دەسەڵاتدارانی شیعه‌ی عه‌ره‌ب و پێنجه‌مین شاڵاوی به‌عه‌ره‌بکردن

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2023-12-10     248

بەشی دووەم

شتێکی زۆر سه‌یره‌، ئه‌وڕۆ به‌ ناو، زۆربه‌ی نێوچه‌کانی باشووری (کوردستان)، له‌ده‌س داگیرکه‌ری ده‌وڵه‌تی (عێراق) ڕزگارکراوه‌ و ڕۆڵه‌کانی گه‌لی کورد سه‌ربه‌خۆ ده‌ژین. ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی (کوردستان)، به‌ ئازادی هه‌ڵبژێرراون و خۆیان، به‌ نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی گەلی کورد ده‌زانن. ده‌زگه‌کانی میری هه‌رێم دامه‌زراوه‌ و له‌ هه‌موو نێوچه‌ ڕزگارکراوه‌کانی باشووریشدا، کورد باڵادەستە و فەرمانرەوايیدەکا. 
که‌چی تازه‌ پارته‌ ئیسلامیی و عه‌ره‌به‌کانی (عێراق)، وه‌ک (حیزبی ده‌عوه‌، ته‌یاری سه‌در، مه‌جلیسی ئه‌علا و حیزبی ئیسلامی عێراق ...) به‌ ئاشکرا، له‌ (کوردستان) به‌ گشتی، له‌ شار و شارۆچکه‌کانی وه‌ک (که‌رکووک، خانه‌قین، شه‌نگار ... ) به‌ تایبه‌تی، بنکه‌ و باره‌گه‌ ده‌که‌نه‌وه‌. عه‌ره‌بێکی زۆری چه‌کداریان، له‌ نێوه‌ڕاست و خوارووی (عێراق)ه‌وه، بۆ (کوردستان)‌ هێناوه‌ و به‌ ئاسانی جێگیریانکردوون. ئه‌وه‌ له‌ کاتێکدا، ئاواره‌ کورده‌کان خۆیان، له‌ ئه‌و شوێنانه‌، جێیان ده‌س ناکه‌وێ، لێی بژین! 
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌و عه‌ره‌به‌ داگیرکه‌رانه‌، به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن، له‌ شوێنی نوێیان بمێننه‌وه‌، ڕۆژبه‌ڕۆژیش پتر، خۆیان قایمده‌که‌ن و ئه‌ندامه‌کانیان چه‌کدارده‌که‌ن. جگه‌ له‌ ئه‌وه‌ی، به‌ ناوی ئایین، ئایینزا، هاونیشتمانیی و بیری قڕێژی (عێراقچێتی)یه‌وه‌، کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کورد له‌خشته‌ده‌به‌ن، له‌ڕیزی ڕێکخراو و پارته‌کانی خۆیاندا ڕێکیانده‌خه‌ن.
له‌ هه‌مووشی سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌، سه‌رکردایه‌تی (پارتی) و (یه‌کێتی)، زۆر باش ده‌زانن، ئه‌و عه‌ره‌به‌ شۆڤێنیسته‌ داگیرکه‌رانه‌، مه‌به‌ستیان چییه‌. که‌چی نه‌ک هه‌ر خۆیان لێ ماتکردووه‌، به‌ڵکوو ڕێزیشیان ده‌گرن و سه‌ردانی باره‌گاکانیشیان ده‌که‌ن. به‌ ڕاستی، ئه‌مه له‌ مێژووی کورددا،‌ به پێنجه‌مین هه‌ڵمه‌تی به‌عه‌ره‌بکردنی (کوردستان) ده‌ژمێررێ، هەڵمەتی ئەم جارەش، تەنیاوتەنیا، هەردوو سەرکردایەتی (پارتی) و (یەکێتی) لێی بەرپرسیارن. 
به‌ لای منه‌وه‌، بێده‌نگی سه‌رانی هەردوو پارت (پارتی) و (یه‌کێتی) به‌ تایبه‌تی، ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و لێپرسراوانی میری هه‌رێم به‌ گشتی، جێی سه‌رسووڕمان نییه‌. چونکه‌:
هێنده‌ی ئه‌وان خۆیان به‌ عێراقی ده‌زانن، هێنده‌ خۆیان به‌ کوردستانی نازانن.
هێنده‌ی ئه‌وان‌ (عێراق)ی (هیوا و ئاشتی)یان مه‌به‌سته‌، هێنده (کوردستان)ی (ئه‌نفال و کیمیاباران)یان مه‌به‌ست نییه! 
هێنده‌ی ئه‌وان‌ (عێراق)یان خۆشده‌وێ، هێنده (کوردستان)یان‌ خۆش ناوێ! 
هێنده‌ی ئه‌وان بیری چەپەڵی عێراقچێتی بڵاوده‌که‌نه‌وه‌، نیوهێنده بایه‌خ به‌ بیری پیرۆزی کوردستانچێتی ناده‌ن!
به‌ڵام گه‌ر ئێسته‌، لێپرسراوانی کورد، بیر له‌ ئه‌و کاره‌ ناکه‌نه‌وه‌ و دژی ناوه‌ستن، له‌ پاشه‌ڕۆژدا، گرفتێکی گه‌لێ گه‌وره، به‌رۆکیان ده‌گرێ و هه‌روا به‌ ئاسانی، له‌ ده‌سی ڕزگارنابن. به‌ ڕاستی، ئه‌وی له‌ ئه‌و کاره‌ بێده‌نگبێ، ناپاکییەکی گەورە، به‌رانبه‌ر خوێنی ڕەوانشادان، ڕۆڵه‌کانی گه‌لی کورد و خاکی (کوردستان) ده‌کا!

7.10. 2023
تێبینی:
ئه‌م بابه‌ته‌، ڕۆژی (1. 9. 2006)، واته‌ (17) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر نووسراوه‌. ئه‌وڕۆ ئه‌و پێشبینییه‌، به‌ زیاده‌وه‌‌ ڕاست ده‌رچووە.
*  نامه‌یه‌کی درێژ بۆ (نه‌وشیروان مسته‌فا( چاپی دووه‌م، ساڵی 2006، ل35.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×