هەڵبژاردن ... کوردی هوشیار، دوو جار دەس بە کونێکدا ناکا!
دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
2021-10-08   598
هەڵبژاردن و پڕوپاگەندە
کاتێ هەڵبژاردن نزیکدەبێتەوە، پارتەکان دەیانەوێ، سەرنجی جەماوەری گەل، بەلای بەرنامەکانی خۆیاندا ڕاکێشن، تا دەنگ بۆ بەربژێرەکانیان بدەن. لەبەرئەوە چەن کارێ دەکەن و هێندێ بەڵێنیش دەدەن. بۆ نموونە:
چەن مانگێ مووچەی تەواو دەدەن
جادە و شەقامە کۆن و شەقوشڕەکان پینەدەکەن.
لێپرسراوانی پارتەکان، نێو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان دەگەڕێن و دڵنەوایی خەڵک دەکەن.
ڕەخنەی توند لە یەکدی دەگرن و لاپەڕە کۆنەکانی یەکدی هەڵدەدەنەوە.
لە دەزگەی ڕاگەیاندنەکانیانەوە، بەڵێنی سەوز و سوور، بە کۆمەڵانی خەڵک دەدەن.
باسی دەرچووەکانی پەیمانگە و زانکۆکان دەکەن و بەڵێندەدەن، دایانمەزرێنین.
بڕی کارەبای ڕۆژانە زیاددەکەن.
دیسان گەمەی هەڵبژاردن هاتەوە!
لە ئەو ڕۆژەوە، ڕژێمی دیکتاتۆری فاشی (بەعس) ڕوخاوە، ئەم چەن ڕێکخراو و پارتە شیعانە، دەسیان بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە، (4) هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی (عێراق) کراوە. بەڵام لە ڕاستیدا، هەموو ئەو هەڵبژاردنانە، جگە لە گەمەیەکی دێمۆکراسی ژێربەژێری قێزەون نەبێ، هیچی دیکە نەبووە. چونکە هەموو جارێ، هەردوو دەسەڵاتدارانی ئاخووندەکانی (ئێران) و (عێراق)، لەسەر هەموو شتێ ڕێکەوتوون و بڕیویانەتەوە، چ لایەنێ دەردەچێ، کێ پۆستە گرنگە هەستیارەکانی پەرلەمان و میریی وەردەگرێ. کەواتە ئەم هەڵبژاردنەی ئەم جارەش، شانۆگەرییەکی کۆنە و دووبارەدەبێتەوە!
لەبەرئەوە هیچ لەوەڕگەیەک، لە لەوەڕگەکەی پەرلەمان پاکژتر نییە، بۆیە کۆمەڵێ مشەخۆری بەکرێگیراوی بێ بەرهەم، هەموو توانای خۆیان بەگەڕدەخەن، تا کورسییەکانی پەرلەمان ببەنەوە. تەنیا هەر کۆبوونەوەی بێ ئەنجامیش نەبێ، هیچ ناکەن و هیچ دەسکەوتێکی بۆ گەل تێدا نییە. بەڵکوو تەنیا هەر لەسەر ورگی ڕۆڵە بێدەرەتان و هەژارەکانی گەلانی (عێراق) دەلەوەڕن، چونکە ئەو مووچەیەی مانگانە، لە ماوەی ئەو (4) ساڵەدا وەریدەگرن، زۆر باش پێی دەژین و دەوڵەمەندەبن، بە مووچەی خانەنشینەکانیشیان تا ماون، بە خۆشگوزەرانیی و شادمانیی دەژین.
بەڵام تەنیا هەر ڕۆڵە ساویلکە بێ هۆشوگۆشەکانی هەردوو گەلی عەرەب و کورد، تووشی زیان دەبن، باجی نەزانین و ساویلکەیی خۆیان دەدەن. بۆیە گەر کەمێ ژیر و وریا بن، بایکۆتی هەڵبژاردنەکان دەکەن و بە هیچ شێوەیە، دەنگ بۆ ئەو ناپاکە مشەخۆرانە نادەن!
دەرۆزەی دەنگ ...
هێندەی لە ماوەی ئەم هەفتەیەی بانگەشەی هەڵبژاردندا سەرنجمداوە، ترووسکەی تێدا بەدی ناکەم، چونکە مانگەشەو سەر لە ئێوارە دیارە. چۆن؟!
1. هەر کەسێ بە وردی، گوێ لە بانگەشەی پارتەکان بگرێ، لە دەزگەکانی ڕاگەیاندنی خۆیانەوە، چی بە یەکدی دەکەن و چۆن لاپەڕە تۆزلێنیشتووە کۆنەکانی ڕابردووی یەکدی هەڵدەدەنەوە و قسەی ناشیرین بە یەکدی دەڵێن، وا دەزانێ، تەپڵی جەنگی نێوخۆ لێدەدا و پەلاماری یەکدی دەدەن!
2. لە هێندێ مەرجەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لایانداوە.
