وەک بەشەکانی کاتژمێر  دەجوڵێن و کاردەکەن. چونکە درووشمی دێمۆکراسیی درۆزنانە و چەواشەکارانەیان هەڵ نەگرتووە. لە گرفتەکانی هەراوئاژاوەی فرەپارتیدا نقووم نەبوون. بەڵکوو یەک پارتی گەورە و خاوەن دیسیپلین، فەرمانڕەوایی گەل و دەوڵەتەکە دەکا. بۆیە لە هەموو ڕوویەکەوە پێشکەوتوون، لە هەموو بوارەکانیشدا، شانبەشانی دەوڵەتە سەرمایەدارە پێشکەوتووە زلهێزەکانی جیهان، هەنگاودەنێن!

(2)
ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی باشووری (کوردستان)، لە نێوان (7-7.5) میلیۆن کەس دایە. ڕووبەری خاکەکەی (80) هەزار کم2 دەبێ. گەلی کورد لە چوارچێوەی (عێراق)دا، هەرێمێکی فیدرالێێ دامەزراندووە. ماوەی (28) ساڵ دەبێ. پەرلەمان و دەسەڵاتێکی سەربەخۆی هەیە. دەسەڵاتەکە لە (19) شالیارگە پێکهاتووە. بە ناو هەرێمەکە، لەسەر سیستەمی دێمۆکراسیی بەڕێوەدەچێ، لەبری پارتێ، (8-9) پارتی ڕامیاریی ئیسلامیی و سیکیۆلار، مۆڵەتی کارکردنیان هەیە و بە ئاشکرا کاردەکەن.
کەچی نە کاری وڵات و نە کاری دەسەڵاتەکەش، بە باشیی بەڕێوەناچێ. جا گەر ئەم پەرلەمان و دەسەڵاتە، وڵاتێکی وەک (چین)یان بەڕێوەببردایە، ئاخۆ چۆنیان بەڕێوەدەبرد و چ کارەساتێکیان، بەسەر دانیشتووانەکەی دەهێنا؟!!

(3)
ئەوڕۆ باشووری (کوردستان)، لە هەراوئاژاوەیەکی سەیر و گرفتێکی گەورەدا دەژی، پارتەکان لەگەڵ یەکدیدا کۆک و تەبا نین، تەنانەت لەنێوخۆشدا، زۆر پێکەوە هەڵ ناکەن و ڕیک نین. هەر پارتێ ئازادە و بە ئارەزووی خۆی، پێوەندیی تایبەتیی، بە یەکێ لە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی (کوردستان)ەوە هەیە. زۆر بایەخ بە بڕیارەکانی پەرلەمان و دەسەڵاتی هەرێم نادەن، تەنانەت هێندێکیشیان دەیانەوێ، جارێکی دیکە، ئەزموونە سەرنەکوتووەکەی دوو ئیدارەیی ساڵانی نێوان (1997-2006) دووبارەکەنەوە! 
ئاشکرایە، هەموو پارتەکانی باشووری (کوردستان)، بە ئیسلامیی و سیکیۆلارەوە ناتوانن، یا نایانەوێ، کاروباری دەسەڵاتی ئەم هەرێمە چکۆلەیە، بە شێوەیەکی ڕێکوپێک بەڕێوەبەرن. چونکە هەموو پارتەکان بەجیاجیا، دوای بارنامە و بەرژەوەندیی تەسکی پارتەکانی خۆیان کەوتوون، بەرژەوەندیی باڵای گەل و نیشتمان، لێک نادەنەوە، بۆیە وا ناکۆک و ناتەبان، هەمیشە تیر و شیر لە یەکدی دەسوون، خەریکە، بە فیتی پوازی کوردیی و داگیرکەرانیش، ئەم دەسەڵاتە لاوازە بێ فەڕە لەنێودەبەن، یا دوولەتی دەکەن. ئەمەیە ماڵوێرانیی!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×