لە یادی چلەی ئەو پیاوەی، دوا خەمخۆری ڕاستەقینەی مزگەوتی گەورە و مەزارەکەی (کاک ئەحمەدی شیخ) بوو!

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2020-11-17     1064

چەن وتەیەک ...
ماڵی باپیرم (حاجی شێخ عەزیزی شێخ ساڵحی شێخ حوسێنی باراوی)، هەر لە ساڵەکانی (1920)ەوە، لە گەڕەکی (کانیسکان/ بازارەپچکۆلە) نیشتەجێبوون و تا ساڵی (1987)، هەر لە ئەو خانووەدا ژیاون. یەکێ لە دراوسێکانی ماڵی باپیرم، ماڵی (شێخ موحەممەدی حاجی سەیید حەسەنی حەفید) بوو، خانووەکەیان دەوروبەری ساڵی (1900) درووستکردووە، واتە لەگەڵ مالی باپیرمدا، ماوەی (65) ساڵ دراوسێبووین!

ماڵی (شێخ موحەممەدی حەفید) لە بیرەوەرییەکانمدا
ساڵی (2015)، لە بەرگی یەکەمی بیرەوەرییەکانمدا (گه‌ڵاوه‌ریوه‌كانی دره‌ختی ته‌مه‌نم) باسی گەڕەکی خۆمان و دراوسێکانی ماڵی باپیرم کردووە. یەکێ لە ئەو ماڵە نزیکانەی باسمکردووە، ماڵی (شێخ موحه‌ممه‌دی حاجی سه‌یید حه‌سه‌نی حه‌فید) بوو. سەبارەت بە ئەو دراوسێ کۆن و خۆشەویستەمان، بە کورتیی نووسیوومە: 
(له‌ ده‌سه‌ڕاستی ماڵی باپیرمه‌وه‌، گۆڕه‌پانێكی گه‌وره‌بوو، به‌ هه‌ر چوارده‌وری گۆڕه‌پانه‌كه‌دا، ماڵ ڕیزبووبوون. گۆڕه‌پانه‌كه‌ش به‌ كۆڵان و رێیه‌كی ته‌سك كۆتاییده‌هات. ماڵی (شێخ موحه‌ممه‌د حه‌فید)یش، یه‌كێ له‌ ماڵه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌ و دیاره‌كانی گۆڕه‌پانه‌كه‌ بوو.
(شێخ موحەممەد) سێ كوڕ و دوو كچی هه‌بوو. ناوی كوڕه‌كان (سه‌لاح، فارووق، سالار) و ناوی كچه‌كانیش (پاكیزه‌) و (نه‌سرین) بوون. هێندێكیان شیری نەنکمیان (دایه‌حه‌مدی) خواردبوو. (شێخ سالار 1946-2020) له‌ هه‌موویان پچووكتربوو، به‌ڵام له‌ ئێمه‌ گه‌وره‌تربوو، هه‌رگیز نه‌ده‌هاته‌ نێو ئێمه‌وه‌. شێخ (فارووق)یشیان هاوڕێی مامه‌ (ساڵح)م بوو.
خانووه‌كه‌یان تا بڵێی، گه‌وره‌بوو، له‌ پێشه‌وه‌ دوو نهۆمبوو، خۆیان و ئیشكه‌ره‌كانیانی تێدا ده‌ژیان. حه‌وشه‌كه‌شی تا چاوبڕكا، دوورودرێژ بوو ... له‌ ئه‌و حه‌وشه‌ گه‌وره‌یه‌دا شوێن هه‌بوو، ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی به‌ دارودره‌خت و گوڵ ڕازابووه‌وه‌. له‌ ئه‌و سه‌ری حه‌وشه‌كه‌شه‌وه‌، ڕیزێ ژووری پچووك هه‌بوو، هێندێكیان بۆ ته‌ویله‌ی ئه‌سپ ته‌رخانكرابوون، چونكه‌ چه‌ن ئه‌سپ و كۆمه‌ڵێ توله‌ و تانجیشیان هه‌بوو، (شێخ موحه‌ممه‌د) بۆ ڕاو ڕایگرتبوون. هێندێ ژووری دیكه‌شیان، ژووری كوڕه‌كان بوون، یاریی ئاسنیان تێدا ده‌كرد. جارجار له‌گه‌ڵ مامه‌ (ساڵح)م ده‌چووم، ئه‌وان یارییانده‌كرد و منیش ته‌ماشامده‌كردن. یا له‌گه‌ڵ مناڵانی گه‌ڕه‌كدا، خۆمان پێداده‌كرد و پیاوه‌كانیشیان ڕاویان ده‌ناین!
له‌ ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌دا، ته‌نیا هه‌ر ماڵی ئه‌وان ترومبیلیان هه‌بوو، جێبێكی كۆنی چكۆلانه‌ بوو، له‌ ده‌ره‌وه‌ گه‌راجێكیان بۆ درووستكردبوو، كه‌م جار دیومه‌، بیهێننه‌ده‌ره‌وه‌ و یه‌كسه‌ر ئیشبكا، به‌ڵكوو ده‌بووایه‌، یه‌كێ هێندێ پاڵی پێوه‌ بنایه‌، تا ئیشیده‌كرد، خۆشم هێندێ جار پاڵم‌ ناوه‌. هێندێ جاریش له‌گه‌ڵ (شێخ سالار)دا سواربووم.  
له‌ بیرمدێ، (شێخ سالار) لۆرییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بوو، له‌ ته‌ل درووستكرابوو. زۆر سه‌یربوو، سوكانی هه‌بوو، به‌ ئاسانیی لێی ده‌خوڕی، گڵۆپیشی پێوه‌ بوو، دایده‌گیرساند، له‌بری هۆڕنی ترومبیلیش، زه‌نگێكی پاسكیلی پیوه‌ كرابوو، كه‌ لێی ده‌خوڕی، جارجارێ زه‌نگی لێده‌دا.
لۆرییه‌كه‌ زۆر جوانبوو، هه‌موو مناڵانی گه‌ڕه‌ك، حه‌زیان لێ كردبوو، به‌ڵام نه‌ خۆمان بۆمان درووستده‌كرا، نه‌ پاره‌ی ئه‌وه‌مان هه‌بوو، بیكڕین و نه‌ باوكیشمان ئه‌و جۆره‌ شتانه‌ی بۆ ده‌كڕین! ته‌نیا هه‌ر هێنده‌ هه‌بوو، هێندێ جار (شێخ سالار)، له‌ داڵانه‌كه‌ی ماڵی خۆیان، لۆرییه‌كه‌ی ده‌داینێ و سووڕێكمان لێ ده‌خوڕی!) "1"