3. هێندێ لە پاڵێوراوەکان، کەسێکیان (شەهید) بووە، بە ئەو ناوەوە پڕوپاگەندە بۆ خۆیان دەکەن. ئاخر خەڵک بە چێدا بزانن، نەوەکانیان خاوێنن و شایەنی ئەوەن، بۆ پەرلەمان دەنگیان بۆ بدەن؟!
4. پارتەکان هەمان پڕوپاگەندەی (4) هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی (عێراق) و (کوردستان) دووبارەدەکەنەوە، کە لە ماوەی چارەکە سەدەیەکدا، نەک هەر زۆربەیان جێبەجێ نەکرد، بەڵکوو باری گەلەکەشمانیان خراپترکرد!
5. ئەز زۆر لە ئەوە دڵنیام، ئەو پاڵێوراو و پارتانە، دەرۆزەی دەنگ لە ڕۆڵەکانی گەل دەکەن. بۆیە بە هەر چوارلادا پەلدەکوتن و دەیانەوێ، بە هەر شێوازێ بێ، دەنگەکانی خۆیان دابینکەن و کورسییەکانی پەرلەمان مسۆگەرکەن.
6. پێم وا نییە، هیچ پاڵێوراوێ، هێندە پەرۆشی کوردایەتی بێ، خەمی نەتەوە و نیشتمانەکەی بخوا، لەبەر دڵسۆزيی خۆی پاڵاوتبێ، بەڵکوو لە بنەڕەتدا بۆ موچە مفتومۆلەکەی مانگانە و خانەنشێنییەکە هەوڵدەدا. ئەگینا ئەندامانی پەرلەمان، با مووچەی مامۆستایەکی سەرەتاییان هەبووایە، ئینجا دەمانزانی، کێ هەوڵی بۆ پەرلەمان دەدا؟ یا کاتێ ماوەی ئەندامێتییان لە پەرلەماندا تەواودەبێ، بە مووچەی پەرلەمان خانەنشین نەکرانایە، بەڵکوو بۆ سەر کارەکەی پێشووی خۆیان بگەڕانایەتەوە، باوەڕناکەم، کەس خۆی بپاڵێوتایە. ئایا مامۆستایەکی سەرەتایی، ناوەندیی و ئامادەیی، پتر ماندوودەبن و ڕاژەی گەلەکەی خۆیان دەکەن، یا ئەندامانی پەرلەمان، گەر بە چەن مانگێ جارێ، کۆبوونەوەیەک بکەن یا نەیکەن؟!!
ڕۆن لە مێروولە دەرناهێنرێ!
وەک چۆن جاران، شایەرەکان لە شاییدا، بە پارە گۆرانییان دەگوت و کۆڕی هەڵپەڕکێیان گەرمدەکرد، ئێستەش هێندێ گۆرانیبێژ هەن، بۆ لیستی پارتەکان، بە پارە گۆرانی دەچڕن، بەسەریاندا هەڵدەدەن و بازاڕیان بۆ گەرمدەکەن!
هەر بە ئەو شێوەیەش، پاڵێوراوی پارتەکان بۆ پەرلەمان، لەپێناوی مووچەیەکی مفتومۆڵ و خانەنشینییەکی چەوری بێ ئەرکدا، بەڵێنی سەوز و سووری درۆ، بە جەماوەر دەدەن، گوایە ئاراميی و خۆشگوزەرانییان بۆ دابیندەکەن، هەلی کاریان بۆ دەڕەخسێنن و بێکاريی ناهێڵن، دژی ستەمی دەسەڵاتداران و گەندەڵی دەوەستنەوە، دادی کۆمەڵایەتی دەچەسپینن، (کوردستان)یان بۆ دەکەن بە بەهەشتی بەرین!
ئاخر کەسێ لە گوێی گادا نەنووستبێ، یادگەی نەتەوەیی و ڕامیاريی لاواز نەبێ، دوای پتر لە (30) ساڵ، ئەزموونێکی لە دەسەڵاتی ئەم پارتانە وەرنەگرتبێ، چاو لە هەڵە و ناپاکییەکانیان بپۆشێ، تازە دەنگ بۆ پەرلەمان بدا، ئەوە تا ماوە، لە خولگەی گێليی و نەزانیندا دەخولێتەوە و بە هیچ نابێ! چونکە نە ڕۆن لە مێروولە دەردێنرێ، نە کوردایەتیش لەپێناوی پلەوپایە و پولوپارەدا دەکرێ!
کوردی هوشیار، دوو جار دەس بە کونێکدا ناکا!
ئاشکرایە، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی (عێراق) بە گشتیی و (کوردستان) بە تایبەتی، گزییەکی گەورە دەکرێ. لەبەرئەوە ئەمە هەڵبژاردن نییە، بەڵکوو دابەشکردنی دەنگەکانە. بۆیە زۆر بە ڕاشکاویی دەڵێم: ئایا دەنگ بۆ کام پەرلەمان دەدەن؟!!
ئاواتەخوازبووم، هەموو پارتەکانی (کوردستان) پێکەوە، بەشدارییان لە هەڵبژاردن (عێراق)دا نەکردایە، تا ڕەوشی نەتەوەیی و ڕامیاریی، نێوچە دابڕاوەکان، ئاسایی و هێمن نەبوونایەتەوە، نەک لەبەرئەوەی گزیکراوە، بایکۆتی پەرلەمان بکەن و هێندەی دیکەش، زیان بە یەکێتيی ڕیزەکانی گەلی کورد بگەیەنن. بۆچی ئەمە یەکەمین جارە، دزی لە دەنگی کۆمەڵانی خەڵک دەکرێ؟!!
سەرکردایەتی پارتەکان دەبووایە، کەڵکیان لە ئەزموونی (4) هەڵبژاردنی پێشووی (عێراق) وەرگرتایە، فێری ئەوەی بکردنایە، بڕوا بە ئەو جۆرە هەڵبژاردنانە نەکەن. نەک دوایی بڵێن: دەنگەکانمان دزراوە، هەڕەشەبکەن و بەشداری پەرلەمانی (عێراق) نەکەن. ئەدی پارتە عەرەبییە شیعەکان، زۆر بە ڕێکۆپێکیی و دەسپاکییەوە، بەشداری هەڵبژردنەکانیان کردووە و پاڵێوراوەکانیان دەرچوون؟!! ئاخر سەرکردەی هوشیار، دوو جار دەس بە کونێکدا ناکا!
هەڵبژاردن و بەربژێرەکانی کورد
ئاشکرایە، ئەوانەی چەندین جارە، خۆیان بۆ پەرلەمانی (عێراق) و (کوردستان) بەربژێرکردووە و دەیکەن، تەنیاوتەنیا، هەر بۆ مووچە زۆرەکەی مانگانە و خانەنشینییە چەورەکەی نەبێ، بۆ هیچ شتێکی دیکە نییە، ئاخر کەی ڕەوایە، بەربژێرێ چەن جارێ خۆی بپالێوێ، گەر لەپێناوی بەرژەوەندیی تاکەکەسی خۆیدا نەبێ، بۆ ئەم گەلە کۆڵنەدەرە خەباتگێڕە، کەسی دیکەی تیدا نییە، داکۆکی لە گەلی کورد و خاکی نیشتمانەکەمان بکا؟!
چونکە ئاشکرایە بۆ چییە، چونکە کاسبییەکی بێ سەرمایەیە، بێ ئەوەی ئارەق بڕێژن، مانگانە پارەیەکی مفتومۆڵ وەردەگرن، بێ ئەوەی هێندەی فەرمانبەرێکی فەرمانگەکانی (کوردستان) ماندووبن. ئەگینا بۆ ئەوە خۆیان بەرێژێرناکەن، تا داکۆکی لە مافە ڕەوا خوراوەکانی گەلی کورد بکەن!
جا گەر وا نییە، تا ئیستە (4) جار هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی (عێراق) و (4) جاریش، بۆ پەرلەمانی (کوردستان) کراوە، ئایا چەن نوێنەری لیستی پارتە جیاجیاکانی (کوردستان)، لە پەرلەمانی (عێراق) داوایانکردووە، خاڵی (140) جێبەجێبکرێ؟! یا دژی خولی نوێی بەعەرەبکردنی نیشتمانەکەمان (2003-2021)، ناڕەزاییان دەربڕیبێ؟! یا لە ئەو جیاوازییانەی لە نێوان گەلی عەرەبی (عێراق) و گەلی کورددا دەکرێ، داکۆکییانکردبێ، کە دەسەڵاتی شیعەکان پێڕەویدەکەن؟!
ئەوە جگە لە ئەوەی، هێندێکیان خۆیان بە لایەنێکی عەرەبیدا هەڵواسیوە، بۆئەوەی لێیان ڕازیبن، یا خۆیان لەسەر لیستەکانیان بەربژێرکەن. هێندێکیشیان، قسەی زۆر خراپ و ناشیرین دەکەن.
بۆیە زۆر بە ڕاشکاویی دەڵێم: ئایا گەر مووچەی پەرلەمانتارانی هەردوو پەرلەمانی (عێراق) و (کوردستان)، هێندەی مووچەی ئاسایی خۆیان، یا هەر فەرمانبەرێکی کورد بووایە، کە لە (کوردستان) کاردەکەن، کەس خۆی بەربژێردەکرد؟!!
ئاخر کورد لە مێژە گوتوویەتی: گەر جارێکیان خەڵەتاندی، ئەوا خوا بیانگرێ، گەر جارێکی دیکەش هەڵیانخەڵەتاندیتەوە، ئەوا خوا خۆت بگری!
بۆیە، ئەو کەسەی دوو جار، لە دەرگەیەکی ساختە بدا و لێی نەکەنەوە، گەر سێیەمین جاریش هەر لێی دایەوە، ئەوا تا ماوە، گاجووتێکە و لە پێستەکەی خۆیدا دەمێنێتەوە!
لەبەرئەوە، لە ئەم بارودۆخەی هەرێمی (کوردستان)دا، ئەو کوردەی دەنگ بۆ پەرلەمانی (عێراق) و (کوردستان) بدا، مانای وایە، زۆر ساویلکەیە و هێشتا زۆری ماوە، لە ڕەوشی ئەم پارتە دز و درۆزنانە تێبگا!