من و شێخ (سالار)

شێخ (سالار)، چوار ساڵ لە من گەورەتربوو. هەر لە مناڵییەوە هۆگری بووبووم، وەک دوو هاوڕێ و خزم، هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکردم. چونکە شیری نەنکمی خواردبوو، ئەویش لە زمانی ئێمەوە، هەر پێی دەگوت: (دایە حەمدی). منیشی وەک برازای خۆی تەماشادەکرد، هەر شتێکیشی بە دیاریی بدامایە، لێی دەنووسی: بۆ برازای خۆم ...
هەرچەندە باوکم، لە ماڵی باوکی جیابووە و ئێمە لە ئەو گەرەکە نەماین، بەڵام هەر کاتێ سەرم لە ماڵی باپیرم بدایە، شێخ (سالار)م دەبینی. لە دوای ڕاپەڕینیشەوە، کاتێ بە سەردان دەهاتمەوە، یا سەری لێ دەدام، هێندێ لە نووسین و نەخشەی (کوردستان)ی بۆ دەهێنام، یا خۆم دیدەنیم دەکرد. کاتێکیش ساڵی (2005)، بە یەکجاریی لە دەرەوەی وڵات گەرامەوە و لە شارەکەمدا جێگیربووم، ئیدی زووزوو یەکدیمان دەبینی، بە تایبەتی لە مزگەوتی گەورە، ڕەمەزانان شێخان لە ژوورەکەی کۆدەبووینەوە. بە ئەو شێوەیە، تا کۆچیدواییشیکرد، هەفتەی جارێ سەرم لە ژوورەکەی مزگەوتی گەورە دەدا، قسە و باسمان دەگۆڕییەوە. هێندێ جاریش پێکەوە دەچووین، بۆ دەرەوەی شار و پرسەکانمان بەسەردەکردەوە.

(شیخ سالار) و مزگەوتی گەورە
لەنێو بنەماڵەی (حەفید)دا بە گشتیی و لەنێو هاوتەمەنەکانی خۆیدا بە تایبەتی، (شیخ سالار) لە هەموو خێزانەکانی دیکەوە، لە خواپەرستیی و ڕێبازە ئایینییەکەی (کاک ئەحمەدی شیخ)ەوە نزیکتربوو.
(شیخ سالار)، پلە و پایەیەکی گەورەی، لە مزگەوتی گەورە هەبوو، چونکە هەر لە سەرەتاوە، باو و باپیرانی مزگەوتەکەیان بەڕیوەبردووە، سەرپەرشتییانکردووە و شوێن دەستیان دیاربووە. ئاخر بەڕیوەبردن و سەرپەرشتییەکە، لە (سێخ مارفی نۆدێ)وە تا بە (شیخ سالار) دەگا، لە ڕاژەکردن و سەرپەرشتیکردنی مزگەوتەکە، درێغییان نەکردووە. با بزانین، چۆن؟!
مزگەوتی گەورە، لەگەڵ دامەزراندنی شاری (سولەیمانیی 1784ز.)دا درووستکراوە. یەکەمین گوتاربێژ و پێشنوێژی مزگەوتەکە (شێخ مارفی نۆدێ) بوو. دوای ئەوەی کۆچیدواییکردووە، (کاک ئەحمەدی شیخ1792-1887)، جێی باوکی گرتووەتەوە. ئەم باسەشم لە ئەم بەرهەمەدا، بە درێژیی باسکردووە. "2"  
دوای ئەویش (شێخ موحەممەد)ی کوڕی هاتووە، لە کاری ئایینیی و خواپەرستیدا، جێی باوکی کوێرنەکردووەتەوە. پاشان (حاجی سەیید حەسەن)ی کوڕی تا مردووە، سەرپەرشتی مزگەوتەکەی کردووە. دوای ئەویش (سەیید عەبدوڵڵا) کوڕی و  مامی (شیخ سالار) هاتووە.
واتە هەر لە سەرەتاوە، بنەماڵەکە سەرپەرشتیی مزگەوتەکەیان کردووە و بە ئەم شێوەیە هاتوون: (شێخ مارفی نۆدێ، کاک ئەحمەدی شیخ، شێخ موحەممەد، حاجی سەیید حەسەن، سەیید عەبدوڵڵا). کەواتە (شیخ سالار)، بە (5) پشت دەچێتەوە سەر (شێخ مارف).
(حاجی سەیید حەسەن)ی باپیری (شیخ سالار)، گوتاربێژ و پێشنوێژی مزگەوتەکە بووە، دوای ئەو (سەیید عەبدوڵڵا)ی کوڕی و مامی (شیخ سالار) هاتووە و ساڵی (1953) کۆچیدواییکردووە. ئیدی تا سالی (1996)، بنەماڵەی (حەفید)، لە بەڕێوەبردنی مزگەوتەکەوە دووربوون. بەڵام (شیخ سالار) جارێکی دیکە، هەر لە ئەو ساڵەدا هاتووە و سەرپەرشتیی مزگەوتەکەی کردووتەوە.

دوا دیدار
ڕۆژێکیان مانگی (8) بوو، لە مزگەوتی گەورە دانیشتبووین. هەرچەن تەماشای (شیخ سالار)م دەکرد. لە دڵی خۆمدا، بیرم لە ئەوە دەکردەوە، ئەم پیاوە ئەم هەموو ماندووبوون و ڕاژەکردنەی مزگەوتی گەورەی کردووە، ئەوەتەی خۆی بۆ ئەو کارە پیرۆزەش تەرخانکردووە، درێغی لە هیچ جۆرە ڕاژەکردنێ نەکردووە. تەماشایەکی کردم و وەک بڵێ: ئەوە بیر لە چی دەکەیتەوە. منیش خۆم بۆ ڕانەگیرا و گوتم: من خەمی ئەوەمە، خوانەخواسەتە تۆ شتێکت لێ بێ، ئەم مزگەوتە چی لێ دێ و کێ بەڕێوەیدەبا؟! ئایا تەکییەکەی (کاک ئەحمد)، هەر بەردەوامدەبێ و نیوەڕوان خواردن بۆ هەژارانی شار سازدەکا؟!! گوتی: خەم مەخۆ، (حەمە)ی کوڕم ئامادەکردووە و دوای خۆم بەردەوامدەبێ! ئەو کاتەی نەخۆشبوو، لە نەخۆشخانەی (فارووق) کەوتبوو، سەرێکی خێزانەکەی خاتوو (پەروین) و مناڵەکانیم دا. ماوەیە پێکەوە دانیشتین و ئەم باسەم بۆ گێڕانەوە.

دوا وتە
(شیخ سالار)، زۆر ڕاژەی مزگەوتەکە و مەزارەکەی (کاک ئەحمەد شێخ)ی کردووە، بە تەواویی نۆژەنیکردووەتەوە، تەکیەکەی (کاک ئەحمەد) و چێشخانەکەشی بووژاندووەتەوە.
کوردێکی ڕووناکبیر، نووسەر، پیاوێکی ئایینی و ڕامیاریش بوو. خەڵکێکی زۆری دەناسی، بە دەم ناخۆشیی و کارەساتەکانیانەوە دەچوو. تۆڕێکی گەورەی فراوانی پێوەندیی کۆمەڵایەتی، لە (کوردستان، عێراق) و هێندێ دەوڵەتی دیکەشدا هەبوو.
بە داخێکی گەورە و گرانەوە، تووشی نەخۆشییەکی کوشندە بوو، ڕۆژی (7. 10. 2020)، لە (توورکیا) کۆچیدواییکرد، لەسەر ڕاسپارەی خۆشی، تەرمەکەیان لە مزگەوتی گەورە بە خاک سپارد.
هەزاران دروود بۆ گیانی ئەو هاوڕێ و مامە خۆشەویستەم بێ، ڕەوانی بە بەهەشتی بەرین شادبێ!


دوكتۆر حوسێن موحه‌ممه‌د عه‌زیز، گه‌ڵاوه‌ریوه‌كانی دره‌ختی ته‌مه‌نم، به‌رگی 1، چاپ 1، ساڵ 2015، سوله‌یمانیی، ل 70.
دوكتۆر حوسێن موحه‌ممه‌د عه‌زیز، 21 کەسایەتی کورد، چاپی 1، سولەیمانی، 2020،، ل22-34.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×